کورد و شۆرشی ١٩٧٩ لە ئێران – بەشی هەشتەم

0
163

سۆران کەرباسیان

لە مانگی ئەوگۆستی ١٩٧٨ی زایینی‌را دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک لە زۆربەی ناوچە فارسییەکان و ترکنشینەکان بە توند و تیژی و تاڵان کۆتایی هاتبوو، بە جۆرێک کە ئاسایی ببوو باسی تاڵانی فڵانە بانک لە فڵانە شاری ئێران کرابا یان ئاگری تێبەردرابا. دروستە کە ئەم کولتوورە نەیتوانی لە خاکی کوردەکاندا سەقامگیر بیت، بەڵام لە سەرەتادا لە چەند جێگەیەک ئەنجام درا. ڕوون نییە کە کێ لە پشت ئەو جووڵانە بوو، بەڵام ئەوەی کە لە ناو ڕەنگاوڕەنگی فرەنەتەوەیی ئێران‌دا ڕەنگێکی جیاوازی بە کوردستانی ژێر دەستی ئێران بەخشیوە، دووربوونی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانە لە جووڵەی ڕادیکاڵانە و ناژیارییە.

بۆ نموونە سینەمای کرماشان لە ڕێکەوتی ١٢ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینی ئاگری تێبەردرا،[1] بەڵام بە خەسارێکی کەمی ئابووریی خەڵکی کرماشان کۆتایی پێ هات. چەند دوکانێکی نزیکی سینەما لەم ئاگرەدا تێداچوون، بەڵام پاشان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. کوردەکان لە مێژووی خۆیاندا جووڵەی ئاوایان تۆمار نەکردووە. ئەوان فێرنین شاری خۆیان و شوێنەکانی کولتووری خۆیان ئاگرتێبەردەن. بەهۆی ئەوە کە لەم جۆرە کردەوانە لە ناوچەکانی فارس و ترکنشیندا بە بەردەوامیی ڕوویدەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارەساتەی لە دواییدا لە ئابادان ڕووی دا، دەکرێ گومانی ئەوە بکرێت کە هێزێکی غەیری کوردی گەرەکی بووبێت لەو شارەدا ئاژاوەیەک بە دژی حکومەت بنێتەوە کە کورد باجەکەی بۆ دابا، چون ئەوەی لە ئابادان و چەند شوێنێکی دیکە ڕوویدا بە هەمان شێوە سەلمێندرا کە کاری خەڵکی ئەو شارانە نەیکرد و هێزی ڕادیکاڵ لە پشتی وەستابوون.

لەمجۆرە کردەوە ڕادیکاڵانە لە ئاستێکی بەرینتردا لە شارەکانی دیکەدا ڕوویدابوو و هەربۆیە حکومەتی پەهلەوی ناچار بوو پەنا بۆ «حکومەتی نیزامی» بەرێت کە تایبەتە بە کاتی شەڕ یان ئەو کاتانەی کە ئاسایشی نەتەوەیی بچێتە ژێر مەترسییەوە.[2] لێرە بۆ ئەوە لە باسی ئەم مێژوویە لانەدرێت، بە پێویست نازاندرێت کە باسی وردەکارییەکانی «حکومەتی نیزامی» بکرێت. تەنیا خوێنەر لەمە ئاگادار دەکرێت کە لە کاتی «حکومەتی نیزامی»دا ڕۆژنامە و هەرچی بڵاوکراوە و ڕاگەیاندن هەیە بە تەواویی دەچێتە ژێر فیلتێر و زوومی حکومەتەوە و جلکی کۆما بە تەواویی جەستەی ئازادیدا دەپۆشێت.

مانگی ئەوگۆستی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی بەختی مانۆڕێکی ئایینی بە موحەممەدرەزا پەهلەوی دابوو و ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە رەمەزان بوو. لەو ماوەیەدا لەگەڵ هەر ڕۆژنامەیەک، چەند لاپەڕەی زیادەیان وەک تایبەتنامە بە ڕۆژنامە زیادکردبوو و بۆ باسەکانی نەهجۆلبەلاغەیان تەرخان کردبوو کە کتێبێکی پیرۆز لای ئەو کەسانەیە کە سەر بە ڕێبازی شیعەن.

شا کە دوای هەر ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەک کۆمەڵێک خەڵکی ئازادیخوازی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان دەکرد، مانۆڕێکی بەسەر زیندانییەکانی پێشوودا لێدا و بڕیاریدا ٧١١ کەس لە بەندکراوانی ئاسایشی و ئاسایی ئازاد بن.[3]

Serçawe: Soran Karbasian (Free license)

وەک پێشتر باس کرا، پەهلەوی داهاتی مامۆستایانی کوردستانی زیاد کردبوو. جیا لەم بەرزکردنەوەی داهاتە کە پێشتر باسی لێ کراوە، شا سەرلەنوێ هەنگاوی بۆ قانوون و ڕێسای نوێ برد بۆئەوەی کارمەند و مامۆستاکانی هەموو وڵات ساناتر بە پلەی بەرزتر و داهاتی باشتر بگەن و کۆمەڵێک ئاسانکارییان بۆ لەبەرچاو گیرا.[4]

یەک لەو باسانە کە لەو کاتدا لە ڕۆژنامەکان هێنایانە نێو باسەکان، مەسەلەی کەمکردنەوەی دەستهەڵاتی سێنتراڵ و دابەشکردنی هەندێک لە بەرپرسیارەتییەکان بە پارێزگا و شارەکان بوو.

شا دەیزانی کە لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەستهەڵاتداریدا ئاوڕێکی دڵسۆزانەی لە دۆخی خەڵکی غەیری فارس و چینی کرێکار نەدابۆوە. هەربۆیە وەخۆ کەوت و بۆ ئەوە بتوانێت زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای فرەنەتەوەیی و بەرینی ئێران لە خۆی نزیک کاتەوە، پاش ئەوە کە ئاسانکاری بەرچاوی بۆ کارمەندەکان و مامۆستایان کرد، بەڵێنی دا کە خانوو بۆ کرێکارانی دانیشتوو دابین بکات.[5] شا ڕێک لە ساڵڕۆژی لەسەرکارلابردنی موسەدیق‌دا پشوویەکی بە دیکتاتۆڕی تەکحیزبی خۆی دا و ڕایگەیاند:

«ئێمە چاوەڕوان نین کە سەتا سەتی خەڵکی وڵات ببنە ئەندامی حیزبی ڕەستاخیز.»[6]

شا لەو ڕۆژەدا میوانداریی لە چەند ڕۆژنامەوانێک کرد و لەسەر کۆمەڵێک تەوەری پێوەندیدار بە نارەزایەتییەکانی وڵات وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانەکانی داوە. ئەو لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی بەرچاو لە دەوڵەمەندەکان و بەرپرسانی حکومەت لە ترسی دەنگی ناڕازییان ئێرانیان جێهێشتبوو. شا ئەوانی بە ترسەنۆک و بێغیرەت ناوبرد، هەرچەند کە خۆی پێشتر ئەو کارەی کردبوو و لە دواییشدا سەرلەنوێ ئەو کارەی دووپاتکردەوە!

پەهلەوی ئاگرتێبەردانی ئەو هەمووە شوێنە حکومەتییەکان و تاڵانکردنی بانکەکان و کوشت و کوشتاری بە جددی نەدەگرت و هەر بۆیەش لای ئاسایی نەبوو کە کۆمەڵێک کەسی دەستڕۆییشتوو تەرکی وڵاتیان کردبوو.

ڕۆژی دوایە، کارەساتی هەژێنەری سینەمای رێکس لە ئابادان ڕوویدا کە نزیکەی ٦٠٠ مرۆڤی سیڤیل تێیدا بە زیندوویی سووتان.[7] لە مێژووی دەستهەڵاتداریی پەهلوێ کوڕ دا -پاش کوشتاری خەڵکی سیڤیلی تەورێز کە بە فەرمانی خۆی پاش ڕاکردنی جەعفەری پیشەوری بۆ باکۆ ئەنجام درا- ئەم ڕووداوەی ئابادان گەورەترین کارەساتی مرۆڤی دەهاتە ئەژمار  کە ٣٧٧ مرۆڤی تێدا کوژرا (ئەوانی دیکە بریندار بوون).[8] ئەم ڕووداوە تا ڕادەیەک نیسێی خستە سەر هەموو ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش دانا، بە جۆرێک کە خەڵک لە پەژارەیەکی گشتیدا بوون. لە کرماشان‌یش بە دوای ئەو ڕووداوە دووکانێک لە لایەن تاقمێکەوە ئاگری تێبەردرا کە خەساری مرۆڤی لێ نەکەوتەوە.[9] لەو ڕۆژەدا لە سنە و و چەند شاریکی دیکە خەڵک هاودەردیی خۆیان لەگەڵ ئابادانییەکان دەربڕی و خۆیان بە شەریکی پەژارەی ئەو شارە زانی.[10] لە شاری ورمێ‌ش کە لە باکووری ڕۆژهەلاتی کوردستان هەڵکەوتووە، شەش دانە سینەما هەبوو کە یەکیان چەند ڕۆژ پێشتر لە لایەن تاقمێکەوە سووتێندرابوو. خەساری گیانی لێ نەکەوتەوە، بەلام خاوەن سینەماکانی ئەو باژارە باقی سینەماکانی ورمێ‌یان بە بیانووی پێڕاگەییشتن بە بینا و گۆڕانکاریی نێو بیناکە داخست.[11] ئەم ڕووداوانە بە گشتیی کوردستانی وشیار کردبوو و هەر بۆ ئەوەی خەساری گیانی لە کوردستان نەکەوێتەوە و کوردیش نەبێتە قوربانی ڕادیکالیسمی شۆڕشگێڕانەی ئۆپۆزۆسیۆنی فارس و دەستهەڵات، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینی ڕاگەیەندرا کە سینەماکانی کرماشانیش داخران.[12]

ئێران لەو کاتدا لە دۆخێکی زۆر شپرزەدا بوو. ڕۆژ نەبوو کە مرۆڤی بێتاوان نەکوژرێت. ڕۆژانە بەردەوام هەواڵی سووتان و تەقینەوەی شوێنی گشتیی، قومارخانە، مەشڕووبفرۆشی، کارگەی بیرەسازکردن، سینەما و زانکۆکان بڵاو دەبۆوە.

Serçawe: Soran Karbasian (Free license)

بە دوای ئەم ڕووداوانەدا، دەوڵەتی ئاموزگار دەستی لە کار کێشاوە و شەریف‌ئیمامی بەرپرسیارەتیی پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتی خۆی وەئەستۆگرت.. لە هەمان ڕۆژدا هەواڵی تێکهەڵچوون و ڕێپێوانی کوردەکان لە کرماشان و زۆر شاری دیکەش بڵاو بۆوە.[13] لەو ڕۆژەوە ڕێکەوتی پاشایەتیش گۆڕدرا بە ڕێکەوتی کۆچی هەتاویی. سەرۆکوەزیری تازەی ئێران وایدەزانی کە گەر هەندێک لە هێماکانی پەهلەوی بسڕێتەوە، دەتوانێت ئاو بەسەر ئاگری قینی نەتەوە چەوساوەکاندا بکات.

یەک لە هەنگاوەکانی دیکەی شەریف‌ئیمامی سازانی بەرچاو لەگەڵ مەلاکان بوو. بە هاتنەسەرکاری شەریف‌ئیمامی، ڕاگەیاندن بایەخێکی زۆری بە مەلاکان دا و نووسراوە و لێدوانی ئەوان یان سەبارەت بە ئەوان بەچاپدەگەییشت.[14]

شەریف‌ئیمامی مانۆڕی باشی بۆ پاراستنی دەستهەڵاتی پەهلەوی لێدەدا. ئەو لە هەنگاوێکی دیکەیدا ئاوڕێکی وردی لە سەرچاوەکانی ناڕەزایەتیی جەماوەر لە شارەکانی ئێران دا.[15]

لەم لێوردبوونەوە و ئاوڕدانەوەیەدا ناوچە کوردستانییەکانیش بەسەرکران. لە کرماشان لەگەڵ کارمەندێک بە ناوی «حەسەن ش» دیمانەیان کرد کە زۆرتر قسەی لەسەر گەندەڵییەکانی بەرپرسان لە کرماشان کرد. شاری ورمێ‌ش یەک لەو شوێنانە بوو کە بۆ ئەم باسانە بەسەرکرا. لەوێ باسی پێداویستی ئازادی فکری مامۆستایان و گەندەڵی بەرپرسانی ئەو شارەی کوردستان کرا.

زۆری نەگرت کە شەریف‌ئیمامی ڕایگەیاند گرووپێکی دیکە لە بەندکراوانی سیاسیی ئازاد دەبن.[16] زمانێکی کە دەوڵەتی نوێ بەکاری دەبرد ژیرانە بوو. لە دەوڵەتی شەریف‌ئیمامیدا بۆ یەکەمجار سانسۆڕ لەسەر ناو و باسی خومەینی لابردرا و هاوکات کە ئاوڕ لە ئەو دراوە، ڕاشگەیەندرا کە گۆڕینی دەوڵەت بە مەبەستی ئاشتیی نێوان حکومەت و جەماوەر بوو.[17]

یەک لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی کوردستان لەو کاتدا کوژرانی گەنجێکی کوردی ٢٢ ساڵە بە ناوی «موختار ئاوەندی» بوو. ئەو لە ڕێکەوتی ٢٦ی ٨ی ١٩٧٨ی زایینیی لە ورمێ بەشداریی لە ڕێپێواندا کرد و لە ڕێپێواندا کوژرا.[18] لەو ڕێپێوانەدا چەکدارانی حکومەتی چوار کەسیشیان بریندار کرد و نزیکەی سی کەسیان دەستبەسەرکرد.

ڕەنگە بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێش بێت کە باسی هەنگاوی سەیرسەیری ئەو زەمەن بکرێت. لەبەرچاو بگرن کە حیزبێک وەک حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کە هەڵقوڵاوی خەڵک و خۆشەویستی کورد و کوردستان بوو، مافی ئەوەی نەبوو کە شتێکی لە ڕێفۆرمی دەوڵەت وەدەست کەوێت و بتوانێت مافی بەشداربوونی نێو کۆمەڵگای کوردستانی هەبێت، کەچی لە تاران ڕۆژ بە ڕۆژ حیزبی دیکە دەستیان بە کار و چالاکی دەکرد. یەک لەو دەگمەن حیزبانەی کە لەو زەمەندا سەری هەڵدا حیزبی «سووسیالیستی ئاریا» بوو. هەم سووسیالیست بوو، هەم ناوی ڕەگەزپەرەستانەی ساختەی ئاریا بەشێک لە ناوەکەی بوو و هەم ئەوە کە بنەماکانی خۆیان لەسەر دروشمی ئیسلامی بونیات نابوو.[19] لە ڕێفۆرمی شەریف‌ئیمامی‌دا بە پێچەوانەی ئەو مانۆڕانەی وەک ویترینی دێمۆکراسی کەڵکیان لێ وەردەگیرا، هەوڵێکی جددی بۆ چارەسەریی کێشەکان نەدرا، تەنانەت نەیتوانی پرسی گەندەڵی دادگا و سەربەخۆنەبوونی قازی‌یەکانی دادگا چارەسەربکات.

مەهابادییەکان هاوکات کە لە گچکە ئازادییەکی سیاسیی و بەشداربوونی نێو کار و باری دەولەت بێبەربوون، کێشەی ئاویشیان بۆ زیاد ببوو و هەربۆیە لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە هەوڵیان دابوو بەرپرسانی غەیری کوردی مەهاباد ناچاربکەن پرسی ئاوی شارەکە چارەسەر بکەن.[20]

یەک لەو ڕووداوانەی کە لە تاران کێشەی نیوان کوردانی دانیشتووی پێتەخت و دەوڵەت قووڵتر کردەوە، کاریگەری نەرێنی سیاسەتە دژەکوردییەکانی پەهلەوی بوو کە لەوکاتدا ڕوویدا. لە تاران لە گەنجێکیان پرسیبوو: کوردی؟ وەڵامی دابۆوە: بەڵێ. ئیتر ڕژابوونە سەری و لێیاندابوو. چاوەکانی بەهرامعەلی یەعقووبخانی بە تەواویی بریندار ببوو. ئەو گێڕابوویەوە کە بۆ سەردانی خزم و کەسی سەردانی تارانی کردبوو و لەبەر جلەکانی بە نیەتی کوشت لێیاندابوو.[21]

شاری نەغەدە کە درەنگتر لەچاو هەندێک ناوچەی نزیک خۆی شەقامەکانی قەرەباڵغ بوو، لە یەکەم ڕێپێوانی بەربڵاوی خۆیدا نزیک هەزارکەسی ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانی نەغەدەییەکان هەتا دووی نیوەشەو درێژەی کێشا. بەهۆی ئەوە کە دوو ڕێپێوانی جیا لەو شارەدا بەڕێوەچوو، گومان بۆ ئەوە دەچێت کە ترکانی دانیشتووی ئەو شارە لەگەڵ خەڵکی شار نەکەوتبووبێن و بە جیا ڕێپێوانیان کردبێ![22]

٥ی ٩ی ١٩٧٨ی زایینیی ڕاگەیەندرا کە لە ڕێپێوانی بەرینی ئیلام‌دا پێنج کەس کوژران. ڕێژەی کوژراوانی شارەکان گرنگە لێرە لەبەرچاو بگیرێت. بۆ وێنە لە ئیلام پێنج کەس کوژرابوو، بەڵام بە سێ شاری قوم، کەرەج و خومەین پێنج کەسیان لێ کوژرابوو.[23] ئەم ڕێژانە لە زۆر جێگادا بە زەقی دەبیندرێن. ڕوون نییە کە بە هەڵکەوت وا بووە یان ئەوە کە چەکدارانی حکومەتی لە ناوچە کوردستانییەکاندا دەستیان ئاوەڵاتر بوو بۆئەوە قامکیان لەسەر پەلاپیتکە داگرن!

وێنەی ژێرەوە بەشێک لە جوتیارانی مەریوان نیشان دەدات کە پاش مانگرتن توانیان قەباڵەی زەمینەکانیان لە حکومەت وەربگرن. حکومەت پرسی خاوەندارییەتی ئەوانی بۆسەر زەمینەکانیان وەپشت گوێ خستبوو و هەربۆیە ئەوانیش بە تێکڕا مانیان گرتبوو.[24]

Serçawe: Soran Karbasian (Free license)

سەرچاوە و ژێدەری ئەم بابەتە لە کۆتایی ئەم زنجیرە نووسینەدا بلاو دەکرێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت