لاوێکی کورد لە بەرەبەری چوونەوە بۆ سەربازی‌ خۆی کوشت

0
717

رۆژی کورد: سەربازێکی کورد لە شاری شنۆ کە ماوەی چەند رۆژێک بوو بۆ مەرەخەسی گەڕابوویەوە ماڵەوە، لە بەرەبەری گەرانەوە بۆ پادگانی نیزامیی شوێنی سەربازییەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی گوندی “سی کانی”ی سەربە شاری شنۆ، لە ماڵی خۆیاندا خۆی هەڵواسی و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێ ئەو لاوە کوردە لە بەرەبەری تەوابوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی و گەڕانەوە بۆ خزمەتی ئیجباریی سەربازی هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویش سەربازێکی کورد لە پاسگای هێزی ئینتزامیی رژیم لە گوندی ئاغ بڵاغی سەربە شاری شنۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها رێکەوتی ٢٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ سەربازێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی خوسرەو تەبتج و کوری کەریم کە خەلكی گوندی نەڵۆسی سەربە شاری شنۆ بوو، لە پاسگایەکی هێزی ئینتزامی بە زەبری چەکی کڵاشینکۆف خۆی کوشت.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا و بەپێی بڕیاری رژیم، بەشیکی بەرچاو لە سەربازە کوردەکان لە هێزی ئینتزامی و سوپای پاسداراندا لە خاڵە سنوورییەکان سازمان دەدرێن.

بەگوتەی چەندین سەرچاوەی باوەرپێکراو، فەرماندەرانی هێزی ئینتزامی و سوپای پاسداران سەربازە کوردەکان بە ئیجباری دەنێرنە کەمین و تەقە کردن لە کۆلبەرانی سەر سنوور.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە خاڵی سنووریی هەنگەژاڵی بانە و خاڵە سنوورییەکانی شنۆ، سەربازە کوردەکان بڕیاری فەرماندەکانیان لەمەڕ تەقە کردن لە کۆلبەران جیبەجێ نەکردووە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، سەربازە کوردەکان بەروڕووی دادگای نیزامی، حوکمی زیندانی و درێژ کردنەوەی ماوەی سەربازییەکەیان لەژێر ناوی “ئیزافە خزمەت”دا بوونەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت