وەزیری ناوخۆی ئێران: کورد و بەلووچەکان دەیانهەوێ ئێران بخەنە ناو گۆڕانکارییەکانی ناوچەوە

0
740

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس، ڕۆژی پێنج شەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕەحمان فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران، لە لێدوانی وەرزیی “ماڵی حیزبەکان” گوتی: لە ڕۆژئاوای ئێران، کۆمەڵە و دێموکراتەکان دوای ٢٠ ساڵ لە راوەستانی چالاکیی سەربازیان، دەستیان کردۆتەوە بە عەمەلیات و لە ڕاستیدا دەیانهەوێ ئێران بخەنە ناو ئاڵووگۆڕییەکانی ناوچە”

 فەزڵی  هەروەها هەواڵی دەستبەرکردنی ٤٠ کەسی بەلووچی بە تاوانی خەراپکاری لە ڕێگای لێدانی تونێلێکەوە (داڵان) بە مەبەستی بۆمب دانان لە شاری خاش ـی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ڕاگەیاندووە.

 ڕەحمان فەزڵی لەمبارەوە هەروەها گوتوویەتی: “دوو شەو لەمەوبەر لە ڕۆژهەلآتی ئێران و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، تونێلێکمان دۆزیەوە کە لە زەوی خانوویەکدا لێدرابوو کە قووڵاییەکەی ٢٠ میترە و ٤٠ میتریش درێژاییەکەیەتی و بە نیازی بوون لەو تونێلەدا لەو ناوچەیە تەقینەوە بکەن.:

وەزیری دەرەوەی لەمەڕ ڕێژەی دەستبەسەر کراوەکان گوتوویەتی: ” لەو پێوەندییەدا ٤٠ کەسمان دەستبەسەر کردووە.”

لەلایەکی ترەوە هەواڵدەریی “ئیرنا” لە زمان محەممەدئەکبەر چاکرزێهی، فەرمانداری شارستانی خاش نووسیویەتی: “ئەژمارێک لە ئەندامانی ئەو تیمە کە بە نیاز بوون لە نێوان ٢ ناوەندی گرنگی سەربازی و ئەمنیەتیی خاش، کردەوەی تیرۆریستی بکەن، شناسایی کراون و دەستبەسەر کراون و بەرنامەکەیان پووچەڵ کراوە”.

بەڵام ئامارەکانی چاکرزێهی و ڕەحمان فەزڵی پێکەوە جیاوازە و فەزڵی گوتوویەتی ١٠ کەس دەستبەسەر کراون.

جەلال جەماڵی
جەلال جەماڵی

جەلال جەماڵی چالاکی سیاسیی کورد لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: ” کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە بەردەوام هەواڵی پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆریستی لە ناو خاکی ئێراندا بڵاو دەکاتەوە و بەهێزبوونی خۆی نیشان دەدات ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات و هەروەها هێرشی بەلووچەکان، تا ئێشتا زیاترین زیانی بەرکەوتووە و بە هۆی مەترسیی ئەو هێزانە لەسەر خۆی تا ئێستا جیا لە هەڕەشە کردن بۆ سەر هەرێمی کوردستانی باشوور و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سعوودیە، گۆڕستانی شەهیدان لە شاری قوروەی خاپوور کردووە و کێلی گۆڕی کاک فواد سوڵتانیشیان شکاندووە و تا ئێستا نزیک بە ٥٠ کەس لە شارۆمەندانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەلآت دەستبەسەر کراون و ١٣ دوکاندار لە شاری سنە بە هۆی بەشداری لە مانگرتنی سەرانسەریی ٢٢ی پووشپەڕدا سزا دراون و ڕۆژی چوارشەممە تەرمی کەسێک بە ناوی جەماڵ مەنسووری کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی لە مهاباد کراوەتەوە.”

ئەو مامۆستای پێشووی قوتابخانە و چالاکی سیاسییە ئەو هەوڵ و هەوڕەشانەی ڕژیمی گێراوە بۆ ترسی ڕژیم لە گۆڕنکارییەکانی ناوچە و گوتی: “کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای هەناردە کردنی شۆڕش دامەزراوە و تا ئێشات هەموو هەوڵ و تێچوو و بوودجەی خۆی خستۆتە گەڕ تا بە ساز کردنی ئاژاوە لە وڵاتانی تر و دەست تێوەردان لە کار وباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە، شەڕ و ئاژاوە لە خۆی دوور بکاتەوە، بەڵآم ئێستا بەو چالاکییانە کە بەشی هەرە زۆری لە کوردستانە و تا ئاستێکی بەرچاویش لە ناو بەلووچەکاندا بوونی هەیە، ڕژیم ترسی ئەوەی لێ نیشتووە ئەو شەڕ و ئاژاوەیە بێتە ناو ماڵی خۆشی و باشیش دەزانێ ئەو کۆشکە بە ڕواڵەت قایمەی لە خۆی نیشان داوە بە گچکەترین هەڕەشە لەرزۆک دەبێ و بە یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران، بێ گومان بە زوویی دەڕووخێ”.

جەلال جەماڵی هەروەها گازندەی لە یەکنەگرتوویی حیزبە کوردیەکان کرد و گوتی: “مخابن تا ئێستا حیزبە کوردییەکان هەرچەند بە ڕواڵەت هەموویان باسی بەرەی یەکگرتوو دەکەن بەڵآم یان ئامادەیی هاتن و پەیوەست بوون بە خەباتی چەکداریان نەبووە کە ویستی هەموو خەڵکی کوردە یان ئەوەتا لەژێر هەندێ بەڵێنیی بێ بنەمای ڕژیم خەریکن دژ بەو خەباتە ڕەوایە دەوەستنەوە. ئەگەر حیزبە کوردییەکان بە هەر ئاست و ڕادە لە هێز کە هەیانە پەیوەست بەو خەباتە ببان یان ببن ئەوا بە دڵنیاییەوە کۆشکی ڕژیم زۆر بە سانایی دەلەرزێ، چون ئێستا وەک ٢٠ یان ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا نیە و ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو لایەکمان ئاشکرایە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت