مستەفا چەمران، نوێنەری تێرۆر له کوردستان

0
136
جەماڵ ڕەسووڵی دنخە
جەماڵ ڕەسووڵی دنخە

نووسینی: جەماڵ ڕەسوڵ دنخه
مێژووی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بە درێژایی مێژووی جیهان، درێژەی هەبووە و ئێستاش هەیەتی. لەو ماوەیەدا زۆر جار نەتەوەی کورد بە دەسەڵات گەیشتووە، بەڵام لە ماوەیەکی زۆر کورت‌دا بە هۆی ئەوەیکه دوژمنان یان خودی ڕێبەرانی کورد لە ئاکامی سیاسەتێکی زۆر ڕاستگۆیانە و ڕاستدا، فریوی پیلانەکانی دوژمنیان خواردووە، دەسەڵات و حوکمڕانییان ڕووخاوە، کە مێژوو باشترین شاهێدە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە کە گەلی کورد هەمیشە قوربانیی ڕاست‌وێژی لە سیاسەتدا بووە و ئەوەش بۆ سرووشت و نییەتی ئازادیخوازانە و ئاشتیخوازنەی گەلی کورد لە هەر سات و قۆناغێکی میژوودا دەگەڕێتەوە.

وڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد جارێک لە سەردەمی عوسمانییەکان و جارێکی دیکەش لە پەیمانێکی نگریسی ناسراو بە “سایکس ـ پیکۆ”دا دابەش کراوە و هەر بەشێک لە خاکی کوردستان بەر ڕێژیمێک کەوتووە که بە توندترین شێوە نەتەوەی کوردیان کوشتوبڕ کردووە و ئێستاش گەورەترین جینایەتەکان لە کوردستان‌ دژ بە ڕۆڵەکانی ئەو گەلە ئەنجام دەدەن و لەژێر ناوی جۆراوجۆر، شەڕ لەگەڵ دوژمنی ناودێر دەکەن.

گەلی کوردیش لە هەر بەشێکی کوردستان‌دا هەمیشە دژی ڕێژیمی ناوەندی شۆڕشی کردووە و بەرگری لە مافی ڕەوای خۆی کردووە و بۆ پاراستنی خاکی خۆی لە چەنگی دوژمنی غەدار، هەزاران شەهیدی داوە و ئێستاش هەر شەهید دەدات و لە ڕاستیشدا ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوە دەسەڵاتی ناوەندییه کە لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان زوڵم و زۆری لە گەلی کورد دەکات و خاکی کوردستانی داگیر کردووە.

لێرەدا باس لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە لە ڕەوڕەوەی مێژوودا بەردەوام شوێنی سەرهەڵدان و شۆڕش بووە، بۆ ئاخرین جار دەوڵەتی کوردی کە لە مەهاباد دادەمەزرێت، دیسان حکوومەتی ناوەندی هێرش دەکاتە سەر کۆمار و دەیڕوخێنێت. لەو کاتەوە جڵەوی دواماوەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەکەوێتە دەست حیزبێک بە ناوی “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”(PDKI) کە ماوەی ٧١ ساڵە جڵەوی شوڕشی وەک دێرینەترین حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات گرتووەتە دەست و لە ماوەی ئەو ٧١ ساڵەدا، زۆر ئاساییە کە هەوراز و نشێوێکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، حیزبێک کە خاوەنی ڕابردوویەکی پڕشنگدارە و هەڵقوڵاوی ڕاستەقینەی خواستی خەڵکی کوردستانە و تەنانەت خودی دوژمن دان بەو ڕاستییەدا دێنێت.

لە ماوەی خەباتی حیزبی دێموکرات‌دا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک دوژمنێکی سەرکوتکەر و تێرۆریست و جینایەتکار لە کوردستان، دوای ئەوەیکە ڕازی بەوە نەبوو مافی کورد بدات، کەوتە کوشتوبڕ کردنی خەڵکی کوردستان. حیزبی دێموکراتیش دژی ئەو ڕێژیمە چەکی بەرگری لە خۆی هەڵگرت. لە ماوەی خەباتی حیزبی دێموکرات و شەڕی چەکداریی ئەو حیزبە، ڕێژیمی ئێران گەورەترین فەرماندە و بەرپرسە نیزامییەکانی خۆی بۆ شەڕ فرۆشتن بە کورد ڕەوانەی کوردستان دەکرد و لەژێر ناوی فەرمانی “جیهاد”ی نگریسانەی خومەینی‌دا، خەڵکی کوردیان دەکوشت و دواتر هەر کام لەو فەرماندە و بەرپرسانەی ڕێژیم کە لە کوردستاندا شەڕیان کردبوو، دەستیان داوەتە نووسینی چەواشەکارانە و گێڕانەوەی چیرۆکی پڕ لە درۆ و قسەی پووچ کە گۆیا بە هانای گەلی کورد هاتوونە و شەڕیان دژی دوژمنان کردووە.

یەکێک لەو کەسانە، فەرماندەیەکی سەربازیی ڕێژیمی ئێران بە ناوی “مستەفا چەمران” بووە، کە وەک کەسایەتییەکی جینایەتکار لە کوردستان، بێ‌بەزەییانە تاوانی خولقاندووە و ئێستاش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، ئەو جەلادە مێشک ڕزیوە بە قارەمانێک لە کوردستان ناو دەبەن. مستەفا چەمران لە کتێبێکی ١٠٨ لاپەڕەیی‌دا لەژێر ناوی “کوردستان” کە بەشێكیشی برای ناوبراو “مێهدی چەمران” نووسیویەتی، باس لە شەڕی کوردستان و ڕووداوەکانی دەکات و هێرش دەکاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەڕی پاوە و فەرمانی جیهادی شەیتانیی خومەینی بە فەرمانی تاریخی و چەمران بە قارەمانی ئەو شەڕەی پاوە ناو دەبات.

لە پێشەکیی ئەو کتێبەدا کە مێهدی چەمران نووسیویەتی، باس لەوە دەکات کە کوردستان ناوێکە ناسراو و ڕووداوی بێ‌ئەندازە لە درێژایی مێژوودا بە کۆڵ دەکێشت. دواتر جۆرێک باس لە کوردستان دەکات کە وەک برینێک وایە هەمیشە دوژمنان ئەگەر هەستیان بە گوشار کرد ئەو برینە دەکولێننەوە و وەک هێزێکی گوشار کەڵکی لێ وەردەگرن تا بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن.

ناوبراو لە پێشەکیی ئەو کتێبەدا بە کەیف و مەیل و حەزی خۆی هێرش دەکاتە سەر کوردستان و به دڕندانەترین زمان باس لە حیزبی دێموکرات دەکات و خومەینی که یەکێک لە جەلادانی مێژوویە، بە ڕێبەرێکی گەورە، قایم، کەسێک کە دەرد و مەرگی خەڵکی چێشتووە ناو دەبات و باسی لێوە دەکات. مێهدی چەمران دەڵێت: “ڕووداوەکانی کوردستان یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی نیوخۆی ئێران و تا ڕادەیەک هەستیار و حەیاتی بوو کە چارەنووسی “شۆڕشی ئیسلامی” بەوەوە بەسترابوو و “پرسی پاوە” بە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی مێژوو دەزانێت و لەوێدا مستەفا چەمران جەلادی کوردستان، بە قارەمانی ئەو ڕووداوە وەسف دەکات. کتێبی کوردستان لە سێ بەشدا نووسراوە کە بەشی زۆر و گرینگی ئەو بە دەستی خودی مستەفا چەمران سەبارەت بە ڕووداوەکانی پاوە نووسراوە کە بەشی یەکەمی کتێبەکە بە ناوی “پاوە، فرمان تاریخی امام و سرآغاز نجات کردستان” ناودێر دەکات. بەشی دووهەمی کتێبەکە هەڵینجاوی قسەکانی مستەفا چەمرانە کە لە سەر کوردستان کردوویەتی و بەشی سێهەم نوسراوەکانی ناوبراوە لە سەر کوردستان.

مستەفا چەمران شۆڕشی ئێران وەک بەهەشتێک وەسف دەکات کە ئیتر خەڵک تەواو حەساوە و دەم بە پێکەنینە و لە ناکاودا شەڕ و ئاژاوە لە گونبەدکاووس، کوردستان و خوزستان دەستی پێکرد و مەهاباد و نەغەدە و سنەیان کردە گۆڕەپانی شەڕی خۆیان و خەڵکیان بە ناوی هەژاری و نەداری، دژ بە شۆڕشی ئێران هان دا.

ئەوەیکە ڕاستی بێت و زۆری لە سەر باس کراوە، شەڕی سێ مانگەی سنەیه و باقی ڕووداوەکانی دیکە لە کوردستان، هەر دەم و سات و کات حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆی لە شەڕ بە دوور دەگرت و داوای وتووێژی دەکرد بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵام لە واقعدا ئەوە ڕێژیم و دار و دەستەکەی بوون کە بە هۆی ئەوەیکە مێشکیان بە ئیدئۆلۆژیی ڕەحمان و شەیتان پڕ ببووەوە تەنیا کوشتنی خەڵکی کورد و وێرانکردنی کوردستان فێر ببوون و تۆمەتیان لە حیزبی دێموکرات دەدا.
چەمرانی چەواشەکار و قین لەدڵ لەو کتێبەدا باس لەوە دەکات کە حیزبی دێموکرات خەڵکی بێ‌تاوان دەکوژێت، شارەکان وێران دەکات، سەربازەکان دەکوژێت و بەردەوام باس لە شەڕی چەکداری دەکات و گەلێک قسەی بێ‌بنەمای دیکە. هەمووی ئەو قسە و نووسینانە تەواو بێ‌مانا و دوور لە ڕاستین، چوونکە حیزبی دێموکرات هیچکات شەڕخواز نەبووە و شەڕی چەکداریشی بە سەردا سەپاوە، تا چ بگات بەوەیکە حیزبی دێموکرات کاری دژه مرۆیی بدات. ئارشیوی حیزبی دێموکرات و لێدوانی خودی دیلەکانی شەڕ ئەو بانگەشە پووچەی چەمران بە ئاسانی ڕەت دەکاتەوە کە حیزبی دێموکرات شەڕخواز و شەڕفرۆش بێت.
مستەفا چەمرانی مێشک چەق‌بەستوو زۆر بە ئاشکرایی دەڵیت کە مەسەلەی ئێمە، مەسەلەی ئیدئۆلۆژییە. نە نەتەوە و قەوم. هەر کەسێک کە ئیدئۆلۆژیی ئیسلامیی هەبێت، کورد یا تورک یا بەلووچ یان عەرەب، هەموو بەرابەر و بران. بەڵام لە کوردستان‌دا دەبینن کە کوردێکی کۆمۆنیست لەگەڵ کوردێکی موسڵمان پێک نایەن و… ئەوەی ڕاستی بێت لە سەردەمی دوای شۆڕشی ئێران، کوردستانی ڕۆژهەڵات سەنگەری دێموکرات و کۆمۆنیستەکان بوو و تەنانەت هەندێک حیزب و لایەنی سیاسی کە باوەڕیان بە مافی نەتەوەی کورد هەر نەبوو، لە کوردستان بنکە و بارەگایان هەبوو و خەباتیان دەکرد، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە تاران کە باس لە بەرابەری و برابوون دەکرا، زۆربەی هەرە زۆری جیابیران و خوێندەوارەکانیان کوشت و خومەینی بە “احمق” واتە ساویلکە و گێلۆکە ناوی لێ دەبردن.

چەمران وەکوو یەکێک لە جەلادەکانی خومەینی لە کوردستان، هێرش دەکاتە سەر “سەنار مامەدی” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و وێڕای ئەوەیکە تێر جوێن و قسەی ناحەزی پێ دەدات، دەڵێت بە زەبری چەک ماڵی خەڵکی تاڵان دەکات و دوکتور قاسملوو و بنەماڵەکەی دەدەنە بەر بێڕێزی. سەر تا پای ئەو کتێبە پڕە لە بەتاڵ کردنەوەی گرێی دەروونی و ڕق و قین و لە هەر شوێنیکی ئەو کتێبەدا حیزبی دێموکرات بە سەرەچاوەی کێشە و شەڕ و ئاژاوەچی لە قەڵەم دەدات و باس لەوە دەکات کە حیزبی دێموکرات لە نێو خەڵکدا جێگای نیە و تەنیا ئەوان گوێڕایەڵی بە قەولی خۆیان ئەمپریالیزمن و دژی شۆێشی ئێران بوونە. ئەوەش بۆ خۆی درۆیەکی دیکەیە کە چەمران ئەو کات و ئێستاش و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، وەپاڵ حیزبی دێموکراتی دەدەن کە دژی شۆڕشی ئێران بوونە. چونکە خەڵکی کوردستان بەشداریی لە ڕووخاندنی حکوومەتی پاشایەتیدا کرد و دوای ئەویش سەرەڕای پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران، داوی مافی خۆی کرد.

بۆ شەڕ لە کوردستان دو هۆکاری دەرکی و نێوخۆیی دەدۆزێتەوە، لە هۆکاری دەرەکی‌دا باس لەوە دەکات کە چوونکە شۆڕشی ئێران بەرژەوەندی و قازانجی زلهێزەکانی خستە مەترسییەوە، شەڕیان لە کوردستان ساز کرد. بەڵام لە واقعدا شەڕ لە کوردستان دیاریی دەستی خومەینی و بیری ئەو بوو، چون لۆژیکی دیالۆگ لە مێشکی خومەینی بەدوور بوو و حیزبی دێموکرات هەمیشە سیاسەتی سەربەخۆی هەبووە و هەیەتی. لە هۆکاری نێوخۆیی‌دا، باس لە هەژاری، مەزهەب، نەتەوە و قەوم دەکات. دەبێ سەبارەت بەو سێ بابەتە بڵێین کە یەکەم، دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بە گشتی زۆربەی خەڵکی ئێران هەژار بوو و حیزبی دێموکراتیش نەتەوەیی بوو، نەک کۆمۆنیستی، کە لەسەر هەژاری شەڕ بکات. دووهەم باسی مەزهەب دەکات، ڕاستە کە کوردستان سوننە مەزهەبە و مادەی ١٣ی مەجلیسی خۆبرەگان سەبارەت بە شیعەبوونی سەرکۆمار که لەخۆیدا هەڵاواردنە، بەڵام خۆ حیزبی دێموکرات بە گشتی پرسی چارەنووسی گەلی کوردی لا گرینگ بوو، نە پرسی لاوەکی، پاشان بوون و ناوەرۆکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆی پرسیاری لەسەرە، چوونکە خەڵک لە ڕووی نائاگاهیەوە دەنگیان بە ڕێژیمێکی لەم چەشنە دا.

باسی نەتەوەبوون پرسێکە کە هەموو کەس لای ڕوون و ئاشکرایە کە گەلی کورد لە ئێران خوازیاری گرتنە دەستی چارەنووسی خۆیەتی، بەڵام چەمران و ئێستاش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل و ئامریکا گەلی کورد هان دەدن بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ. کێشەی کورد نەتەوەییە نەک مەزهەب و هەژاری و بابەتگەلی لاوەکی؛ چوونکە فارسیش نەتەوەیەکە لە نەتەوەکانی ئێران کە بە زەبری کوشت و بڕ خۆی سەپاندووە.

لە کۆتاییەکانی ئەو کتێبە پڕ لە درۆ و دوڕوویی و چەواشەکارییەدا، باس لە “دەسپێکی پیلان” دەکات که لە هەموو ڕووداوەکانی کوردستاندا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەتاکارە و پاسدار و بەکرێگیراونی ڕێژیم و هێزە داگیرکەرەکەی کە بە فەرمانی خومەینی هێرشیان کردووەتە سەر کوردستان بێ‌تاوانن.

هەروەها فەرمانی هێرشی خومەینی بۆ سەر شاری پاوە، بە فەرمانێکی مێژوویی ناو دەبات و کوشتوبڕی خەڵکی کوردستان بە فەرمانی خومەینیی جەلادی مێشک ڕزیو، بە پیرۆز دەزانێ و چەمرانیش دزی و دەسدرێژی و بێ‌شەرمی و قاتڵ‌بوونی خۆی بە قارەمانەتی لە چیرۆکەکانی کوردستان باس دەکات و بەلایەوە جێی شانازییە.

هەنووکەش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییە یەک لە دوای یەک، وەک ڕابردوو هەڕەشە لە حیزبی دێموکرات دەکەن و دەیانهەوێ وا نیشان بدەن کە حیزبی دێموکرات لایەنگری نیە و خەڵکی کوردستان هیچ بایەخێک بۆ خەباتی ئەو حیزبە دانانێن، بەڵام ئەوە مێژووه کە دەیسەلمێنێ کێ ڕوایی هەیە، حیزبی دێموکرات یا ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران کە هەتا بینەقاقا لە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەو ئاو و خاکەدا نوقم بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەنووکە دوای ٧١ ساڵ خەباتی ڕەوای خۆی، شێوەخەباتێکی نوێی دەست پێکردووەتەوە و ئەوەش بۆ زۆر هۆکاری گرینگ وەک چوونەسەرەووەی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی، مافی چارەنووس، زوڵم و زۆر لە کوردستان، داگیرکردنی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران و هۆکارگەلی دیکە دەگەڕێتەوە.

ئەو خەباتە نوێیەی حیزبی دێموکرات لە ڕووی ئیرادەی حیزبی دێموکرات و بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستانە، چوونکە حیزبی دێموکرات هەڵقووڵاوی ئیرادەی خەڵکی کوردستانه و ئەو خەڵکە هەردەم پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت