وریا ماملێ: ئەمڕۆ کەبودوەند هێمای یەکڕیزی و یەکڕەنگی ڕۆژهەڵاتە

0
244

ڕێزدار موحەممەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە هۆی خەباتی نیشتمانی و ئازایەتی لە ئیرادەی دا، دەنگی گەلی کوردستانی تا ئەو بەری میلەکانی زیندان بردووە ، توانیوێتی کێشەی بەندیی سیاسی کورد بە هۆی تاوانەکانی دەسەڵاتی تاران بەرێتە نێو کۆر و کۆمەڵە مرۆڤ دۆستەکان لەوەش گرینگتر دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانی گەیاندووەتە ئاراستەیەکی شیاو هەنووکە کۆی خەڵکی کوردستان بە گشت بۆچوونە رەنگاڵەکان بە دیسکۆرسی ئازادی بەندی سیاسی هاتووەتە گۆڕەپان، دەکرێ بەڕێز کەبوودوەند و کێشەی بەندی سیاسی کورد خاڵی هاوبەشی هەڵوێستێکی نەتەوەیی بێ و بناخەی یەکگرتوویی کورد لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ماف پێخوستکەری کوردستاندا بێ . بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر ئەو مژارە رۆژی کورد روانگەی روناکبیرو چالاکی هونەری و کەلتووری ڕێزدار وریا ماملی بە شیاو دەزانی و چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد سرنجتانی بۆ رادەکێشین

  رۆژی کورد: لە بەڕێز کەبوودوەند و هەوڵە نیشتیمانیەکانی چۆن دەروانن ، کەبوودەوەند توانێوێتی پێناسەیەکمان لە رێبەرێکی خەباتی مەدەنی بۆ وەروو خا کورد بۆ پێویستی بە کەسانی دەگمەن ئیرادەی وەک بەریزیان هەیە ؟

وریا ماملێ
وریا ماملێ

ماملێ: پێشەکی زۆر سپاس بۆ ئێوە کە ئەم دەرفەتەتان بەخشی بە من تا لە ڕێگای ئێوە، میوانی خوێنەرانی و میوانانی ماڵپەڕە ڕەنگینەکەتان بم.

شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە لە میژووی هەر نەتەوەیەک دا ئەو کەسانە دەبن بە پاڵەوانی میللەت کە بە لەخۆبردوویی و خۆنەویستی، بتوانن ناعەداڵەتییە  کۆمەڵایەتی یا ڕامیارییەکانی زاڵ بەسەر میللەتێک دا زەق بکەنەوە و داکۆکی لە مافەکانی گەل بکەن  ببنە هۆکاری ڕیکخستنی گەل بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی ئەم ناعەداڵەتییانە.

دیارە لە هەر کۆمەڵگایەک دا کە ئەم کەمایەسییانە بەدی بکرێن دەلالەت بە لاسەنگبوونی تەرازی سیستێمی دەستەڵاتدارەتییە. بۆ چارەسەرکردنیشی، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان دەتوانن ڕۆڵ بگێرن. کاتێک کە مەجال بۆ کاری ڕێکخراوەییش نەبوو ئەوە ڕووناکبیران وهەڵکەوتووەکانی کۆمەڵگا دەبنە پێشەنگی خەباتی ڕووناکبیری و ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی بێدادی و ناعەداڵەتی.بۆ سەڵماندنی ئەم ڕاستییەش وێنە زۆرن کە بەرچاوترینیان “گاندی” لە هیند و”مارتین لۆتێرکینگ” لە ئامریکا دەتوانین ناو بەرین.

لە کوردستانەکەی خۆمان ئەو کەسانەی بە خەباتی کۆمەڵایەتی، ڕووناکبیری، هونەری و سیاسی خۆیان، توانیویانە کاریگەری لەسەر گەل دابنێن زۆرن و تەنانەت گیانیشیان بێباکانە بۆ وەدیهێنانی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی گەلی خۆیان پێشکەش کردووە. هەر بەوپێیەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دەرفەتێک بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی نیە و سیستێمی دەستەڵاتدار بە شێوەیەکی یەکلایەنە و تۆتالیتەر و تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئایدیالۆژییەکی تایبەت و چینێکی تایبەت وڵات بەڕێوە دەبەن. لە وەها دۆخێکدا هیچ چین و توێژێک بە کەمینە و زۆرینە، حیسابێکیان لە بازنەی ئەم سێستێمەدا بۆ ناکرێت. هەڕەشە و گووشار تا سنووری فەوتان و لەناوچوون کاریگەری لەسەریان دادەنێت. ڕێک لەم ئاستەدایە کە ڕووناکبیران و هەڵکەوتووەکانی کۆمەڵگا دەبێ ببنە دەنگی گەل و گەرووی هاواری چینی زوڵملێکراو.

 کاک محەممەد سەدیق کەبوودوەند وەک داکۆکیکارێکی دەروەست و ڕووناکبیرێکی نیشتمانپەروەر، بە زانیاری تەواو و بە هیمەتی پۆڵایینەوە بە ئەرکی مرۆڤی و کوردانەی خۆی هەستا و بەو خەباتە مەدەنییەی کە خۆی پێشەنگی بوو، توانیوێتی ئەم بۆشاییەی بە چەشنێکی بەرچاو پڕبکاتەوە و هاوکات هەم ڕۆڵی داکۆکیکارێک بۆ نەتەوەکەی بگێرێت و هەمیش ببێتە خاڵی هاوبەشی هەموو ڕەنگە جیاوازەکانی (بەداخەوە ناکۆکی) ناو کۆمەڵگای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جا چ لە ناوەوەی وڵات یا لە دەرەوەی وڵات.

 رۆژی کورد: بە هۆی هەڵوێستی ڕێزدار کەبوودوەند جەماوەری خەڵکی کوردستان یەکدەنگ لە کەمپین، رێپێوان و ناڕەزایەتی دەربرین بەشدارییان کردووە ، هیندێک روانگە ئەوە بۆ بابەتی ستەم لێکراوی بەندی سیاسی کورد بە گشتی دەگەرێننەوە و بە تایبەیی بەڕێز کەبوودوەند بە هێمایەکی مەزن دەزانن کە تاوانی دژی مرۆڤی لە دژی ئەنجامدراوە ئازادی بەڕێز کەبوودوەند لە چوارچێوەیەکی بەرینتر دا مانای ئازادی زیندانی سیاسی دەگەیەنێ پێتان وایە بەڕێز کەبوودوەند لەو راستایە دا ئیرادەی نواندبێ؟

ماملێ: بە دڵنیاییەوە. هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی چالاکییە مەدەنییەکانیدا، کاک محەممەد سدیق خۆی نەبەستەوە بە هیچ لایەنێکی سیاسیەوە. نەتەوەیی هەنگاوی نا و بۆ مافی مرۆڤ تێدەکۆشا. دیارە کە ئەم دوو خاڵە یەک لە سەرەکیترین ویست و داخوازیەکانی لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بوون.

لە لایەکی تریشەوە بەڕێزیان کە لە ژیانی پێش زیندانچوونیان دا داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بووە، ناکرێ لە زیندانەکانی ڕژێم دا کە نامرۆڤانەترین کردەوە ئەنجام دەدرێت هەر خۆی لە یاد بێت و لە خەمی خۆی دابێت. ئەو بە زانیاری تەواو و بە ئیمانەوە پێی نایە ئەم ڕێگایەوە، لەکاتێک دا کە دەیزانی چارەنووسی دەگاتە ئەم ڕۆژەی کە هەموومان دەیبینین. نابێ وا بیر بکەینەوە کە تەنیا بۆ تیشکهاویشتنە سەر دۆسییەی خۆی لە مانگرتن دایە. بە دڵنیاییەوە مانگرتنەکەی گوزاریشتێکە لە باری نالەباری هەموو زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەکانی کۆماری پەت و سێدارە.

وەک زیندانییەکی سیاسی ئەم مانگرتنەی ڕیزدار کەبوودوەند ئاوێنەیەکی تەواو نوێنی دۆخی گیراوانی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڕێزیان کە لەژێر نامرۆڤانەترین گۆشاردایە، ناتوانێت دەنگ هەڵبڕێت و هاوار بکات بەڵام، بەم چالاکییە دەنگی هەموو گیراوانی سیاسی ناو چاڵەڕەشەکانی ئێرانی گەیاندە هەموو جیهان.

بەڵێ، کەبودوەند ئەم پەیامە بە گوێچکەمان دا دەچرپێنێ کە کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێ یەکبگرن، تاقانە خەمیان خەمی گەل بێت و لە مافەکانی خۆیان بەخاوەن دەرکەون. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کەبودوەند بە تەنیا، هەر ئەوەندەی لەدەست دێت و لێرە بەولاوە لایەنە سیاسییەکان دەبێ لە جیاتی بەیاننامە دەربڕین، بە کردەوە بۆ یەکڕیزی و یەکرەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو بنێن.

ئەمڕۆ کەبودوەند هێمای یەکڕیزی و یەکڕەنگی ڕۆژهەڵاتە. هەموو ڕەنگەکانی سیاسی ئەمرۆ بە یەکدەنگ بۆ کەبودوەند هاوار دەکەن. ژیریی سیاسی و نەتەوەیی لەوە دایە کە کەڵک وەربگیردرێت لە هێما نەتەوەییەکان بۆ پێشکەوتن و وەدەستهێنانی مافە پێشێلکراوەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

  رۆژی کورد: هەوڵەکانی داکۆکی لە زیندانی سیاسی کوردو بەڕێز کەبوودوەند چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

ماملێ: ئەم هەوڵانە بە ئەزمونێکی باش دەنرخێنم. لەم دۆخە نالەبارە سیاسییەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێێدا تێدەپەڕێ، ئەم هەوڵانە دەستکەوتێکی گەورەن بەڵام، کەمن.  ئێمە چ لەچاو چۆنییەتی، چ لەچاو چەندێتی، مرۆڤی لێهاتوومان بەزیادەوە هەیە. دەکرا کە ئەو چالاکییانە بەرفراوانتر و کاریگەرتر بەڕێوەچووبان کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی شوێنپێێ خۆی دابنێت. ئەم دڵساردییە و ئەم خەمۆکییە سیاسییەی کە تووشی تاکی ڕۆژهەڵاتی هاتووە، لە بەستەڵەکی نێوان هێزە سیاسییەکان سەرچاوە دەگرێت. لە نەبوونی گووتارێک هاوبەش و بەهێز سەرچاوە دەگرێت. لەمانەش گرنگتر، لە بۆشایی نەبوونی ڕێبەرێکی کاریزماتیک و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی/سیاسی سەرچاوەدەگرێت.  ئێستا کە ئەم فاکتانەمان لەبەردەست دا نییە، ئەرکەکە زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی ڕووناکبیران، ئاکادێمیستەکان، لێزانان و هەڵکەوتووەکانی کۆمەڵگا.

من هەڵ دەقۆزمەوە و حەز دەکەم ئاماژە بەم ڕاستییە بکەم کە بە باشی نازانم هەموو چاوەڕوانییەکان بهاوێینە سەر شانی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان. هەموومان باش لە دۆخی نالەبار و چەقبەستووی ئەوان تێدەگەین.  خۆمان فریو نەدەین. نابێ لەم کەشە سیاسییەی ئێستاکەدا چ لە ناوچەکە و چ لە ئاستی کوردستان دا قورسایی بخەینە سەریان. کورد و کرمانجی دەست و باڵیان بەستراوە و چییان لەدەست نایەت. باشتر وایە چینی ڕووناکبیران و هەڵکوتووەکانی کۆمەڵگا، ئەدیبان و هونەرمەندان، ئاکادێمیست و زانانایان، بێدەنگی بشکێنن و بۆ کەمکردنەوەی قورسایی لەسەر شانی چالاکانی ناوخۆ لەم حاڵەتی “پاسیو”بوونە بێنەدەر و بزووتنەوەیەکی سیاسی بێلایەن لە دەرەوەی وڵات پێک بێنن کە هەم قوورسایی سیاسی هەبێت و هەمیش زمانحاڵی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، لە هەماکاتیش دا کار بکات بۆ ڕێکخستنی هێز و ووزەی ڕۆژهەڵاتییەکان لە دەرەوەی وڵات.

ئینجا حیزبەکانیش گەر لەگەڵیشیان هاوکار نەبن، لانی کەم کێشەیان بۆ درووست نەکەن تا ئەوان بتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. خۆ ناکرێ تا هەتایە لە ڕۆژهەڵات بمانکەن بە گۆشتی بەردەم گورگ و هەموو ڕۆژێک کەبودوەندێک، ئاروەندێک وکەمانگەرێکمان پەڕپەڕ ببێت.

رۆژی کورد: کەم و کۆرییەکانی ناڕەزایەتی و کەمپینی گشتی داکۆکی ڕێزدار کەبوودوەند لە چی دا دەبیینن و پێتان وایە چ بژاردەیەکی تر بۆ ناڕەزایەتی ئیمکانی هەیە؟

ماملێ: من لەو باوەڕە دام کە دەکرا زۆر باشتر ئەم چالاکییانە بەڕێوەچووبان. چالاکییەکان هیچ کۆنترۆڵ و ڕابەرییەکی ژیرانەی نەبوو. هەرکەسە و بەشێواز و توانای خۆی دەهاتە مەیدان. من لانی کەم سێ‌دانە هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوەم واژۆ کرد کە دەکرا یەکدانە بێت. گەر وا بایە، لەلایان لایەنە پەیوەندیدارەکانیش پتەوتر و قورستر حیساب بۆ داواکەمان دەکرا. من لەو باوەڕە دا نیم کە لە هەموو ئاڵمان هەر ١٠٠ کوردی لێ بێت، یا لە سۆئێد ١٠٠ کەس. کەمبوونی بەشداربووان لەم چالاکیانە دا زیاتر دەگەرێتەوە سەر ئەم وەڵامەم کە لە پرسیارەکەی پێشووتر دا باسم لێ کرد.
واتە: (ئەم دڵساردییە و ئەم خەمۆکییە سیاسییەی کە تووشی تاکی ڕۆژهەڵاتی هاتووە، لە بەستەڵەکی نێوان هێزە سیاسییەکان سەرچاوە دەگرێت. لە نەبوونی گووتارێک هاوبەش و بەهێز سەرچاوە دەگرێت. لەمانەش گرنگتر، لە بۆشایی نەبوونی ڕێبەرێکی کاریزماتیک و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی/سیاسی سەرچاوەدەگرێت). دەکرا لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکان لاپەڕەیەک بکڕینەوە و بەتەسەلی باسی مانگرتنەکەی بەڕیز کەبودوەند و کێشەی زیندانیانی سیاسیمان کردبایە تا شەقامی وڵاتانی دەرەوەشمان لەم دۆخە نالەبارە ئاگادار بکردبایە.
دەکرا کارکرابا بۆ سازکردنی “لابی”یەکی پشتیوانی کورد تا لە ڕۆژی ئاوا دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. دەکرا زۆر کاری بنەڕەتی کرابان تا ئەمرۆ کەڵکمان لێوەرگرتبان.

رۆژی کورد: ئەگەر شتێکی تایبەت بەو مژارە هەیە و لە پرسیارەکاندا ئاوڕی لێنەدراوەتەوە تکایە بفەرموون.

ماملێ: لە کۆتاییدا زۆر سپاسی ئێوەی ئازیز دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان بە من بەخشی. دەستی ماندووتان دەگووشم کە وا خەمخۆرانە و کوردانە هەوڵ دەدەن تا زانیاری و هەواڵی باوەڕپێکراو بگوازنەوە بۆ خوێنەرانی خۆتان.
هەروەها زۆر سپاسی ئەم خوێنەرە دەکەم کە کاتیان دانا بۆ خوێندنەوەی ئەم وتووێژە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌