هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور له‌ بارودۆخی شپرزه‌ی محه‌ممه‌د سدیق که‌بودوه‌ند نیگه‌رانه‌

0
102

رێکخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور له‌ نوێترین به‌یاننامه‌ی خۆی‌دا نیگه‌رانیی قووڵی خۆی له‌ بارودۆخی جه‌سته‌یی محه‌ممه‌د سدیق که‌بودوه‌ند له‌ زیندان‌دا ده‌ربڕیوه‌.
به‌ پێی هه‌واڵی كوردستان و كورد ، محه‌ممه‌د سدیق که‌بودوه‌ند، سه‌رۆکی گیراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان زیاتر له‌ دوو حه‌وتوویه‌ بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ کردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌منیه‌تی له‌ دژی ئه‌و مانی له‌ خواردن گرتوه‌.
ڕه‌زا موعینی، به‌رپرسی ده‌فته‌ری ئێران‌و ئه‌فغانستانی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور ده‌ڵێ بێبه‌شکردنی ڕۆژنامه‌نووسان‌و چالاکانی مه‌ده‌نی‌و مافی مرۆڤ له‌ دادگای دادپه‌روه‌رانه‌ پێچه‌وانه‌ی قانوونه‌ نێوخۆییه‌کانی وڵاتان‌و پره‌نسیپه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌. ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی کۆماری ئیسلامیش پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی گه‌ردوون‌و په‌یماننامه‌ی جیهانیی مافه‌ مه‌ده‌نی‌و سیاسییه‌کانه‌ که‌ ئێران بۆ خۆی یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه‌ ئیمزای کردوه‌.
محه‌ممه‌د سدیق که‌بودوه‌ند، ٥٣ ساڵی ته‌مه‌نه‌و باوکی سێ منداڵه‌. ئه‌و له‌ ماوه‌ی ٩ ساڵ به‌ندکرانی‌دا له‌ زیندان تووشی زۆر نه‌خۆشیی وه‌ک پرۆستات‌و چڵککردنی ڕیخۆڵه‌و گورچیله‌ بووه‌و تا ئێستا له‌ زیندان چه‌ند جار سه‌کته‌ی دڵ لێی‌داوه‌.
ئه‌و که به‌ ناحه‌ق سزای‌ ١١ ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌، به‌ په‌ریناز خوسره‌وانیی هاوسه‌ری گوتوه‌ تا ئه‌و کاره‌ی ده‌زگای قه‌زایی واز له‌ دروستکردنی په‌روه‌نده‌ی ئه‌منیه‌تی له‌ دژی ئه‌و نه‌هێنێ، له‌ مانگرتنه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌