چەوسانەوەی نەتەوەیی ( نەتەوەی کورد ) لە ئێران، لە  ڕوانگەی بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژییەوە

0
98
نووسەر: ناسر رەسووڵنژاد

 پێشەکی  :

تێکنۆلۆژی  یەکێک لەو بابەتە گرینگانەیە کە سرنجی بیرمەندانی لە پێوەندی بە پێشهاتەکانی بۆ سەر خۆی  ڕاکێشاوە. تێکنۆلۆژی بە شێوەی گشتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە خۆی دەرخستووە، دیاردە یان دەرکەوتەکانی ئەو کاریگەرییانە دەکرێ وەک دەرکەوتەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی لیکدانەوەی بۆ بکرێت. لە درێژەی ئەو باسەدا گرینی سیاسەتی تێکنۆلۆژی لە مەڕ پێشهات و دەرکەوتەکانی، هەروەها باس لە سیاسەتی تێکنۆلۆژی لە لایەن بڕیار بە دەستان دێتە ئاراوە. پێڵی هەواییەکانی نیۆیۆرک و ئامانجەکانی ئەو پێڵانە لەو نموونانەیە کە دەریدەخات کاربەدەستانی تێکنۆلۆژی، تێکنۆلۆژی بۆ مەبەستگەلێکی پیلان بۆ داڕێژراو  کاناڵیزە دەکەن.

بابەتی بەردەست، باس لە ئیران وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە دەکات کە لە دەسپێکی حکومەتی مۆدێرن لە ئێران چەوسانەوەی نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە سیاسەتە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ناوەندی ئێران رەنگی داوەتەوە و بەو ئاراستەیەش ئەو سیاسەتە تا ئێستا درێژەی هەبووە، و هەر وەها کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی بۆ بەرەوپێش چوونی سیاسەتی سڕینەوە و ژێر دەست مانەوەی نەتەوەی کورد لە ئێران و لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە باس دەکرێت.

بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی، سەردێری ئەو بابەتەیە کە ئەندرۆ فینبێرگ بۆ لێکۆلینەوەکانی خۆی بە کاری هێناوە. ئەندرۆ لەو بروایەدایە کە ناکرێ تێکنۆلۆژی وەک بابەتێکی شەیتانی سەیر بکرێ و هەر وەها لە و بڕوایە دایە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی بە شێوەی ئێستا کێشە دەخوڵقێنێ. ئەندرۆ لە درێژەی ئەو تێزەدا دەڵێ، تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان لە شاکیلەی خۆیدا  هەڵگری بەها( ئەرزش)ی تایبەت بە خۆیەتی . بەڵام بە هۆی نادیموکرات بوونی  پرۆسەی گەڵاڵە کردن، گەڵاڵەکان زۆربەی زۆریان بە شێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو ، بۆ بەرەوپێش بردنی  بەهاکانی چینی زاڵ – نەتەوەی زاڵ ( ئاماژەی نووسەر ) –  دادەڕێژرێن . لە بابەتی بەر دەستدا بە کەڵک وەرگرتن لە بیردۆزی فینبێرگ سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی ئێران بە پێی ئیدۆلۆگی ئێرانی – شیعی  لە هەمبەر نەتەوەی کورد دەخەینە بەر خوێندنەوە و شیکاری بۆ دەکەین، تاکو بۆمان ڕون بێتەوە لە ناوەندە گەڵاڵە داڕێژەکانی تاران بە کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بۆ ئیستا و داهاتوو دەکرێ.

وشە سەرەکییەکان : سیاسەتی تێکنۆلۆژی ، چەوسانەوە لە ڕێگای تێکلنۆلۆژی ، بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی

سەرەتا

تێکنۆلۆژی وەک بابەتێکی هەڵگری بەها

ئەندرۆ فینبێرگ  لە  بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی باس لەوە دەکات، کە تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان  لە هەیکەلەی خۆیاندا هەڵگری بەهای تایبەت بە خۆیانن، بەڵام بە هۆی نادیموکرات بوونی پرۆسەی گەڵاڵە کردن، گەڵاڵەکان زۆربەی زۆریان بە شێوەیەکی مەبەستدار، بۆ بەرەوپێش بردنی  بەهاکانی چینی زاڵ – نەتەوەی زاڵ ( ئاماژەی نووسەر ) –  دادەرێژرێن .

دیزاینی پێڵەکانی شاری نیۆیۆرکی کۆن، نموونەیەکی باشن بۆ ئەوەی چۆنییەتی تێوەگلانی بەهاکان لە پرۆسەی دیزاین ئاشکرا بێت. لەو گەڵاڵەیەدا پێڵەکان بە بڵیندایی کەم بە مەبەستی پێشگرتن لە هاموشۆی پاسەکانی شار داڕێژرابوون تاکو لە ڕێگای ئەو پێڵانەوە چینی هەژاری کۆمەڵگە کە بۆ هاتوچۆ لەو پاسانە کەڵکی وەردەگرت نەتوانن بۆ ئەو بەری پێڵەکان یان کنارێنەکان بگەن . هەر چەن لەو نموونەیە دا دەستێوەردانی بەهاکان لە هەڵبژاردنی ئەو پلانەدا بە بەراورد لەگەڵ پلانەکانی تردا بە ڕوونی دیارە ، بەڵام لە زۆربەی پلانەکانی هاوشێوەدا لە نیگای یەکەمدا ناتوانرێ شوێن پێی بەهاکان بە روونی وەبەر چاو بکەوێ و لە زۆربەی  پلانەکاندا وا دیار دەکەوێ کە ڕەچاوی بابەتی تیکنیکی کراوە تاکو ڕەچاوی بەهایەکی دیارەکراو. بۆ نموونە ئەوڕۆکە دیزاینی کەرەستەی کار، بە پێی قەد و قەوارەی دەستی کەسە گەورەکان بابەتێکی ئاسایی وەبەر چاو دەکەوێ ، ئەوە لە کاتێک دایە کە ئەم جۆرە دیزاینە تەنیا پشت ئەستوورە بە پێوەرە زاڵەکانی کۆمەڵگا کە سالیانێکە مناڵی لە کاری پێشەیی دور خستۆتەوە. و تەنیا لە ڕێگای لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و دەستداگرتن بە سەر چۆنییەتی ئالوگۆڕی کەرەستەکان دەتوانین ئاسایی نەبوونی پلانگەلێکی لەم شێوەیە  ئاشکرا بکڕێت.

فینبێرگ ، بە کەڵک وەرگرتن لە تێزی Underdetemination  روانگەی خۆی لە هەمبەر بوون و لێكهەڵپێکانی بەهاکان لە پرۆسەی دیزاین باشتر ڕون دەکاتەوە. بە پێی ئەو تێزە لە فەلسەفەی تێکنۆلۆژی کە هاوتای تێزی دەئێم-کواین لە فەلسەفەی زانست ئەژمار دەکرێ، تێبینییەکانی تێکنیکی لە خۆی دا بۆ خوێندنەوەی رواڵەتی دیزاینی تێکنیکی بەس نییە. دەبێ ئەوە لە بەر چاو بگیرێ کە ئەوە بەو مانایە نییە کە لە دیزاین دا مەرجەکانی تێکنیک ڕەچاو ناکرێت. لە پلانی سەرکەوتوودا مەرجەکانی تێکنیک ڕەچاو دەکرێ، و بابەتەکە لە سەر ئەوەیە کە پلانی جیاواز دەتوانێ هەڵگری ئامانجی هاوشێوە بێت، و بێ ئەوەی بەڵگەیەک یان بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە و باوەڕپێکراو بۆ هەڵبژاردنی ئەو پلانە لە چاو  پلانەکانی تردا بوونی هەبێت. و لەو روویەوە هەڵبژاردنەکانی تێکنیکی تەنیا لە چاویلکەی مەرجەکانی تێکنیکەوە شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ ناکرێت. و بەهاگەلێک کە جێگای سرنجی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگان، وەکو کەسانی خاوەن هێزی ئابووری، رێبەرانی سیاسی، کڕیارانی کەرەستە تێکنیکییەکان، تێکنیسییەنەکان، بۆروکراتەکان و هتد دەبنە هۆی هەڵبژاردنی پلانێک لە نیوان کۆمەڵێک پلان. بەو پێیە هەر پلانێکی هەڵبژێردراوی تەکنیکی، لە شاکیلەی خۆی دا هەڵگری بەهاگەلێکە کە جیگای سرنجی کەسانێک یان گرووپگەلێکە کە لە دیزاین دا بەشدارن.

کێشە و گرفتەکانی شێوازی تێکنۆلۆژیکی باڵادەست

هەر وەک ئاماژەمان پێ دا ، بە پێی بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی ، تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان لە شاکەلەی خۆیاندا هەڵگری بەهاگەلێکن. بەڵام بە هۆی نادیموکرات بوونی پرۆسەی دیزاین و گەڵاڵەداڕشتن، پلانەکان  بە شێوەیەکی پیلان دارێژراو و مەبەستدار بۆ بە جێ گەیاندنی بەهاکانی چینی باڵادەست – نەتەوەی باڵا دەست ( نووسەری بابەتەکە ) کاریان لە سەر دەکرێت.

فێنبێرگ لەو بیردۆزییەی دا لە نێوان دوو شێوە لایەنگری جیاوازی دادەنێت ، لایەنگری زاتی)   ( Substantive Biasو لایەنگری رواڵەتی)  Formal Bias  (لایەنگری زاتی بریتییە لە بەشداری هەست و پێش داوەری و تەعەسوب بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پرۆسەی دیزاین، بە جۆرێک کە بەشداری تەسوبەکان لە ڕوانگەی عەقڵانیی دیزاینەوە، جێگای پرسیارە. ئەو شێوە لایەنگرییە کێشەی تەکنیکی دیزاینی لێ دەکەوێتەوە. هەر چەند لایەنگری زاتی لە پرۆسەی دیزایندا دەکرێ ڕوونەدات، بەڵام هاوتا لەگەڵ لایەنگری زاتی لایەنگریتریش بوونی هەیە. تێکنۆلۆژییەکان تەنانەت ئەگەر بە پێی پێوەری تەکنیکی بە شێوەیەکی عەقڵانی و ڕێک و پێک دیزاین کرابێ ، لە شاکلەی خۆیان دا هەڵگری جۆرێکی تر لە لایەنگرین کە فێنبێرگ بە لایەنگری رواڵەتی ناوی بردووە. بۆ نموونە دیزاینی کەرەستەکانی تەکنیکی بە شێوەیەک کە کەسە ڕاست دەستەکان ئاسانتر دەتوانن کەڵکی لێوەر بگرن. بە مانای جۆرێک لە لایەنگری لە دیزاینی رواڵەتی ئەو کەرەستانەیە. هەر ئەو جۆرەی کە باسمان کرد لە دیزاینی کەرەستەی جیاواز، نموونەگەڵێکی جیاواز بوونیان هەیە کە گشتیان پیوەرەکانی تەکنیکی تێیاندا ڕەچاو کراوە بەڵام هەڵبژاردنی نێوان بژاردەی جێگورک بە پێی بەها زاڵەکانی شێوازێک کە دیزاین تێیدا گەڵالەی بۆ دارێژراوە دێتە ئاراوە .

ئەو بەهانە بەو پێیەی کە بەستێنەکانی دیزاین ئەمڕۆکە نادیموکراتیکن، تەنیا ڕەنگدانەوەی خواستی چینی باڵادەستی پیوە دیارە  و بەو هۆیە جۆرێک لایەنگری لە دیزاین دێنێتە ئاراوە. ئەو جۆرە لایەنگرییە لە ڕێگای بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە سەر کەرەستەکان دا دەسەپێت و وەک لایەنی شاراوە خۆی دەردەخات. ئەو جۆرە لایەنگرییە، نایەکسانی و شێوەگەلی جیاوازی چەوسانەوە لە کۆمەڵگا دێنێتە ئاراوە. لە نموونەی دیزاینی پێڵەکانی شاری نیۆیۆرک کە ئاماژەی پێکرا، لایەنگری دیزاین بە شێوەیەکە کە خەڵکی هەژار دەستیان بە هەندێک ناوچەی شار ڕانەگات. لە ڕێگای ئەو جۆرە لایەنگریانەوەیە، بەستێن بۆ بە ئامانج گەیاندنی بەهاکانی چینی باڵادەست یان نەتەوەی باڵادەست بۆ چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤ خۆش دەکات.

ئێران و هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی

هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی ڕێگایەکی شیاوە بۆ بە دەست هێنانی تێکنۆلۆژیی سەردەم. هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی لە سیاسەت و بەرنامەی گشت وڵاتانی گۆی زەوی بوونی هەیە و لەوانەش وڵاتانی جیهانی سێهەم یان وڵاتانی دواکەوتوو لە نەبوونی توانای باش بۆ وەدەست هینان و گەیشتن بە تێکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان، ناچار پەنا بۆ وڵاتانی پیشکەوتوو لە بوارە جیاوازەکان دا دەبەن. و بۆ ئەم مەبەستە پەنا بۆ هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی دەبەن. ئیران بەو پێیەی کە لە بواری پیشکەوتنی تێکنۆلۆژی لە بوارە جیاوازەکاندا لە ڕێژەی وڵاتانی دواکەوتوو دێتە ئەژمار بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەی هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی سەردەم بە تەمای پڕکردنەوەی فەوزای نێوانیەتی لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان. بەڵام بابەتی هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی بەو ساکارییە نییە و لە دونیای ئەمڕۆدا وەک زانستێک سەیری ئەو پرۆسەیە دەکرێت و هەر وەک ئاماژەمان پێدا هەر تێکنۆلۆژییەک لە ناخی خۆیدا هەڵگری بەهاگەلێکە، و هاوردەی ئەو تێکنۆلۆژییە بە مانای هاوردەکردنی ئەو بەهاگەلە دێت، و لێرە دایە بە پێی ئیدۆلۆژیک بوونی حکوومەتی ئێران، ئەو بابەتە بۆ ئێران مەترسیدارە، لێرە مەبەست باس کردن لەو مەترسییانە نییە و بە بابەتەکە مەجالی دستداگرتن لە سەر ئەو گرفت و پرسانەمان ناداتێ. تێکنۆلۆژی هاوردەکراو کە لە فیلتێری ئیدۆلۆژی سیستەمی دەسەڵاتداری تێپەڕ بووە ، دەخرێتە بەر دەست تاکو لە شوێنی خۆی کەڵکی لێوەربگیرێت. لە درێژەی پرۆسەی هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی بۆ فیلتێر و کەناڵیزەکردنی تێکنۆلۆژی لە لایەن حکومەتەوە تیشک دەخرێتە سەر قورسایی و هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژی، کە بە واتایەک بە کار هێنانی تێکنۆلۆژی هەناردەکراو بە شێوەیەک کە بتوانێ بە پێی هەل و مەرج و رەوشی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ناوچەیی و … ، دەرکەوتە و کاریگەری باشی لە سۆنگەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی هەبێت.

چەوسانەوەی نەتەوە ژێردەستەکان ( کورد ) لە ئێران

لەگەڵ یەکێک کە مامۆستاکانی زانکۆی عەلامەی تاران کە لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکوڵینەوەکانی پەرلەمای ئێرانە ، خەریکی باسکردنی هاوردەکردن و هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژی و سیاسەت و پیلاندارێژی حکومەت لەو بوارەوە بووین ، بۆ گرینگی ئەو باسە نموونەی کوردستانی هێناوە ، نمووونەی پیلاندارێژی دەسەڵات بۆ کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی سەردەم لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگای وزەی خۆری هێناوە. شیکاری ڕەچاوکردنی گشت هۆکارگەلی سیاسی – کۆمەڵایەتی – ناوچەیی و … بۆ سەنگ و سووک کردنی تێکنۆلۆژی هاوردەکراوی خستە بەر باس، و بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە گوتی بۆ نموونە کەڵک وەرگرتن لەو تێکنۆلۆژییە لە کوردستانی ئیران بە ڕەچاوکردنی هۆکاری سیاسی – کۆمەڵایەتی زۆر هەستیارە و دەبێتە هۆی سەربەخۆیی لە بواری کارەبا و … ، ئەوەش بە مانای بێ منەتی لە ناوەند یان ناوچەکانی تر دێت کە دەبێتە هۆی ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشبینی نەکراو کە بە زیانی هیز لە ناوەند دەشکێتەوە و بۆیە هەڵسەنگاندن یان سەنگو سووک کردنی تێکنۆلۆژی هاوردەکراو گرینگی هەیە و دەبێ گشت بابەتەکان لە گشت سۆنگەیەکەوە ڕەچاو بکرێت. ئەو نموونەیە کە باسمان لێ کرد ئەزموونی زیندوی نووسەری ئەو دەقەیە لەگەڵ یەکێک لە تێکنۆکراتەکانی دەزگای پیلاندارێژی و سیاسەت دارێژی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە و بوارەدا یەکێک لە شوێندانەرترین کەسانێکە کە لە زانستی سەنگو سووک یان هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژیی  لە ئێران کار دەکات.

بەڕێز بایزید مەردۆخی کە یەکێک لە تاقە کوردەکانی ناوەندی لێکولینەوەکانی حکوومەتی ناوەندییە کە لە بابەتێکی دا بەم شێوەی باس لە ڕەوشی پیشنکەوتنی ناوچەی کوردستان – ئێران دەکات ؛

هۆکارێک کە  لە چوارچێوەی مانای کلاسیکی دەستەواژەی ناوچە بۆتە هۆی گەشەنەکردنی هەندێک ناوچەی ئێران، بریتیە لە چەوسانەوەی نەتەوەیی، مێژویی کە لە لایەن حکومەتەکانی ناوەندییەوە پەیڕەو کراوە. و سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی پێویست بۆ گەشەکردن لەو ناوچانە بوونی هەیە بەڵام بە هۆی دەمارگرژی و رەشبینی ناوەند ئەم ناوچانە گەشەنەسەندو ماونەتەوە. ئەوە لە کاتێک دایە کە ناوچەی کوردستان هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە دەکرێ بۆ گەشەی ئەو ناوچە و تەنانەت بۆ گەشەی ناوچەکانی دەوروپشتی بە قازانج بێت. و لە درێژەی ئەو باسەدا دەکرێ بڵێین ، تێکنۆلۆژی و ڕێکارەکانی بەرهەمهێنان لە هەورامان لە گشت بەشەکاندا ( باخەوانی، ئاژەڵداری، نەساجی دەستی، پیشەسازی پائەفزاری دەستی، پێشەی دار، دەرمانی گیایی و پیزیشکی سونەتی و سەنایەعی خواردن و … ) ، هەر چەند نیشانەی بوونی هەڵکەوتوویی مێژویی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت، و هێشتاش بە شێوەیەکی سونەتی وەک خۆی کەڵکی لێوەر دەگیرێ کە مانەوەی ئەو تێکنۆلۆژیانە ئەرکێکە لە سەر شانی گەڵاڵەدارێژان. بەڵام بۆ بەردەوامی ئابووری ئەو ناوچەیە پێویست بە چێکردن و گەشەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نوێ هەیە کە بۆ ئەم مەبەستەش کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژیگەلێکی نوێ و سەردەم  کە هێشتا لەو ناوچەیە بوونی نییە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە.

سەنگو سووک کردنی تێکنۆلۆژی بە دەستی کاربەدەستانی ئیران بۆ بەرەوپێشچوونی گەڵاڵەکانیان کە بە پێی ئیدۆلۆژی ئیسلامی شیعی هاوکات چەوسانەوەی نەتەوەیی لە ژێر ڕکیفی قەومی باڵادەست لە گشت بوارەکانی کە تێکنۆلۆژی تێیاندا دەستێکی هەیە بەرچاوو ڕوونە. لە نموونەی کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی وزەی خۆر و با بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئامارەکان باس لە هەڵاواردنێکی بەرچاوی ناوچەی کوردستان و بەلووچێستان لە بەراورد لە گەڵ ناوچەکانی تر دا دەکات. و ڕێژەی وەبەرهێنان لە کوردستان و بەلووچێستان لەو بوارەدا بە پێی توانای ناوچەیی و زاتی لە ئاستێکی زۆر کەم دایە و بە شێوەیەک کە تەنانەت  هەندێک کاربەدەستانی ناوەند بە هۆی گوشاری  چالاکوانانی ئەو دەڤەرانە ڕێژەی هەڵاواردنی ناوچەی ئاماژە پیکراویان نەشادرۆتەوە. و ترسی سەربەخۆیی لە بەرهەمهێنانی  وزە بێ گەڕانەوە بە ناوەند یان ناوچانەی کە بیرۆکە و عەقلیەتی ناوەندیان تێدا ئاشکرایە، باشترین نموونەیە بۆ تێزی فێنبێرگە کە لە ڕێگای تێکنۆلۆژییەوە سیاسەتی چەوسانەوەی نەتەوە ژێر دەستەکان لە ئێران درێژەی پێ دەدرێ .

بابەتێکی تریش کە ئەم ساڵانە باسی لە سەر دەکرێ  و بە جۆرێک بۆتە ڕۆژەڤی سەرەکیترین ناوەندەکانی هێز لە ئێران ، بابەتی ئاوە. تێکنۆلۆژی بۆ چێکردنی بەنداو و ڕاگواستنی ئاوی هەندێک ناوچە بۆ ناوچەکانی تر ئەرکی سەرەکی هەیە. حکومەتی ناوەندی یان بە واتایەکی تر چەمکێک پێکهاتوو لە زمان و کولتور و مێژوو و مەزهەبی نەتەوەی باڵادەست  بۆ کەڵک وەرگرتن تەواو لە سەرچاوە سرووشتیەکانی ئێران کە لە خاکی نەتەوە ژیردەستەکان دایە، لە ڕێگای فکری و ئایدییاوە خەریکی قەناعەت پێهێنانە کە ئیران یانی کۆمەڵێک نەتەوەی جیاواز و لە ڕێگای ساختەکاری لە مێژوودا خەریکی سەمپاشی فکرییە ،  و لە رێگای تێکنۆلۆژی هاوردەکراو و کاناڵیزەکردنی، هەنگاو بۆ ڕاگواستنی سەرچاوە سرووشتیەکانی ناوچەی نەتەوە ژێردەستەکان بۆ ناوچەگەلی تر کە لە بواری زمانی، ئیدۆلۆژی و فکرییەوە لە  عەقلییەتی حکومەتی ناوەندی نیزیکایەتیان هەیە دەدات. کە ئەو بابەتە بۆتە هۆی خەسارەتێکی گەورە بە ژینگە و کەم بوونی لە ڕادەبەدەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو ناوچانە و دڕێژەی ئەو سیاسەتە بە کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی سەردەم دەبێتە هۆی مەترسی گەورە لە داهاتووی ژیان لەو دەڤەرەرانە .

جیا لەو نموونانە نموونەی تر بۆ ترسی فێنبێرگ لە تێکنۆلۆژی بۆ نموونەی ئیران لە هەمبەر نەتەوەی کورد زۆرە و لە هەر بوارێک کە تێکنۆلۆژی ئەرکێکی بۆ باشتر بوونی ژیانی مرۆڤ لە سەر شان بێ، دەستی سیاسەتە مەبەستدارەکانی حکومەتی ناوەند بۆ زیاتر چەوسانەوەی نەتەوەی کورد  بەرچاوە و ڕوونە .

کۆبەند

بە پێی تێزی د.هێرش قادری دژایەتی نەتەوەی کورد لە دەستپێکی هاتنی ئاریاییەکان بۆ ناوچەی کوردستان دەستی پیکردووە و پاش ڕووخانی ئێپراتوریەتی مادەکان بە دەستی پارسەکان، بنەمای دەوڵەت لە سەر نکۆڵی کورد و ماڵی ئیران لە سەر نەبوونی کورد دامەزرا. هەر لە درێژەی تێزەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات کە لەوانەیە لە سەردەمانێک دا بە هۆی هێرشی تورک یان مەغۆلەکان و ئیسلام ، ئێران کەوتبێتە لێواری لەناوچوون بەڵام درێژەی دەوڵەتداری لە سەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بووە و لە سەردەمی مۆدێرنیتەشدا ئەو بابەتە لە ڕێگای دەوڵەت نەتەوە کە چەمکێکی مۆدێرن بوو خۆی بازتەولید کردەوە . ئێرانی مۆدێرن هاوشێوەی مێژوو لە سەر نکۆڵی نەتەوەی کورد دارێشتراوە  و ئەو ڕەوتە تا ئیستا درێژەی هەیە و بە گۆرینی حکوومەتەکان ئەو بابەتە هیچ  گۆڕانی بە سەر دا نەهاتووە . حکوومەتی ناوەندی ئێستا یان بە واتایەک حکومەتی پێکهاتوو لە چەمکی پارسی – شیعی بۆ چەوسانەوەی نەتەوەکانی ئێران لە تەواو کەرەستەکانی بەر دەستی کەڵک وەردەگڕێ. و یەکێک لەو کەرەستانەی کە  ئەمڕۆکە  بۆتە هۆی پێشکەوتنی مرۆڤ و کەرەستەیەکە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، کۆماری ئیسلامی بە پێی عەقڵییەتی نکۆڵی کردنی نەتەوە ژێر دەستەکان بە تایبەت نەتەوەی کورد بۆ زیاتر چەوساندنەوەی نەتەوەی ژێردەستەکان کەڵک لە تێکنۆلۆژی وەردەگرێ. ئەندرۆ فینبێرگ  لە  بیردۆزی ڕەخنەگرانەی تێکنۆلۆژی باس لەوە دەکات، تێکنۆلۆژییە جیاوازەکان  لە هەیکەلەی خۆیاندا هەڵگری بەهای تایبەت بە خۆیانن. بەڵام بە هۆی نادیموکرات بوونی پرۆسەی گەڵاڵە کردن، پلانەکان زۆربەی زۆریان بە شێوەیەکی مەبەستدار، بۆ بەرەوپێش بردنی بەهاکانی چینی زاڵ – نەتەوەی زاڵ ( ئاماژەی نووسەر ) –  دادەڕێژرێن. حکومەتی ناوەندی بە پێێ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی تێکنۆلۆژی سەردەمی نییە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی هەیە و بۆ هاوردەکردنی تێکنۆلۆژی و ڕیگری کردن لە گواستنەوەی بەهاگەلێک کە بە پێی وتەی فینبێرگ لە ناخی تێکنۆلۆژی دایە،  پەنا دەباتە بەر سەنگو سووک کردن یا هەڵسەنگاندنی تێکنۆلۆژی ( هەڵبەت ئەو پرۆسەیە لە گشت وڵاتانی دونیا بوونی هەیە بەڵام بە پێی زانست تەنیا بۆ سەرکەوتنی هەرچی زیاتری تێکنۆلۆژی هاوردەکراو کەڵکی لێوەر دەگیرێ )، و لەو ڕێگایەوە بە بەخشینی چەمکی زاڵی حکوومەتی ناوەند بە تێکنۆلۆژی و کەڵک لێوەرگرتنی مەبەستدار لە تێکنۆلۆژی  بۆ چەوسانەوەی هەر چی زیاتری نەتەوە ژێردەستەکان بە تایبەت کورد ، ڕێگا بۆ مانەوەی چەمکی زاڵ خۆش دەکات.

سەرچاوەکان :

  • کتاب “سیاست تکنولوژی: نظریه انتقادی و طراحی تکنولوژی” ، گریم کیرکپاتریک ، ١٣٩٠
  • رهایی از فضای تکنولوژیک حاکم در نظریه ی انتقادی تکنولوژی اندرو فینبرگ ، خشایار برومند ، 1394 ، حکمت و فلسفه ، سال یازدهم
  • الگوی اورامان و توسعه اقصادی – اجتماعی کردستان ، بایزید مردوخی ،

     http://bayezmardukh.com

  • عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کردها ، دکتر ذکریا قادری ، 1395
  • سیستان و بلوچستان گنجینه ی انرژی های نو بی یهره از سرمایه گذاری ، غلامرضا گلزایی ، روزنامه ی صبح ایران – خراسان 1395
  • Feenberg, Andrew1991 Critical Theory of Technology . New York: Oxford University Press

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە