پزیشکە سیاسییەکە بکوژە

0
126

تەنیا کوردی

سیاسەت ئەرکی سیاسەتوانە؛ نەوەک تێکڕای کۆمەڵگە.ژیان ئەگەر بچێتە دەمی سیاسەتوانەوە و لەوێوە ژەمی خواردن دەستکەوێ، ئەمە نەوەک هەر هەڕەشەیە بۆسەر تاک و دواکەوتنی تاک، بەڵکو هەڕەشەیشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی..

نان و ئاسایشی نەتەوەیی دوو شتی لێک جودان، هەروەک چون فکر سەرماییەی جوڵەیە، وەهایش نەتەوە سەرماییەی ژیانە!

ژیان و نەتەوە گرێدراوی یەکترن، ژیان لایەنێکی سیاسەتە و تێکڕای لایەنەکانی دیکەی بوارەکانی دیکەیە! ناکرێ تەنیا لە گۆشەی سیاسەتەوە لە ژیان بڕوانرێ! دەبێ فکر بخرێتە جوڵە بۆ لایەنی ئابووری و پیشەی بوون و مرۆی و گەلێک بواری دیکە..هیچ کۆمەڵگەیەک سەرکەوتوو نابێ ئەگەر یەکترسڕینەوە فڕێ نەداتە دەرەوەی بازنەی پێشکەوتن.

دەبێ ئەم وردە کەلتوورە فڕێ دەین! لەبەر رقی یەکتر نابێ یەکگوتاری و نیشتمان رەتبکەینەوە! دەبێ بواری رەخنەگرتن و سڕینەوەی دەستەکەوتەکان لەیەکدی جوداکەینەوە! جیهان بەگەورەی سەیرمان دەکات نابێ لەنێوخۆماندا خۆمان بە شتی بچوک سەرقاڵ بکەین.ئێمە تا ئێستا لە قۆناغی سڕینەوەی دەستکەوتەکان و بچوککردنەوەی نەتەوە دەژین! دوژمنەکانمان هێندەی ناوخۆیین دەرەکی نین! چونکە دوژمن لەنێو خۆماندا هەناسەدەدات! کۆمەڵگە لە جەستەیەکی نەخۆشدا دەژی! چونکە بۆ هەموو نەخۆشییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و شوناسی خود! پزیشکێکی سیاسی هەیە..دەبێ دەستبخەینە سەر برینی جەستە! ئەمەی کە جەستەی کۆمەڵگەی نەخۆشکردبێ سیاسەتە! بۆیە پزیشکە سیاسییەکە بکوژە! چونکە لەم فەزاییە سیاسییەی ئەمڕۆدا شتێک کە مرۆڤایەتی تێیدا زیانی بەرکەوتبێ، سەرقاڵبوونی گشت تاکەکانە بە رووداوە سیاسییەکان! ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرنجە، کۆمەڵگەی کوردی تێکڕا دەستی لە سیاسەت هەڵکردووە و بووەتە نەریتێک ئەگەر تاکێک ئاگاداری رووداوێک نەبێ، ئەوا لەلایەن کۆمەڵێک تاکەوە پێیدەگوترێ لە ژیان تێنەگەیشتوو! ئەمە جێگۆڕکێیەکی سەختە لە سیاسەتدا و مەترسیدارە بۆ نەوەی نوێ! پێویستە جیلی نوێ بە ئەفکاری نوێ و بە تێگەیشتنی نوێ جۆشبدرێ، نەوەک بە سیاسی بکرێ! جیلی ئێستا لە ئەزمەی فیکر دەژی، باکگراوندێکی سیاسی نەخواستراوی بەبەردا کراوە، ماهییەتی بیرکردنەوەی بۆ بوارەکانی دیکەی ژیان بە سیاسەت گرێدراوە! ئەمە خاڵێکی نەرێنییە بۆ یەکگوتاری و من وای بۆدەچم کە نەیارانی کورد ئەمەیان لە کورد دەوێ، لە بنەڕەتدا دەبێ سیاسەت بۆ سیاسییەکان جێبێڵین و هەریەکەمان بگەڕێینەوە ئەو تایبەتمەندییەی کە تێیدا کاردەکەین! ئەگەر هونەرمەندی شانۆین با لە هونەری شانۆدا کەڵک وەرگرین و ئەگەر سەرتاشێکی چاکیشین با لەم پیشەیەدا بدوێن..هەریەکەمان بۆ کاری خۆمان..

سەرقاڵبوونی کۆمەڵگە بە سیاسەت زەخیرەی بیرکردنەوە بۆ بواری شارستانییەت دەکوژێ، سیاسەت دەردێکی کوشندەیە بەهێواشی پیشەییمان لێ دەسەنێ! پێویستە بگەڕێینەوە تایبەتمەندی..هزر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەشێوەیەکی پرۆفشناڵی غیابە! خەریکە لەوە تێناگەین کە ئێمە لەژێر دەریایەکدا هەناسە دەدەین کە ئۆکسجینی وشکانی بۆ ئێمە قەدەغەیە..چواردەورمان ئاگرە و کەچی ئێمە بەرەو ئاگر دەڕۆین..چونکە وابەستەی رووداوە سیاسییەکان بووینە بەبێ ئەوەی تێبگەین کە دەبێ لەنێوخۆماندا شۆڕشێکی نوێ بۆ پێناسەکردنەوەی ژیان بکەین! پێویستە شتەکان پێناسە بکەینەوە، تێڕوانینی نوێ بۆ کۆمەڵگە و مەودای حزب و کورسی و پۆستەکان دورست بکەین..ئێمە پێویستە ئەقلیەتی هێزی کار بنیاتبێنێین و، ئیڕادەی فێربوونی ژیان و لێکتێگەیشتن دروستبکەینەوە نەوەک لە چینێکدا دەست لە قورگی یەکتر بنێین و یەکتر بخنکێنین..ئێمە لە چینایەتییەکی دواکەوتوو دەژین..زۆر لۆکالین! ئەوەی گورزی گەورەی لە بیرکردنەوەی تاکی کورد دابێ فەوزای راگەیاندنە! لە تیڤی دا هێرش دەکەینە سەر یەکتر و لە نووسیندا لە بازنەی رقدا بیردەکەینەوە..ئەمە بواری تێگەیشتنی بۆ نیشتمان و پیرۆزیەتی خاک لێ زەوتکردووین!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە