یوڤال نوح هەراری: ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا تێڕوانینی ئێمە بۆ مەرگ دەگۆڕێت؟

0
145
وەرگێڕان: هەژیر هاشمی
وەرگێڕان: هەژیر هاشمی

دنیای مۆدێرن لەسەر ئەو باوەڕە پێک هاتووە کە مرۆڤەکان ئەتوانن مەرگ فریوبدەن و بەسەری دا زاڵ بن. ئەم تێڕوانینە شۆڕشێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتی بوو. لە بەشی هەرەزۆری مێژوو دا، مرۆڤەکان بە ملکەچی تەسلیمی مەرگ بوونەتەوە. تا کۆتاییەکانی سەردەمی مۆدێرن، زۆربەی ئایینەکان و ئایدۆلۆژیاکان، مەرگیان نە تەنیا وەکوو چارەنووسی مسۆگەر، بەڵکوو بە سەرچاوەی سەرەکی مانای ژیانیان زانیوە. گرنگترین رووداوەکانی ژیانی مرۆڤ لە دوایین هەناسەکانی ژیان روویان دەدا. تەنیا لەو کاتە بوو کە مرۆڤ لە نهێنییە راستەقینەکانی ژیان تێدەگەیشت. تەنیا لەو کاتە بوو کە مرۆڤ دەستی بە رزگارییەکی هەتاهەتایی دەگەیشت یاخود تووشی رەنج و نەفرینێکی تاقەت پڕووکێنی هەتاهەتایی دەبوو. لە جیهانێک بێبەر لە مردن – کەواتە، بێبەر لە بەهەشت و جەهەندەم و تەناسوخ(دوونادوون)- ئایینەکانی وەکوو مەسیحییەت، ئیسلام، ھیندوویزم بێ واتا دەبون. لە بەشێکی بەرچاوی ئەم مێژووە، باشترین زەینەکانی مرۆڤایەتی سەرقاڵی واتا بەخشین بە مەرگ بوون، نەک هەوڵ دان بۆ زاڵ بوون بەسەری‌دا.

 

“داستانی گلگامێش”، ئوستوورەی ئورفیوس و ئوريديس، کتێبی پیرۆز، قورئان، ڤێداکان و زۆر کتێب و چیرۆکی دیکە، پشوودرێژانە و لەسەرخۆ بۆ مرۆڤی داماو و پەرێشانیان روون دەکردەوە، کە ئێمە دەمرین چونکە خواوەند یان گەردوون و دایکی سروشت چارەنووسیان وەها دیاری‌ کردووە، کەواتە باشترە کە بە خاکەڕایی و دڵاوایی باوەش بۆ ئەم چارەنووسە بکەینەوە. بەشکەم رۆژێک خواوەند بە کردەیەکی مێتافیزیکی گەورە وەکوو گەڕانەوەی مەسیح، مەرگ بەتاڵ بکاتەوە. بەڵام بێ گومان رێکخستنی شۆڕشێکی وەها لە دەسەڵاتی مرۆڤەکان وەدەر بوو.

دواتر شۆڕشی زانستی بەدیهات. بە بۆچوونی بیرمەندەکان، مەرگ فەرمانێکی خودایی نییە بەڵکوو تەنیا کێشەیەکی تەکنیکییە. مرۆڤ بە فەرمانی خودا نامرێت بە پێچەوانەوە بە هۆی کێماسییەکی تەکنیکی گیانی لەدەست دەدات. دڵ لە ھاویشتنی خوێن رادەوەستێت. شێرپەنجە، جگەر لە ناو دەبات. ڤایرۆسەکان لە سییەکان زیاد دەکەن. چی دەبێتە هۆی ئەم هەموو کێشە تەکنیکییە؟  “کێشە تەکنیکییەکانی تر”.  دڵ لە لێدان ئەوەستێت چونکە ئۆکسجینی پێویست بە ماسوولکەکان ناگات. خانە ناتەندروستەکان لە جگەر زیاد دەکەن چونکە بەڕێکەوت جۆرێک بازدانی بۆماوەیی رووی داوە. ڤایرۆسەکان لە سییەکان جێگیردەبن لەبەرئەوەی کەسێک لە ناو پاسی هاتوچۆ پژمیوە. هیچ شتێکی مێتافیزیکی لەمانە دا بوونی نییە.

 بیرمەندەکان باوەڕیان وایە کە هەر کێشەیەکی تەکنیکی رێگە چارەیەکی هەیە. بۆ زاڵ بوون بەسەر مردن پێویست ناکات چاوەڕێی گەڕانەوەی مەسیح بکەین. دوو بیرمەند دەتوانن ئەم کارە لە تاقیگەدا جێبەجێ بکەن. لە کاتێک دا کە بە شێوەی نەریتی، پرسی مردن لە چوارچێوەی پسپۆری قەشە و زاهیدە رەشپۆشەکان بووە، ئێستاکە بیرمەندانێک پێیەوە سەرقاڵن کە یونیفۆرمی سپییان لەبەر کردووە و لە تاقیگە توێژینەوە دەکەن. ئەگەر تووشی دڵەخورپە ببین، دەکرێت بە خورپێنەری دڵ(pacemaker) ببزوێنرێت یان تەنانەت چاندنی دڵ ئەنجام بدرێت. ئەگەر تووشی شێرپەنجە بین، دەکرێت بە تیشک دەرمانی لە ناوی ببەین. ئەگەر ڤایرۆس لە سییەکان زیاد بکات، دەتوانرێت دەرمانە نوێکان بو چارەسەر بەکار بهێنرێت. ئەگەرچی هێشتا ناتوانین کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکەین بەڵام هەوڵی بۆ دەدەین. باشترین زەینەکانی مرۆڤایەتی چی تر کاتیان بۆ واتا بەخشین بە مەرگ تەرخان ناکەن. لە باتی ئەوە، هەوڵ بۆ زیاتر کردنی تەمەنی مرۆڤ دەدەن. ئەوان سەرقاڵی توێژینەوە لە بارەی سیستمە مایکرۆبایۆلۆژیک، فیزیۆلۆژیک، بۆماویی(Genetics)کانن، کە هۆکاری نەخۆشی و پیر بوونن؛ بیرمەندان خەریکی بەرهەم هێنانی دەرمانی نوێ وەرچەرخانی گەورەن.

هەوڵی مرۆڤ بۆ زیاد کردنی ماوەی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە. لە دوو سەدەی رابردوو، ناونجی هیوا بە ژیان لە کەمتر لە 40 ساڵ بە 72ساڵ لە هەموو جیهان، هەروەها بە زیاتر لە 80 ساڵ لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتوو گەیشتووە. رێژەی مردنی منداڵان ئێجگار زۆر دابەزیوە. تا سدەی بیستەم، لای کەم یەک لە سێی منداڵان هەرگیز بە قۆناغی گەورەساڵی نەدەگەیشتن و زیاتر تووشی نەخۆشی وەکوو سکچوونی خوێنی، سورێژە و مێکوتە دەبوون. لە ئینگلتەرای سەدەی حەڤدە، لە هەر 1،000 کۆرپە نزیک ب 150 کەسیان لە هەمان ساڵ دا گیانیان لەدەست دەدا و تەنیا نزیک بە 700 کەس لەوانە بە تەمەنی 15 ساڵان دەگەیشتن. ئێستاکە لە هەر 1،000 کۆرپەی لە دایک بووی ئینگلتەرا تەنیا 5 کەس لە ساڵ یەکمی ژیانیان گیان لەدەست دەدن و 993 کەس لەوانە دەگەنە تەمەنی 15 ساڵان. لە هەموو جیهان ، رێژەی مردنی منداڵان گەیشتووەتە کەمتر لە 5 لە سەد.

هەوڵی مرۆڤەکان بۆ پاراستنی گیان و زیاتر کردنی ماوەی ژیان بە رادەیەک سەرکەوتوو بووە کە جیهان‌بینیی ئێمەی مرۆڤ بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەر هاتووە. لە حاڵێک دا کە ئایینە نەریتییەکان، ژیانی پاش مردنیان بە سەرچاوەی مانا دەزانی و لە سەدەی هەژدەهەم بە دوا، ئایدۆلۆژیای وەک لیبراڵیزم، سۆسیالیزم، فێمینیزم بە هیچ شێوەیەک ئاوڕیان لە ژیانی پاش مردن نەداوە. کاتێ کۆمۆنیستێک دەمرێ، چی بەسەر دێت؟ چی بەسەر کاپیتالیستێک دێت؟ ئەی چی بەسەر فێمینیستێک دێت؟ گەڕان لە نێو کتێبەکانی کارڵ مارکس، ئادام سمیت و سیمۆن دێ‌بۆڤوار بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەم پرسیارانە بێ کەڵک دەبێ.

تەنیا ئایدۆلۆژیای مۆدێرن کە بایەخ و گرنگی دەدات بە مەرگ ، ناسیۆنالیزمە. ناسیۆنالیزم، لە کاتی داماوی و زاڵ بوونی هەستیاری، بەڵێن دەدات کە هەر کەسێک کە لە رێگای وڵات گیانی بەخت بکات تا هەتاهەتایە لە یادەوەری نەتەوەکەی زیندوو دەمێنێت. بەڵام ئەم بەڵێن ئەوەندە تەماوی و ناڕوونە کە تەنانەت زۆربەی ناسینالیستەکانیش بەڕاستی سەری لێ دەرناکەن. چۆن دەتوانی بەڕاستی لە یادی میلەت دا زیندوو بی؟ لە دوای مردن چۆن دەکرێ بزانی کە گەلەکەت لە یادت ئەکەن یان نە؟ جارێک لە “وودی ئاڵێن[1]” پرسیار کرا، کە ئایا هیوای هەیە تا هەتاهەتایە لە یادەوەری هۆگرانی سینەما زیندوو بمێنێت. ئاڵێن وڵامی دایەوە: (پێ باشترە لە شوقەکەم زیندوو بمێنم.)

تەنانەت چەقی سەرنج و وردبوونەوەی زۆرێک لە ئایینەکان گۆڕاوە، ئەم ئایینانە لە جێی ئەوەی کە بانگەشە بۆ بەهەشتی بەڵێن‌دراو بکەن، زۆر زیاتر لە جاران بەڵێنی دنیایی دەدەن.

ئایا ئەم دنیاگیرییە(پاندێمی) تێڕوانینی ئێمە بۆ مەرگ دەگۆڕێت؟ زۆر پێدەچێت نە. بە تەواوی پێچەوانەیە. ئەگەری زۆری هەیە کە کۆڤید-١٩ هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان دووهێندە زیاد بکات. کاردانەوەی کەلتووری باو بەرامبەر بە کۆڤید-١٩ نە ملکەچی و تەسلیم بوون بەڵکوو ئامێتەیەک لە تووڕەیی و هیوایە.

 لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییە گشتگیرەکان لە کۆمەڵگا پێش‌مۆدێرنەکان وەکوو ئەورووپای سەدەکانی ناوین، خەڵک دەترسان کە گیانی خۆیان لە دەست بدەن و لە مردنی ئازیزانیان پەشێو و حەپەساو دەبوون بەڵام کاردانەوەی کەلتووری باو تەنیا تەسلیم و ملکەچی بوو. پێدەچێت ئەمە هەمان هەلومەرج بێت کە دەروونناسەکان بە “داماوی و بەلەنگازی فێرکراو”(Learned helplessness) ناوی دەبەن. خەڵکی بە خۆیان دەگوت کە ئەمە خواستی خودا بووە- یاخود عەزابی پەروەردگار بە هۆی گوناهەکانی مرۆڤ بێت. «خودا باشتر لە هەر کەسێک ئاگادارە. ئێمە مرۆڤە بەدفەڕەکان شیاوی ئەم رەنج و عەزابەین. لە کۆتایی‌دا دەرەکەوێت کە ئەمە حیکمەتێکی پەروەردگاری تێدا بووە و بۆ خەیر و چاکەی مرۆڤ بووە. پەرۆشی و نیگەرانی ناوێ، مرۆڤی خاوەن چاکە لە بەهەشت پاداشتی چاکەی وەردەگرێت. نابێ کاتی خۆت بۆ دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەر بە فیڕۆ بدەی. ئەم نەخۆشییە خودا ناردووێتی تا ئێمە سزا بدات. ئەوانەی کە وا دەزانن مرۆڤ ئەتوانێ بە یارمەتی لێهاتوویی خۆی بەسەر ئەم نەخۆشییە گشتگیرە زاڵ بێت، تەنیا خەریکن گوناهی لووتبەرزی بە رەشایی تاوانباریی خۆیان زیاد دەکەن. مەگەر ئێمە چین کە بمانەوێ پلانەکانی خواوەند هەڵوەشێنینەوە؟»

لە ئەمڕۆ دا تێڕوانینێکی بە تەواوی پێچەوانە زاڵە. هەرکات ژمارەیەکی بەرچاوی مرۆڤەکان بە هۆی روودانی کارەساتی وەک ئاگرکەوتنەوە لە تاوەرێک، رووداوی هاتوچۆی شەمەندەفەڕ یان زریان، گیانیان لەدەست ئەدەن، ئەمە بە رووداوێکی شیاوی پێشگرتن و لێکەوتەی کەمتەرخەمی مرۆڤ دەزانین نەوەکوو سزا و عەزابێک لە لایەن خودا یان کارەساتێکی سروشتی پارێزهەڵنەگر. ئەگەر کۆمپانیای شەمەندەفەڕ لە بودجەی دڵنیایی و تەندروستی دا چنۆکی و کەمتەرخەمی نەدەکرد، ئەگەر شارەوانی رێوشوێنی باشتری بۆ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە دابین دەکرد، ئەگەر حکومەت خێراتر بە هانا و فریاکەوتن دەچوو، گیانی ئەم مرۆڤانە رزگار دەبوو. لە سەدەی بیست و یەک دا، مەرگی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان، ئۆتۆماتیکەن دەبێتە هۆی خستنەرووی سکاڵا و دادخوازی و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە.

تێڕوانینی ئێمە بۆ نەخۆشییە گشتگیرەکانیش هەر ئاوایە. هەرچەن بڕێک لە بانگخوازە ئایینییەکان بە بێ‌ئەملاوئەولا نەخۆشی ئایدز وەکوو سزایەک بۆ هاورەگەزخوازەکان لە لایەن خودا لێکدەدەن، بەڵام ئەم روانینانە تایبەت بە شێت و بێئاوەزە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن بووە و ئێستاکە زۆربەی خەڵک بڵاوبوونەوەی ئایدز، ئیبۆلا، ئەو نەخۆشییە گشتگیرەکانی ئەو دوایییانە، لێکەوتەی کەمتەرخەمی و درێغی رێکخراوەیی دەزانن. ئێمە وادەزانین کە مرۆڤ زانیاری و ئامرازی پێویستی بۆ بەرگرتن لە نەخۆشییە گشتگیرەکان لەبەردەستە، و بەسەر ئەمەشەوە ئەگەر نەخۆشییەکی ئاواهی بڵاو ببێتەوە، ئەمە لە لێنەهاتوویی بەرپرسان سەرچاوە دەگرێت نەوەک لە تووڕەیی و رق‌هەستانی خواوەند. کۆڤید-١٩ش لەم چوارچێو وبنەمایە وەدەر نییە. هێشتا لە جەرگەی قەیرانەکەین، بەڵام هەرکەسەو خەریکە کێماسی و کەمتەرخەمییەکان دەخاتە ئەستۆی کەسێکی دیکە. وڵاتە جیاوازەکان یەکدی تۆمەتباردەکەن.سیاسەتمەدارە رەکابەرەکان، بەرپرسیارێتی وەکوو نارنجۆکی بێ ئەڵقە لە کەسێکەوە بۆ کەسی تر هەڵەدەن.

سەرەڕای تووڕەیی، هیوایەکی زۆر سەرنجڕاکێشیش بوونی هەیە. قارەمانەکانی ئێمە ئەو قەشانە نین کە مردووکان بنێژن و بۆ کارەساتەکان بیانوو بهێننەوە، قارەمانەکانی ئێمە پزیشکان و پەرستاران و ستافی تەندروستین کە گیانی مرۆڤەکان دەپارێزن.  بەرزەقارەمانەکانی[2] ئێمە بیرمەند و زاناکانن کە لە تاقیگەکان خەریکن. هروەک ئەوەی کە هۆگرانی سینەما دەزانن کە سپایدرمەن[3]  و واندرومن[4] لە کۆتایی دا مرۆڤە خراپەکان شکست دەدەن و جیهان رزگار دەکەن، ئێمەش دڵنیاین کە لە ماوەی چەند مانگ یاخود یەک ساڵ، تاقیکارەکان دەرمانی سوودبەخش و تەنانەت ڤاکسینی کۆڤید-١٩ ئەدۆزنەوە. ئەو کاتە پیشانی ئەم ڤایرۆسە چارەڕەشە دەدەین کە کێ گیانەوەری باڵادەستی ئەم هەسارەیە! هەموولایەک، لە کۆشکی سپی بگرە تا واڵ ستریت و باڵکۆنی ماڵەکان لە ئیتالیا، دەپرسن: ڤاکسین کەی ئامادە دەبێت؟ چی کاتێک. نەک ئەوەی کە (ئایا ئامادە دەبێت؟).

کاتێ ئەم ڤاکسینە ئامادە بێت و ئەم نەخۆشییە دنیاگیرە لە ناو بچێت، مرۆڤ چی پەند و وانەیەک فێر دەبێت؟ زۆر پێدەچێت، لەوە تێبگەین کە دەبێت بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان هەوڵ و خەباتێکی زۆر زیاتر لە رابردوو وەگەربخەین. دەبێ نەخۆشخانە، پزیشک، پەرستاری زیاترمان هەبێت. دەبێ ئامێری هەناسەی دەستکرد، بەرگی پارێزەر، کیتی تاقیکاری زیاتر لە جاران پاشەکەوت بکەین. دەبێ پارەیەکی زیاتر بۆ توێژینەوەکانی پەیوەست بە فاکتەرە نەخۆشکەرە نەناسراوەکان و دەرمانە نوێکان تەرخان بکەین. نابێ دیسان خافڵگیر بکرێین.

هەندێ کەس پێدەچێت ببێژن کە ئەم گوتە هەڵەیە و ئەم قەیرانە دەبێ فێری خاکەڕاییمان بکات. بە بۆچوونی ئەوان، ئێمە نابێ ئەوەندە لە توانای خۆمان بۆ هێنانە ژێربار و زاڵ بوون بەسەر هێزی سروشت، دڵنیا بین. زۆرێک لەم نەیارانە زەینییەتی وەکوو سەدەکانی ناوینیان هەیە و هەرچەن ئامۆژگاری خاکەڕایی و لەخۆبووردەیی دەکەن بەڵام سەد لەسەد دڵنیان کە حەقیان بەدەستە. هەندێ لە مرۆڤە دەمارگرژەکان ناتوانن بەربە خۆیان بگرن- قەشەیەک کە حەفتانە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەدەبات، ئەم پاندێمییەی وەکوو سزایەکی ئیلاهی بۆ هاورەگەزخوازەکان پێناسە کردووە. بەڵام ئەمڕۆ  تەنانەت خاوەندار و سەرپەرشتانی دابونەریت، لە جیاتی کتێبی پیرۆز متمانە بە زانست دەکەن.

کڵێسای کاتۆلیک فەرمانی کردووەتە ئیمانداران کە سەردانی کڵێسا نەکەن. ئیسرائیل کەنیسەکانی داخستووە. کۆماری ئیسلامی ئێران خەڵکی لە سەردان نەکردنی شوێنە ئایینییەکان ئاگادار کردووەتەوە. بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ئایینی لە هەموو پەرستگەکان قەدەغەکراوە. هەموو ئەمانە هۆکاری ئەوەیە کە بیرمەندان لێکدانەوە و بەراورد کردن، پێشنیاریان کردووە کە شوێنە ئایینییەکان داخرێن.

هەڵبەت هەموو ئەو کەسانەی کە ئێمە لە لووتبەرزی نابەجێ مرۆڤ ئاگادار دەکەنەوە، کۆنەپەرست نین. تەنانەت بیرمەندەکانیش هاودەنگن کە دەبێ چاوەڕوانییەکانمان بەجێ بن و ناکرێت باوەڕێکی کوێرانەمان بە هێزی پزیشکەکان هەبێت کە لە بەرامبەری هەر کارەساتێکی سروشتی بمانپارێزن. لە کاتێک‌‌دا کە هێزی گشتی مرۆڤ رۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت، تاکەکان دەبێ لاوازی و بەرگەنەگری تاکەکەسیان لەبەرچاو بگرن.

رەنگە تا یەک یان دوو سەدەی تر زانست، تەمەنی مرۆڤ بەشێوەی بێ‌سنوور گەشە پێ‌بدات، بەڵام هێشتا ئەمە بەردەست نییە. بەدەر لە هەندێک لە منداڵانی میلیاردەرەکان، هەموومان رۆژێک دەمرین و ئازیزەکانمان لەدەست دەدەین. ئێمە دەبێ دان بە ناسەقامگیری و ناجێگیری خۆمان بنێین.

بۆ چەندین سەدە مرۆڤەکان، ئایینیان وەکوو مێکانیزمێکی بەرگری کار بەکار هێناوە و باوەڕیان وابووە کە لە دنیای پاش مردن، ژیانی هەتاهەتایییان دەبێت. ئێستا مرۆڤەکان جاربەجار زانست وەکوو مێکانزمێکی بەرگری جێگرەوە بەکار دەهێنن و بڕوایان وایە کە پزیشکان هەردەم رزگاریان دەکەن و تا هەتاهەتایە لە ماڵی خۆیان دەژین. ئێمە تێڕوانینێکی میانەڕەومان پێویستە، دەبێ متمانەمان بە زانست هەبێ کە چارەسەری نەخۆشییە گشتگیرەکان دەکات بەڵام لە هەمان کات‌دا بمری و فانی بوونمان قەبووڵ بکەین.

قەیرانی ئێستاکە، پێدەچێت ئاستی ئاگایی زۆرێک لە خەڵک لە بارەی بێ‌دەوامی  ژیانی مرۆڤ و دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی بەرز بکاتەوە. بە سەر ئەمەشەوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە کۆی گشتی شارستانییەتی مۆدێرنمان، رێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر. هەنووکە کە ئەم ژیارە لە لاوازی و لەرزۆکی خۆی ئاگادار بووە، بەتەمای بەهێز کردنی توانای بەرگریی دەبێت. بە دووری دەزانم کە لە دوای چارەسەر کردنی قەیرانی هەنووکەیی، بودجەی دپارتمێنتەکانی فەلسەفە زیاد بکرێت. بەڵام گرەو دەکەم کە بودجەی کۆلێجە پزیشکییەکان و سیستمی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

رەنگە ئەمە باشترین حاڵەتێکە کە دەکرێت چاوەڕوانی بکەین. حکومەتەکان بەهەر حاڵ لە فەلسەفە شارەزاییان نییە. ئەمە بواری شارەزایی و پسپۆڕی ئەوان نییە. حکومەتەکان بە شێوەی جدی و پێداگرانە بپەرژێنە سەر باشتر کردنی سیستمی تەندروستی و چاودێری پزیشکی. ئەمە ئەرکی تاکەکانە کە فەلسەفە بەرەو ئاستێکی باشتر ببەن. پزیشکان ناتوانن مەتەڵی هەبوونمان بۆ وڵام بدەنەوە. بەڵام دەتوانن کاتێکی زۆرترمان بۆ مسۆگەر بکەن، تا ئێمە لەگەڵ مەتەڵەکە خەریکبین. ئەمە ئیدی پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە کە چۆن کاتەکەمان بەسەر دەبەین.

یۆڤال نوح هەراری مامۆستای مێژووە لە زانكۆی عیبریی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و نووسەری چەندین کتێبی بەناوبانگ و پڕفرۆشە وەکوو «سایپێنس “مرۆڤی ژیر-عەقڵمەند”: کورتەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی[5]»،«ھۆمۆ دیۆس”مرۆڤەخودا”: کورتەیەکی مێژووی بەیانی[6]»،«بیست‌ویەک وانە بۆ سەدەی [7]21»

وەرگێڕان: هەژیر هاشمی

ئەم وتارەی لە  رۆژنامەی “گاردیەن” بەم ناوونیشانی خوارەوە بڵاو کراوە:

Yuval Noah Harari, ‘Will coronavirus change our attitudes to death? Quite the opposite’, The Guardian, 20 April 2020.

[1] Woody Allen

[2] Superhero

[3] Spider-Man

[4] Wonder-Woman

[5] Sapiens: A Brief History of Humankind

[6] Homo Deus: A Brief History of Tomorrow

[7] 21 Lessons for the 21st Century

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.