کۆمەڵێک لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی نەتەوەیی کە بریتین لە بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ، چالاکانی سیاسی، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ ، ژنان، مامۆستایان، هونەرمەند ، شاعیر و نووسەر و … بانگەوازییەکیان بە مەبەستی یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی ڕوو بە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردۆتەوە.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو باوەڕە دایە کە زامنی سەرکەوتن و لە ئەنجامدا بەدەستهێنانی دەستکەوتی نەتەوەیی لە گرەوی یەکێتی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد دایە و بەردەوام هەوڵی لێک نزیک کردنەوە و یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی داوە و لەم پێناوەش دا،پێنج لایەنی سەربەخۆییخواز توانیویانە لە دەوری یەک مێز و یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆببنەوە، هەر بۆیە وێڕای دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم چالاکوانە نەتەوەییانە پێشوازی لەم بانگەوازییە دەکەین و دەنگی خۆمانیان دەخەینە پاڵ و پاڵپشت و پشتیوانیان دەبین.
هەلومەرجی حەساس و هەستیاری ئەمڕۆیی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی و کوردستان و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی و هەروەها سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر هەموومان ئەرکدار دەکا تاکوو بۆ یەکڕیزیی و یەکخستنی ناوماڵی کورد هەنگاوی خێرا و بە کردەیی هەڵبگرین.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە هەموو توانایەوە ڕژاوەتە سەرشەقام و بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە ورە و ئیرادەی پۆڵایین بەرانبەر دڕندەترین و هۆڤانەترین ڕژیم وەستاوەتەوە، ئەوەش هێز و لایەنە سیاسیەکان ئەرکدارتر دەکا تاکوو بە بێ گوێدان بە جیاوازییە فکری و ئیدئۆلۆژییەکان لە پێناو کورد و کوردستاندا لە دەوری یەک کۆببنەوە و پێویستە لەم قۆناغە هەستیارە دا حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەستکردن بە مەسئوولیەت و بەرپرسیاریەتی سیاسەتی حەزف و سانسۆڕ و خۆ بە میحور زانین وەلا بنێن و بە باوەڕمەندبوون بە پلۆرالیزم و فرە چەشنی پەرە بە ڕووحیەتی تێلۆرانس و یەکتر قەبووڵکردن بدەن.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەوڵەکانی ئەم چالاکوانانە بە پۆزێتیڤ و ئەرێنی دەنرخێنێ و وێڕای پشتیوانی لە بانگەوازییەکەیان داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا تاکوو لە پێناوی یەکڕیزی دا پاڵپشتیی بە کردەیی خۆیان لە هەنگاوی ئەم کۆمەڵە چالاکوانە نیشان بدەن.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی
٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی