مێژووی کورد پڕە لە کەند و لەند و هەوراز و نشێو و لە هەمان کاتدا تەژیە لە جوامێری و لێبووردەیی، کورد هیچ کات هێرشی نەکردۆتە سەر ئاخ و خاکی کەس و هەر لە خاکی خۆیدا خەریک و سەرقاڵی ڕاماڵینی داگیرکەر و دادڕینی بەرگی دیلی لە ملی کۆتکراوی خۆی بووە. کورد لەگەڵ ئەوەدا کە هەمیشە مێژووی خوڵقاندووە بەڵام قەت خۆی مێژوونووسی خۆی نەبووە و تۆماری نەکردووە هەر بۆیەش مێژوونووسی سەربە دەسەڵات یان دژەکورد بە حەزی خۆیان گۆڕیویانە، شەمزاندوویانە و دەم و چاویان ڕووشاندووە، جارێک فیردەوسی دەمانکات بە نەوەی دێ‌و و درنج و جارێکیش سمایل ئاغای ڕێبەرمان دەکرێتە یاغی و مرۆڤ‌کوژ. بۆ ئاوڕدانەوە لە مێژووی شەمزاوی کورد و دەرکەوتنی زیاتری ڕاستییەکان لە زمانی ڕاستوێژی خۆماڵی و کوردانە ڕۆژی کورد کۆمەڵێک وتووێژی مێژوویی وەڕێخستوون کە لێرەدا وتووێژ لەگەڵ بەڕێز تاهیر عەلیار، چالاکی سیاسی و لێکۆڵەری مێژوو، لەمەڕ، کەسایەتی و خەباتی سمایل ئاغا سمکۆ ئەنجام داوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.
ڕۆژی کورد: ئەگەر گەرەکتان بێت سمایل ئاغا سمکۆ وەک ڕێبەرێکی کورد پێناسە بکەن، چۆنی دەنرخێنن؟ کاریگەریی سمایل ئاغا لە مێژووی کورددا چۆن دەبینن:
عەلیار: سمایلاغا خه‌باتکارێکی زیره‌ک، ئازا، ولاتپارێز و کوردپه‌روه‌ر بوو. بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی خۆی لەگەڵ ڕێبه‌رانی ئه‌وکاتی جووڵانه‌وه‌ی کورد وه‌کوو شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی و شێخ مه‌حموودی حه‌فید، پێوه‌ندی و ڕاوێژی هه‌بوو. لەگەڵ ئازادیخوازانی ئه‌وسه‌رده‌می ئێران وه‌کوو میرزا کوچک خان، شێخ محه‌مه‌دی خه‌یابانی، ماژوور ئه‌بولقاسم خانی لاهوتی له پێوه‌ندی دابوو. له‌گه‌ل دەوڵەته‌کانی دراوسێ وه‌کوو، ڕووسیه، تورکیه و هه‌روه‌ها ئێران و بریتانیا له قۆناغی جۆراوجۆردا گفتوگۆ و دانیشتنی هه‌بووه ودیپلۆماسیه‌کی چالاکی به کار هێناوه. هاوکات لەگەڵ به کارهێنانی چه‌ک بۆ داکۆکی له مافی گه‌لی کورد، له کاری ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگیش دا داهێنه‌ر بوه. هه‌وه‌ڵێن کۆڕی فه‌رهه‌نگیی کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌نێوی (گەهاندن) و له ڕێگای ئه‌وکۆڕه‌وه هه‌وه‌ڵین قوتابخانەی کوردی له شاری خۆی، هه‌روه‌ها بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌وه‌ڵین مانگنامه‌ی کوردی له ورمێ به نێوی ڕۆژی کورد، هه‌وه‌ڵین هێڵ ته‌له‌فون لەنێوان مهاباد و ورمێ و چاریه، نموونه‌گەلێکن له‌و کارانه‌ی له باری فه‌رهه‌نگیه‌وه له سەردەمی سمایل ئاغادا ئه‌نجام دراون. ڕووناکبیرانی ئه‌و سه‌رده‌می کورد وه‌کوو عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان، سه‌ید ته‌های شه‌مزینی، مه‌لا مه‌حه‌ممه‌دی تورجانیزاده، سه‌یفولقوزات و زۆر که‌سایه‌تی دیکه‌ی کورد له ده‌وری شۆڕشه‌که‌ی کۆ بوونه‌وه و پشتیوانیان لێکردوه‌و پشتیان گرتوه. که‌سایه‌تیه‌کی ئه‌و هه‌موو هه‌نگاوانه‌ی هه‌ڵێنابێته‌وه، سنووره سوننه‌تیه‌کانی ئه‌و کاتی کۆمه‌لگای کوردستانی تێپه‌ڕاندوه و له زۆر باره‌وه ڕچه‌شکێن و داهێنه‌ره. خۆپاراستن له تێکهه‌ڵچوون لەگەڵ هێزه‌کانی ڕووسیه‌ی تزاری و عوسمانی که ئه‌وکات هه‌موو ناوچه‌که و به‌شێکی زۆری خاکی ئێرانیان داگیر کردبوو، هه‌روه‌ها دوای پاشه‌کشه‌ی ئه‌و دەوڵەتانه، ساغکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که له ده‌ستی خۆیدا و پێش‌گرتن له پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی ئاسۆری له سه‌ر خاکی کوردستان که کوژرانی ماڕشیمۆنی لێکه‌وته‌وه، نموونه یه‌ک له پلان‌داڕێژی و دووربینیی ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره گه‌وره‌یه‌یه و جێگا‌و ڕێگایه‌کی تایبه‌تی له ڕه‌وتی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کا.
سمایلاغا له‌و نامانه‌ی له ڕێگای سه‌ید ته‌ها ئه‌فه‌ندی و مسته‌فا پاشا یا موڵکی و بابه‌کراغای پشده‌رییه‌وه بۆ نوێنه‌رایه‌تی بریتانیا له به‌غدای ناردوه به ڕاشکاوی داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد ده‌کات و هیچ ناڕوونیه‌ک له‌و باره‌یه‌وه ناهێڵێته‌وه و ئه‌گه‌ر له نموونەیەکدا وه‌کوو وتووێژ لەگەڵ ده‌وڵه‌تی ئێران هیندێک له‌و پرنسیپه پاشه‌کشه‌ی کردبێ ته‌نیا وه‌کوو تاکتیک بۆ بردنه‌وه‌ی کات و خۆئاماده‌کردن بۆ دەرفەتی گونجاوە. سمکۆ به فورمووڵه‌کردنی داخوازیی گه‌لی کورد له شکڵی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورددا بناغه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی به‌هێز کردووه و به‌شێکی گرینگ له مێژووی کورد و کوردستانی به‌و ویست و داخوازیه ڕازاندۆته‌وه. سمایلاغا به سه‌ربه‌خۆخواز پێناسه ده‌کرێ وله مێژووی کورد دا به‌و ئاڵایه‌وه ده‌ناسرێته‌وه.
ڕۆژی کورد: تا چەند پێتان وایە سمایل ئاغا سمکۆ باوکی ناسیۆنالیزمی هاوچەڕخی کوردە؟
عەلیار: سمایلاغا بێ شک ناسیونالیزمی کوردی له سەردەمێکی مێژوویی‌دا له به‌شێک له کوردستان ڕێبه‌ری کرد و ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی گه‌یانده ئاستێکی به‌رز. ناسیونالیزمی کورد له هه‌موو مێژووی کوردستاندا به شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌بیندرێ بۆ نموونه هه‌ڵۆخانی ئه‌رده‌ڵان دراوی به نێوی خۆی لێداوه وخۆی به سه‌ربه‌خۆ زانیوه. کتێبی ( شهریاران گمنام ) ـی ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وی شایه‌کانی ئازه‌ربایجان که هه‌موویان کوردبوون به سه‌ربه‌خۆ نێو ده‌با. بابی ناسیونالیزمی کورد مێژووی دوورودرێژ و پڕ له کاره‌ساتیه‌تی. شێخ مه‌حموودی حه‌فید هاوزه‌مانی سمکۆیه و ئه‌ویش ده‌وڵه تی کوردی دامه‌زراندوه.
ڕۆژی کورد: بەشێکی زۆر لە ئازەرییەکان زۆرتر لە هەر ڕێبەرێکی کورد و تەنانەت زیاتر لە شێخ عوبەیدووڵا کە لە ورمێ لە شێخ تەپە مەقەری هەبووە، هێرش دەکەنە سەر سمکۆی کورد، چما؟
عەلیار: له به‌ر ئه‌وه‌ی سمکۆ ڕێگای نه‌دا هه‌موو کوردستان داماڵن و هیج به کورده‌وه نه هێڵن. ڕێگای نه‌دا کورد کوشتن و تاڵان کردن بێ وڵام بمێنێته‌وه. ڕێگای نه‌دا حاکمییه‌تی ناحه‌قی ئه‌وان به‌سه‌ر کورددا بسه‌پێندرێ. ئه‌و ڕه‌وته که له چاخی مه‌غوول و ئیلخانان و قه‌راقویونلو و ئاق قویونلو و سه‌فه‌ویه و قاجاریه وه ببوو بە باو، له سەردەمی سمکۆدا له باو که‌وت و ڕق و تووڕه‌یی ده‌مار گرژه نژادپه‌ره‌سته‌کانی هه‌ستاند. ده‌سه‌ڵاتی زاڵیش به پرۆپاگەندای درۆ و به‌لاڕێدا بردنی ڕاستیه‌کان ئه‌و ڕق و کینه‌یه‌ی توندتر ده‌کرد. سمکۆ هێرشی بۆ سه‌ر هیچ شارێکی غه‌یره کورد نه‌کردووه. شه‌ڕه‌کانی له نێو خاکی کوردستاندا بوون و هه‌موویان شه‌ڕی به‌رگرین. له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا حه‌ق به حه‌قدار گه‌یشتن تاوانه وده‌بێ ملهوڕ سواری ملت بێ. نابێ ده‌ستت به مافی خۆت بگا. لەگەڵ کورد ئاوا هه‌ڵس و که‌وت ده‌کرێ. نموونه‌ی به‌رچاوی دیکه‌ی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌یه له گه‌ڵ جووله‌که‌ی ده‌که‌ن. که‌نعانی باستانی ئه‌و وڵاتی ئیسرائیله‌یه که ئیستا هه‌یه. له ته‌ورات و ئینجیل و قورئان و ده‌یان کتێبی مێژووی قه‌دیمدا وه‌کوو پێگەی قه‌ومی یه‌هوود بەبەڵگەوە باس کراوە و حاشا هه‌ڵنه‌گره، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه ده‌سه‌ڵاتی قه‌ومی خۆیان له سه‌ر وڵاتی خۆیان ده‌سته‌به‌ر کردووه به ئاشکراهه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و نابوودیان لێده‌کرێ. ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تیه‌کی وه‌کوو جه‌ماڵ عه‌بدولناسر ده‌یکوت هه‌موویان له دەریا ده‌که‌م. بۆئه‌و نه‌هجولبه‌لاغه‌یه‌ش چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درا. پرسی دوژمنایه‌تی کردن و ناخۆشویستنی سمایلاغاش هه‌ر شتێکی ئاوایه که به کورتی بۆم باس کردی.
ڕۆژی کورد: یەکێک لە ڕەخنە و نووکی هێرشی نەیارانی سمکۆی مەزن، کوشتنی مارشەمعوون ـە، سمکۆ تاوانبار دەکرێ بە پیلانگێڕی و کوشتاری ئەرمەنەکان، دەکرێ لەمبارەوە و لەسەر خودی هۆاکر و شەڕەکە بۆمان بدوێن؟
عەلیار: مارشیمون ئه‌رمه‌نی نیه، ئاسۆریه و سه‌ر به کلیسای نستووریه که لقێکە له کلیسای ئارتۆدۆکسه. سمکۆ قه‌ت کوشتاری ئه‌رمەنیی نه‌کردووه و نێوانی کورد و ئه‌رمه‌نیش ناخۆش نه‌بووه. ئه‌رمه‌نیه‌کان کاتولیکن. کێشه‌که به‌ینی کورد و ئاسۆڕی بووه. ئاسۆڕیه‌کان له قه‌دیمه‌وه له کوردستان ژیاون و له‌گه‌ڵ کورد برایانه پێکه‌وه حاواونه‌وه. به‌شێکیان له کوردستانی ژێرده‌ستی عوسمانی بوون و به‌شێکیان له کوردستانی ژێر ده‌ستی ئێران له ناوچه‌کانی ورمێ و سه‌ڵماس و….. له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه که وڵاتانی ئوروپایی و ڕووسیه لەگەڵ ولاتی عوسمانی کێشه‌یان بوو له کۆتاییدا عوسمانی شکستی خوارد و دابه‌ش بوو. له ڕه‌وتی ئه‌و کێشه‌یه‌دا ڕووسیه و ئورووپا مه‌سیحیه‌کانی وڵاتی عوسمانیان کرده لایه‌نگری خۆیان و چه‌کیان دانێ و له شه‌ڕی ئورووپا و ڕووسیه لەگەڵ عوسمانی‌دا به قازانجی ئورووپا و ڕووسیه هاتنە ناو شەڕەکەوە، عوسمانی شکستی خوارد. ئه‌رمه‌نستانی له ده‌ست دا. له ده‌وری دوایی شه‌ڕه‌که‌دا ڕێککەوتنی ئاگربه‌ستی ڕووس و عوسمانی واژۆ کرا و له‌شکری ڕووسیه ناوچه ئاسوڕینشینه‌کانی به‌جێهێشت و ئاسۆڕییه‌کان که‌وتنه به‌ر په‌لاماری له‌شکری عوسمانیه‌وه و له ناوچه‌ی خۆیان که مه‌نته‌قه‌ی حه‌کاری بوو هه‌ڵکه‌ندران و هاتنه دیوی ئێران و له‌گه‌ڵ ئاسۆریه‌کانی ناوچه‌ی ورمێ تێکه‌ڵ بوونه‌وه و بوونه بە هێزێکی گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه گرت و ته‌شکیلاتی ئاسۆریان ڕێکخست و مه‌ڕامنامه‌یان بڵاوکرده‌وه و ده‌وڵه‌تی خۆیان پێکهێنا. شیکارییتێروتەسەلی ئه‌و دۆخێ ده‌توانن له کتێبی (تاریخ هیجده ساله آذربایجان )ی ئه‌حمه‌د که‌سره‌وی و کتیبی (سمایلاغای شکاک )ـی محه‌مه‌د ڕه‌سوول هاوار، بخوێنیه‌وه. ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئاسوریه له ژێر پشتیوانیی ده‌وڵه‌تی ڕووسیه‌ی تیزاری دابوو که ئه‌وکات هه‌شتا هه‌زار سه‌ربازیان له ناوچه‌ی ورمێ هه‌بوو. کورد ئه‌وکات هیچی بۆ نه‌ده‌کرا، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ئینقلابی ئوکتوبر له ڕووسیه سه‌رکه‌وت و هێزه‌کانی ڕووسیه گه‌ڕانه‌وه و دەوڵەتی ئاسۆڕی له‌سه‌ر خاکی کوردستان بێ پشتیوان ماوه. مارشیمون بۆ ڕاگرتنی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان پێویستی به پشتیوانیی سمایلاغا بوو، بۆیه پێشنیاری دیدار و ڕێککه‌وتنی کرد. له کۆنه‌شار چاویان پێک که‌وت و له دیداره‌که‌دا مارشیمون کوژرا و له شه‌ڕه‌کانی دواییدا هێزی ئاسوری ناچاربوون ناوچه‌که به‌جێ بێڵن و مه‌نته‌قه‌که دووباره که‌وته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورده‌وه. دەوڵەتی ئاسوری نه‌ما و ئه‌و پیلانه به ئیراده‌ی سمایلاغا تێکشکا. جوگرافیای سیاسیی ده‌وڵه‌تی ئاسوری له ماکۆوه بوو هه‌تا ڕه‌واندز. لورد کرزن نوێنه‌ری بریتانیا له کونفرانسی لۆزان ڕێگای نه‌دا نوێنه‌ری کورد که شه‌ریف پاشا بوو به‌شدار بێ به‌ڵام ئاغا پترۆس جێنشینی مارشیمونی برده ئه‌و کونفرانسه و داوای ده‌وڵه‌تی ئاسوڕی بۆ ده‌کردن له سه‌ر خاکی کوردستان له ماکۆوه تا ڕه‌واندز. ڕاست وه‌ک ئێستا که ڕێگا به کوردی سوریه ناده‌ن له کونفرانسی سوریه‌دا به‌شدار بێ به‌ڵام هه‌موو نه‌یارانی کوردیان تێخزاندوه. ئێمه ئیستا بینەر و تەماشاڤانی کونفرانسی لۆزانی دووهه‌مین. تاوانبارکردنی سمکۆ له کێشه‌ی کوژرانی مارشیمون دا پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه چه‌نده قووڵ له ڕووداوه‌که وردبینه‌وه. له وڵاتی به‌ڵاخێزی ئێمه‌دا جاری وایه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان ئاکامی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه.
ڕۆژی کورد: شۆڕشی سمکۆ دابەش بە دوو بەش کراوە، بەشێکی کە وەک ەکسێکی خەڵەکی دەردەکەوێ و تەنانەت دەگوترێ لە هێرش بۆ سەر مهاباد، شەرڤانەکانی دەستی ژنانیشیان بڕیوە و بازنی دەستیان دەرهێناون، قۆناغی دووهەمیش نەتەوەیی بوون و دانانی قوتابخانەی کوردی و ڕۆژنامەی ڕۆژی کورد، دەکرێ لەمبارەوە بۆمان شیبکەنەوە؟ ئایا سمکۆ دوو قۆناغی بوو؟ ئەگەر دوو قۆناغ بووە هۆکاری وەرچەڕخانەکە چیە؟
عەلیار: سمکۆ دوای نه‌مانی جه‌وه‌رئاغا بۆ ماوه‌ی بیست و سێ ساڵ سه‌رۆک هۆزی شکاک و ڕێبه‌ری جووڵانه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌لاتی کوردستان بوو، له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا ئه‌و ئه‌رکه‌ی وه‌ستۆ گرت. له‌و ماوه‌دا سه‌رکه‌وتن و شکستی زۆری به چاوی خۆی بینی. ئه‌گه‌ر دابه‌ش بکرێ ده‌بێ به‌سه‌ر شکست و سه‌رکه‌وتندا دابه‌ش بکرێ نه‌ک قۆناغی جیاواز. هاوکات لەگەڵ کاری داکۆکی له خه‌ڵک و وڵاته‌که‌ی کاری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌لایه‌تیش چۆته پێش، هاوکات نه‌ک له دوو قۆناغی جیاوازدا.
له مهاباد ڕه‌نگه بازنه ئه‌ستێندرابێ، کووتاڵ له دووکانان برابێ، تاڵان بووبێ، به‌ڵام نه‌مبیستوه یا نه‌مدیتوه هیج سه‌رچاوه‌یه‌ک باسی بڕینی ده‌ستی ژنان یان له‌و جۆره کارانه‌ی کردبێ. مهاباد به شه‌ڕ و پێکدادانی قورس گیراوه و قه‌دیم له کاتی سه‌رکه‌وتندا ئه‌و تاڵانانه هه‌بوه و به‌داخه‌وه له مهابادیش ئه‌وه ڕوویداوه که قابیلی بەرگری لێکردن نیه. ئێستاش ڕووده‌دا، له شه‌ڕی بالکاندا دیتت چ ڕوویدا؟ به هه‌رحال کارێکی ناپه‌سند و نەشیاوە.
ڕۆژی کورد: با بچینە سەر باسی شەهید کرانی، پێتان وانیە سمکۆی مەزن لەگەڵ ئەو هەموو وردبینی و زیرەکیەی خۆی کە لە مێژووی خەباتیدا هەیبوو و بۆ نموونە ئەو ڕێنماییانەی کە داونی بە شێخ مەحموود، بەڵآم زۆر بە سانایی و هاوشێوەی ڕێبەرانی تری کورد کەوتە سەر فێڵی دوژمنی کورد و شەهید کرا؟
عەلیار: کتێبێک هه‌یه به نێوی (خاطرات اولین سپهبد ایران)، ئه‌و کتیبه بیرەوەرییەکانی سپابود ئه‌میرئه‌حمه‌دیه، له‌وێدا به وردی باسی کردووه که ڕه‌زاشا، بۆخۆی و سپابود موقه‌ده‌م چۆن بناغه‌ی ئه‌و کاره‌یان داناوه و نه‌خشه‌ی کوشتنی سمایلاغایان کێشاوه. سمایلاغا زیاتر له دووسه‌د سواری هه‌رکی، عه‌بدوویی و بارزانی لەگەڵ بووه که هه‌موویان چه‌کدار بوون و قایمکاری هه‌ر کردوه به‌ڵام له‌و بۆسەیەدا کە بۆی داندرابوو سه‌ره‌ڕای ئازایه‌تیی بێ وێنه‌ی و ده‌ستکردنه‌وه‌ی سه‌ردارانه‌ی، به‌داخه‌وه بۆ ڕزگارکردنی خوسره‌و خانی کوڕی که مندالکار بووه و مه‌ترسی کوژرانی لەسەر بوه، له سه‌نگه‌ره‌که‌ی دێته ده‌رێ و ده‌نگێودرێ.
ڕۆژی کورد: لە کۆتاییدا وێڕای سپاسی فرەمان بۆ بەڕێتان لەوەی کە کاتی خۆتان دا بە ئێمە، تکایە ئەەگر قسەیەکتان هەیە بفەرموون.
عەلیار: زۆرسپاس که ئه‌منیشتان له‌و دیالۆگه‌دا به‌شدار کردووه. داری ئازادی و سه‌ربه‌ستیی گه‌لی کورد که به خوێنی گه‌شی ڕێبه‌ران و سه‌ردارانی وه‌کوو سمایلاغا ئاودراوه خه‌ریکه به‌ر دێنێ و بانگی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کورد له گۆشه‌یه‌کی ئه‌و نیشتمانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ده‌نگه ئاوات و ئاره‌زووی له مێژینه‌ی گه‌لی کورده. تا سه‌ر به‌خۆنه‌بین و نه‌بینه ئه‌ندامی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان وسنووری دیاریکراومان نه‌بێ شامیلی یاسا نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نابین و هه‌روا ڕۆژگارمان ڕه‌ش و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌مان بێبه‌ش ده‌بێ.