نزار زێوەیی: وەک چۆن پێشمەرگە بەرگریی لە خاک و ئازادی و سەروەریی وڵات دەکات، ئێمەش دەبێ بەرگریی لە هونەر و کەلتووری وڵاتەکەمان بکەین

0
1209
هەژار زێوەیی
نزار زێوەیی

نزار زێوەیی لە دایک بووی 4/3/1982 شاری سلێمانی یە. ساڵی 1996 لە وڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی کردووە بە خوێندنی موزیک لەسەر ئامێری (سێ تار). پاشان لە دوای چەند ساڵێک ئامێرەکەی گۆڕیوە بۆ ئامێری (تار). لە لای مامۆستایان ئێرەج کەریمیان، ئیسماعیل مەسقەتی، بێهرۆز ئاهی، هۆشەنگ زەریف و کەیوان ساکت، فێری ئەم ئامێرە بووە و پاشان بۆ ماوەی ٦ ساڵ وانەی موزیکی لە شارەکانی پاوە، کرماشان و سنە وتۆتەوە.

دامەزرێنەی 2 گروپی موزیک بووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی “گروپی موزیکی ئاتەشگە ” و “چریکەی ساوا”.

 بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە زانکۆی زانستە پزشکییەکانی شاری سنە وانەی موزیکی وتوەتەوە لەسەر ئامێری تار و سێتار . لە ساڵی 2004 گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان. بۆ ماوەی 5 ساڵ وانەی موزیکی وتوەتەوە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی بەشی موزیک. بۆ ماوەی 3سالیش لە ڕێکخراوی منداڵ پارێزی کوردستان وانەی موزیکی وتوەتەوە.

ساڵی2008 لە شاری سلێمانیی گروپی موزیکی لوریان لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکە  دامەزراندوە و خاوەنی مۆڵەتی فەرمین لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.  بارەگەی سەرەکییان لە شاری سلێمانییە و خاوەنی ستۆدێوی تایبەت بە خۆیانن .گروپەکەیان لە 12 ئەندام پێک هاتووە لە هەردو ڕەگەز و سەرجەمیان هەلگری بڕوانامەی هونەرین .

چەندین کۆنسێرت و فێستیڤاڵیان سازداوە لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم.  لەوانە: فێستیڤاڵی “باباتاهیر”، “کەریم خانی زەند” و “قەدەم خێر”.

چەند کۆنسێرتێکیان ساز داوە بۆ هونەرمەندان “سوارە محمەد”، “لەنجە عەلی”، “قادر ئەلیاسی”، “میدیا حسێن”، “ماهرو مستۆفی”، “ئارام عەلی پور”، “بێژەن جەزا”، “ئیسماعیل سابووری” و چەندین هونەرمەندی دیکە.

چەند کۆنسێرتێکیشیان لەدەرەوەی وڵات بەرێوە بردووە لە وڵاتانی: (فەرەنسا)(نەمسا) (ئیسپانیا)، (ئەڵمانیا)، (ئەمریکا)، (تورکیا)، (جۆرجیا) و (تورکیا).

گرووپی لوڕ خاوەنی 6 بەرهەمی سیدی تایبەت بە خۆیەتی بە ناوەکانی (دیداری یار)، (نەوای زاگرۆس)، (پەرتەو نامە)، (لەهەر باخێ گوڵێ )، (وڵاتی خۆر) و(خۆش ئاواز) .

خاوەنی 12 بەرهەمی وێنەیین (ڤیدیۆ کلیپ)  …..

ڕۆژی کورد: مامۆستاگیان زۆر سپاست دەکەین لەوەی کە کاتی خۆتان دا بە ئێمە و وەک یەکەم پرسیار دەمانەوە بزانین پێناسەی بەڕێزتان لە سەرموزیک چییە و ئایا کاریی هونەریی بەتایبەتیی موزیک تەنها فەنە یان دەبێ هەست و رۆحیشی لەگەڵدا تێکەڵ بێت؟

نزار زێوەیی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش، بەرای من موزیک کایەیەکی گرنگی ژیانە، هونەرێکە کە دەتوانێت پەیامی خۆی هەبێت و لە هەمو  قۆناغەکانی ژیاندا ئامادەی هەبێت و هەڵوێستی هەبێت. بۆ نمونە موزیک دەتوانی ئاڕاستەی کۆمەڵگە بگۆڕێت لە کۆمەڵگەیەکی توندوتیژەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئارام. زۆر زەحمەتە بتوانرێت ژیان بەبێ موزیک بەڕێ بکرێت. بۆ نمونە ئەگەر ورد بینەوە دەبینین هونەری موزیک بەردەوام ئامادەیی هەیە لەژیاندا. لەکاتی کارکردن ،لەکاتی خوێندنەوە ،لەکاتی شۆفێری،لەکاتی تەماشاکردنی زۆر بەی بابەتە وێنەیەکانو ڤیدێۆیەکان ،لە کایە پزشکیەکاندا بەکار دێت بۆ چارەسەر لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ئامادەیە،لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا دەورێکی کاریگەر دەبینێ و شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە پێ دەڵێن هونەری بەرگری.دەکرێ بڵین ژیان بێ موزیک ئەستەمە ئوەی رحی تێدا بێت موزیکیشی تێدایە.دەتوانم بڵێم ژیان بەبێ موزیک ژیانێکی ڕاوەستاوە

ڕۆژی کورد: کەواتە دەبی موزیک رۆحی لەگەڵ بێت، بینە سەر پرسیارێکی دیکە، موزیک یان باشترە بڵێم سروودە شۆرشگێڕییەکان چەندە کاریگەریی لە بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی شۆرشەکان هەبووە و دەبێت؟

نزار زێوەیی: پێشتر ئاماژەم بەوەکرد کە موزیک بەشدارە لە هەمو کایەکانی ژیان! موزیک خزمەتێکی زۆری بە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان کردوە. ئەگەر بڕوانینە زۆربەی شۆڕشەکان دەبینین لەو کاتەدا هونەرمەندان و موزسیەنەکان چەندین سروودو موزیکیان ئامادە کردوە بۆ ئەوەی بتوانن هەم پەیامی شۆڕش بگەیەنن و هەمیش لەو ڕێگەیەوە ورەو هێزی دەرونیی ببەخشن بە شۆڕشگێڕان و دواکەوتەکانی شۆرش.

ڕۆژی کورد: لە شوڕش و ڕاپەڕنەکانی کوردا هونەرمەندان بەگشتی هاوشانی پێشمەرگە قارەمانەکان خەباتیان کردوەو بە هونەرەکایان بەشدار بونە. ڕۆژی کورد: ئەی لە پاراستنی کەلتوور و زماندا موزیک چەندە کاریگەر بووە؟

نزار زێوەیی: موزیک کۆڵەکەی ڕاگرتنی کەلتورە بەتایبەت لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا.. لەبەر ئەوەی لەم کۆمەڵگەیانەدا موزیک کەمتر بەتەنها دەبیسترێت و هەمیشە گۆرانیی لەگەڵدایە و گۆرانیش بەبێ هۆنراوە نییە. بۆیە ئەگەر زۆر زیرەکانە ئەم کایەیە نەپارێزین مەترسییەکی گەورە لەسەر کەلتوری وڵات درووست دەکات و بە ئاسانی هەژمونی کەلتوری دەوروبەر خۆی دەسەپێنێ.

بەتایبەت ئێمەی نەتەوەی کورد کە هەمیشە دەوروبەرمان کاریان لەسەر لەناوبردنی ئێمە کردوە لە هەمو ڕێگاکانی لە ناوبردن وەک ئەنفال ،کیمیا باران ،لەسێدارەدانی و ….هتد دەستیان نەپاراستووە.بۆیە بەوەوە ناوەستن کەلتوریشمان لەناو دەبەن ئاسان ترین ڕێگەش موزیک و گۆرانییە. چونکە وەک پێکهاتەی مرڤی و جوگرافییا و ژیانی ڕۆژانەمان جیاوازییەکی وایان نییە زۆربەمان لە ڕەنگ و ڕوودا لەیەک دەچین!ئەوە تەنها زمان و موزیک و گۆرانیی، مێژوو ،  جل و بەرگەکەمان و خوێنی شەهیدانە کەدەتوانین شانازی پیوە بکەین وەک نەتەوەیەک شانازیی بە کەلتورەکەمانەوە بکەین، بۆێە بەڵی موزیک کۆڵەکەی کەلتورە.

ڕۆژی کورد: بگەڕێینەوە بۆ لای گرووپەکەتان، لەگەڵ ئەوەی شەڕ ێکی قورس بەسەر باشووری کوردستاندا سەپاوە و  هەرێم کوردستانیش بەرەوڕووی ئەو قەیرانە داراییە بۆتەوە بەڵام گرووپی لوڕ یەکێک لەو گرووپانە بووە کە بەردەوام چالاک بووە و ئەو قەیرانە کاریگەرییەکی ئەوتۆی  لەسەر نەبووە و توانیوویەتی لە چالاکییەکانیدا بەردەوام بێت ، هوکاری ئەمە بۆچی دەگەرێتەوە؟

نزار زێوەیی: گروپی لوڕ دەبێ لە کاتە سەخت و هەستیارەکاندا ئامادە بێت. ئێمە پێشتریش چالاکیی بەردەوامان هەبووە بەڵام لەداوی دەستپێکی ئەوجەنگە سەپێنراوە تیرۆرییەی کە بەرۆکی وڵاتەکەمانی گرتووە، ئێمە بڕێارماندا ڕێژەی چالاکییەکانمان زیاد بکەیەن. وەک چۆن پێشمەرگە بەرگری لە خاک و ئازادی و سەرەوری وڵات دەکات، ئێمەش دەبێ بەرگری لە هونەر و کەلتوری وڵاتمان بکەین و بەردەوامیی بە ژیان ببەخشین و بڵێین لەسایەی ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەکانمادا ژیان لە کوردستان بەردەوامە.

ڕۆژی کورد: مامۆستا نزاری بەڕێز دیسان زۆر سپاس بۆ ئەوەی لە کاتی خوتان بە ئێمە بەخشی. لەکۆتاییدا چ شتێک هەیە کە ئێمە نەمان پرسیوە و بەڕێزتان دەتانەوێ باسی لێوەبکەن بفەرموون.

نزار زێوەیی: هیوا سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت