رۆژی کورد چیرۆکی منداڵێکی ئەفغانی، کە سوپای پاسداران بەشداریی شەڕی سووریای پێکردووە بڵاو دەکاتەوە

0
954

رۆژی کورد: ئەمە چیرۆک و سەربردەی ئاوارەیەکی ئەفغانییە کە ڕووی لە وڵاتی ئێران کردووەو لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە ناوشاری تاران دەستبەسەر کراوەوبەهۆی هەڕەشە و تەماح وەبەرنانەوە، ڕەوانەی کوشتارگاکانی داعش لەلایەک و تیرۆریستانی بەشار ئەسەد و سوپای پاسداران لەلایەکی دیکەوە کراوە.

(س، ئەلف)، ئەو مێر منداڵە ئەفغانیەیە کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لەلایەن سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەو بەرەکانی شەڕی سووریا بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسەد بەڕێکراوەو وەک خۆی بۆ هەواڵنێری “رۆژی کورد”ی  باس دەکات بە سەدان منداڵ و گەنجی ئەفغانی بۆ پشتیوانی لە ڕژیمەکەی ئەسەد ڕەوانەی سووریا کراون کە تەمەنی زۆربەیان لەژێر ١٨ ساڵیدا بووە.

پێشتریش دەیان ڕاپۆرت لەمەڕ بەشداری پێکردنی ئەفغانییەکان لە شەڕی سووریادا و بۆ لێدانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنونی سوری و تیرۆریستانی داعش لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاو بۆتەوە. تەنانەت ئەرتەشی ئازاد گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپێدانانی چەند ئەفغانییەکی دەستبەسەرکراو بڵاو کردەوە، کە بەهۆی تەماح وەبەرنان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە رکێشی شەڕی سو وریا کرابوون. هەروەها ڕۆژی کوردیش پێشتر لەمبارەوە چەند هەواڵ و زانیاری بڵاو کردۆتەوە.

ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژورناڵ، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبۆوە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی کەمکردنەوەی  ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسداران و میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان،  ئەفغانییەکان ڕاپێچی بەرەکانی شەڕی سووریا بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەکات.

ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد، لە ڕێگای وتووێژ کردن لەگەڵ یەکێک لەو سەدان مێرمنداڵە کە لە بەرەکانی شەڕی سووریا شەڕیان کردووە، چۆنیەتیی ڕاکێشران و بەشداری پێکردنی ئەو مێرمنداڵە ئەفغانییە لە شەڕی سووریادا بڵاو دەکاتەوە، کە ئەمە دەقی وتووێژەکەیە.

رۆژی کورد: رۆژی کورد چۆن هاتیتە ئێران و چووی بۆ کوێ؟

  • ناوەڕاستی هاوینی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ڕێگەی خاڵی سنووریی “مشکل” کە دەکەوێتە سەر پارێزگای کرمان هاتمە وڵاتی ئێران و لەوێشەوە ڕووم لە شاری تاران کرد.

رۆژی کورد: لە تاران چیت دەکرد؟

  • ماوەی حەوتوویەک لە تاران مامەوە دواتر کارم دۆزییەوە بە کارکردنەوە سەرقاڵ بووم، ڕۆژێ بۆ کڕینی کەلوپەل چوومە مەیداانی حەوتی تیر، کە لەوێ دوو کەسی لیباس شەخشی دەستبەسەریان کردم و دواتر بۆ گرتنگەی “عەسکەرئابادی وەرامین” و لەوێ شەوێک مامەوەو پرسیاری باری کەسیەتی و مەزهەبیان لێکردم ودواتر کە زانییان کە مەزهەبم شیعەیە، هێزە لیباس شەخسییەکان پێیان وتم کە یان دەبێ ٦ مانگ زیندان بکێشی و دواتر دیپۆرتی ئەفغانستانت دەکەینەوە، یان ئەویکە دەبێ بچی بۆ سووریا بۆ شەڕی داعش.

رۆژی کورد: بۆچی ئەگەر زانییان شیعەی وایان پی گوتی؟

  • ئاخر ئەوان تەنیا ئەفغانییە شیعەکان دەبەن بۆ شەڕی سووریا کە زۆربەیان لە قەومی هەزارەی ئەفغانستانن کە سەرجەمیان شیعەن.

دواتر وتیان، ئەگەر بچێ و شەڕی داعش مانگێ ٣ ملیۆن تمەن پارە و ئیقامەی مانەوەی ئێرانیشت پێ ئەدەین و ئەگەر “شەهید”یش بووی بنەماڵەکەشت دەکەینە ئێرانی و دەیانهێنین بۆ ئێران.

بەیانییەکی ئاخوندێک وێڕای چەند ئەفغانییەک کە دیار بوو هاودەستی خۆی بوون، هاتنە ئەوێ و پێیان گوتم “حەرەمی حەزرەتی زەینەب و ڕوقیا” لە مەترسیدان و ئەگەر داعش دەستی پێیان بگات، تێکی ئەدەن.

رۆژی کورد: ئەی تۆ چیت وت؟

  • منیش ترسام کە ئەگەر بچمە زیندان بەرەوڕووی دەستدرێژیی جنسی ببمەوە و بەڕاستیش لە ئەفغانستان وەڕەز ببووم و هیچ هیوای گەڕانەوەم بۆ ئەوێ نەبوو، بۆیە بەناچاری پێشنیاری ئاخووندەکەم قەبووڵ کرد.

رۆژی کورد:بەردەوام بە و درێژەی بەسەرهاتەکەت بگیڕەوە، دوای ئەو چ رووی دا؟

  • – لەوێوە هەڵسووکەوتیان گۆڕدرا و زۆریان پێ خۆش بوو، ئیتر لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەی ئەفغانی کە ئەوانیش گیرابوون و پێشنیاری شەڕی داعشیان قەبووڵ کردبوو، بردیانین بۆ پادگانی “شەهید پازووکی” لە “جەماڵ ئاباد ” یان جەلیل ئاباد”  (باشم لە بیر نیە)، و لەوێ ئیتر وێنەیان گرتین و ناو و ناوی باوک و ئەوانەیان لێ پرسین و هەموومان بە ناوی برایانی موجاهید (بردران مجاهد) و شەڕڤانانی ئیسلام (رزمندگان اسلام) ناویان دەبردین.

لەو پادگانەش شەوێک ماینەوە ودواتر لە ١٠٠ کەسیک ئەفغانی کە لەوێ بوون، ٣٥ کەسیان جیاکردنینەوە بە ئوتوبووسێک و هاوڕێ لەگەڵ ماشینێکی لیباس شەخسی و چەکدار بردیانین بەرەو شاری ئامول لە باکووری ئێران و نزیک بە ئامول و لە تەنیشت ڕیستورانتێکی سەر جادەکە ڕاوەستاین، هەموو پەردەکانیان کێشابوو کە کەس نەمانبینێ و پاش ١٥ خولەکێک ئوتوبوسێکی دیکە هات و سواری ئەو ئوتووبووسەیان کردین و بەرەو شاری ئامول کەوتینە ڕێ و چووینە ناو پادگانێکی ڕاهێنان و فێرکاری کە ناوی مالیکی ئەشتەر ىوو.

رۆژی کورد: لەوێ چۆنیان هەڵسووکەوت دەکرد و چیتان کرد؟

  • لەوێ ئێمەیان بردە ناو ئاسایشگا (شوێنی حەسانەوە)  و دواتر خواردنی نیوەڕۆیان پێداین، پاشان کەسێک هات و وەکوو بەرپرسی ئەو شوێنە خۆی پێ ناساندین، هەڵسووکەوتیان زۆر خۆش بوو لەگەڵمان. شەوێک ماینەوە و بەرەبەیانیی ڕۆژی دواتر ئاخووندێک هات هەڵیستاندین و نوێژی بەیانیی پێکردن.

رۆژی کورد: نوێژ کردن ئیختیاری و بە دڵخواز بوو بوو یان بە زۆرەملی؟

  • زۆرە ملی بوو، دەبوایە هەموو کەس نوێژی بکردایە و هەموو کاتی نوێژەکان بە جەماعەتیش دەمانکرد.

رۆژی کورد: دەتزانی نوێژ بکەی؟

 – نەک زۆر، ئێستاش لەبیرم چۆتەوە.

دووەمین شەو و دوای نانی ئێوارە، کەسێکی نیزامی کە خۆی بە “حاجی حەبیب”  ناساند، هاتە نێو ئاسایشگا و کۆمەڵێک یاسای بۆ باس کردین و پێی گوتین کەس بۆی نییە لە پادگان بچیتە دەرەوەو  شەوانەش کەس مافی چوونە دەرەوە لە ئاسایشگاکەشی نییە و ئەوەشی زیاد کرد کە لە بەیانیەوە ڕاهێنانەکاندەست پێدەکەن.

رۆژی کورد: چۆناوچۆن کاری راهێنان دەستی پێکرد؟

  • – بۆ بەیانییەکەی کات ژمێر ١٠ و نیو تایەکی هایلۆکس پڕ لە کەلوپولی نیزامی هاتە ئەوێ و هەر کەسەی کلاشنیکۆف و خەشابێکی بەتاڵ  و کڵاوێکی ئاسنی‌یان بەسەردا دابەش کردین.

لەوێ بە چەند جۆر راهێنانیان دەست پێکرد، یەکەم تاکتیکی شەڕی تاکە کەسی، نەخشە خویندنەوە و جەمسەر نما. بە گشتی هەموو ڕۆژێ لە مەیدانی تیرهاوێژی، ڕاهێنانی تیرهاویشتنیان پێدەکردین هەر یەکەی ١٠ هەتا ١٥ گوللـەیان پی ئەداین بۆ تەقاندن.

رۆژی کورد: پەشیمان نەبووی لەوەیکە چووبویتە ئەو شوێنە؟

  • بەڵێ زۆر پەشیمان بووم، چووشم  بۆ لای حاجی حەبیب و پێم گوت من ماندوو بووم و توانایی مانەوەم نەماوە. ئەویش گوتی دەبوایە نەهاتبایەی و ئێستاش کەس ناتوانێ لێرە بچێتە دەرەوە و ئێمەش تەنیا لە ڕاهێنانی ئێوە بەرپرسیارین، ئەگەریش ڕازی بن و ئیزن بدەن بچیتە دەرەوە، دەبێ هەموو تێچووەکان بدەیتەوە هەر لە خواردنەوە بگرە هەتا پارەی فیشەکەکان. ئیتر منیش بەناچاری مامەوەو هیچم نەگوت.

رۆژی کورد: چەند ڕۆژ راهێنانتان پێکرا؟

  • – ٢٥ ڕۆژ لەو پادگانە ماینەوە، هەموو رۆژێک دوای نوێژی بەیانی و خواردنی نانی بەیانی، مەشق دەستی پێدەکرد و هەتا کاتی نان خواردنی ئێوارە مەشقی جۆراوجۆرمان پێکرا و بۆ ڕاهێنانی ئاڕپیجی و تیرباری “پی کا سێ” بردیانین بۆ دەرەوە، هەموومان تەقەمان بە ئارپیجی و پی کا سێ کرد.

رۆژی کورد: دواتر چییان لێکردن یان بردیانن بۆ کوێ؟

  • – ڕۆژی بیست و پێنجەم ئاخوندێک هات و گوتی دیاریی “ئاقا ئیمام خامنەیی”م بۆ هێناون.

رۆژی کورد: دیارییەکە چی بوو؟

 – دوو دەسماڵی بەسیجی، پلاکێک کە ژمارەیەکی تایبەتیی لەسەر بوو، هەروەها کارتێکی عابر بانک تایبەت (کارتی وەرگرتنی پارە لە بانک)،  بۆ بانکی “قەرزولحەسەنە”یان پێداین و گوتیان ئەگەر لە شەڕ گەڕانەوە و بەپێی ئەوەی کە چەند مانگ لەوێ بووین پارەی تێدایە.

ڕۆژی دواتر بەرەبەیان لە خەویان هەستاندین و بە ئوتووبووسێک بەرەو تاران ئیسکۆرتیان کردین و نیزیکەی نیوەڕۆ گەیتشینە تاران و بردیانین بۆ ئاسگایشگایەکی گەورەی نزیک فرۆکەخانەیەک و نیوەڕۆ خواردنێکی خۆشیان پێداین و شەوێکیش لەوێ ماینەوە، لەوێ نزیک ٢٠٠ کەسێکی دیکەی ئەفغانی لێ بوون.

بەیانیی دواتر ئوتوبووس هاتن و سواریان کردین بەرەو فڕکەخانە، کە ١٥ خولەکێک دوور بوو، گەیشتینە فڕۆکەخانە و دیسان بردیانینە ناو ئاسایشگایەک و هەتا شەو ماینەوە و ئێمەیان پشکنی و دیسان سوار ئوتووبووسیان کردینەوەو، کارتێکیان پێداین و سواری فڕۆکەیان کردین و دوو سەعات بە فڕۆکە گەیشتینە دیمەشق و لەوێش سوار ئوتوبووسیان کردین و ماوەی سەعات و نیوێک بەریگەوە بوو گەیشتینە پادگانێکی پڕ لە ئەفغانی و ئێرانی.

رۆژی کورد: کە گەیشتنە ئەوێ، چیان لێکردن؟

  • – ماوەی سێ چوار ڕۆژ لەو پادگانە ماینەوە و یاساکانی هەروەکوو یاسای پادگانی مالیکی ئەشتەری ئێران بوو، ئەو چەند ڕۆژە دەیانبردین بۆ زیارەتی مەرقەدی حەزرەتی زەینەب و ڕوقوییە. دواتر ئوتووبووس هات و گوتیان دەتانێرین بۆ حەڵەب، ئێمە لەژێر ناوی لەشکری فاتمەین‌دا ڕێکخرابووین، کە دواتر ناوەکەی بۆ لەشکری فاتحین گۆردرا.

رۆژی کورد: ئەی مەگەر نەیانگوت ئێوە بۆ پارێزگاری لە مەرقەدی موتەهەرین دەبەن؟

  • – گوتیان ئێستا ئێرە پاکسازی کراوە و هێزمان پێویستە و دەبێ بچن بۆ حەڵەب کە نزیکەی ١٠٠ کەس بە دوو ئوتووبووس بردیانین بۆ حەڵەب. لەوێش بردیانین بۆ پادگانێک بەناوی “ئەلبووئس” ماوەی سێ چوار رۆژ لەوێ ماینەوە و لەوێ هەرکەسەی چەکێکی کڵاشینکۆف و ڕەخت و فیشەکیان پێداین.

رۆژی کورد: دواتر چیان کرد و بردیانن بۆ کوێ؟

گوتیان بەیانی دەتانبەین بۆ خەتی پێشەوەی شەڕی داعش لە ناوچەی حەڵەب، بەیانییەکەی بڕدیانین بۆ حەڵەب لەوێ شەربەتی شەهادەت کە پەرداخێک شیر بوو، خواردمانەوە و یەکی قورئانێکیان پێداین و بەڕێكەوتین و گەیشتینە خەتی پێشەوەی شەڕی داعش.

لەوێ لە سەر تەپۆڵکەیەک هێزەکانی حیزبوڵلای لوبنان بە چەکی دورهاویژی وەکوو تۆپ و خومپارە پشتیوانیان لە ئێمە دەکرد.

رۆژی کورد: کوردی حەڵەبی لێ نەبوو؟

  • – نا تەنیا دوو سەنگەر بەدەست عەرەبەکانەوە بوو، بەڵام ٨ سەنگەر بە دەستی ئێمەوە بوو، شیعەی عێراقیشی لێ بوو، بەڵام لە خوارەوەی ئێمە بوون.

رۆژی کورد: تووشی شەڕ بوون؟

  • – هەموو شەوێ داعش هێرشی دێنا و تەقەمان دەکرد، بەڵام ئێمە پێشڕەویمان نەدەکرد و تەنیا لە سەنگەرەکانی خۆمانەوە تەقەمان دەکرد.

رۆژی کورد: لەوێ چەند ڕۆژ مانەوە؟

  • – من دوو مانگ مامەوە و دواتر بەرەەبەری نەورۆز بوو، گەڕاندیانینەوە بۆ ئێران.

رۆژی کورد: گەیشتنەوە بۆ ئێران چییان پێ گوتن؟

  • – بردیانینە ساڵۆنێکی وەرزشی و لەوێ هەر کەسەی پاکەتێکیان پێداین کە ١٥ هەزار تمەن لەگەڵ بەرگەیەکی یەک مانگەی مەرەخەسی تێدا بوو، کە تەنیا لە شارەکانی تاران و مەشهەد هەقی هاتووچۆمان هەبوو.

رۆژی کورد: ئەی کارتی عابر بانک پارەی تێدا بوو؟

  • – ئەرێ، ٧ ملیۆن و نیوی تێدا بوو. دواتر بەوشێوەی ێیشوو گەڕاندیانینەوە بۆ سووریا، لەوێشەوە بۆ دیمەشق ماوەی یەک حەفتە لە پادگانی قەدیمی بەشار ئەسەد ماینەوە و دیسان گەڕاندیانینەوە بۆ حەڵەب.

لە پادگانی حەڵەب ماوەی ٢٤ ڕۆژ شۆفیریی تانکی t72 و هەروەها تاکتیکی شەڕ کردن بەو جۆرە تانکەیان فێرکردم، لەو ماوەیەدا چەند جارێک قاسم سلێمانی هاتە ئەو شوێنە و قسەی بۆ دەکردین، بە خودا قەسەم قاسم سلێمانی تەنیا میدیاکان گەورەیان کردۆتەوە، دەنا هیچ ڕۆڵێکی لە شەڕەکان و سەرپەرستی کردنی شەڕەکاندا نەبوو.

رۆژی کورد: چۆن دەزانی کە قاسم سلێمانی رۆڵی بەرچاوی نەبوو لەشەڕەکاندا؟

  • – لە حەلەب و زۆربەی شوێنەکانی دیکە ئەفغانییەکان لە شەڕدا بوون، هیچکات قاسم سلێمانی یان فەرماندە ئێرانییەکان سەپەرشتیی ئەو شەڕانەیان نەدەکرد و ئەفغانییەکان تەنیا بۆخۆیان پلانیان دادەڕشت  و لەبەرامبەر هێرشەکانی داعشدا بەرگرییان دەکرد.

رۆژی کورد: کەس لە هاورێکانت کوژران؟

  • – بەڵێ ئەوانەی من دەمناسین لەوێ زیاتر لە ١٠ کەسیان کوژران و بێسەروشوێن بوون، ئێستاش خەبەرم لێیان نییە و پێدەچێ بەدیل گیرابن.

رۆژی کورد: بۆخۆت بەشداریی شەڕەکانت دەکرد؟

  • – من دوای ئەوەی فێری شۆفیریی تانک بووم، بەرەو بەرەکانی شەڕ بەڕێیان کردم، هەموو ڕۆژێک داعش هێرشی دێنا بۆ سەرمان و ئێمەش بەرگریمان دەکرد و هەر لەوێ بوو ئەو کەسانەی دەمناسین کوژران و بێسەروشوێن بوون. بە خوا ئەوەی کە دەڵێن قاسم سلێمانی لەو شەڕانەدا بەشدارە هەمووی درۆیە و قەت لە شەڕەکاندا نەبووە.

رۆژی کورد: دیل تان دەگرت لە شەرەکاندا؟

  • – هیچکات نەمانتوانی کەسێک دەستبەسەر بکەین، بەڵام ئەو کەسانەی لەگەڵ ئێمە بوون لە ترسا زۆر جار تەسلیم دەبوون و یان هەڵدەهاتن بەرەو دواوە.

رۆژی کورد: خۆت دەترسای لە شەڕەکاندا؟

  • – بەڵێ، من و خەدەمەکانی تانکەکە کە دوو کەسی ئەفغانی بوون، لە ترسی ئەوەیکە بە ئارپیجی لە تانکەکە نەدەن و نەکوژرێن، تانکەکەمان بەجێهێشت و هەڵاتین، ئیتر هەر دوا ئەوە بوو زۆر لە باری رٶحییەوە زۆر تێکچووبووم، ئیتر نەمتوانی بمێنمەوە و گەڕامەوە بۆ پادگانی حەڵەب و پاشان گەڕامەوە بەرەو ئێران.

رۆژی کورد: چۆن گەڕایتەوە بەرەو ئێران؟

  • – حەفتەیەک دوای ئەەی لە بەرەی شەڕ گەڕامەوە بۆ پادگانی حەڵەب، بڕدیانین بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق و لەوێشەوە هاتینەوە بۆ ئێران.

لە فڕۆکەخانەی تاران پێیان گوتین هەر کەس لە هەر کاتێکدا پێی خۆش بوو، دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ پاراستنی حەرەمینی موتەهەرین و ئەو کەسانەشی خوازیاری گەڕانەوە بوون بۆ سووریا، ناویان نووسییەوە.

بەڵام دواتر دەرکەوت بۆمان، ئەوانەی ناویان نەنووسیبوو نیوەی پارەکە لە حیسابەکانماندا نەبوو، چووم بۆ پادگانی شەهید پازووکی، بەڵام گوتیان دەبێ سەبر کەن هەتا پارەی تێ دەکرێ. بەڵام درۆیان کرد و دواتر کارتەکانمان سووتا و کاری نەدەکرد.

رۆژی کورد: ڕات چییە لەسەر رژیمی ئیسلامی؟

  • – ڕەنگە بڕوا نەکەی، بەڵام ئەگەر ئێران و پاکستان نەبوایەن، ئێستا ئەفغانستان ئاوا وێران نەدەبوو، ئێران هەموو وڵاتانی تووشی ئاژاوە و شەڕ کردووە، ئەگەر وا نەبوایە من بۆ ئاوارە دەبووم. ڕەنگە بڕوا نەکەی ئێستا کە لە ئەورووپاشم لە سوپای پاسداران دەترسم، ئەوانە زۆر بێڕوحم و نامەردن.

photo_2016-04-01_22-16-39

photo_2016-04-01_22-16-44

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.