بنکەیەکی سیخوڕیی کۆماری ئیسلامی لە نۆروێژ ئاشکرا بوو/ڤیدیۆ

0
673

لەدوای دەست بەسەربوونی بنکەیەکی سیخوڕیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاڵمان بنکەیەکی تری سیخوڕیی ئێران لە نۆروێژ ئاشکرا و دەست بەسەر کران.

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە میدیاکانی وڵاتی نۆروێژ و پاشان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بلاو  بۆتەوە،  پۆلیسی ئەو وڵاتە بنکەیەکی سیخوڕیی کۆماری ئیسلامییان ئاشکرا کردووە و دەست بەسەریان کردوون. ئەوە دووهەمین بنکەی سیخوڕیی کۆماری ئیسلامییە کە لەو ماوەیەدا لە وڵاتانی ئوروپایی ئاشکرا بووە.

یەکێک لە دەست بەسەر کراوەکانی ئەو بنکە سیخوڕییە دەڵێ :”ئێران بەڵێنی پووڵ و پارەی نەغدی، گرتنی پارێزەر بۆ دۆسیەکەمیان پێدام و بەڵێنیان دا ئەگەر هات و لەو وڵاتە پەنابەریم وەرنەگرت، ئەوا بمنێرن بۆ وڵاتێکی تر، هەروەها ئامێرێکی تۆمار کردنی دەنگیان پێدام، کە لێم پرسین ئەگەر هات و بەتاوانی تۆمار کردنی دەنگی خەڵک و گوێ هەڵخستن، دەست بەسەر کرام ئەو کات کێ بەرگریم لێدەکا؟ پێیان گوتم: ئەوە سەفارەتی ئێران لەو وڵاتە هەیە و هاوکاریت دەکا”.

محەممەد ڕەزا حەیدەری، کە پێشتر سەفیری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئۆسلۆ بووە، لەو بارەوە بە تەلەیزۆنی نۆروێژ دەڵێ: ئەو چالاکیانە لە لایەن سەفارەتەکانی ئێران لە دەرەوە ئەنجام دەدرێ و زۆرتر کەسانێکی کە کێشەی ئابوورییان هەیە یان بە هۆی دووری لە ئێران طووشی کێشەی دەروونی بوون یان لە ڕێگای کەسانی سەربە ئێرانەوە، ئەو کەسانە دەست نیشان دەکەن و سیخوڕییان پێدەکەن.

ناوبراو لەمەڕ ئامانجی ئەو کارانەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: “کۆماریئیسلامی لەو رێگایەوە ئاژاوە لە نێوان هیزەکانی دژبەری خۆی دەنێتەوە و ناهێڵێ ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز  بەدژی کۆماری ئیسلامی درووست بێ.”

کاناڵی پانۆڕاما دەڵێ: سەد و بیست هەزار ئێرانی لە ئاڵمان دەژین، ئەوان لە ترسی زۆرداریی ئێران و دەست بەسەر بوونیان و بە هۆی نەبوونی ئازادی لە ئێران، پەڕیوەی ئەو وڵاتانە بوون.

یەکێک لە ئێرانیەکان لەمبارەوە بە پانۆڕامای گوتووە:”ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەتایبەتی لە هامبورگ یەکجار چالاکن، ئەوەش وای کردووە ئێران سیخوڕییان لەسەر بکات و بەو شێوەیە دەیهەوێ ئاژاوەیان لە ناو بنێتەوە.”

شایانی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا وڵاتی نۆروێژ رایگەیاندووە، ئەو ئێرانیانەی کە سەردانی ئیران بکەنەوە، پەنابەرییەکەیان بەتاڵ دەبێت.

شایانی ئاماژەیە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئێرانی و کوردە پەنابەرەکانی هەندەران و بنەماڵەکانیان، سەردانی ئێران دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش دەبی سەردانی سەفارەتی ئێران لە وڵاتی خۆیان بکەن.

هەندێک سەرچاوەو بەڵگە لەبەر دەستی ڕۆژی کورددا هەیە کە سەلمێنەری پەیوەندیکردنی سەفارەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژبەرانیی  و بەتایبەت کوردەکانی دژبەریەتی لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکایی و کانادا، پەیوەندیکەرەکان باس لە بەڵێنی چونەوەی بێ کێشە بۆ ئێران و ناو بنەماڵەکانیان دەکەن و بە باس کردن لە سەردانی بنەماڵە و بەڵێنیی پارە و سامان، هەوڵ دەدەن  بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.

هەروەها هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێ چالاکی گوماناوی دەکەن، ئەو کەسانە پێشتر سەر بە حیزبێک بوون و چالاکی سیاسی و چەکداری بوون بەڵام بە هۆی مانەوەی درێژخایەنیان لە ئوروپا، تاسەی دووری بنەماڵەیان وا دەکات مل بە داخوازییەکانی ڕژیم بدەن.

عەلی ڕەزا شێخ عەتا، سەفیری ڕژیم ئەوە ناشارێتەوە و لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێ: “وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێمە ئەوەندە پێشکەوتوو هەیە کە بزانی لە کوێ چ دەگوزەرێ و لە دونیا چ باسە”، بەڵام ناوبراو رەتی دەکاتەوە کە ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ناچار بن کەڵک لە دژبەرانی پێشوویان وەرگرن.

لە هەمان کاتدا دەگوترێ لەگەڵ شەپۆلی ئەم دواییانەی هاتنی پەنابەر بۆ ئوروپا، کۆماری ئیسلامیش بە قوازتنەوەی دەرفەت، بەشێکی بەرچاو لە کەسانی سەر بە خۆی ناردووە بۆ ئوروپا تا بۆ کاتی خۆی ئامادەیان بکات و بەکاریان بهێنێت”.

چالاکێکی سیاسی کە نایهەوێ ناوی بزڕێ لەمبارەوە دەڵێ: “پێویستە حیزبەکان چاوپێداخشاندنەوەیەک بەو ئەندامانەیاندا بکەن کە سەردانی ئێران دەکەن یان لە پێناو چوونەوەی بنەماڵە و خێزانەکانیان بۆ ئیران سەردانی سەفارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەندەران دەکەن، ئەو کەسانە بە بەردەوامی مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بکەونە داوی تەماحی ئێران و دەست و پیوەندەکانی و لە ڕێگای جۆراوجۆر ئاژاوە لە ناو حیزبەکان بنێنەوە یان مەترسی بخەنە سەر گیانی چالاکانیان لەو وڵاتانە، هەروەها پیویستە چاوەدیری چالاکیی هەندێ کەس لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بخرێتە بەر چاوەدیری کە نووکی ڕەخنەیان حیزبەکان و چالاکوانەکانیانن و بە دەگمەنیش بێ لە سەر کۆماری ئیسلامی لێدوان و ڕەخنە و تێبینیان نییە”.

ئەو چالاکە سیاسییە هەروەها دەڵێ: “بە دەست پیکردنەوەی خەباتی چەکداری، مەترسی ئەوە هەیە کە کۆماریئیسلامی دەست بکاتەوە بە تیرۆری هاوشێوەی ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠ و لێرەدا ئەو کەسانە کە لە باری ئابوورییەوە لە گوشار دان یان لە باری ڕوحییەوە هەست بە لاوازی دەکەن و تاسەی دیداری خزم و کەس هەڵیگرتوون، باشترین ئامراز و هاوکاری کۆماری تیرۆریستی ئیسلامیی ئێرانن”.

بۆ بینینی ڕاپۆرتی تەلەفیزیۆنی نۆروێژ لەمبارەوە لێرە کرتە بکە

ڕاپۆرتێکیتر لەمەڕ سیخوڕیی ئێران لە ئوروپا بە زمانی ئاڵمانی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.