شۆڕش و تێكۆشان بۆ كۆمەڵگای خەسیو/ڕەسووڵ سوڵتانی

0
1084
ڕەسووڵ سوڵتانی
ڕەسووڵ سوڵتانی

نووسەر: ڕەسووڵ سوڵتانی

شۆڕش و تێكۆشان لە پێناوی ئازادیدا، ئەركی سەرشانی رۆڵە رووناكبیر و ئازا و مەرگبەزێنەكانی كۆمەڵگایە. ئەو رۆڵانەی ئاگایانە لە هەمبەر زوڵم و داگیركەریدا رادەپەڕن و نایانەوێ نانی سەرشۆڕی بخۆن، بەڵكو دەیانەوێ سەربەرزانە بژین و لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی سەربەرزانەدا بۆ نەتەوەكەیان، سەربەرزانەش گیان بسپێرن. ئەگەرچی زۆربەی هەرە جاران ئەو كەسانەی مل بۆ زوڵم و زۆری داگیركەران دانانوێنن و نایانەوێ نانی سەرشۆڕانە بخۆن و بە ملشۆڕی بژین، كەمینەیەكن، بەڵام هەر نەبێ ئەوانە چاوەڕوانییان لە زۆرینەی كۆمەڵگاكەیان هەیە پشتیوانیان بن و لە كات و ساتە هەستیارەكاندا بە هانایانەوە بچن.
كۆمەڵگەی كوردستان لە ناخی خۆیدا لە داگیركەر بێزارە و ستایشی شۆڕش و شۆڕشگێڕەكانی دەكا، بەڵام لە كردەوەدا بە داخەوە سڕ و مت، كڕ و كپ دادەنیشێ و فرمێسكی بێدەسەڵاتی دەبارێنێ.
لێرەدا كۆمەڵێك پرسیار قوت دەبنەوە و روو لە كۆمەڵگا دەكەن. ئەو كۆمەڵگایەی كە تێكۆشەرەكان هەوڵی رزگاركردنی دەدەن، بۆ ئەوەی ژیانێكی سەربەرزانەیان بۆ دابین بكەن و رۆڵەكانی ئەم كۆمەڵگەیە ئیتر ناچار نەبن بە هەر بیانوویەك سەرشۆڕی پارووە نانێكی داگیركەران بن.
شانبەشانی خەباتی تێكۆشەران، دوژمنانیش بەرنامەكانی خۆیان بۆ دەستەمۆكردنی زۆرینەی كۆمەڵگا دادەڕێژن و هەوڵ دەدەن وایان رابێنن، ئیتر خۆیان بچنە راوی رزگاریدەرەكانیان و خۆیان تەڵە و داو بۆ تێكۆشەر و رزگاریدەرەكانیان دابنێنەوە و بیانخەنە كەمین و بۆسەی داگیركەرەكانیانەوە.
تۆ بڵێی، ئەم حاڵەتە ئێستا لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەرهەمی بەرنامەی ورد و درێژخایەنی دوژمنان بێ؟ تۆ بڵێی پاسیڤبوون و خەسیوبوونی كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەمبەر كارەساتەكاندا بەتایبەتی لە دەموساتی شەهیدبوونی بەوەجترین رۆڵەكانی خۆیدا بەرهەمی سیاسەتێكی داڕێژراوی رژیم بێ، یان بەشێكە لە خەسڵەت و جەوهەری ئەوكۆمەڵگەیە؟
باشە لەو دەموساتانەدا ئەركی كۆمەڵگا چییە؟ ئاخۆ ئەركی ئەوان هەر ئەوەیە خۆیان لە ئەسڵی مەسەلەكە بدزنەوە؟ دیارە كۆمەڵێك لە قەڵەمبەدەست و خوێندەوارەكان لە بری ئەوەی پەنجە لە چاوی داگیركەر رۆبكەن و لە هۆكارە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكان بكۆڵنەوە و بچنە بنج و بناوانی هۆكارەكانی دواكەوتوویی كوردستان لە رووی ئابووری و كولتوورییەوە، دێن تێكۆشەران و ئازادیخوازان تۆمەتبار دەكەن و ئەوان بە هۆكاری نائەمنبوونی كوردستان دەزانن. وەك بڵێی ئەگەر كورد لەسەر مافی خۆی وەجواب نەهاتبایە ئەوا رژیمە دڵخوازەكەی ئەوان كوردستانی كردبایەتە بەهەشت.
وەك بڵێی خەتای پێشمەرگە بێ هیچ كام لە پڕۆژە بەرهەمهێنەرەكان و كارخانەكان نەهێنراونەتە كوردستان و ئەگەر یەك دوو كارگەی بچووكیش لە هەندێ شاری كوردستانیشدا هەبن، ئەوا سەداهەشتای كارمەند و تەنانەت كرێكارەكانیشیان خەڵكی غەیرەكوردن.
بە گشتی: ئەوەی تێكۆشەران دەیانەوێ ئەوەیە ژیانی خەڵكی كوردستان ژیانێك بێ شیاوی مرۆڤ و، هەموو تاكێكی نیشتمان و نەتەوەكەیان ژیانێكی سەربەرزانەیان هەبێ و هیچ مافێكیان پێشێل نەكرێ. لێرەدایە ئەو چاوەڕوانی و پرسیارانە دێنەوە گۆڕێ، باشە وەختێك پێشمەرگە ئەوەندە لە هەمبەر گەل و نیشتمانەكەیدا هەست بە بەرپرسیارەتی دەكا، ئەی بۆچی لە كارەسات و لێقەومان و تەنگانەدا میللەتەكەی ئەوەندە كەمتەرخەم و كپ و بێدەنگ دادەنیشن؟
ئەرێ خەباتەكە ناڕەوایە؟
یان خەڵكەكە خەسیون؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوو٣ کوردی یارسان بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی، لێوی خۆیان دەدروون
بابەتی دواترتاسەی وەتەن