ئێران و هەوڵەکانی دژ بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی

0
1120

شەماڵ بۆکانی

کوشتنی شێخ النمر و ئاژاوەگێڕیەکانی تازەی ئێران بەهانەیەک بۆ لەبار بردنی بەدەوڵەت بونی کوردستان توخمی ئاژاوەگێڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەرێتەوە سەرژێرخانی فیکری خومەینی  لەساڵی 1966 کە بە فەرمانی شای ئێران لە تورکیاوە بەڕاگویزانی زۆرە ملێ ڕەوانەی شاری نەجەفی عێراق کرا ، هەرلەوێشەوە بە دەرس کوتنەوەی زانستە ئایینیەکانی فیقهی شیعی جەعفەری ،بە پەروەردەکردنی تەلەبەکانی ئێرانی و پاکستانی و عێراقی وهیندی و ولاتانی کەنداو ژێرخانی بیرۆکەی توندڕەوی هیلالی شیعی چێ بوو .

هەربۆیەش لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سیاسەتێکی شاراوە  ،  بۆ شکستهێنانی باوەڕی چەپی مارکسی کە باڵی بەسەرڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وبە تایبەت ئێراندا کێشابوو ” خومەینی ” لە 12ی ڕێبەندانی 1977 بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەورەکرایەوەو چڵەوی شۆڕشی گەڵانی ئێرانی گرتە دەستو ، پەیامی وڵاتی ئیسلامی ئێرانی لە دووای هەڵبژاردنێکی ڕوواڵەتی ڕاگەیاند ، بەدروست بوونی سپای پاسدارانیش سیاسەتی هەناردەکردنی باوەڕی شۆڕشی شیعی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاشکرا دەستی پێکرد ، وەک ئاماژەشم  پێدا ئامانجی سەرەکی نەجەف و کەربەلاو شارەکانی تری شیعی عێراق بوو کە ساڵی 1966 کاری بۆ کرابوو . هەربۆیەش سەدام حسێن کە هەستی بەم مەترسیە کردبو پێش ئاشکرا بونی سپایەک بەناوی سپای پاسداران هێرشی بۆ سەر شارەعەرەب نشینەکانی خواروی ئێران دەست پێکرد بۆ دژکردەوەی فەرمانی هەناردەکردنی ئایدیای شیعی ، کەهەر ئەوکات سەدام هەستی بەومەترسیەکردبو کەئەمرۆ بەرۆکی عێراقی گرتووەوبوکەڵەشوشەکانی بەغدا بەدەست ئێرانەوە هەڵپەڕکێیانە .

بەوەبیرهێنانەوەی ئەم کورتە مێژووە کە درێژەی کێشاو پارەی نەوت وسامانە سروشتیەکانی ئێران بۆ فەلەستین و لوبنان خەرج کراو خەڵکی سڤیلی ئێران قوڕی بەسەر داکرا  ، دێمە سەر ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و سێساڵ لەمەوبەری سوریا کە تاکە ئاواتی ئێران بوو بۆ دژایەتیکرنی وڵاتی ئیسرائیل و سڕینەوەی لە سەر ڕوبەری زەویدا .

حاشا هەڵنەگرە کۆماری سێدارە بەوپارەی لە بەردەستیەتی هونەری سیاسەت دەخاتەگەڕو بە خوێندنەوەی پێشتر لە سەر ئاڵوگۆرەکان هەنگاو دەهاوێت ، هەربۆیە ئەم چەند ساڵە کە نزیک دەبۆوە لە تەواو بوونی سیاسەتی ” سایکس پیکۆ ” پەرەی بە ئاژاوەگێڕیەکانی داو ڕاستەوخۆ پشتیوانی هەمەجۆرەی بۆ سوریا ڕاگەیاند ، بۆ ئەوەی بە چەق بەستویی سیاسی لەم هەرێمە جوغرافیاییەدا پێش لە ئامانجی سەرەکی و پڕیشکی دابەشبوونی عێراق و ناوچەکە بگرێت کە گرینگترینیان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە .

با درێژدادڕی نەکەمو بە خێرایی بێمەسەر ئەوکاتەی ئێران هەستی بەو شکستە کرد کە پیلانەکانی لە سوریا سەرناگرێت وپێویستە  بازنەی ئاژاوەکان فراوانتر بکات هەر بۆیە لە سنورە دەستکردەکانی باشورەوە ” پەکەکە ” ی کردە ئامرازی ئاژاوەی ستراتیژیکی ناوچەی شنگال و رۆژئاوای کوردستان وهەروەها لە ژێر هەژمونی ئەم سیاسەتە ” پەکەکە ” ئایدیای گۆڕی و باوەڕی کوردستانی گەورەی کردە پاشکۆی خۆسەری دیموکراتیک وکاری بۆ ئەوبۆچونە چەپیەکرد کە دەوڵەت لە هەر شێوەیەکی دەسەڵاتیدا جیا لە “پرۆنسیالیسم” واتە باوەڕنەبوون  بە لامەرکەزی دەبێتە هۆکاری چەوسانەوەی دانیشتوانەکەی ، کە دیارە میژوی سەرەکیشی بۆ پیلانی رۆژهەڵات دامەزراندنی ” کۆدار” بوو ، واتە لە هەرسێک پارچەی داگیرکراودا کار بۆ سستبونی ئیرادەی سەربەخویی دەکرێت وباشوور بە تەنیا دەمێنێتەوە ، لەناو خۆی باشوری کوردستانیشدا بۆ لاوازبوونی سیاسەتی دیپلۆماسی دەرەوەیی دەسەلاتی هەرێم لە ڕێگەی گۆرانخوازانەوەو باڵێکی تری سەر بە ئێران باوەڕی  ” پارۆشیالیسم ” واتە سنوردارکرنی فیکری و دڵبەستن بە کارەکۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆیی هەنگاوی نا.

لەولایەی تریشەوە بەیارمەتی بووکەشوشەکانی بەغدا ، چەند جۆر موشەک وسیلاحی بۆ ” حوسیەکانی ” یەمەن هەناردەکردو بازنەی شەڕی گەیاندە عەرەبستانی سعودی بۆ ئەوەی خاڵی تەرکیز تەنیا لە سەر سوریا نەمێنێت . هاوکاتیش شەڕی ڕەوانی لە گەڵ سعودیا دەست پێکرد ، ئەویش دەگەرێتەوە بۆ چەندمانگێک پێش ڕوداوەکانی فەریزەی حەج لە ” مینا ” کە ڕایانگەیاند لە ناو خاکی عەرەبستان و بە پیلانی بنەماڵەی ئالی سعود دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر چەند گەنجێکی ئێرانی ، کە هەرزو دەسەلاتی سعودیا تاوانبارانی سزا داو ئاوی بە ئاورداکرد چونکە لەی حاڵی بو ئامانجی ئەم کارە چییە ، وای لێهات ڕوداوەکانی “مینا ” کە دەستی ئێرانی تێدابوو سەریان هەڵداو بەوەرچەرخانی دژە رێڕەو پێشێلکردنی زیارەتکاران هاتەئاراوەو دوواتریش ئیران ڕایگەیاند کە سعودیا چەند بەرپرسێکی سپای پاسدارانی ئەوولاتەی رفاندووە کە لە فەریزەی حەجی 2015 دا بوون ، ئیتر کار گەیشتە ئەوجێگەیەی بۆ چاوترساندنی ئێران لە دووای پێکهێنانی هاوپەیمانی عەرەبی  ناوی 47 کەس لە تاوانباران و یەک لەوان” شێخ النمر “ی شیعی ڕاگەیەندرا بۆ لە سێدارەدان ، کە بەبروای من کۆماری ئیسلامی بەم راگەیاندنە شاگەشکە ببوو ، چونکە لە ئامانجی ئاژاوەگێڕیەکانی زیاتر نزیک دەبۆوەو لە ڕێگەی کەناڵی ” العالەم” وە تەشەنەی دەدایە باسەکە .

ئەوەی کە نابێ لە بیرمان بچێت ئەوەیە ، کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی دەسەلاتی هیچکات ناوخۆشی لە بیر نەکردووەو ئەگەر لە دەرەوە هەنگاوی نابێ ئاژاوەی لە ناوخۆشدا ناوەتەوەو دانیشتوانی توشی سەرلێشیواوی کردووەو لە ئامانجی سەرەکی دووری خستونەوە ، هەربۆیە لەو چەند مانگەدا ڕووداوی تێزاب پڕژاندنی لە لایەن بەسیجەکانەوە پەرەپێداو دڵەراوکێی بۆ ئێران وڕۆژهەلاتی کوردستان هێنایە ئاراوەو هەر لە شاری بۆکان بنەماڵەسیاسیەکانی توشی ئازاری تێزاب پڕژاندن کرد  ولە لایەکی تریشەوە لە کەناڵەناوخۆییەکانەوە بێڕیزی بە ئازەری زمانەکان کردو شەقامی ئێرانی سەرقاڵی ناوخۆکرد . بەلام لە کاتی سەردانی  بارزانی بۆ وڵاتی سعودیا شیرازەی سیاسەتی لێ شێوا، بەو پێشوازییە بێوێنەو چاوەڕواننەکراوەی عەرەبستان لە سەرۆک بارزانی کە دیاردەی دیپلۆماسیەتی سەرکەوتووانەی کوردی پێوەبوو ، ئێرانی توشی شڵەژان کرد ، کە بەشێکیشی دەگەراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگاڵ و بێ ئاکامی سیاسەتەکانی لە ڕێگەی ” پەکەکە “وە .

وای لێهات بە سوکایەتیەوە لە هەواڵنێریەکاندا بارزانی بە ” پیاوی شەڵوار کوردی لە پێ ” پێناسەکرد  ( مرد شلوار کوردی پوش ) ، ئەمە سەرەتایەکی چاوەڕوان نەکراوبوو کە گەلی کورد سەرەرای هەندێک ناکۆکی ناوخۆیی لە هەر چووار پارچە هەڵوێستی جوامێرانەی گرت وئەم کارەی شەرمەزار کرد ، بەڵام دیسانیش و لە پارچەیەکی تری کوردستان لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزدا  لە لایەن خۆشباوەران ومافیاکانی حیزبیەوە بێڕێزی بە ئالا کراو رێگا لە بەرزکردنەوەی گیرا ، هەربۆیە هەموی ئەم کردارانە تەنیا ڕێگرتنە لە بە ڕێفراندۆمی کردنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان کە دەتواندرێ بەڵگەیەک بێ بۆ داننانی ولاتانی زلهێز وناوچە بۆ بە دەوڵەت بوون ، کە بەداخەوە بیر گەندەلانی ناوخۆیی وجاشقەلەماکان دیسان زوڕنا دەژەنن کە باسی ڕیفراندۆم بۆ سەر بەخۆیی ئامانجێکی پارتی دیموکراتە بۆ راکێشانی هەستی نەتەوایەتی بۆ سیاسەتی حیزبی ، بە هەموی ئەم لێکدانەوە بۆمان دەردەکەوێ ئێران لە سێدارەدانی شێخ النمر بەهەلێکی باشدەزانێ بۆ پەرەپێدانی ئاژاوەکان بۆ رێگرتن لە سەربەخۆیی کوردستان .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.