سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر تاكه په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباز ده‌بێت، كه مافی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد له به‌شێك له خاكه‌كه‌ی گره‌نتی كرد و رێوشوێنی پێویستیشی بۆ چۆنییه‌تی جێبه‌جێكردنی خستەڕوو. په‌یماننامه‌یه‌ك كه به‌هۆی هۆكاری ناوخۆیی کورد و هەندێکێشی دەرەکی و به مردوویی له دایكبوو و ئۆتۆنۆمی و مافی چاره‌نووسی كورد كه به‌شیك بوو له په‌یماننامه‌كه، بووە بڵقی سه‌ر ئاو.
په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر كه له رۆژی 10 ئابی 1920 له نێوان وڵاتانی سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی و نوێنه‌رانی ئیمپراتۆری عوسمانی له كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤه‌ر له باشووری رۆژئاوای پاریس واژوو كرا، ده‌رفه‌تێكی زێرین خسته به‌ر ده‌م كورد بۆ ئه‌وه‌ی كه به خه‌ونه‌كانی بگات و بۆ یه‌كه‌مین جار ببێته خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دانپێندراوی نێوده‌وڵه‌تی.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان پێشكه‌ش به ئه‌رمه‌نستان كرد و به‌شێكیشی دایه توركه‌كان و تەنیا له خواره‌وه‌ی ویلایه‌تی وان بۆ ئامه‌د و بەرەو ناوچەکانی خوارەوەی باکووری کوردستان بە ناوچەی کوردنشین بۆ جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمیی دیارکرد. باشووری کوردستان لە ژێر ناوی ویلایەتی موسڵ لە ژێر کۆنترۆڵی ئینگلیزەکاندا مایەوە و دواتر خرایە سەر دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق و رۆژئاوای کوردستانیش لە ژێر کۆنترۆڵی فەرەنسەوییەکاندا خرایە سەر دەوڵەتی سوریا. هیچ هەوڵ و گوشارێکیش بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی تایبەت بە کورد لە چوارچێوەی پەیماننامەی سیڤەر لە رووی دیپلۆماسی و سیاسی لە لایەن داهێنەرانی پەیماننەکەوە لە ئارادا نەبوو.
كورد وه‌ك رێكخستن هیچ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی له دانوستانه‌كانی په‌یماننه‌ی سیڤه‌ردا نه‌بووه و شه‌ریف پاشا وه‌ك كهسایهتییەک به‌شداری تێیدا كردووه و كاریگه‌ری خۆیشی هه‌بووه. په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر هه‌ر وه‌ك په‌یماننامه‌ی لۆزان به بێ به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی دانپێندراوی كورد به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر بۆیه په‌یماننامه‌كه له ئاست قورسایی جوگرافی، مێژوویی و بوونی كورد وه‌ك زۆرینه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه نه‌بووه. ته‌نانه‌ت كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوەن بەشێکی زۆری ناوچەکە هه‌ستی به بوونی وه‌ها په‌یماننامه‌یه‌ك نه‌كردووه.
پاش ئێمزا كردنی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر، هیچ رۆڵ و هه‌وڵێكی شه‌ریف پاشا و كه‌سایه‌تییه هاوشێوه‌كانی بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌كانی تایبه‌ت به كورد نابینرێت، به پێچه‌وانه‌وه، مسته‌فا كه‌ماڵ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵه‌كانی بۆ له‌باربردنی په‌یماننامه‌كه گه‌یانده لوتكه.
رۆڵی توركه ناسیۆنالیسته‌كان بۆ له‌ناو بردنی ماده‌كانی (62، 63، 64) تایبه‌ت به كورد له په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر
په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر له راستیدا سزادانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی له رێگه‌ی دابه‌شكردنی جوگرافیاكه‌ی بوو، كه جارێكی دیكه نه‌بێته به‌ربه‌ستی به‌رده‌م سیاسه‌ت و ستراتیژیی لایه‌نه سه‌ركه‌وتووانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، له‌وانه بریتانیا و فه‌ره‌نسا. چۆنكه ئیمپراتۆری عوسمانیان هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه، به‌ڵكو هه‌ندێ له به‌شه‌كانی خستیانه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و دابەشیان کرد و به‌شێكیشیان بۆ مانه‌وه‌ی به‌جێهشت.
له ماوه‌ی نێوان په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر له ساڵی 1920 و په‌یمانی لۆزان له ساڵی 1923، توركه‌كان به‌تایبه‌تی توركه ناسیونالیسته‌كانی ناو له‌شكری عوسمانی به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كه‌ماڵ به‌خۆیان كه‌وتن و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ریان ره‌تكرده‌وه و هاوكات له‌گه‌ڵ كوده‌تا و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ وه‌فادارانی عوسمانی له دوو به‌ره‌وه شه‌ڕی یۆنان و ئهرمنییهكانیشان كرد.
كورد له كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كه به‌پێی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر له به‌شێكی خاكه‌كه‌ی ئۆتۆنۆمی پێ به‌خشرابوو و له داوی یه‌كساڵ ده‌یانتوانی داوای سه‌ربه‌خۆیی بكات، رۆڵێكی سه‌ره‌كی له سه‌ركه‌وتنی ناسیۆنالیسته توركه‌كان دژی نه‌یاره‌كانیان، به‌تایبه‌تی ئه‌رمه‌ن و یۆنانییه‌كان گێڕاوه، كه لە تورکیا به شه‌ڕه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ناونراون.
له‌كاتێكدا كه ئیستانبۆلی پایته‌ختی عوسمانییه‌كان له ژێر كۆنترۆلی سه‌ركه‌وتووانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا بوو، توركه ناسیۆنالیسته‌كان له ئه‌نقه‌ره حكومه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییان پێكهێنا و مسته‌فا كه‌مال و عیسمه‌ت ئینونو به گه‌شتی سیاسی و له‌شكری له ناوچه‌کانی تورك نشین و كوردنشینی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و رێكخستنی كۆنفرانسه‌كانی ئه‌رزرۆم و سێواس لە ماوەی ساڵێکدا توانیویان نه‌ته‌نیا توركه‌كان، به‌ڵكو كورده‌كانیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیان یه‌ك بخه‌ن و هاوكات شه‌ڕی یۆنان و ئه‌رمه‌نییه‌كان بكه‌ن و سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه به‌ده‌ست بێنن و په‌یمانی لۆزان به‌سه‌ر بریتانیا و فەره‌نسا بسه‌پێنن. ئەنجامەکەشی سەد ساڵ ماڵوێرانی، تواندنەوە، کۆمەڵکۆژی، گۆڕینی ناو و ناسنامە، راگواستن و دەربەدەری بۆ نەتەوەی کورد لێکەوتەوە.
هاوكات له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌کانی (62، 63، 64) تایبەت بە کورد لە پهیماننامەی سیڤەر، توركه ناسیۆنالیسته‌كان ده‌ستیان به جموجوڵی سیاسی و له‌شكری بۆ له‌ناوبردنی په‌یماننامه‌كه كرد و له ماوه‌ی كه‌متر له سێ ساڵدا توانیویان له‌سه‌ر ئاستی سیاسی، كارگێری و له هه‌مووی گرنگتر له‌شكری سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی تۆمار بكه‌ن و به تارومار كردنی ئه‌رمه‌نییه‌كان و ده‌ركردنی یۆنانییه‌كان له رۆژئاوای توركیا و فرت و فێڵ له كورده‌كان دیفاكتۆیه‌كی به‌پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر دروست بكه‌ن، كه ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌یمانی لۆزان و دامه‌زراندنی كۆماری توركیا لەسەر بنەمای سڕینەوەی کورد و لەناوبردنی لێكهوتهوه و کەمالیستەکان تەنانەت بە پلان و ستراتیژی دەستیان بە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی کورد کرد و سەر لە نوێ لە چوارچێوەی تورک‌دا پێناسەیان کردەوە.
بریتاینا و فره‌نساش لە سەردەمی پەیماننەمەی لۆزان پێیان باش بووه توركیایه‌كی به‌هێزی هاوپه‌یمانی رۆژئاوا وه‌ك قه‌ڵغانێك به‌رانبه‌ر په‌لهاوێشتنی ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی كومۆنیست له یه‌كێتی سۆڤییه‌تی جاران دروست ببێت.
هۆكاری ناوخۆیی كورد
نه‌بوونی یه‌كگرتوویی و هۆشیاریی سیاسی و هه‌روه‌ها نه‌بوونی كاریزمایه‌كی كوردی كه بتوانێت ته‌واوه عه‌شیره‌ته كوردییه‌كانی ناوچه‌كه به‌ده‌وری خۆیدا بۆ جێبه‌جێكردنی په‌یمانی سیڤه‌ر به‌تایبه‌تی هەرسێ ماده‌كانی (62، 63، 64) تایبه‌ت به كوردستان كۆ بكاته‌وه، هۆكارێكی سه‌ره‌كی له‌ناوبردنی ئۆتۆنۆمی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له سه‌د ساڵی رابردوو ده‌ژمێردرێت.
لایه‌نی ئایینی و كلتووری كۆنه‌پارێزی كورد هۆكارێكی دیكه‌ی له‌باربردنی خه‌ونی كورد و سه‌ركه‌وتنی توركه ناسیۆنالیستهكانه، به‌تایبه‌تی به‌شداریكردنی كورد هاوشانی توركه ناسیۆنالیسته‌كان دژی نه‌یاره‌كانیان کە سەر بە ئاینەکانی دیکە بوون. به‌شداری پێكردن نوێنه‌رانی كورد له یەکەم مه‌جلیسی توركیاش به‌ناوی نوێنه‌رانی كوردستان به گه‌وره‌ترین فێلی توركه‌كان له كورد له سه‌د ساڵی رابردوو ئه‌ژمار ده‌كرێت.
سه‌ده‌یه‌ک پێش ئێستا تاكی كورد به ته‌واوه‌تی له چه‌مك، هزر و تێگه‌یشتندا له قوناخی پێش نه‌ته‌وه‌بووندا بووه. كاتێ كه پیاوه نه‌خۆشه‌كه له لایه‌ن سه‌ركه‌وتووانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه له ناوچه تورك نشینهكانیدا قه‌تیس كرا و له لایه‌ن تورك ناسیۆنالیسته‌كانه‌وه كۆتایی به ژیانی هێنرا، كوردانی باكوور له قوناخی ده‌ربه‌گایه‌تی و خێلهكیدا ده‌ژیان و چه‌مكی نه‌ته‌وه و خۆ به‌رێوه‌بردن له لای ئه‌وان شتێكی نامۆ بوو و نه‌یانده‌توانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووری عه‌شیره‌ت و ناوچه‌كه‌یان بیر بكه‌نه‌وه. ئه‌و ناهۆشیارییه و په‌رته‌وازه‌یی كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر دروست كرد.
هه‌ندێ سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كان ته‌نیا پاش ئه‌وه‌ی كه توركه ناسیۆنالیسته‌كان به كه‌ڵك وه‌رگرتن له كات دیفاكتۆیه‌كی نوێیان دروست كرد و كۆماری توركیایان دامه‌زراند و ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی خۆیان بۆ تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كرد، به ئاگا هاتنه كه چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه.
په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر به ئیمزاكردنی په‌یماننامه‌ی لۆزان هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ماده‌كانی تایبه‌ت به كوردستان جێبه‌جێ نه‌كران. هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه كه پیشان بدات كۆمیسیۆنه سێ قوڵییه‌كه‌ی بریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا بۆ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردستان ده‌ست به‌كار بووبێت، كه به‌پێی ماده‌ی 62 په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر ده‌بوایه شه‌ش مانگ له دوای واژووكردنی په‌یماننامه‌كه ده‌ست به‌كار بێت.
كورد ته‌نها پاش ئه‌وه‌ی كه توركه ناسیۆنالیسته‌كان، ده‌وڵه‌تێكیان له‌سه‌ر بنه‌مای تاكه نه‌ته‌وه، تاكه زمان، تاكه ئاڵا و تاكه ئایین دروستكرد و بوونی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یان له چوارچێوه‌ی جوگرافیای كۆماری توركیا ره‌تكرده‌وه، به‌خۆ كه‌وتن، كه بەهۆیەوە چه‌ند ساڵ دواتر شۆڕشه‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران، ئاگری و سه‌ید ره‌زاخان و هه‌ندێ به‌ریه‌ك كه‌وتنه‌كانی دیكه به‌دوای خۆیدا هێنا. ته‌واوی ئه‌و شۆڕشانه‌ش به زۆری كاردانه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر كرده‌وه‌كانی كۆماری تازه دامه‌زراوی توركیا به‌رانبه‌ر كورد بوو، تا ئه‌وه‌ی كه به پلان و دارشتنی ستراتیژییه‌كی نیشتیمانی ده‌ست به خه‌بات بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن. هه‌ربۆیه شۆرشه‌كانی پیران، ئاگری و ده‌رسیم هه‌ر كامه‌یان له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا قه‌تیس مانه‌وه و نه‌یانتوانی بۆ ئاستی خه‌باتی سه‌رانسه‌ری بگوازرێنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌رته‌وازه‌یی، خێلەکی، عهشیرهتگرایی، ده‌ست تێكه‌ڵاوكردن له‌گه‌ڵ دوژمن، هه‌ر وه‌ك ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر و لۆزان له خوێنی كوردا ره‌گی كۆتاوه، به هۆكارێكی دیكه‌ی ناۆخۆیی بۆ سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و شۆڕشانه ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئیحسان نوری پاشا چی ده‌ڵێت؟
ئیحسان نوری پاشا رێبه‌ری شۆڕشی ئاگری به روونی باس له به‌شداریكردنی كورد له شه‌ڕی دژی ئه‌رمه‌نییه‌كان هاوشانی توركه ناسیۆنالیسته‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت له به‌ره‌كانی فاغزمان و قارس زۆربه‌ی له‌شكری تورك له كورد پێكهاتبوو و و له‌شكری 11 تورك به به‌شداری كوردانی ده‌وروبه‌ری ئاگری شاره‌كانی ئیدر و قلبیانیان داگیر كرد. كورد له هه‌ندێ شوێنیش به ته‌نیا شه‌ڕی ئه‌رمه‌نییه‌كانیان كردووه. ره‌نگه به‌شێكی له‌مه به‌هۆی ئه‌وه‌وه بێت كه په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر به‌شی باكوور و رۆژئاوای باكووری باكووری كوردستانی به‌خشییه ئه‌رمه‌نییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م خاكه دابمه‌زرێنن.
به‌ڵام رۆڵی توركه ناسیۆنالیسته‌كان و سۆز و عاتیفه‌ی ئایینی كورد رۆڵیكی سه‌ره‌كییان له به‌شداریكردنی كورد له‌م شه‌ڕانه‌دا هه‌بووه، نه‌ك حه‌زی نیشتمانپه‌روه‌ری كورد، چۆنكه ناوچه‌كانی خۆیان له ئه‌رمه‌نییه‌كان سه‌نده‌وه و پێشكه‌ش بە توركه‌كانیان كرد. هه‌روه‌ها ره‌وتی مێژوو، به‌تایبه‌تی شه‌ڕه‌كانی نێوان عوسمانی و روسه‌كان و رووداوه‌كانی ساڵه‌كانی كۆتایی ته‌مه‌نی عوسمانییه‌كان به‌رانبه‌ر ئه‌رمه‌ن له چوارچێوه‌ی سواره‌ی حه‌میدییه كاریگه‌رییه‌كان له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی كورد له توركه ناسیۆنالیسته‌كان له دژی ئه‌رمه‌نه‌كان هه‌بووه.
راکردن لە چارەنووس
سه‌د ساڵ به‌ر له ئێستا، له ساڵی 1920 كورد به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی و نارێكخراوهیی بوون، بوونه هۆكاری له‌بارچوونی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و به‌هۆی نه‌زانینه‌وه رێگه‌یان بۆ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی وه‌ك گه‌لیی زیلان، ده‌رسیم، ئه‌نفال و كیمیاباران خۆش كرد. دوای تێپه‌ربوونی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك، له ساڵی 2017 پاش ریفراندۆمی باشووری كوردستان، ئه‌مجاره هه‌ندێكیان به زانین و رێكخراوه‌یی بوونه هۆكاری دووباره‌ی له‌ده‌ستچوونی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی. راكردن له به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌نووس و گه‌یشتن به مافه ره‌واكانی بووه‌ته به‌شێكی دانه‌بڕاوی كلتووری كوردهواری. پێشكه‌شكردنی كۆماری كوردستان به شای ئێران و په‌یوه‌ندیی ژێربه‌ژێری هه‌ندێ له پێكهێنه‌رانی كۆمار له‌گه‌ڵ تاران نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و راكردنهیه له چاره‌نووس له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
هۆكاری ئه‌م راكردنهش، ته‌نیا و ته‌نیا، په‌رته‌وازه‌یی، خێله‌كی، قبووڵ نه‌كردنی یه‌كتر و نه‌بوونی كلتووری پێكه‌وه ژیانی سیاسی له‌نێوان كه‌سایه‌تییه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و متمانه به به‌ڵێن و خواسته‌كانی دوژمنانه. مێژوو پێشانی داوه له كلتووری كورده‌واریدا، سه‌رۆكایه‌تی كردنی خێل، عه‌شیره‌ت، ناوچه و میرایه‌تی پێیان باشتره له چوونه ناو قه‌واره‌یه‌كی گه‌وره‌تر له ناوچه‌كه‌ی خۆیان، یان ته‌نانه‌ت ژێر ده‌سه‌ڵاتی ركابه‌ره‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردیدا.
هه‌ر وه‌ك بریتانییه‌كان له ماوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا كه بۆ یهمهكجار بە شێوەی فەرمی گه‌یشتنه كوردستان و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كورددا كرد، گه‌یشتنه ئه‌و قهناعهتە كه كورد هێشتا توانایی خۆ به‌ڕێوه‌بردنیان نییه و وه‌ك چه‌ند هۆزێكی كۆچه‌ر و په‌رته‌وازه و دوور له شارستانییه‌ت ده‌ژین. هه‌ر ئه‌م كلتوره دواكه‌وتووه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه توركه ناسیۆنالیسته‌كان له په‌رته‌وازبوون، خێله‌كی، سۆز و عاتیفه‌ی كوردان سوود وه‌ربگرن و بیانكه‌نه قه‌ڵغانێك بۆ دروستكردنی كۆماره‌كه‌یان و له‌ناوبردنی خەونەکانی کورد لە چوارچێوەی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر.
دوا پەیڤ
خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستای كوردستان به تێگه‌یشتنی ئه‌مرۆ، هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی و ستراتیژییه و بە بەردەوامی کارەساتی دیکە بە دوای خۆیدا دێنێت. پێویسته به‌ر له هه‌ر لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونێك، ئاستی هۆشیاریی سیاسیی ئه‌وكات، ئاراسته‌ی روانین، په‌رته‌وازه‌یی، خێله‌كی و كلتووری كۆچهربوونی كورد له‌به‌ر چاو بگرێت و ئه‌زمونێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م شكسته وه‌ربگرێت و به تپێهربوونی كات ئەم رووداوانە به شێوازی جیاواز دووباره نه‌كرێنه‌وه، كه به‌داخه‌وه چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك جارێك به میتۆدی جیاواز دووباره بوونه‌ته‌وه. راده‌ستكردنی كۆماری كوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان له ساڵی 1946 و رووداوه‌كانی 16 ئۆكتهبهری 2017 لە باشووری كوردستان له به‌رچاوترینیانن.
بۆ ئەزموون وەرگرتن لە رابردوو و دابینکردنی بەرچاوروونی بۆ ئایندە و لە دەستنەدانی هیچ جۆرە دەرفەتێک کە لە ئەنجامی دروستبوونی درز لە سیستەمی نێودەوڵەتی تەنانەت لەسەر ئاستی ناوچەییش دروست دەبێت، پێویستە ناوەندێکی ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکار و شکستی کورد لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو و چۆنییەتی پێشیگرتن بە دووبارە بوونەوەیان پێک بهێنرێت. ئەزموون وەرنەگرتن لە رابردوو، هەردەم رێگەی بۆ کارەسات لە دوای کارەسات و خەیانەت لە دوای خەیانەت خۆش کردووە. مێژوو پێشانی داوە کە کورد بە هۆی دواکەوتوویی لە بواری سەربازی، سیاسی و دیپلۆماسی تەنیا بە هێزی خۆی نەیتوانیوە مافەکانی بەدەست بێنێت یان بپارێزێت، هەربۆیە پێداگیریی لەسەر خەباتی مەدەنی، سیاسی، جەماوەری و رێکخستن و بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و بوونی هێزی بەرگری و تەنانەت خەباتی چەکداری لە شوێنە گونجاوەکان تاکە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە مافەکانی لە سیستەمێکی جیهانیدا کە لە رێگەی دەوڵەتانەوە، نەتەوەکان پێناسە کراون. هەر ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییە کە دەیان ساڵ جارێک درزێک تێ دەکەوێت.