مادە هۆشبەرەکان، شەرعییەتێک بۆ لە سێدارەدان

0
276


نووسەر: سالار میرابی

سالار میرابی
سالار میرابی

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای درووست بوون و دامەزراندنییەوە تا ئێستا لە هیچ سیاسەتێکی نامرۆڤانە و سەرکوت کەرانە چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆی ئێراندا دژی خەڵک و رۆشنبیری و ئازادی بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵاتدا کۆتایی نەکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە سیاسەتە نامرۆڤانەی خۆیدا. ئەگەر بمانەوێت چەند خاڵ لەم سیاسەتە قیزەوەنانە بخەینە بەرچاو دەتوانین ئاماژە بە لە سێدارەدان و تیرۆری رێبەرانی نەتەوەکانی تر وەکوو کورد و عەرب، هەروەها تێڕۆڕی رێبەرە ئایینییەکان وەکوو سوننی و بەهایی و هتد.  یان زیندانی کردن و گوشار خستنەسەر نووسەران و رۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی و هتد.

بەڵام ئەگەر بمانەوێت ئاوڕێک لە دوو دەهەی ڕابردووی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە ، دەبینیین کە کۆماری ئیسلامی شێوەیەکی جیاوازتری لەچاو ساڵانی سەرەتایی خۆی دژی خەڵک لە ناوخۆی ئێران و بە تایبەت نەتەوەکانی تر وەکوو کورد و عەڕەب و تورک، بە کار هێناوە کە دەتوانین بە “شەڕی نەرم” نێودێری بکەین.

سەرەتا لەنگەرێکی کورت لە سەر شەڕی نەرم دەگرین  کە شەڕی نەرم چییە ؟ شێوازەکانی ئەو شەڕە چۆنە ؟ ئامانج لە شەڕی نەرم چییە ؟

شەڕی نەرم یەکێک لە کاراترین و کەم تێچووترین و لە عەینی حالیشدا مەترسیدارترین و ماڵوێرانکەرترین شێوازی شەڕە کە دژ بە خەڵکی وڵاتێک یان نەتەوەیەکی داگیر کراو بە کار دێت.

شێوازەکانی شەڕی نەرم زۆرە بەڵام ئەگەر بمانهەوێت چەند خاڵێکی بخەینە بەرچاو کە پەیوەندیشی بە بابەتەکەوە هەیە،دەتوانین ئاماژە بەم سێ خاڵەی خوارەوە بکەین:

یەکەم: پێکهێنانی بەستێنی بێکاری بە تایبەت لە ناو لاواندا

دووهەم: پێکهێنانی جۆرێک لە بێ متمانەیی لەناو خەڵکدا

سێهەم: هاندانی لاوان و چێ‌کردنی کردنی بەستێن و ئاسانکاری  بۆ گیرخستنی مادە هۆشبەرەکان

بەڵام ئەگەر بمانهەوێت ئاماژە بە ئامانجی ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەین دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی باس لەو خاڵانەی خوارەوە بکەین.

یەکەم: لاواز کردن و هەروەها بەربەست خستنە سەر چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکان کە زۆرترین کاریگەری ئەرێنی لە سەر کۆمەڵگا هەیە.

دووهەم: دوور کردنەوەی نەوەی نوێ و چینی تازە پێگەێشتوو لە شوناس و فەرهەنگ و مێژووی خۆی

سێهەم: هەڵاواردنی رەگەزی و قەتیس کردنەوەی دەسەڵات لە خزمەت تاکە ئیدۆئۆلۆژی خۆی بۆ خزمەت بە سەرکوتی خەڵک

ئەم شەڕی نەرمەی کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەهەی حەفتا بەم‌لاوە دژی خەڵکەکەی دەستی پێکرد، لە ساڵانی دەهەی هەشتادا پەرەی سەند و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا گەیشتە ئاستێکی زۆر و چاوەڕوان نەکراو، ئەویش ئەوە بوو کە کۆماری ئیسڵامی لە زنجیرە سیاسەتە قیزەونەکانی خۆی لە ژێر چاودێری سوپای پاسداران و بەسیج و بەتایبەت هێزە ئەمنییەکان، کۆمەڵێک رێکخراوەی نافەرمییان دامەزراند. بە تایبەت لەو جێگایانەی کە نەتەوەکانی تر و کەمایەتییە ئایینیەکان تێیدا بەسەر دەبەن، بۆ ئەوەی کە مادە هۆشبەرەکان لە ناو خەڵک و بە تایبەت لە ناو چیینی لاواندا بڵاو بکەنەوە و دواتر هەر بەو بیانوویە بە ئاسانی لە سێدارەیان بدەن و بیکەن بە شەرعێیەتێک بۆ لە سێدارەدانی خەڵک و لە لایەکی تریشەوە خۆیان بەدژی مادەهۆشبەرەکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بناسێین. بە داخەوە تا ئێستاش لەو پڕۆژە قیزەوەنەدا کۆماری ئیسلامی تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە.

هەرچەند تا ئێستا زۆر بەڕاشکاوی بە تایبەت لە راگەیاندنەکاندا دەرنەکەوتووە بەڵام زۆربەی خەڵکی ئێران و ئەو ناوچانە کە باسمان لێ کردن باش دەزانن و رۆژانە دەیبینن کە هۆکاری سەرەکی بڵاو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان خودی رژیم واتە کۆماری ئیسڵامییە بەڵام بەهۆی بێ دەسەڵاتی خەڵک و چوارچێوەی دوگم و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، نەدەتوانن باسی لێ بکەن نە دەشتوانن بە هیچ شێوەیەک ناڕەزایەتی خۆیان لەم بارەوە دەربڕن،  بۆ وێنە دەتوانین لەم سەر و بەندەدا ئاماژە بە چەن نموونەیەکی بچووکی دانپیانانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسڵامی بکەین  :

یەکەم: بە وتەی کار بەدەستانی رێژیم بە پێی هەبوونی ئەم هەموو لە سێدارەدان و زیندانییانە، هێشتا رێژەی فرۆشیاران و بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان کەمی نەکردووە و تەنانەت روو لە زیادبوونیشە.

دووهەم:دەتوانین ئاماژە بە وتەکانی  “رەزا رەحیمی” جێگری ئەحمەدینژاد بکەین کە دەنگ دانەوەیەکی زۆری لە میدیا و راگەیاندنەکاندا هەبوو، ناوبراو لە مەودای ساڵەکانی 1372ی هەتاوی هەتا ساڵی 1376ی هەتاوی پارێزگاری پارێزگای سنە بووە و لەو پەیوەندییەش دا گۆتبووی: من کاتێک پارێزگاری سنە بووم چەکم لە دەستی منداڵی کورد سەند و لە بەرانبەر دا مەنقەڵم پێدان ) ئەوە نموونەیەکی بەرچاوە بۆ جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەگەر سەیرێکی چەند ساڵی رابردووی ئێران بکەین دەبینین کە لە دواهەمین ساڵی سەرۆک‌کۆماری ئەحمەدینژاد، بە پێی راپۆرتی ریکخراوانی مافی مرۆڤ نزیک بە 350 کەس لە سێدارە دراون کە زۆربەیان بە بیانووی بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتنی مادەهۆشبەرەکان بووە .

بەڵام دوای ئەوەی کە حەسەن رۆحانی بە بەڵێنییە ساختەییەکانییەوە رێژەی دەنگی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران بەدەست هێنا و هەروەها پێکهاتنی رێکخراوانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵانی پێشوو ئەم هیوایەی بەخەڵک بەخشی کە رەنگە کۆماری ئیسڵامی ئیتر واز لەم سیاسەتە نامرۆڤانەی خۆی بێنێ و رێژەی لە سێدارەدان کەمتر بێتەوە، بەڵام هەروەها کە لە چەند مانگی رابردوو دا کە لە راگەیاندنە جیهانییەکانەوە دیتمان بەپێی هەشتەمین راپۆرتی رێکخراوەیی مافی مرۆڤ و نوێنەری مافی مرۆڤی ئێران ( ئەحمەد شەهید ) لە نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ کە کەمی نەکردووە بەڵکوو لە ساڵی 2015 دا بە شێوەیەکی بەرچاو لەسێدارەدان لە ئێران رووی لە زیادبوون کردووە، تا ئەو جێگایەی کە ساڵی 2015 بە سالێکی رەش لە مێژووی ئێران و کۆماری ئیسڵامی نێودێر کراوە.

بە پێی راپۆرتی ئەم رێکخراوانە و بە تایبەت نوێنەری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 نزیک بە هەزار کەس لەسێدارە دراون کە بەو پێیە لە هەر رۆژێکدا دوو تا سێ کەس لە سێدارە دراون کە نزیک بە 20 کەسیان تەمنیان لە ژێر 18 ساڵ دابووە و نزیک بە 600 کەسیان بە بیانووی مادە هۆشبەرەکان بووە و ئەوانی دیکە بە بیانووگەلێکی جیاواز وەکوو سیاسی ، ئایینی و جیابیری لە دار دراون.  بە پێی ئەم راپۆڕتانە دەتوانین بڵێن کە مادە هۆشبەرەکان تا رادەیەکی زۆر بووە بە بیانوو و هەورەها شەرعییەت بەخشین بە لەسێدارەدانی خەڵک لە ئێران.

هەرچەند لە ساڵی 2015 چەن جارێک کۆمەڵیک هەوڵ لە لایەن رێکخراویی مافی مرۆڤی ئێران و رێکخراویی فەڕانسەوی لە ژێر ناوی “هەموو بە یەکەوە دژی سێدارە” دراوە و داوایان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی واز لە سێدارەدانی خەڵک بێنێ، تەنانەت هەر لە لایەن ئەم رێکخراوانە داوا لە رێکخراویی نێودەوڵەتی دژی مادە هۆشبەرەکان کرابوو کە پەیوەندییەکانی خۆیان بۆ کۆتایی پێدان بەم چەشنە لەسێدارەدانانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی بپسێنن بەڵام هەڵویستێکی بەرچاو و روون لە لایەن ئەوانەوە نەبیندرا و ئاکامێکی شووم و ناخۆشی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بە شوین داهات کە ئەنجامەکەی بوو بە لە سێدارەدانی نزیکەی 1000کەس لە ساڵی 2015. .

کۆماری ئیسلامی دیسان لە بەرچاوی هەموو دونیا ساڵی 2016ی وەکوو ساڵی پێشوو بەم چەشنە لەسێدارەدانانە دەست پێکرد، هەرچەند لەسەر و بەندی هەڵبژاردنەکانی پارڵمانی کەمی کردەوە بەڵام دیسان ئەم ماشێنی جینایەتەی خۆی  کە ناوی سێدارەیە بە خێرایی وەگەڕ خستەوە و لە ماوەی 20رۆژی پێشوو واتە لە سەرەتای مانگی ئاوریل بە پێی ئاماری رێکخراوە مرۆڤییەکان تا ئێستا نزیک بە 30 کەسی لە سێدارە داوە .

 ئێستا کە کۆماری ئیسلامی ئەیهەوێت بە هەر چەشنە سیاسەتێک بێ دیسان پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرەو باشی ببات و ئاڵ و گۆرێک لە خۆیدا پێک بهێنیت، هیوادارم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا ، کۆمپانییەتیجارییەکان ، رێکخراوانی مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان ، رێکخراوانی دژی سێدارە و دژی مادە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بە لە بەرچاو گرتنی ئەم رەوتە لە جینایەت بە هانای مافی مرۆڤ لە ئێران بڕۆن و هەڵویێستێکی روون لە خۆیان لەم بارەوە نیشان بدەن و بە هەرشێوەیەک بووبێ گوشار و زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی کە لانیکەم رێژەی ئەو مژارە قیزەوەنە کەم بێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.