ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕۆژی کورد لە لایەن چالاکانی یارسانەوە، ڕێ و ڕەسمی سێهەمین ساڵڤەگەڕی شەهید محەممەد قەنبەری لە گوندی قەرەداش ـی تاکستان لە ژێر دۆخێکی گرژی ئەمنیەتیدا بەڕێوەچوو.
سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە، مەئموورە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لە ڕێگای تەلەفوونەوە دەستیان کرد بە هەڕەشە لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە، دواتر هەڕەشەکانیان شێوەی کردەیی بەخۆوە گرتوو ڕژانە شوێنی ڕێ و ڕەسمەکە.
مەئموورانی ڕژیم زەخت و گوشارێکی زۆریان خستە سەر بەڕێوەبەران و بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە کە بە هۆی خۆڕاگری و پێداگریی بەڕێوەبەران و بەشدار بووان نەیانتوانی زەختی خۆیان بسەپێنن.
مەئموورانی ئەمنیەتی هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە ڕێزلێنانە کرد کە بۆیان نیە زیاتر لە ٥٠ مێز دابنێن و بۆیان نیە خەڵکێکی زۆر لەو شوێنە کۆبکەنەوە کە بەپێچەوانەی ویستی ئەوان خەڵکێکی زۆرتر لە پێشوو لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوو.
ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵڤەگەڕی ڕێزلێنان لە شەهید محەممەد قەنبەری لە ژێر گوشار و دۆخێکی ئەمنیەتیی زۆر و بەربەریندا و بە وتار و شیعر خوێندنەوە و تەنبووژەنی کۆتایی پێهات.
محەممەد قەنبەری ٣ ساڵ بەر لە ئێستا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی یارسان و ڕێڕەوانی ئەو ئایینە کوردیە لەبەر دەم دەرگای پارلمانی ئێران ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست دا.
زۆری و زەخت لەسەر یارسانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ، تا ئێستا سێ کەس لە کوردانی یارسان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان ئاگیران لە جەستەیان بەرداوە. هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەپێی بانگەوازیی چالاکانی کوردی یارسان، و لە کاتی هاتنی ڕوحانی بۆ کرماشان، سێ کەس لە چالاکانی یارسان بە ناوەکانی، “سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی و نەوشاد تاهیری” بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە هەڵاواردن و زۆرداری لەسەر یارسانەکان و بەناڕاست دەرچوونی بەڵێنییەکانی ڕوحانی و لاریجانی، لێوی خۆیان دووری.