بەرێز : سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان، جەنابی کاک مەسعوود بارزانی
ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دێموکراتی کوردستان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێرانەتان پێشکەش بێ:
هەروەک هەموولایەک ئاگادارن : لە سەردەمێکی مێژوویی هەستیار، گرینگ و چارەنووسساز دا کە خەباتی کوردستان لە باشووری نیشتمان پێویستی بە حیزبێکی سەردەم و مودێرنی ئەمڕۆیی بوو، پارتی دێموکراتی کورد کە دواتر بووە پارتی دێموکراتی کوردستان لە ژێر ڕێنوێنی و سێبەری کۆماری کوردستان دا، لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ی زایینی، یەکەم کۆنگرەی خۆی لە بەغدا بەست و بە فەرمی ئیعلامی مەوجوودیەتی کرد.
پارتی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی تەمەنی ٧٦ ساڵەی خۆیدا هەندێک جار تووشی نسکۆ و شکست هاتووە، بەڵام کۆڵی نەداوە و درێژەی بە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی داوە.
لە ماوەی تەمەنیدا زۆر دەستکەوتی مێژوویی و گرینگی بۆ نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان دەستەبەر کردووە و تەنانەت بەشێک لە دەستکەوتەکانی کاریگەری ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان لە سەر دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبووە.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان دا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندامان و لایەنگران و خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرۆکایەتی و ڕێبەریی پارتی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی دەکا و لەو ڕۆژە دا وێرای ئاواتی سەرکەوتنی زیاتر، چاوەڕوانیی زیاتر لە پارتی دێموکراتی کوردستان دەکرێ کە لە پێناو یەکڕیزی و یەکبوون و ڕێکخستنی ناوماڵی کورد لە باشوور بە تایبەتی و لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی، هەوڵی بنەڕەتی و جیددی و کاریگەر بدات.
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی
١٥ی ئاب (ئاگۆست) ی ٢٠٢٢ی زایینی
ماڵپەڕی ڕەسمی پارتی دێموکراتی کوردستان
کوردستان تیڤی