به‌ بۆنه‌ی ٢٥ه‌مین ساڵیادی دامه‌زرانی ، پارتی ئازادیی کوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌

0
682

به‌ بۆنه‌ی ٢٥ه‌مین ساڵیادی دامه‌زرانی ، پارتی ئازادیی کوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ :
بەیاننامەی مەجلیسی گشتیی، بە بۆنەی یوبیلی زێوینی پارتی ئازادیی کوردستان
رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
خەباتگێڕانی رێگای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان!
فەرماندە و پێشمەرگەکانی PAK لە بەرەکانی شاجەنگی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان، ئەندامان و دۆستانی پارتی ئازادیی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی پێشمەرگە و شەهیدان!
30 گوڵانی 2716 ی کوردی، رێکەوتی 19مایسی ٢٠١٦ ؛ چارەگە سەدەیەک بە سەر راگەیاندنی دامەزرانی پارتی ئازادیی کوردستاندا تێدەپەڕێ.
پارتی ئازادیی کوردستان، 25 ساڵ لەمەوبەر، له بناری چیای کێوەڕەشی باشووری کوردستان، له لایان رووناکبیری شۆڕشگێڕ و داهێنەر، سەعید یەزدانپەنا و به یاوەریی پۆلێک له لاوانی خەباتگێڕی وڵاتەکەمان بەردی بناخەی دانرا.
مەجلیسی گشتیی، بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزباییەکانی خۆیتان پێشکەش دەکا. هاوکات، هەزاران سڵاوی ئەمەگ و وەفا پێشکەشی شەهیدی دامەزرێنەر کاک سەعیدی نەمر و سەرجەم شەهیدانی کاروانی 25 ساڵەی خەباتی پارتی ئازادیی کوردستان و بنەماڵه سەربەرزەکانیان دەکا.
رۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد!
دامەزراندنی پارتی ئازادیی کوردستان وەڵامێکی بەوەخت و بەجێ بوو به پێویستییەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. ئەو هەنگاوە مێژووییە به دەسپێکی دەرچوون له قەیرانی ناسنامە و سیاسەت و گەڕانەوە بۆ ئەسڵ و رەسەنایەتی دەژمێردرێ لە بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان.
له دایکبوونی PAK بەرهەم و ئاکامی ئاوێتە بوونی ساخبوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و گەشەی فیکرو سیاسەت لە لایەک و دەرفەتی له باری سیاسی لەلایەکی دیکەوه بوو.
به لەدایکبوونی پارتی ئازادیی کوردستان هێڵێکی فیکری و رێبازێکی سیاسی و سایکۆلۆژیایەکی بەهێز و باوەڕ بەخو، له بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد له رۆژهەڵاتی نیشتمان، لەو قۆناغەدا، سەریهەڵدا. پارتی ئازادیی کوردستان بۆشایی نەبوونی هێزێکی نەتەوەیی سنوور نەناسی کوردستانیی، پڕ کردەوە.
PAK به ئامانج و ستراتیژ و سیاسەت و پڕۆژەی سیاسی تازە و خوێندنەوەی بۆ مێژوو و جۆرێکیتر لە ژیانی رێکخراوەیی، وەک حیزبێکی خاوەن ناسنامەی روون، پێویستی هاتنه مەیدانی خۆی سەلماند و پیشانیدا که جیاوازییەکانی لەگەڵباقی هێزه سیاسییهکاندا ناسنامەیی و فکری و سیاسیی و عەقڵانییەو، بنەماکانی هەبوونی به هێز و سەقامگیرن.
پارتی ئازادیی کوردستان ئاڵای ئامانجه نەتەوەییەکانی هەڵگرت، ئیلهامی له بیری رەسەنی بیرمەندانی گەورەی وەک ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی وەرگرت؛ بووه مێراتگرێکی به ئەمەگی سەردارانی مەزنی ئازادیی کورد: میر بەدرخان، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، سمکۆ، شێخ مەحموود، شێخ سەعیدی پیران، ئیحسان نووری پاشا و قازی محەممەد و مستەفا بارزانی.
له بارودۆخێکدا ناسنامەی ساختەی ئێرانی بە ناسنامەی کورد و بزووتنەوەکەی دادەنرا، پارتی ئازادیی کوردستان، ئەو ناسنامەیەی رەت کردەوە و رایگەیاند کە: ” ئێمه دەمانەوێ ئەو سامه بشکێنین و به راشکاوی بڵێێن: کوردین و خەڵکی وڵاتی داگیرکراوی کوردستانیین و هەڵوێستمان له سەر ئەو ئەساسه دیاری دەکەین، به بێ ترس ولەرزی سیاسی لەوەی پێمان بڵێن تەجزیه تەلەب”.
لە وەختێکدا هێڵی فیکری و سیاسەت و سایکۆلۆژیای ئێرانی به سەر بزووتنەوەی کورد دا زاڵ بوو ، پارتی ئازادیی کوردستان پێی له سەر کوردستانییەت و کوردستانتەوەریی داگرت.
له کاتیکدا، “چوارچێوەی ئێران” وەک ئەسڵێکی پیرۆز بەسەر مرۆڤی کورد دا سەپێندرا بوو و سیاسەتی کوردی لە خەیاڵی چارەسەری پرسی کورد لە ناو ئەو سنوورانەدا، وزەی مادی و رۆحیی خۆی، خەسار دەکرد، پارتی ئازادیی کوردستان ئەزموونی سەرکەوتووی پێشەوا قازی محەمەدی، کردە چرای رێگای خۆی کە لە چوارچێوەی ئێراندا پرسی کورد چارەسەر نابێ. بۆیە دەرچوون لەو سنوورە دەسکردانە و رزگاری یەکجاریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کرده ئامانجی ستراتیژیی خۆی و له کۆنگرەی یەکەمییەوە، دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهوری کوردستانی کردووەته ئەرکی سیاسی هەرە لە پێشی خۆی.
له دەمێکدا خودموختاری تاقه پڕۆژە و دیسکۆرسی سیاسیی هەموو هێزه سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانەکه بوو ودواتر و بەدرەنگەوە، گۆڕاوە بە فیدڕاڵی؛ پارتی ئازادیی کوردستان، تاقە هەڵگری دیسکۆرسی دەوڵەت و پڕۆژەی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە .
له چەلێکدا، هیچ فۆرمێک بۆ یەکخستنی ریزەکانی کورد و هاوکاریی نێوان هێزه سیاسییەکانی کوردستان له گۆرێدا نەبوو و، ئاڵۆزیی سیمای پێوەندی نێوان لایەنه سیاسیەکان بوو و “بەرەی دژی ئیمپریالیستی” و ” کۆمۆنیزمی کرێکاری” پرۆژەی جەمسەرە سیاسیەکانی ئەودەمی کوردستان بوو، پارتی ئازادیی کوردستان، نەخشە رێی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی هێنایه ئاراوه و له یەکەمین بەیاننامەی خۆیدا، بەندیکی تەواوی بۆ باس و سەلماندنی پێویستیی بەرەیەکی کوردستانی له رۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان کرد.
له حاڵێکدا له رووخانی کۆماری کوردستانەوه ئاڵای پیرۆزی کوردستان سڕدرا بووەوە و رۆژی هەڵکردنی ئاڵا، کرابووە بۆنەیەکی دیکە، پارتی ئازادیی کوردستان ئەو ئاڵایەی هەڵکردهوه و کردی به بەشێک له ناسنامەی سیاسی و رێکخراوەیی خۆی.
له بەستێنی نێونەتەوەییشدا پارتی ئازادیی کوردستان به تێگەیشتن له بارودۆخی نوێی جیهانی و کارلێکەریی به سەر پرسی کوردەوه، هەڵوێستی ئیدئۆلۆژیکیی له دیپلۆماسیدا رەتکردەوه و پێی له سەر دیپلۆماسی نەتەوەیی داگرت. هەر لەو بوارەدا دامەزرانی ئۆرگانێکی یەکگرتووی کوردستانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی دیپلۆماسی کوردی پێشنیار کرد.
هاوکات پارتی ئازادیی کوردستان، هەموو ئەو رێکەتننامە نێودەوڵەتییانەی کە بە پێی ئەوان کوردستان دابەش و داگیرکراوە، رەت کردەوەتەوە و بۆ هەڵوەشانەوە یان لە کار خستنیان خەبات دەکا.
له لایەکی دیکەوه پرسی رزگاری نەتەوەیی و خەبات بۆ وەدەسهێنانی ماف و ئازادییه نەتەوەییەکان، پارتی ئازادیی کوردستانی له بابەته دیمۆکراتی و کۆمەڵایەتییەکان دوور رانەگرتووه و دابینکردنی مافەکانی ژنان و کرێکاران و زەحمەتکێشانی مێشک و بازوو و ژینگەپارێزیی به تەواوکەری ئەو خەبات و ئامانجانه داناوه.
بەمجۆرە، له دایکبوونی پارتی ئازادیی کوردستان بەم ناسنامە و دیسکۆڕس وسیاسەت وپراکتیک و ئەدەبیاتە سیاسییەوە، خاڵی وەرچەرخان و جیاکەرەوەی گەوهەریی بوو له بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا.
کارنامهی پارتی ئازادیی کوردستان هەر ئەو رچەشکێنی و داهێنانه فیکری و سیاسییانه نەبووه. PAK له هەرێمیکی ئاڵۆز و پڕ کێشه و ململانێ و، بەر تەماحی هێزه ناوچەییەکاندا و له رۆژانی پڕ زەبر و زەنگی تاران و دەسڕۆیشتنی دام و دهزگا تیرۆریستییەکانیدا، نەک هەر سەربەرزانه خۆی راگرت، بەڵکوو له وەشاندنی زەبری توند له هێزه داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر خاکی نیشتمانی داگیرکراو دەورێکی چالاکی گێڕا؛ کەم نەورۆزی ئەو ساڵانه هەبوون که هێزی پێشمەرگەی PAK ئاگری نەورۆز لەسەر پشتی داگیرکەران نەکاتەوه. هەروهەا خەڵکی کوردستان و مێژوو شایەتن که چلۆن ساڵانی 1997 و 1998 تەنیا هێزی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان بوو له قووڵایی خاکی وڵاتدا زەبری له دوژمنی داگیرکەر دەدا.
لەو ساڵه به ژمار کەم و بەرووداو زۆرانەدا، پارتی ئازادیی کوردستان تووشی هەوراز و نشێو و هەستان و شکانی زۆر هات؛ زەبری قورسی وێکەوت و برینی قووڵی هەڵگرت. بەڵام هەرگیز کۆڵی نەدا و بەچۆکدا نەهات. بۆ تێگهیشتن له جێگه و پێگەی PAK له بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا ئەونده بەسه که پیلانەکانی دوژمنی داگیرکەر به پێوەر بگرین و بزانین که یەکەم پەلامار و دوا پەلاماری تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی له باشووری کوردستان، له دژی سەرکرده و خەباتگێڕانی پارتی ئازادیی کوردستان ئەنجام دراون.
بەڵام سەرەڕای نالەباری ئەو ساڵانه و تەنگ و چەڵەمه و ئاستەنگییەکان، کاروانی رێبوارانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بێڕاوەستان له ڕێدا بووه و ئەمڕۆ له ئاکامی بیرو رێبازی دروست و له سایەی خوێنی شەهیدان و ئیراده و رەنج و زەحمەتی تێکۆشەرانی، پارتی ئازادیی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی، رێکخراوەیی و پێشمەرگەیی، پێشەنگی بزاڤی ناسیۆنالیستییه له بزووتنەوەی رزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا و سەنگ و قورسایی خۆی هەیه.
پارتی ئازادیی کوردستان بە هەموو ئەو جیاوازییە گەوهەرییانەوە کە لە گەڵ هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردستاندا هەیەتی، لە عەینی کات دا لە سەر یەکخستنی ستراتیژ و دیاریکردنی پڕۆژە و دانانی پلانی هاوبەش هەتاکوو بڕانەوەی قۆناغی رزگاری نەتەوەیی و نیشتمانیی پێدا دەگرێ. PAK لە سەر ئەوە سوورە کە ناکۆکیی و ناتەبایی نێوان هێزە کوردستانییەکان، وزە و توانای کورد بە فیڕۆ دەدا و دەرەفەتەکان دەکاتە هەڕەشە. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە کوردستانییەکان، بەرەیەکی یەکگرتوو دابمەزرێنن. هەروەها هێزی پێشمەرگە یەکبخەن و لەبەر یەک فەرماندەیی هاوبەش دایبنێن. هاوکات دەستەیەکی شارەزا بۆ بەڕێوەبردنی دیپلۆماسییەکی چالاکی کوردستانی پێکەوە بنێن.
یوبیلی زێوینی پارتی ئازادیی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە لایەکەوە بۆ دوو ساڵی تەواو دەچێ، وێڕای رۆڵەکانی باشوور و رۆژاوای کوردستان، لە شەڕێکی گەورەی کوردستانی و نێودەوڵەتیی، داسەپاودایە. PAK بە دەوری سەربازی سەرکەوتوو و بە پێشکەش کردنی خوێنی دەیان شەهید و بریندار، پلانی تارانی بۆ دوورە پەرێز خستنی کوردی رۆژهەڵات لەم جەنگەدا، تێکشکاند و سەربەرزانە نوێنەرایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا لە شاجەنگی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شانازییەکی زۆرەوە، هێزێکی کارای، شکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی خاکی تەعریب کراو و دیاریکردنی سنووری سروشتی نیشتمان و بە هێز کردنی بیر و گیانی نەتەوەییە.
لە لایەکی دیکەوە، لە نەورۆزی ئەمساڵەوە چەخماخەی، هەڵگیرساندنەوەی ئاگری خەباتی چەکداری لە جەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێداوە و بە زنجیرەیەک عەمەلیات، لەرزی خستووەتە جەستەی دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دوژمنی داگیرکەر.
بەمجۆرە کاروانی خەباتی حیزبی فیکر و سیاسەت و پڕاکتیک و ئەدەبیاتی سیاسیی نەتەوەیی کورد، حیزبی خەونی گەورە و ئاواتی له مێژینەی کورد، حیزبی هەڵکەرەوەی ئاڵای ئامانجەکانی شێخ عوبەیدووڵڵا نەهری و سمکۆی شکاک و پێشەوا قازی محەمەد، حیزبی هاوڕەنگی ژێکاف و هیوا و خۆیبوون، حیزبی شكاندنی شەرم و تەقییەی ناسیۆنالیزمی کورد و بانگی ئاشکرای دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان، 25 ساڵەی تەمەنی پڕ کردەوە.
سڵاو له 25 ساڵ خهبات و قوربانیدان له پێناو رزگاریی و سهرهوهریی کورد دا.
سڵاو لە هەنگاو و دەسکەوت و داهێنانە نەتەوەییەکان.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
مەجلیسی گشتیی
31 گوڵانی ٢٧١6
٢٠ مایسی٢٠١٦

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبه‌ بۆنه‌ی یازدەهەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان ئه‌و حیزبه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌
بابەتی دواترهاووڵاتیه‌كی بۆكانی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.