رۆژی کورد
لە ڕاگەیەندراوێکدا پارتی ئازادیی کوردستان(پاک) هۆشداری دەداتە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەمەڕ چەواشەکارییەکانی ئەم دواییەی ئەم وەزارەتە و ڕایدەگەنێت: سێ هاوڵاتیی بێتاوانی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە بۆکان و سنە و پیرانشار دەستگیر و بێسەر و شوێن کراون
پارتی ئازادیی کوردستان(پاک) رایدەگەیەنێت: “رۆژی رابردوو ٣١ جۆزەردانی ٢٧١٦ کوردی، رێکەوتی ٢٠ژووئەنی ٢٠١٦ میلادی، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، بە دەرکردنی راگەێندراوێک هەواڵی ” پووچەڵکردنەوەی چەند بۆمب و دەسگیر کردنی ژمارەیەک تێرۆریست” ی ” تەکفیری وەهابی” بڵاو کردەوە. بەر لەوەش وەزیری ئیتلاعات و عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، درۆی لەو چەشنەیان بڵاو کرد بووەوە. ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، لەو بارەیەوە بڵاوی دەکەنەوە، هیچ رادەیەک لە راستیی تێدا نییە و پیلانێکی تازەی تارانە بۆ ئەوەی هەر جووڵەیەکی ئازادیخوازیی لەو وڵاتەدا بە ” تێرۆریستیی” پێناسە بکەن و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران ، بە ” تەکفیری و وەهابیی” بناسێنن. لە حاڵێکدا ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە کە گەورەترین پاڵپشت و هاریکاری گرووپ و رێکخراوە تێرۆریستیەکانی سوننی و شێعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانە و سەرجەمی ئەو گرووپانە، سەرەڕای جیاوازییە عەقیدەتییەکانیان، بە جۆرێک لە جۆرەکان، دەچنەوە سەر وەزارەتی ئیتلاعات و رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و هێزی قودسی سوپای پاسداران. پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و میدیاکان و رای گشتیی بزانن کە ئەو دامەزراوانە، بە پلان و گەڵاڵەی جۆراوجۆر، هەر خۆیان سەدان تێرۆریستیان لە سەربازگەکانی ” ئیمام عەلی” تاران و ” ئیمام جەعفەری سادق” لە قوم و شوێنەکانی دیکە، پەروردە کردوە و لە سنوورەکانی خۆیانەوە بەڕێی ریزەکانی داعشیان کردوون.”
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی ئازادیی کوردستان(پاک) دا هاتووە؛ “ئەوەی دوا بەیاننامەی وەزارەتی ئیتلاعات ئاماژەی پێدەکا لە راستیدا، بریتیە لە دەسگیر کردنی 3 کەس لە رۆڵەکانی کورد کە بە بێ ئەوەی هیچ دەورێکیان لە چالاکییەکانی هەڵۆکانی ئازادیی کوردستاندا هەبووبێت، لە شارەکانی سنە و بۆکان و پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری و بەشداری لە گەڵ ئەوان و چالاکییەکانیان دەسگیر و بێسەر و شوێن کراون.
ناو و نیشانی دەسگیر کراوەکان بریتیین لە :
1- رەسوڵ تۆفانی کوڕی عەبدووڵا، خەڵکی بۆکان، پیشە دارتاش
2 – رەزا زەند کەریمی، کوڕی هادی، خەڵکی سنە پیشە کرێکار
3 – عەزيز ئاشناوەر، کوڕی محەمەد، خه لكى پيرانشار پيشه بازاری
پارتی ئازادیی کوردستان(پاک) ئاماژە بەوە دەکا “بزووتنەوەی رزگارییخوازیی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی لە هەر چوارچێوەی و ناویەلێکی وەک هێزی پێشمەرگە و هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان- رۆژهەڵات و هتد، ئاوێتەیە لە گەڵ گشت بەها بەرزەکانی ئازادیی ، دێموکراسی، ئاشتی، دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ. هەروەها بزاڤێکی بەهێزی دژی تێرۆریستییە و هەرگیز ئەو تۆمەت و بوختانەی تارانی پێوە نالکێ. باشترین ناونیشانی ئەم راستییەش ئەوەیە کە وا دوو ساڵە، رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستاندا لە باشووری کوردستان لە بەرەکانی جەنگ دژی داعشدا ئەو دەورە قارەمانانەیە دەگێڕن کە جێی سەرنج و پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیین و دەیان شەهید و برینداریان هەیە.”