ڕۆژی کورد: شەڕی دۆینێی ناوچەی ڕەبەت کە تێیدا بە گوێرەی زانیارییەکان ١٠ کەس لە هێزەکانی سەر بە ڕژیم کوژران و لە ناو ئەو دە کەسە ٨ جاش بوونی هەبوو، شەرێکە کە تا ئیستاش ئاسەوار و کاریگەرییە دەروونییەکانی هەر بەردەوامە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی تەرمی دوو لە جاشەکان بە بەشداریی بەشێک لە فەرماندە و بەرپرسانی سەربازیی شاری سەردەشت و بەشدارییەکی یەکجار کەمی خەڵکی ناوچە، نێژران
ئەو دوو جاشەی سەر بە ڕژیم کە ئەمڕۆ نێژراون بریتین لە:
یەک: ڕەحمان ئیبراهمی، کوڕی عەبدووڵا، خەڵکی گوندی مەلا شێخ کە ئەمڕۆ و سبەی لە گووندەکەی خۆی (مەلا شێخ) سەرەخۆشی بۆ داندراوە. شایانی ئاماژەیە کە لە پرسەنامەکەیدا هیچ ئاماژە بە هۆکاری مردن یان کوژرانی نەکراوە و هیچ ڕێزێکی نیزامی و سەربازی وەک پلەشی بۆ دیاری نەکراوە.
دوو: محەممەد ئەبووبەکری، ناسراو بە محەممەدی مەلای وسوو باوە، کە پرسەنامەکەی تەواو جیاوازە و بە ئاڵای ئێران و وشەی شەهید ڕازێندراوەتەوە، سەرەخۆشی ئەو جاشە کوژراوەش لە گوندی باوێ بەڕێوە دەچێ و لە پرسەنامەکەشیدا ناوی سپای پاسداران هاتووە.