گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان سێ کەسایەتی شارەزا لە سیاسەتدا
رۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناغێکی گرنگدا تێپەڕ دەبێ، دوو گوتاری لێک جیاوازی خەباتی چەکداری و پرس و دیالۆگ دەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی باڵی بەسەر حیزبەکاندا کێشاوە، پێناچێ حیزبەکان بیر لەوە بکەنەوە کە هاودەنگییەکی سیاسی دروست بێ! تەنانەت باسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکانیش پێناچێ سەربگرێ. لەوەها دۆخێک‌دا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی حیزبەکان ناتوانن بەرەیەکی یەکگرتوویی کوردستانی پێک بێنن؟ هۆکارە بنەڕەتییەکان چین کە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتوو نییە؟ چ بکرێ بۆ ئەوەی ئەو هاودەنگییە درووست بێ و حیزبەکان لە یەک بەرەدا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران ببنەوە.
لەم بابەتەدا،رۆژی کورد مژاری هاودەنگی سیاسی و هۆکارەکانی پێکنەهاتنی، دەگەڵ بەرێزان کاک عەبدوڵڵا حیجاب کەسایەتی سیاسی و ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کاک شاهۆ حوسێنی شارەزا لە زانستە سیاسییەکان و دوکتور مەسعود رۆستەمی شارەزا لە زانستە سیاسییەکان، تاوتوێ دەکات.
***
عەبدوڵڵا حیجاب:
تا یه‌كگرتوو نه‌بین سه‌رناكه‌وین.
پێشه‌كی سوپاستان ده‌كه‌م بۆهاڕووژاندنی ئه‌و باسه گرینگه. پرسی هاوده‌نگی، یه‌ك گوتاری و پێكه‌وه كاركردنی هێزه‌كانی به‌شدار له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، بنه‌مای هه‌موو ئه‌و پرسه سیاسیانه‌یه كه له ڕۆژه‌ڤی خه‌ڵكی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندان. ئێستا هه‌ر چه‌ند ڕۆژه‌ڤی سیاسی به ڕۆژ ده‌گۆڕدرێ، به‌ڵام پاش شه‌هیدبوونی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران به ده‌ستی ڕێژیمی مرۆڤكوژی كۆماری ئیسلامی، ئه‌و بابه‌ته حهسساستر، و ئه‌و پرسه زیاتر له هه‌موو كاتێك گرینگ بووه.
من كات و شێوه‌ی ئه‌و لێدوان و باس و خواسانهی كه له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا له پێوه‌ندی له گه‌ڵ دیالۆگ وه‌ك ڕێگای چاره‌سه‌ری داخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا هاتوونه‌ته گۆڕێ له جێ دا نابینم. ئێستا نه كۆماری جینایه‌تكاری ئیسلامی ئێران ئاڵوگۆڕێكی به سه‌ر سیاسه‌ت و ڕوانگه‌كانی به نیسبه‌ت داخوازه سه‌ره‌كیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد دا پێك هێناوه، نه بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتیمان باس یا دیالۆگێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ به سه‌ر ستراتێژیی خه‌باتیدا ده‌ست پێكردووه. بۆیه‌ش هێنانه‌گۆڕێی وه‌ها وتارێك، به بێ گفتوگۆیه‌كی تێر و ته‌سه‌ل له نێوان هێزه‌سیاسیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا، ده‌كرێ زۆر به سانایی كه‌ڵكی خراپی لێ وه‌ربگیرێ و ببێته مایه‌ی گرژی له وتاری زاڵ به سه‌ر بزووتنه‌وه‌دا. به‌ڵام وه‌ك پڕه‌نسیپ، ناڕه‌وا نیه كه باس له دیالۆگ، وه‌ك ڕێگاچاره بۆ پرسی كورد بكرێ.
كه باسی له جێ‌دا نه‌بوونی ئه‌و پرسه ده‌كرێ، به‌و مانایه نییه كه ئه‌و باسه هۆكاری قووڵتربوونه‌وه‌ی جیاوازیی نێوان دێمۆكراته‌كان یا پرش و بڵاویی هێزهسیاسییەکانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه. نا، به هیچ شێوه‌یه‌ك. من ئه‌و باسه به هۆكاری دوورتركهوتنهوهی دوو به‌شی دێمۆكرات له یه‌كتر نازانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بیانوو به یه‌كتر بگرن، جاری وایه به كۆخین و پێكه‌نینی یه‌كتریش قه‌ڵس ده‌بن. وه‌ك پڕه‌نسیپ، هیچ هێزێكی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به یه‌كجاری پرسی وتووێژ ره‌ت ناكاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هیچ لایه‌نێك پێی وا نییه كه كۆماری ئیسلامی له ماهییه‌تیدا بێ ئێستا پرسی كورد به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكا. من ئه‌و باسه‌ی كاك خالیدیش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، هه‌ر چه‌ند ڕه‌خنه‌ی جیددیم هه‌یه له شێوه و كاتی هێنانه به‌رباسی.
سه‌باره‌ت به‌و پرسه كه بۆ چی حیزبه‌كان ناتوانن به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی پێك بێنن و بۆ چی یه‌كگرتووییان نییه، تا ئێستا زۆر شت له لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه گوتڕاوه و به پێچه‌وانه‌كه‌ی هه‌ڵس و كه‌وت كراوه. ته‌نانه‌ت ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانیش كه هێزه سیاسیه‌كان بن، له زۆربه‌ی كات و ده‌رفه‌ته‌كان دا باس له پێویستیی یه‌ك وتاری و هه‌بوونی هاوده‌نگیی نێوخۆیی ده‌كه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی به كرده‌وه ده‌ستكه‌وتێكیان بێ. دیاره ئه‌و دیارده‌یه به بێ هۆكار نییه و بهرپرسایهتییهكهشی، ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی یه‌كسان به سه‌ر هه‌موو لایه‌نێك دا دابه‌ش نه‌بێ، لانیكه‌م هه‌ر لایه‌نه‌ی به‌شێكی به ئهستۆهوهیه.
له ڕوانگه‌ی منه‌وه، هه‌لومه‌رجی خه‌بات له هه‌مووی كوردستان و به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هۆكاری سه‌ره‌كییه. نه‌بوونی ئه‌زموون و ده‌رفه‌ت بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی دێمۆكراسی، نه‌بوونی سازی و ده‌زگای سه‌ربه‌خۆ كه كار له سه‌ر دێمۆكراسی بكه‌ن و تێپه‌ڕنه‌بوون له پارادایمیی سه‌رده‌می سیسته‌می ته‌ك حیزبی به‌شێك له هۆكاره‌كانن. ڕوانگه‌ی حیزبه‌كان بۆ هێز و پێگه‌ی خۆیان، هه‌بوونی چه‌ندین یه‌كه‌ی هێزی پێشمه‌رگه به بێ ناوه‌ندێكی هاوبه‌شی بڕیاردان، تێڕوانینی زه‌ینی (سووبژهكتیو) بۆ دیارده نوێیه سیاسییه‌كان و له هه‌موویشی گرینگتر هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه كه به قۆناغی زێڕینی مێژووی خه‌بات له قه‌ڵه‌م ده‌درێ، ده‌بێته ڕێگر بۆ هه‌وڵ دان بۆ داڕشتنی پلانێكی سیاسی كه ڕووی له داهاتوو بێ.
به داخه‌وه جاری وایه ڕووداوی تڕاژیك، له ڕووی هه‌ست و سۆزه‌وه جه‌وێك ده‌خوڵقێنێ كه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ڕۆژه‌ڤی سیاسی ده‌گۆڕێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌و سی و چه‌ند ساڵه‌دا دیومانه، ئه‌وه‌یه كه هێزه‌كانمان به ده‌ستپێشخه‌ریی خۆیان، به‌ر له قه‌ومان، به شێوه‌ی بهرهوكردهوه (پڕووئاكتیڤ) و به دوور له هه‌ست و سۆز نه‌هاتوون بۆ داهاتوو به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابڕێژن. پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌كان زیاتر دژكردهوهییبوون تا كرده‌وه‌یی و ئه‌وش خاڵێكی لاوازه. ته‌نیا ڕێگای ده‌ربازبوون له‌و لاوازییه ئه‌وه‌یه كه به بێ مه‌رج، دیالۆگێكی هه‌مه‌لایه‌نه و فره ڕه‌هه‌ندی له نێو هێزه كوردستانیه‌كان دا ده‌ست پێ بكرێ. هه‌ڵاواردنی یه‌ك یا چه‌ند لایه‌ن، به هه‌ر بیانووهك بێ ناتوانێ یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ لێك نزیكبوونه‌وه. به كورتی و كرمانجی تا یه‌كگرتوو نه‌بین سه‌رناكه‌وین و تا ڕوانگه‌ی زاڵ به سه‌ر وتاری ئێستای سیاسیمان نه‌گۆڕین ناتوانین یه‌كگرتوو بین.
شاهۆ حوسێنی:
کورد پێویستی بە یەکریزی و یەکگرتوویی هەیە
گومان لەوەدانێ که بەبێ شرۆڤە و لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستی لەسەر کۆمەڵناسی حیزبی سیاسی، هۆکارەکان، بەستێنەکانی سەرهەڵدانی حیزب وەک دەرکەوتەیەکی بەرهەمی مۆدێرنیتەی سیاسی، ئەرکناسی حیزبی سیاسی، رەچەڵەکناسی حیزبی سیاسی و بە تایبەتی رەچەڵەکناسی حیزبی سیاسی کوردی رۆژهەڵات، هەر جۆرە وڵامێک بەو پرسیارە ناتوانێ رووناکایی پێویست بخاتە سەر سووچ و کەلێنە تاریکەکانی دابراوی هێز و ئۆپۆزیسیونی کوردی، بۆیە ئەگەر چی باس و شرۆڤەی هەرکام لەو بابەتانە لێدوانی ورد و بەربڵاوی دەوێ، بەڵام هەوڵ دەدەم بە کورتی و بە پوختی تیشک بخەمە بەشێک لەو باسانە
کۆمەڵناسی حیزبی سیاسی:
ئەلف: رەچەڵەکی رۆژئاوایی حیزبی سیاسی
بێگومان سەرچاوە و مەکۆی سەرهەڵدانی حیزبی سیاسی رۆژئاوایە، کۆمەڵگەیەک کە لەپاش هەرەسی فێئۆدالیزم، پەرەی شارنشینی، شۆرشی زانستی و سەنعەتی، پلۆرالیزمی چین و توێژەکانی کۆمەڵایەتی بە خۆیە بینی، رەوتێکی کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەی مۆدیرنیتەی سیاسی وەک بەشێک لە رەوتی گشتی مۆدێرنیتە کە عەقڵانییەت، زانست باوەری و ئۆمانیسم سێ تایبەتمەندی بەهێزی بوون. مۆدێرنیتەی سیاسی لە ئاستی پێکهاتەدا لە یەکەم هەنگاو دەوڵەتی موتڵەقەی مۆدێرنی بەرهەم هێنا و لە پاشان بە ئاشکراتر بوونی سنووری نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و پەرەی هەڵبژاردن و مێکانیزمی نوێنەرایەتی، حیزب و رێکخراوەی سیاسی وەک نۆێنەری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ شەرعییەتدان بە سنوور، ماف و جیاوازی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە سەریهەڵدا و پەرەی ئەستاند، بە واتایەکیتر بەشێک لە جەوهەر و کارکردی حیزبی سیاسی شەرعییەتدان بە دابران و قەڵشتە کۆمەڵایەتییەکان بوو، دابڕان و قەڵشتگەلێکی کۆمەڵایەتی کە بە هۆی هەڵبژاردن و لە چوارچێوەی کایەیی سیاسی‌دا بەستێنی دەست بە دەست بوونی سالم و دوور لە کێشەی دەسەڵاتیان هەموار کرد، حاشا هەڵنەگرە پلۆرالیزمی حیزب و ریکخراوەی سیاسی بەر لە هەموو شتێک ئاماژەیە بە شەرعییەتی کەلێن و سنووره کۆمەڵایەتییەکان و دابڕاوی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە. خاوەنرایان لەسەر ئەو باوەرەن کە حیزبی سیاسی و دێموکراسی دوو رووی سکەیەکن بە جۆرێ کە ژیانی سیاسی کۆمەڵگا و دیموکراسی لەگەڵ حیزبی سیاسی لە وڵاتانی رۆژئاوایی پێوەندێکی نەپجراویان هەیە.
ب: رەچەڵەکی رووسی حیزبی سیاسی
بێگومان رەچەڵەکی رۆژئاوایی حیزبی سیاسی لە هەنگاوی یەکەمدا وەک بەرهەمی مۆدێرنیتەی سیاسی سەریهەڵدا و لە درێژەدا بوو بە کەرەسەی پەرە و مسۆگەرکردنی مۆدێرنیتەی سیاسی، دەوڵەتی مۆدێرن و دیموکراسی، بەڵام رەچەڵەکی رووسی حیزبی سیاسی بە هۆی لێنینەوە هاتە ئاراوە، لێنین لەسەر ئەو باوەر بوو که بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتی پاوانخوازی تێزارەکان و رێکخستنی شۆرشی کرێکاری، پیویستە حیزبیکی سیاسی پێشەنگ لە شۆرشگێرانی حیرفەیی پێک بێ، تا بتوانێ دەگەڵ ئەوەدا دەسەڵات وەدەست دەگرێ بەستێن و زەمینە برەخسێنێ بۆ وەدی هاتنی هەلوومەرجی عەینی و له درێژەشدا هەلوومەرجی زەینی لەناو کۆمەڵگادا پەرە پێ بدات بۆ شۆرشی کۆمۆنیستی، کەوابێ رەچەڵەکی رووسی حیزب خاوەن شووناسێکی شورشگێرانە بوو بە پێچەوانەی رەچەڵەکی رۆژئاوایی، رەچەڵەکی رووسی هیچ باوەرێکی بە پلۆرالیزم و نەتەوە نەبوو بە پێچەوانەی رەچەڵەکی رۆژئاوایی، رەچەڵەکی روسی حیزب لەسەر ئەو باوەرە بوو کە پێویست ناکات بەستێنی عەینی و زەینی بۆ ئاڵوگۆری برەخسێ بەڵکە بە هۆی شۆرش و بە کەلک وەرگرتن لە حیزبیکی شۆرشگێر لە سەرێ را بۆ خوارێ دەکرێ هەم هەڵوومەرجی عەینی برەخسێ هەم زەینی، ئاکامی ئەو رەچەڵەکە لە حیزبی سیاسی بۆ ئەو وڵاتانەی کەڵکیان لەو مۆدێلە وەرگرت بەڵام خەسار بار و وێرانکەر بوو.
رەچەڵەکی حیزبی کوردی رۆژهەڵات:
حیزبی دیموکرات وەک یەکەم حیزبی کوردستانی رۆژهەڵات و لە درێژەدا کۆمەڵە، خەبات، پاک، پەژاک و…… بێگومان سەرچاوەکەیان رەچەڵەک و مۆدیلی رووسی، چون بە پێچەوانەی مۆدیلی رۆژئاوایی کە بەرهەمی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی، هزری، ئابووری و سیاسی هەنگاو بە هەنگاو بوو، بە پەیرەو کردنی دیالێکتیکی حیزبی رووسی، ئامانجیان وەدیهێنانی ئاڵوگۆری خێرایە، واتە ئەگەر مۆدێلی رۆژئاوایی حیزب بە پشت بەستن بە هزر و گوتاری مۆدیرن و نوێ سەریهەڵدا، حیزبی کوردی بەو ئامانجە سەریهەلدا کە بە کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەی رواڵەتی بە پیکهاتەی زەینی بگات و بتوانێ ئاڵوگۆری بەدی بێنێ، بە واتایەکیتر ئەگەر حیزبی رۆژئاوایی بەرهەمی پەرەی گوتاری دێموکراتیک، شۆرشی ئابوری و سەنعەتی، سەرهەڵدانی پێکهاتەی حکوومی نوێ بوو، ئەوا حیزبی کوردی بە پەیرەو کردنی دیالێکتیکی حیزبی رووسی، بەو ئامانجە سەریهەڵدا کە بەکەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی شۆرشگێرانە ئاڵوگۆری هزری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەنعەتی پێک‌بێنێ، واتە بە خێز بتوانێ ئەو مەودا مێژووییەی کە رۆژئاواییەکان بریویانە کورتی بکاتەوە، بەڵام ئەو رەوتە و پەیرەو کردنی ئەو دیالێکتیکە لە هەناو و گەوهەری خۆیدا کێشە و قەیرانیگەلی جۆراجۆری هێنا کە گریگنترینەکانیان بریتین له؛
یەکەم قەیران: حیزبی سیاسی بە رەچەڵەک رووسی واتە ئەوانەی لەژێر کاریگەری دیالێکتیکی کردەوەیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت بوون، بە روونی ئاماژەیان بەوە دەکرد کە حیزبی چینێکن، ئەویش چینی کرێکار، واتە لەو بەشەدا کە حیزب نوێنەری چینێکی تایبەتە لەگەڵ مۆدیلی رۆژئاوایی کۆک بوون، ئەوە لە حاڵیک دایە کە حیزبەکانی کوردی حیزبێکی ناسیونالیستن، خۆیان وەک نوێنەری گەلێک بە هەموو چین و تۆێژەکانەوە پێناسە دەکەن، حاشا هەڵنەگرە کە پیکهاتەی حیزبی، لاواز و چکۆلەیە و ناتوانێ لە خۆگری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بێ و ببێتە پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتی، بەڵکە ئەزموون و تەجرەبەی ئەو کۆمەڵگەیانەی خەباتی نەتەوەییان کردوە، دەی سەلمێنێ کە پێکهاتەی گونجاو کە بتوانێ نوینەری هەموو کۆمەڵگە و بە هەموو چین و توێژەکانی بێ ” بەرەیەکی سیاسێ” بۆ وینە بەرەی پۆلیساریو “Frente Polisario”، بەرەی رزگاریخوازی ئێریترە، بەرەی رزگاریخوازی فەلەستین، تایبەتمەندی بەرە لەوە دایە کە لەگەڵ ئەوەدا لە ئاستی ناوخۆیی فدارسیون یان کۆنفدراسیونێک لە هزر و بیری جیاوازە، لە ئاستی دەرەکیش وەک نوینەری ئیرادەی نەتەوە و گەلی چاو لێدەکەن و بەفەرمیی دەناسن.
قەیرانی دووهەم: بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە سەرهەڵدانی حیزبی سیاسی لە هەناو و زاتی خۆیدا بۆ شەرعییەت دان و بەفەرمی ناسینی کەلێن و دابڕانی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگەیە و ئەمەی کوردیش پێویستیمان بە یەکگرتووییە، درێژەدانی خەبات بە کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەی حیزبی، قەڵشت و جیاوازییەکانی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە و خۆی دەبێتە لەمپەرێک بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگە، کەوابێ حاشا هەڵنەگرە کە تەنیا پیکهاتەی گونجاو وەک نوێنەری ئیرادەی کۆمەڵگە و نەتەوە نەک حیزبی سیاسی کە بەرەیەکی دێموکراتیکی سیاسییە.
قەیرانی سێهەم: ئەگەر لە هەناو و دیالێکتیکی رۆژئاوایی حیزب‌دا، تاک و کۆمەڵگە سۆبژەن، حیزب کەرەسەیەکە لە خزمەت بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵگەدا، حیزب پێویستە و زەروورە پەیرەوی ویست و داخوازییەکانی تاک و کۆمەڵگە بکات، ئەوە هەڵکەوتەی فکری و کۆمەڵگەن گەڵاڵە و نەخشەرێگا بۆ حیزب دیاری دەکەن، ئەوا لە مۆدێلی رووسی، تاک و کۆمەڵگە دێنە رکێفی دەسەڵاتی حیزب و ئەوە حیزبە گەڵاڵە و نەخشە رێگا بۆ تاکو کۆمەڵگە دیاری دەکات ، زەروورەتەکان و ئەولەوییەتەکانی تاک و کۆمەڵگە دیاری دەکات، نەخشە رێگا و چوارچێوە بۆ کۆمەڵگە دادەرێژێت. بە هۆی ئەوەکە باوەری بە هیچ دابرانێکی چینی و توێژی لە کۆمەڵگەدا نێ، مەجال بە گەشەی پلۆرالیزم ، ماف و ئازدێکانی تاک نادا. ئەوە لە کاتێک دایە کە حیزبی کوردی شەر لەگەڵ دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازی دەسەڵات دەکەن و خوازیاری کراوەیی لە سیستمی سیاسی، دێموکراسی و پلۆرالیزمن، بەڵام بە هۆی پەیرەو کردنی مێتۆدی شۆرشگێرانە و نەفی کردنی هەر جۆرە مێتۆدێکی تر لەگەڵ درووشمەکانیان لە پارادۆکس و قەیران دان.
چۆن دەکرێ لەو دۆخە دەرباز بین:
بێگومان کورد پێویستی بە یەکریزی و یەکگرتوویی هەیە و ئەوەش بە مانای بوونی تاک حیزبی، تاک مێتۆدی خەبات و تاک رێبەری لە خەباتدا نییە، بەردەوامبوونی خەبات لە چوارچێوەی حیزبی سیاسی شۆرشگێردا جگە لەوە کە قەڵشت و دابڕانەکانی کۆمەڵگە قووڵتر دەکاتەوە، دەبێتە هۆی لەبەر چاو نەگرتن و لەپەراوێز خستنی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە و چالاکانی بوارەکانی جوراوجور لە ئێستادا. تاکە سیستمی گونجاوی خەبات بۆ رۆژهەڵات کەڵک وەرگرتن لە گووتارێکی دێموکراتیکی نەتەوەیی، پێکهاتەی بەرەیی و مۆدیلی رایزۆماتیکی خەباتە کە لە خۆگری هەموو چین و توێژەکانی چالاکی کۆمەڵگەیە و هەرکەس بە پێی کەسایەتی، لێهاتووی و چالاکی خۆی لە جێگە و پێگەی شیاو و گونجاو جێدەگرێ، ئەوەش نالوێ مەگەر چینی هەڵکەوتەی فکری و چینی هەڵکەوتەی سیاسی بگەنە لێک‌نزیک بوونەوە و یەکگرتوویەکی شیاو، بە جۆرێ کە چینی هەڵکەوتەی فکری، بەرهەمهێنی فکر و هزری بەرۆژ و گونجاو بێت و نەخشە رێگای زەینی دابرێژی و هەلکەوتەی سیاسی بە پەیرەو کردنی بەرهەمی هزری و زەینی هەڵکەوتەی فیکری بەرەوە ئاسۆیەکی روون هەنگاو بنێنن، ئەزموونی رابردووی کورد و هەموو ئەو گەلانەی سەرکەوتوون ئەوە دەسەلمێنن، یەکگرتوویی هەڵکەوتەی فکری و سیاسی زامنی سەرکەوتن گەویشتن بە ئامانجەکانە.
مەسعود ڕۆستەمی:
کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنایەک لە داهاتووی هاوبەشی نییە.
بۆ تێگەیشتن لە (نێیەکێیتی) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی هاودەنگی و کۆدەنگی لە شێواز و وێژمانی خەبات، پێویستە هەموو رەهەندەکان بخرێتە بەر خوێندنەوەیەکی قووڵی زانستییانە. وەها بابەتێک، کە بە ڕای من رێشەو بنەمای فەرهەنگی هەیەو نووسینێکی کورت ناتوانێ دەرگای رزگاربوون بکاتەوە. بەڵام بە پێی هەندێ زەروورەتی هەنووکەیی، ئەگەر بمهەوەێ بەش بە حاڵی خۆم و ئەم بابەتە کورتە، پەنجە بخەمە سەر یەکێ لەم رەهەندگەلە، بە پێویستی ئەزانم ئەو رەهەندە راڤەیێک بێت لە سەر (نێچەمکی) هاوبەش کە خۆی رەنگدانەوەی (نێپێوەندییەکی) ئینتێرسۆبژێکتیڤیتییە لە جیهانژینی کوردی رۆژهەڵات.
هەر نەتەوەیەک، چ ئەو کاتەی کەوتۆتە ژێر مەترسییەوە، یان ئەو کاتەی کە خولیای پێشڤەچوون و گەشەی هەیە، پێویستە لە یەکەم هەنگاو وێنایەکی زەینی هاوبەشی هەبێت لە رزگاری یان گەشەو پێشڤەچوون. ئەم وێنایە تەنیا کاتێک پێکدێت کە پێوەندییەکی ئینتێرسۆبژێکتێڤیتی لە مێتاوێژمانێکدا هاتبێتە ئاراوە. مێتاوێژمانێک کە ببێتە هۆی تێگەیشتنی کۆدەنگانە لە چەمکگەلێک وەک ئازادی، ئەخلاق، دێمۆکراسی، عەداڵەت و هتد؛ هەروەها چۆنییەتی ئاکچواڵکردنی ئەم چەمکگەلە و هەڵگرتنی هەنگاو بەرەو قۆناخێکتر. بە واتایەکی دی، سوژەی کوردی لە دەقێکی ئینتێرسۆبژێکتیڤدا گەشەی نەکردووە.ئەم سوژەیە تەن بە پێوەندی ئێنتێرسۆبژێکتیڤ نادات و دوورگەیەکی پەرژینکراوی لە جیهانژینی کوردی بە دەوری خۆی پێکهێناوە. وەها سوژەیەک، کاتێ دێتە گۆڕەپانی سیاسەت و لە ڕێکخراوەیەکی سیاسی‌دا بەشدار دەبێت، بە هەمان ئەقڵییەت هەڵسوکەوت دەکات. (نێچەمکی)هاوبەش لە ئاکامی ئەم (نێپێوەندی) ئینتێرسۆبژێکتیڤییەدا، وایکردووە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنایەک لە داهاتووی هاوبەشی نەبێت، بەڵکوو وێنایەکی فرەدوورگەیی کە هەر حزبێک نوێنەرایەتی یەکێ لەم داهاتووگەلە دەکات، ببیندرێ. لە وەها دۆخێک‌دا، بێگومان ئەگەر نزیکبوونەوەیەکیش بێتە ئاراوە، نە بەرهەمی تێگەیشتنی هاوبەش لە داهاتوو، بەڵکوو هەست و عاتفە دەیخۆڵقێنی کە ئەویش پاش نیشتنەوەی ئاگری هەست کۆچ دەکات. بۆیە تا ئەو کاتەی کورد وێنایەکی زەینی هاوبەشی لە دەقێکی مێتاوێژمانیدا نەبێ، هیچ جۆرە یەکگرتنێک نایێتە ئاراوە.