دانیێل لیبس کیند، تەلارسازی نیویۆرکی، پلانی موزەخانەیەکی لە باشووری کوردستان ئامادە کردووە کە قولینچکەکانی ئەو بینایە تیژن و بە شێوەیەکی ئوڕۆیی و نوێ داڕێژراوە.
ماڵپەری (dezeen) لەمبارەوە بلاویکردەوە؛ ئەو موزەخانەیە، گەورەترین و سەرەکیترین ناوەندی هونەرەکانە لە کوردستانی عێراق کە مێژوو و نەریتی کوردەکانی تێیدا دەخرێتە بەر چاو.
کۆمپانیای لیبس کیند ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، بە فەرمی ئەو پرۆژەیەی ڕاگەیاند هەرچەند پرۆپاگەندەکانی ئەو پرۆژەیە ساڵی ٢٠١٠ بڵاو بۆتەوە.
ئەو موزەخانە کوردییە لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.
ستۆدیۆ لیبس کیند لەم بارەوە گوتی: ئامانجی ساز کردنی ئەو پرۆژەیە، ناساندنی کوردە بە جیهان و هەروەها بۆ نەوەکانی دواڕۆژ کە نەریت و کەلتوور و مێژووی خۆیان لە بیر نەکەن.
شایانی ئاماژەیە کە کۆمپانیای ستۆدیۆ لیبسکیند پێشتر پرۆژەگەلی بەناوبانگی وەک موزەی جوولەکەکانی برلین و موزەخانەی میژووی سەربازیی درێدزینی ساز کردووە.
مۆزەخانەکە لە نزیک قەڵای مێژوویی هەولێر هەڵکەوتووە کە رووبەرەکەی پازدە هەزار پێی چوارگۆشە دەبێت.
لە مۆزەخانەکە شوێنی تایبەت بۆ پێشانگەی هونەری هەیە . هاوکات چەند هۆڵێکی کۆنفرانس، سەنتەری راهێنان و فێرکردن و ئەرشیڤی دیجیتاڵی لەخۆ دەگرێت و گۆڕەپانێکی کراوەی دەبێت بۆ حەسانەوە و سەردانی خەڵک و گەشتیاران.