بەرپرسێکی حکوومەتی: “لەسەدا ٧٠ی منداڵانی ناوچە سنوورییەکان دەیانهەوێ ببنە قاچاخچی”

0
606

ڕۆژی کورد: لە ئەنجامی بێکاری و بێ ئەنجام بوونی خوێندن لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکان، بەگوتەی بەرپرسێکی ڕژیمی ئێران، لەسەدا ٧٠ی قوتابیانی ئەو ناوچە هەژارو پەراوێزخراوانە لە داهاتوودا دەیانهەوێ ببن بە کۆڵبەر و کاسبکاری سەر سنوور.

هەواڵدەریی دەنگ و ڕەنگی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری حەبیبوڵڵا حەقیقی، بەرپرسی ستادی “بەرنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخ”، ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە ناوەند و لێپرسراوانی ڕژیم دەستیان لە قاچاخی کەلوپەلدا هەیە.

بەرپرسی ستادی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخ ڕایگەیاندووە: ئەو دیاردەیە قازانجێکی زۆری تێدایە و قووڵایی ئەو دیاردەیەش گەیشتۆتە ئاستێک کە لەسەدا ٧٠ی مندالانی شارێکی سنووری لە وانەی “ئینشا”دا نووسیویانە کە دەیانهەوێ لە داهاتوودا ببن بە “قاچاخچیی سووتەمەنی”.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە ناوی ئەو شارە سنوورییە نەکردووە، بەڵام ماڵپەڕی “زریان” پێشتر بڵاوی کردبوویەوە کە ساڵانە ژومارەیەکی بەرچاو لە قوتابیانی پۆلی ناوەندی و دواناوەندی لە شاری بانە دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و ڕوو لە کۆڵبەری و کاسبیی سەر سنوورەکان دەکەن.

ئەو ماڵپەڕە نووسیبووی کە قوتابیان بە سەرنجدان بە دەوروبەری خۆیان و چارەنووسی کەسانی دەوروبەر، بەتایبەت ئەو کەسانەی خوێندنیان لە زانکۆکاندا تەواو کردووە، واز لە خوێندن دێنن و تێکەڵ بە بازاڕی کار دەبن.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد باقی ئولفەت، جێگری بەرپرسی دەزگای دادوەریی ڕژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: لەسەدا ٦٠ی داخرانی کارگە و کارخانەکان بەهۆی “دۆخی قاچاخ لە ئێران”دایە.

ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی: کۆمەڵێک “دەست و پێ سپی (یقه سفید)” ڕۆڵیان لە دروست بوونی دیاردەی قاچاخدا هەیە و ئەگەریش ئەمڕۆ کەلوپەلێکی قاچاخ دەستی بەسەردا بگیرێ، دوای ماوەیەکی کورت لە ڕێگەی ئەو بەرپرسانەوە دەگاتەوە بازاڕەکان.

کارناسانی سیاسی و ئابووری لەو باوەڕەدان کە “دیاردەی قاچاخ” بەهۆی گەندەڵییەکی سیستماتیکەوەیە کە ڕژیمی ئێران و ناوەندە جیاجیاکانی ئەو ڕژیمە پێکیان هێناوە.

عەلیڕەزا جەمشیدی، بەرپرسی تەعزیراتی ڕژیم، ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی ئێراندا ڕایگەیاندبوو کە “مافیاکانی دارایی و دەسەڵات” برەو بە دیاردەی قاچاخ لە ئێراندا دەدەن و بە شێوەیەکی ڕێکخراو کاری بۆ دەکەن.

بەبڕوای چالاکانی سیاسی، (ناکارامەیی دەوڵەت و دەسەڵات، نەبوونی پلانی ئابووری و ئاوەدان کردنەوە، پەراوێز خستنی نەتەوە غەیرەفارسەکان و پلانی زێدە خوازیی ڕژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچە، هەژاری و بێکارییەکی لە ڕادەبەدەری بەدوای خۆید هێناوەو ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە “قاچاخ” و “کۆڵبەری” وەکوو پیشە ئەژمار بکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.