بڕیارە ١٢و١٣ی سێپتامبر لە گوندی “بان زلانی خواروو” سەر بە ناحیەی گەهوارەی شاری داڵاهۆی کرماشان یەکەمین فێستیڤاڵی تەموورە بە بەشداری تەموورەژەنانی کوردستان بەڕێوە بچێت.
“عەلی ئەکبەر مورادی”، ئاوازخوێن و ژەنیاری ناسراوی کوردستان و دامەزرێنەری ماڵی تەموورە رایگەیاند، لەکۆتایی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکدا دامەزراندنی ماڵی تەموورە رادەگەیێنن و بە فەرمی دەکرێتەوە. ناوەندی سەرەکی ماڵی تەموورە لە گوندی “بان زلان” دەبێت.
لەو فێستیڤاڵە دوو رۆژییەدا، هونەرمەندانی کرماشان، لۆڕستان، هەمەدان، تاران و کەرەج بەشدار دەبن و بەشێوەی تاک و گرووپ کێبەرکێی یەکدی دەکەن و لە کۆتاییدا ژەنیار و گرووپە سەرکەوتووەکان خەڵات دەکرێن.
بەگوتەی عەلی ئەکبەر مورادی، تەموورە ژەنانی هەموو جیهان دەتوانن لە ماڵی تەموورەدا ببنە ئەندام.