کوردی ڕۆژهەڵات لە شەڕی عەرەبستان و ئێراندا

0
994
ئاوات قوڕەیشی
ئاوات قوڕەیشی

نووسینی: ئاوات قورەیشی

ماوەیەکە کۆماری ئیسلامی لە دام و دەزگای تەبلیغی خۆیدا کۆنسێرتێکی مەترسیداری لە دژی کورد دەسپێکردووە.بە تایبەت لەم ئاخرانە کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵ دەدا کە کوردستان بە ڕوواڵەتێکی وەهاوە بنوێنێ کە گۆیا ” داعش پەروەر و سەلەفی پەروەرە”.

لەمبارەیەدا بە خشکە دەزگای ئەمنییەتی و هەوەها دەزگا تەبلیغییەکانی خۆی بۆ ئەوە وەگەڕ خستووە کە سیمای ڕاستەقینەی نوێخوازانە و دێموکراسیخوازانەی بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا داپۆشن و بە جیگای ئەم سیما ڕاستەقینەیە چەق ببەستنە سەر لایەنێکی توندڕەوی مەزهەبی کە لانی هەرە کەمی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش نین.

ئەمانەش هەموو بۆ ئەوەیە کە هەرجۆرە سەرکوتێکی لایەنە ڕاستەقینەکەی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بە ناوی سەرکوتی توندڕەوە مەزهەبییەکانەوە شەرعی بکەنەوە.

بەگەشتی ئەمە پیلانێکی بەوردی داڕژاوە کە نابێ لە هاتوهوریای ڕووداوە سیاسییەکاندا لێمان ون بێت و چالاکان و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لێی بێخەبەر بن.

بە کورتی ئەم مەترسییە کە لە  هەوڵی ئامادەکاریی زەینیدایە لە ناو هێزە نێوخۆییەکانی وەک سپای پاسداران و لە ناو هاوپەیمانەکانی دەرەوەی سنوردا وەک حەشدی شەعبی لە  دژی کورد، بۆ ئەوەیەتی کە خواستەکانی کورد لە ناوخۆی ئێراندا بە تایبەت بە پلانی عەرەبستان ناوزەد بکات.

ئەمە هەروەها هەوڵدانە بۆ سازکردنی گوتارێک کە بانگەشەی شەرعییەت لە دژی خواستەکانی گەلی کورد دەکا و بە تەمایە شانی کورد تا ئاستی شەڕە مەزهەبی و نزمە تایفییەکەی خۆی لە ناوچەکەدا نزم بکاتەوە.

ئەم کۆنسێرتە تەبلیغاتییە چەند جۆرە بەردەنگی سەرەکی لە ناوخۆ و درەوەدا هەیە. لە ناوخۆدا ئەمە خۆراکێکی زەینییە بۆ هێزەکانی سپای پاسداران و بە گشتی ئەو لاوە ئێرانییانەی کە لە ناوخۆی ئێراندا لە باری فکرییەوە تێوەگلاوی بیری کێشەی سوننە و شێعەن.

 ئەمەش وەک ئەو سەردەمەیە کە دەزگای تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی لاوەکانی بەو چیرۆکە هان دەدا کە خۆشکە موسوڵمانەکان لە مزگەوتی سنە بە دەست کومونیستە کوردەکان …

هاوکات ئەم نوسخەیە بۆ هاندانی کەسانێک کە لە ئێراندا هەڵگری بیری ئێرانیچییەتین و جیا لە باری مەزهەبی، بە باری ناسیۆنالیسمی ئێرانیدا عەرەبستان بە ئەهریمەنی لە مێژینە دەزانن، گونجاوە.

 ئەمەشیان هەروەک ئەو کاتانەی کە  لە شەڕی ئێران و عێراقدا کەم نەبوون ئەو لاوانەی کە نە لەبەر مەزهەب بەڵکوو بە بیری ئێرانیگەرییەوە پەیوەستی جەبهەکان دەبوون.” بایەخەکانی شەڕی سەردەمی ئێران و عێراق کە لە لایەن دام و دەزگای کۆماری ئیسلامییە تەبلیغ دەکران دوو ڕووی هەبوو واتە بایەخە نیشتمانییەکانی ئێران و بایەخە مەزهەبییەکان کە بە هۆی زاڵ بوونی کۆماری ئیسلامی بە سەر دەربیجەکانی ڕاگەیاندندا، بایەخە نیشتمانییە ئێرانییەکان زۆر بە بێڕەنگی و لاوازی لە پروپاگاندادای ئەو کاتدا دەبیندرێن”.

لە دەرەوەی کوردستان ئەم شێوازە تەبلیغییە بەتەمای ئامادەکاریی زەینییە لە نێوان هێزی هاوپەیمانە ناوچەییەکان، واتە لە  نێو ڕیزی گروپەگەلی وەک حەشدی شەعبی و حیزبوڵادا کە هۆکارەکەی جێگای باسی تایبەتی خۆی هەیە و پێناچێ لە دووتۆی ئەم نوسینەدا بگونجێ.

ئاستێکی دیکە لە بەردەنگەکانی ئەم شەپۆلە تەبلیغییە هەندێک لایەنی کوردییە کە ئەم خاڵەیان بۆ ئێمەی کورد گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە و پێویستە لێی وشیار بین.

کۆماری ئیسلامی بە باشی ئاگاداری ناتەباییی “ڕای کورد” لە ئاستی میدیایی و فرەبۆچونید هەیە، ئەوان ئەوە باش دەزانن کە کوردەکان یەکتر بە هاوکاریکردن و هاوپەیمانایەتی دوژمن تۆمەتبار دەکەن.

ئەم خاڵە بەلای ئەوانەوە بەرچاوە کە بەشێک لە کوردەکان بە بەشەکەی دیکە دەڵێ هاوکاری تورکیە و عەرەبستان و داعش، بەشەکەی دیکەش بە بەرامبەرەکانی دەڵێ هاوکاری ئێران و بەشار ئەسەد و هەروەها دەزانێ کە چۆن و بە چ شێوە “ڕای گشتیی کوردی” بە سەر چەند بلۆکدا دابەش بووە!

لە نێوان ئەم بلۆکانەدا کۆماری ئیسلامی بە تەمایە ئەو لایەنە لە بیر، زاڵ بکات کە قامکی تۆمەتی  هاوپەیمانیی عەرەبستان و ئیسرائیل و تورکییە ڕوو دەکاتە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات!

بە زاڵ کردن و بە سەرکەوتن گەیاندنی ئەم لایەنە لە تەبلیغات بۆ کۆماری ئیسلامی بە سوود و بە قازانجە و بەو مانایە دێت کە کۆماری ئیسلامی لە بابەتی لەت کردنی ڕای کوردی دەربارەی دەوری تازەی جموجۆڵی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرکەوتنی تەبلیغاتی وەدەستهێناوە.

ئەو واقعەی کە لە ناوچەی ئێمە لە ئارا دایە ئەمەیە کە شەڕێکی کۆنەپەرستانەی مەزهەبی بەتایبەت بە هۆکاری هەڵسوکەوتی ناسڵامەتی چەندین ساڵەی ئێران لە ناوچەکەدا، لە ئارادایە، ئەمە وایکردووە کە هەردەم ئەگەری هاتنە ئارای کێشەی سیاسی ناسڵامەت و شەڕی دوواکەوتووانەش لە ئارادا بێ، کە ئەمە لە ساڵانی پێشوشدا هەر بەم شێوەیە بووە و کەس ناتوانێ بڵی شەڕ و کێشەیەکی وەهام لە بیرە لەم ناوچەیەدا کە پێشکەوتووانە بووە. واقعی سیاسی و هەڵکەوتەی هاوکێشەکانیش نە بە دڵی کورد پێشکەوتووانەیە و نە لە بەر دڵی کوردیش قەرارە ببێتە پێشکەوتووانە.

واقعێکی دیکەش ئەوەیە کە کورد چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باقی پارچەکان، لە خەباتی خۆیدا بەرەو ئامانجەکانی ناچارە وێڕای خەباتی ناو پارچەکان بڕوانێتە ئاڵوگۆڕیی دەرەوەی سنورەکان و گۆڕانکاری هاوکێشەکان .

ئێستاش کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی کردەوەی خۆی و هاندانەکانی خۆی، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا لە دژی، هاوپەیمانی ساز بێت، تاوان و هەڵەی کوردی ڕۆژهەڵاتی تێدا نییە و زۆر ناڕەوایە کە دەستی چەوری خۆی بە جلی کوردەکان خاوێن بکاتەوە.

کێشەی کوردیش لە ئێراندا و لە بەربەرەکانی کردن لە دژی کۆماری ئیسلامی و دژی زوڵم و ناحەقییەکانی کە لە گەڵ کوردی دەکا، زۆر لە مێژینەترن لە بەزمی ئەو کێشانەیە کە وا ئەو ئێستا و لەم سەردەمەدا لە گەڵ عەرەبەکان هەیەتی و لە مێژینەتریشن لەو هاوپەیمانیەی کە ئێستا لە بەرامبەر خۆیدا دەیبینێ لە ناوچەکەدا.

هاوکاتیش کوردی ڕۆژهەڵات ئەگەر بییەوێت ئەو هەلانە لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە کە بە هۆی کێشەی دەرەکی بۆ ئێران ساز دەبێت، جا چ لە گەڵ عەرەبستان یان ئەمریکا یان هەر کەسی دیکە بێت، مافێکی ڕەوایە بۆی بە شەرتی پاراستنی پرەنسیپە پێشکەوتو و ناسراوەکانی خەباتی کوردی کە بە تایبەت لەم چاخەدا ناوبانگی جیهانی دەستەبەر کردووە.

کوردی ڕۆژهەڵات ناتوانێ ڕاوەستێ هەتا ڕۆژێک وڵاتێکی پێشکەوتوی وەک سوئێد بکەوێتە شەڕ و ناکۆکی لە گەڵ ئێران جا ئەمجار لە کێشە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ.

لە ناوچەیەکی تەندراو بە کۆنەپەرەستی و دەمارگرژی و شەڕی تایفی و مەزهەبیدا، ئێمە ناتوانین دوژمنی پێشکەوتوو بۆ کۆماری ئیسلامی و ئێران پەیدا بکەین بەڵام ئەم وڵاتە بە هۆی نابەرپرسایەتی و پاشکەوتویی خۆی دەتوانێ شەڕ و قڕەی دواکەوتووانەی مەزهەبیش بۆخۆی پەیدا کات و کردوویەتی.

 هەروەها زۆریش ناڕەوایە کە لە کاتی وەهادا بە کوردی ڕۆژهەڵات بڵەی ڕاوەستە با جارێ ئەم کێشە دواکەوتووانەی ئەم و بەرامبەرەکانی کۆتایی بێ جا تۆش بکەوە هەوڵی خۆت بۆ جوڵاندنی خەباتەکەت! هەروەها ناڕەوایە کە کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی جیهانەوە بنکە و هاندەری هەموو قڕە و نائەمنی و ناسەقامگیرییەکان لە ناوچەکەدا بێ و هۆکاری هاندانی شێعە و سوننە بێ، بەڵام کاتێک لە دەرەوە تینی بۆ دێ، بێتەوە و لە ناوەخۆی ئێراندا قینەکەی لەسەر کورد هەڵبڕێژێت.

زۆریش ساکارانەیە ئەگەر کوردی ڕۆژهەڵات نەتوانێ شکستە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە، جا چ ئەم شکستانە لەگەڵ هەندێک لایەنی پاشکەوتوی وەک خودی کۆماری ئیسلامی بەرهەم هاتبێ چ لە گەڵ ئەو دوژمنە پاک و خاوێنە پێشکەوتووەی کە هەر بوونی نییە.

بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەت ، لە ناوخۆیدا و ڕوو بە دەرەوەی خۆی، خاوەنی کۆمەڵێک پرەنسیپی ناسراوی پێشکەوتووانەیە و لە هیچ ئەگەر و ئیمکانێکدا قابلی پێشێل کردن نین و ئەم شەپۆلە تەبلیغاتییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان تەنیا بۆ شەرعییەت دانە بە سەرکوتی کورد و حیزبەکانی لە ئێران و پێشەکیەکە بۆ ئەو خەونە مەترسیدارانە کە دەزگا پیلاندارێژەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی کورد دەبینن.

پێویستە لایەنە کوردییەکان و بە تایبەت ڕای گشتیی کوردی بە ئاسانی بە لای ئەو وشانەدا تێپەڕ نەبن کە بەرپرس و دەزگا تەبلیغییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لەم ئاخرانەدا وەک تۆمەت دەیخەنە پاڵ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات.

ئەم قسانە بۆنی خوێنیان لێدێ و لە زەینێکی پیلاناوییەوە دێن و هەسانی چەقۆ تیژ کردنن بۆ داهاتویەکی نزیک. ڕێخۆشکەرن بۆ تێرۆری دەرەکیی چالاکانی کورد و سەرکوتی هەرچی زیاتری ناوخۆیی.

ئەم پرسە کاتێک زیاتر جێگای مەترسی و داخ دەبێ کە لە خودی بازنەی کوردیدا، بە شێوەیەکی ساویلکانە بکەوینە ئەو داوە و بێ ئاگایانە ببینە سەربازی تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی و هەمان ناوەڕۆکی تەبلیغی لە دژی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، دووپات بکەینەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت