پێشەکی:
هونەر بە گشتی لە ناو کورددا هەم ڕێزی بووە و هەمیش دەکرێ بڵێین بێ ڕێزە، شیکردنەوەی ئەو وتەیە خۆی بەڵکوو پێویستی بە بابەت و شیکردنەوەیەکی تەسەل هەبێ، بەڵام لە ناو هونەرەکانێشدا هەندێ هونەری نوێ وەک ماکێت سازی، یان هەر نەناسراون یان فرە کەم ناسراون و زۆر کەس لەوانەیە هەر بە هونەریشیان ئەژمار نەکا، ئەوەش هۆکاری خۆی هەس و زۆرتر لە ڕوانگەی فەلسەفیی سیستەمی زاڵ بە سەر کورددا سەرچاوە دەگرێ.
هونەرمەندی کورد لە دوو لاوە مەیلی نراوە و کەم مەیلی پێ کراوە، یەکیان دەوڵەت و سیستەمی زاڵ کە ئەگەر بۆی بلوێ بە گشتی یان لە ناویان دەبا یان لە ناو فەلسەفەی هەبوون و دیسکۆرسی خۆیدا دەیانتوێنێتەوە، ئەوەی تریشیان گەلی کورد و جڤاکی خۆمانە کە لە ژێر ئەو هزرە ڕەشەی داگیرکەردا زۆر جار مەیلی هونەری ناوە و لە ناو هەموو هونەرەکان تەنیا بە شیعرەوە نووساوە، تەنانەت لە ئەدەبیشدا نە ڕۆمان دەناسێ و نە چیرۆک دەخوێنێتەوە.
یەکێک لە وهونەرمەندە پڕ شانازییانەی گەلی کورد، هونەرمەند کەماڵ عەزیزی (مەنداک)ـە، گەنجێکی کوردستانی خۆرهەڵات، تەژی لە وزە، داهێنان و ئاوات، ڕۆژی کورد وەک ناوەندێکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و نەتەوەیی کورد، کە بەپێی دەرفەتی خۆی هەوڵی داوە سەرجەم هونەرمەندان، نووسران و ساعیران و …تاد، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕوانین و بواری کارییانەوە، بەسەر بکاتەوە، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.
ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ بە کورتی خۆتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بناسێنن. هەروەها باس لە تەمەندی هونەری خۆتان بکەن
عەزیزی: من کەماڵ عەزیزی “مەنداک” لە دایکبووی ساڵی 1362ی هەتاوی لە گووندی کانی تۆمار سەر بە شاری بۆکان. هەروەک هەموو منداڵێک پێش قسەکردن بە نیگارکێشی دەستم پێکرد. لە تەمەنی 15 ساڵیمدا بۆ یەکەمجار ڕووم کردە جیهانی ماکێت سازی و خۆم لەودا دیتەوە کە تا ئێستاش هەر درێژە بەو هونەرە دەدەم.
ڕۆژی کورد: تا ئێستا بەرهەمەکانتان چی بوون. ئەگەر بکرێ ئاماژەیەک بە کارە هوونەرییەکانتان بدەن.
عەزیزی: تا ئێستا زۆرم ماکێت درووست کردووە بەڵام بەشی زۆرتری بەرهەمەکانم لەسەر شوێنە مێژوویەکانی کوردستان بووە.
بۆ نموونە دەتوانم نێوی ئەو ماکێتانەم بێنم:
– ماکێتی تەختی سوولەیمانی تیکاب کە ئاسەواری سەردەمی ساسانی و ئیلخانێکان ـە.
– ماکێتی قەڵایچی بۆکان کە ئاسەواری سەردەمی ماناکان ـە.
– ماکێتی قەڵای سەرداری بۆکان کە ئاسەواری سەردەمی قاجارـە.
– ماکێتی قەڵای هەولێر کە ئاسەواری سەردەمی عووسمانیەکان ـە.
– ماکێتی مزگەوتی حەمامیانی بۆکان کە ئاسەواری سەردەمی قاجارـە.
– ماکێتی مزگەوتی جامیعەو حەوزە گەورەی بۆکان.
– ماکێتی مزگەوتی سووری مەهاباد کە ئاسەواری سەردەمی سەفەوی یەکانە.
– ماکێتی گڕاوانی سەردەشت کە شوێنەوارێکی سرووشتی بەناوبانگی کوردستانە لە ڕۆژهەلات.
و هەروەها زۆر شوێنی تر.
ڕۆژی کورد: هونەری ماکێت سازی لە ناو کورددا تا ئێستا چۆنە ئایا برەوی سەندەووە یان نەناسراوە؟
عەزیزی: بە داخەوە ماکێت سازی تا ئێستا سەرەڕای ئەو تواناییە زۆرەی کە لە ناساندنی مێژووی کۆنی وڵاتێک و نەتەوەیەکدا هەیەتی، بە کۆمەڵگا نەناسراوە و تەنیا خەڵک وادەزانن لقێکە لە میعماری (تەلارسازی) و هیچی تر، بەڵام ماکێت سازی زۆر لقی هەیە که ئێستا عەرزتان دەکەم ومن وەک خۆم لە هەر هەموو لقەکانیدا کارم کردووە.
1: ماکێت نیمە حەجمی “اتۆدی” (قەوارەیی)
2: ماکێت حەجمی (نیوقەوارەیی)
3: ماکێتی نەما (نما)
4: ماکێتی نیوە بوڕێش (نیوە بڕاو)
5: ماکێتی بوڕێش (بڕاو)
6: ماکێتی ستوون (کۆڵەکەیی)
7: ماکێتی شناژ و بتۆنڕیزی (چیمەنتۆیی)
8: ماکێتی خەرپا
9: ماکێتی ماشێن ئالات (ماکێتی ترۆمبیل و ئامرازەکان)
10: مینی ماکێت (ماکێتی گچکە یان وردیلەماکێت)
11: ماکێتی تەبلیغاتی (ڕێکلامی)
12: ماکێتی بەرجەستە
14: ماکێتی پرسپکتیو
15: ماکێتی تۆبۆگرافی
16: تابڵۆ ماکێت
17: موادی ئەوەلیەی ماکێت سازی (کەرستە سەرەتاییەکانی ماکێت)
18: ماکێتی فۆرم
ڕۆژی کورد:ماکێت سازی و ماکێت ساز چۆن دەتوانن خزمەت بە کورد بکەن؟
عەزیزی: مەودا و پانتایی خزمەت کردن لەو بوارەدا بەرینە، من ئاماژە بە دوو نموونە دەکەم. ماکێت ساز دەبێ ئەو بینا مێژووییانە کە لەناو چوون وەک سەردەمی خۆی درووستیان بکاتەوە تا نە تەنیا بە خەڵکی کورد بەڵکو بە دونیا بڵێ کە ئێمە خاوەنی شارستانییەت و مێژوویەکی کۆنین. ماکێت ساز دەتوانێ بە دروست کردنی تابڵۆ ماکێت کێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا بخاتە ڕوون و بیانناسێنێت.
ڕۆژی کورد: یەکێک لە بەرهەمە پڕ بایخەکانی خۆتان سووتاند، ئەگەر بکرێ هەم باسی بکەن هەم بفەرموون بۆ ئەو کارەتان کرد؟
عەزیزی: بەڵێ ماکێتی تەختی سوولەیمانی تیکاب کە یەلەمین بەرهەمی گەورەی هونەریم بوو، سووتاندم. ئەو ماکێتە یەکێک لە خۆشەویستترین کارەکانم بوو هەر بۆیەش ئەوم هەڵبژاد تا پەیامی ناڕەزایەتی خۆم بە بەرپرسانی بۆکان و پارێزگای ورمێ بگەیێنم تا لەوە زیاتر بێڕێزی بە هونەر نەکەن، هەڕەشە لێ کردن و ترساندنی هونەرمەند یەکێک لە بەرنامەکانی بەرپرسانی ئێرانە بە گشتی، چوونکە هونەرمەند دەنگهەڵبڕە و خەریکە بە چەکەکەی کە قەڵەمە قسەی کۆمەڵگایەک دەکات، من لەگەڵ هونەر تێکەڵ بووم و وەک پەیوەندێکی بەهێز ئەو پەیوەندییە دەبینم کە ماکێت سازی ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە هونەر، ماکێتی تەختی سوولەیمان بۆمن وەک منداڵێک بوو و دوو پەیامی گەیاند: پەیامی درووست بوونی و پەیامی سووتاندنی.
ڕۆژی کورد: کێشەکانی هونەرمەندێکی کورد بە گشتی و هونەرمەندێکی ماکێتی سازی کورد بەتایبەتی لە ئێران چیە؟
عەزیزی: هونەر لە ئێراندا ئاستەنگە و هونەرمەند چوارچێوەیەکی ئەوەندە بەرتەسکی بۆ دابین کراوە کە تێیدا گەیاندنی پەیغامێک بە کۆمەڵگا لە چوارچێوەیەکی ئاوەها بچووکدا زۆر سەختە، بەڵام لە ماکێت سازیدا، هونەرمەند لەناو چوارچێوەکەشدا دەستت بەستراوەیەماکێت ساز ڕوون کردنەوەی مێژوویە کە بۆ ئێران سەمم و ژەهرە.
ڕۆژی کورد: پلانتان بۆ داهاتوو چیە؟
عەزیزی: ئێستا کە لە ئۆرووپام وەک ماکێت سازێکی کورد دەمهەوێ کار بکەم. ناساندنی کورد بە خەڵکی ئێرە (دانمارک و ئوروپا)، لە بەرنامەی ئەمڕۆییمدایە بەڵام بۆ داهاتوو تەنیا دەمهەوێ به دەستێکی پڕ بگەڕێمەوەو باشتر و زیاتر خزمەت بە کورد بکەم.
ڕۆژی کورد: ئەگەرلە کۆتاییدا قسەیەکتان هەیە، تکایە بفەرموون.
عەزیزی: هونەر ڕێگایەکە بێ ڕاوەستانە کە خۆی حەسانەوەیەکە پڕ لە چێژ. هیوادارم بتوانم کاری باشتر بکەم و بتوانم ماکێت بناسێنم بە کوردستان، هاندان و تەشویقی خەڵکیش بۆ من گەورەترین گەنجە.
وێنەی بەشێک لە بەرهەمەکانی هونەرمەندی ماکێت سازی کورد، کەماڵ عەزیزی (مەنداک)