بەپێی هەواڵی ژینگەوان، بڕیارە ڕێکەوتی 26ـی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، سمینارێک لەژێر ناوی “منداڵانی کار” لە زانکۆ پەیامنووری مەریوان بەڕێوەبچێت.
سمیناری “منداڵانی کار” لەژێر دروشمی “من برسیم و لەسەر شەقام بەدوای مشتێ گەنم وێڵم” بەڕێوەدەچێت.
گوتاربێژانی ئەو سمینارە بریتین لە: “دوکتۆر مەسعوود بینەندە، دوکتۆر ئەحمەد سۆهرابی و دوکتۆر فەرزاد حاجیمیرزایی”.
ئەم سمینارە کە کاتژمێر 10:30 لە هۆڵی گشتیی زانکۆ پەیامنووری مەریوان دەست پێدەکات، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەنجومەنەکانی شاری مەریوان و هەروەها خوێندکارانی زانکۆی مەریوان بەرێوەدەچێت.
بەپێی هەواڵێک کە لە ناوەندی ڕۆژی کورد بڵاو بووەتەوە، ئەم سمینارە بە سەرنجدان بە پەرەسەندن و بوونی ڕێژەی بەرچاوی منداڵانی کار لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوەدەچێت.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەمەڕ ڕێژەی منداڵانی کار لە کوردستان گوتی: “بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە حکومەت بە قازانجی خۆی نابینێت تا ئامارەکان بە تەواوی و بە دروستی بخاتە ڕوو، بەڵام کەم نین ئەو منداڵانەی کە جیا لە واکسلێدان و جاچکەفرۆشتن، خەریکی کارگەلێکی قورسی وەک کۆڵبەریشن و کەمیش نین و ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی نالەباری ئابووری لە ئێران”.