بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ئاگری نەیارانی سرووشتی کوردستان دەستبەرداری دارستانەکانی کورودستان نابێت، رۆژانە بە دەیان هەکتار لە دارستان و لێرەوارەکانی کوردستان دەکاتە خۆڵەمێش.
رۆژی پێنجشەممە ۱٤ی گەلاوێژی ۲۷۱٦ی کوردی لە پارێزگای کرماشان ئاگر لە دارستانەکانی گوندی بابا هادی لە شاری سنووری قەسری شیرین بەردرا، تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ئاگری ناوچەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بە وتەی شایەت حاڵان ئاگر رووبەرێکی یەکجار زۆر لە دارستانەکانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کە بەشێکی بەر چاوی لە داری خۆرما پێکهاتووە، خەسارێکی بەر چاو بەر زەرزێرانی ناوچەکە کەوتووە، چاڵاکانی ژینگەپارێزی ناوچەکە داوای یارمەتییان لە چاڵاکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی ژینگەپارێزی ناوچەکە کردووە کە بە هانایانەوە بچن.
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا ئەمە دووهەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە شاری قەسی شیرینە، بە هۆی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە دەیان هەکتار لە دارستان و لێرەوارەکانی ئەو ناوچە بە تەواوی لە ناو چووە، خەڵکی ناوچەکە و چاڵاکانی ژینگەپارێزی کوردستان کەمتر خەمی ناوندەکانی حکومەت هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان دەزانن.
شایانی باسە هاوکات لەگەڵ ئاگرتێبەردان لە دارستانەکانی قەسری شیرین، ئاگر لە دارستانەکانی گوندی (سریلان) لە ناوچەی (فیروز ئاوا)ی سەر بە پارێزگای کرماشان بەردرا، رووبەرێکی بەر چاو لە دارستان و لێرەوارەکانی ئەو ناوچەیەی بە تەواوی کردە خەڵووز، خەسارێکی یەکجار زۆر بەر سرووشت و گیان لە بەرانی ناوچەکە کەوت.