کارەساتی ژینگەیی لە هەورامانی کوردستانی خۆرهەڵات

0
554

بە پێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان،رووباری سیروان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی رژانی رێژەیەكی زۆری گازوایل بۆ نێو رووبارەكە، پیس بووە و مەترسییەكی گەورەی لەسەر ژینگەی ناوچەكە دروست كردووە.

بە هۆی دروستكردنی بەنداوی داریان و ژێرئاو كەوتنی كارگەیەكی گوندی (رووار) ، زیاتر لە هەزار لیتر گازوایلی ئەو كارگەیە تێكەڵ بە ئاوی سیروان بووە و ئەو پەڵە رەشانەش بەخێرایی ئاوی سیروانیان داپۆشییوە”.

بەهۆی ئەوەی كەمەودای گوندەكانی ئەسپەڕێز و رووار لە بەنداوی داریان زۆر نییە، ئەگەری زۆرە ئەو پیساییانە لە پشت ئاوی بەنداوی داریان كۆببنەوە و ئەگەر دەرگاكانی بەنداوی داریانیش بكەنەوە، ئاوەكانی خوارەوەی بەنداوەكە تابەنداوی دەربەندیخان پیس دەكات.

ئەو پەڵە پیساییانە دەبنە هۆی لەناوچوونی ماسی و زیندەوەرەكانی دیكەی ناو رووباری سیروان و بەشیوەیەكی راستەوخۆش ژیانی مرۆڤەكان و ژینگەی ناوچەكەش دەخەنە مەترسییەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێكخراوی ژینگەپارێزی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان داوای لە ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سنە(كوردستان) كردووە، بۆ جارەسەری خێرای ئەو قەیرانە هەنگاوی پێویست هەڵبگرن.