ڕۆژی هه‌ینی ڕێکەوتی 10ی بانه‌مه‌ڕی 1395ی هه‌تاوی کۆمه‌لێک له ژینگه‌پارێزانی کوردستان له شاره‌کانی سنه ، مه‌ریوان ، سه‌قز ، بانه ، دێوڵان ( دهگلان ) ، بۆکان ، مه‌هاباد ، شنۆ ، نه‌غه‌ده ، پیرانشار بۆ رێزلێنان له هه‌ستی پاکی یه‌کم شه‌هیدی ژینگه‌پارێزی کوردستان له ماڵی ئه‌م گیانبه‌ختکردووه له ئاوایی گابازه‌له سه‌ر به شاری مه‌هاباد ئاماده بوون و دوایی پرسه و سه‌ره‌خۆشی له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌ی بەڕێز ئه‌میر ئه‌رسه‌ڵان پیرۆتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئاوایی و رێژه‌یه‌کی به‌رچاو له خه‌ڵکی مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری له سه‌ر مه‌زاری به‌ڕێزیان ئاماده بوون و به خوێندنه‌وه‌یی وتار و شێعر و په‌خشان یادی ئه‌م کۆچکردوویه‌یان به‌رز راگرت.
له سه‌ره‌تای ئه‌م بۆنه‌یه به نوێنه‌رایرتی سه‌رجه‌م ژینگه‌پارێزانی کوردستان ، ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان سپاسنامه‌یه‌کیان پێشکه‌ش به بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزیان کرد و هه‌ر له‌م بۆنه‌شدا به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا به‌ڵێنی دا که بنکه‌یه‌ک بکرێته‌وه بۆ یارمه‌تی ئه‌م جۆره کاره‌ساتانه که بتوانرێت خه‌ساره‌کانی له‌م جۆره قه‌ره‌بوو بێته‌وه.
له دوای پێشکه‌ش کردنی سپاسنامه‌که به هاوکاری ئه‌نجومه‌نی وڵاتی بۆکان 3 نه‌مام له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌م به‌ڕێزه بۆ یاد و بیره‌وه‌ری چاندرا و رێزی لێ گیرا.
پێشکه‌ش کردنی تاجه گولینه له لایه‌ن ژینگه‌پاریزان بۆ سه‌ر گلکۆیی ئه‌م نه‌مره برگه‌یه‌کی تری ئه‌م رێوره‌سمه بوو که به هه‌ستێکی پاک به‌رێوه‌چوو .
له دریژه‌دا به پێشنیاری ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پاریزیی شنۆ – ژینکۆ بریار درا له رۆژژمێری داهاتوودا رۆژی 5ی بانه‌مه‌ڕی 1395ی هه‌تاوی ( 1395/02/05 ) هه‌موو ساڵێک وه‌ک رۆژی شه‌هیدانی ژینگه‌ی کوردستان ناودێر بکرێت .
خه‌ڵاتی په‌یکه‌ری حاجیله ( لک لک ) که پێشکه‌ش کرابوو به ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزی پاژینی بانه له لایه‌ن ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌وه پێشکه‌ش کرا به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌میر ئه‌رسه‌لان پیرۆتی .
له کۆتایی دا دوای سپاس و پێزانینی دووباره‌ی سه‌رجه‌م ژینگه‌پارێزانی کوردستان و خه‌ڵکی مه‌هاباد مالئاواییان له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م کۆچکردووه کرد و به‌ڵێنیان دا بنه‌ماڵه‌ی ئه‌میر ئه‌رسه‌ڵان وه‌ک بنه‌ماڵه‌یی ژینگه‌پارێزان سه‌یر بکرێت و به ته‌نیا نەمێنێت .