بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئاگری دارستانەکانی ناودار و چلە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە، ئەمڕۆ ناوچەیەکیتر لە دارستانەکانی گیلانغەرب رەش پۆش کرا.
رۆژی یەکشەممە ۲٨ی خەرمانانی ۲۷۱٦ی کوردی لە حاڵێکدا ئاگری دارستانەکانی ناودار و چلە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکرا بوو، ئاگر لە دارستانەکانی (پیکولە و حیدریە)بەردرا.
هەواڵنێری ژینگەوان لە گیلانغەربەوە باس لە کارەساتێکی ژینگەیی دەکات، کارەساتێک کە ژینگەپارێزانی کورد وەکوو جینۆسایدی سەوز ناوی دەبەن.
چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد لە شارە جیا جیاکانی رۆژهەڵاتەوە و خەڵکی خۆڕسکی کورد، بە خاکەناز و قوڵەنگە و لقی داربەڕوو و بە کەرەستەی وەرزێڕیدا لە ماوەی ئەم ٥ رۆژەدا بە هەموو هەوڵی خۆیانەوە تێکۆشاون بۆ کۆژانەوەی ئاگری جەستە زامداری نیشتمان.
وێنەکان دەدوێن و باس لە کارەساتەکە دەکەن، ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتیش بێدەنگییەکی ماناداریان هەڵبژاردووە، بێدەنگییەک کە باس لە ئێرانی نەبوونی کوردستان دەکات، بێدەنگییەک کە سنوورەکانی ئێران و کوردستان جیا دەکاتەوە.
هەواڵنێری ژینگەوان لە گیلانغەربەوە بەپشت بەستن بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد، زیانی ئەم ئاگرتێبەردانانەی تاوەکوو ئێستا لانیکەم ۱٥۰۰هێکتار هێکتار خەڵماند، زیانێک کە قەرەبوو ناکرێتەوە.