ڕاهێنانی منداڵ لەسەر شێوازەكانی پاراستنی ژینگە

0
1130

هەرچەندە منداڵان گەورەترین گرووپی قوربانییەكانی پیسبوونی ژینگە پێك دینن، بەڵام لە هەمان كاتیشدا باشترین و كاریگەرترین گرووپی كۆمەڵگا بۆ ڕاهێنانی پاراستنی ژینگەن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا منداڵان وەكوو گرووپێكی بەهێزی پاراستنی ژینگە كار دەكەن و ڕۆڵێكی گرنگیان لە خاوین ڕاگرتنی ژینگەدا هەیە. ئەوان زۆر جار وەكوو پۆلیسێكی بچووك لە ماڵەوە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و وەبیر دایك و باوكیان دەهێننەوە كە پێویستە ژینگە بپارێزرێت و خاوین بێت. هەرچەندە تەمەنی منداڵ كەم بێت بەڵام ئەو تایبەتمەندییە خۆی لە خۆیدا هۆی گەرەنتی كردنی ئەنجامدانی ئەو شتانەی لەسەری ڕاهاتووە لێدەكەوێتەوە. بێگومان ئەو جۆرە هەڵسوكەوتەش بۆ ئەوسیستەمە پەروەردەیی و فێركردنە دەگڕێتەوە كە لەو وڵاتانەدا كاری پێدەكرێت و هەر لە تەمەنێكی كەمدا كار لەسەر جۆری بیر و باوەڕی منداڵ و چۆنیەتی بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی سەبارەت بە خۆی و دەورووبەرەكانی و ئەو كۆمەڵگا و ژینگەیەی تێدا دەژیت، دەكرێت. هەندێك شێوازی ڕاهێنان هەیە كە پێشتر لە كۆمەڵگا و وڵاتانی دیكەدا بەكار بردرایە و بێگومان فێربوونیان بێ سوود نییە. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كە دەكرێ لە ڕێگەی تایبەتمەندییە كەلتووری و دابونەریتەكانەوە زۆر شێوازی دیكە بۆ ئاشتكردنەوەی منداڵان لەگەڵ ژینگەدا دابهێنرێت. تەمەنی منداڵی باشترین و گۆنجاوترین تەمەنە بۆ ئەوەی منداڵان لەسەر هەندێك ئاكاردا ڕابهێنرێن بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ببێتە شێوازێك بۆ ژیانیان. دەكرێ منداڵێكی سێ یان چوار ساڵی فێری ئەوە بكرێت، كاتێك شتێك دەخوات پاشماوەكەی فڕێ بداتە كوێ. لەو تەمەنەدا منداڵ زۆر بە ئاسانی شتەكان وەردەگرێت و فێریان دەبێت. بۆ نموونە هەر لەو تەمەندا دەكرێ فێری بكەین ئەگەر پاشماوەی شتێكی دیت چ بكات؟ هەندێك لە پاشماوە و زبلەكان دووبارە بەكار دەبرێن و هەندێكی دیكەش بە هیچ شێوەیەك ناكرێ كە دووبارە سوودیان لێ وەربگرین. نموونەیەكی دیكە بریتییە لە ئاژەڵان و ژیانی گیانلەبەران. نابی بەردەوام منداڵەكان بترسینین و پێیان بڵێن كە ئاژەڵان دڕندە و مەترسیدارن، پێویستە لێیان بترسی و هێرشیان بۆ ببەی یان…هتد. ئەگەر هەر لە تەمەنی منداڵییەوە كار لەسەر ئەو شتانە بكرێ بێگومان دەرئەنجامێكی باشی لێدەكەوێتەوە. بە پێی وتەی پسپۆرانی دەروونناسی یەكێك لە باشترین ڕێگاكان بۆ تێگەیشتنی منداڵان ئەنجامدانی یاری جۆراوجۆرە. لە ڕاستیدا یاری بۆ منداڵان وەكوو ڕاهێنان و خۆئامادەكردن بۆ ژیانی داهاتووە. منداڵان زۆربەی ئەو ڕۆڵانەی كە لەوانەیە لە داهاتوودا بگێڕن لە ڕێگەی یارییەوە خۆیان لەسەری ڕادەهێنن. لە سەردەمی ئێستادا لە زانستی دەروونناسی یاری ڕۆڵێكی گرنگی لە فێركردن و ڕاهێنان و تەنانەت چارەسەركردنی منداڵاندا هەیە. لە ڕێگەی یارییەوە دەكرێ یارمەتی چارەسەركردنی زۆربەی نەخۆشییە دەرونییەكانی منداڵ بدرێت. – فێركردنی منداڵان كارێكی زۆر دژوار نییە. نیگاركێشان یەكێكە لە سەرەتایترین لێهاتوویی و ئارەزووەكانی منداڵ. زۆربەی منداڵان هەر لەو كاتەی فێرببوون چۆنچۆنی قەڵەم لەدەست بگرن، دەست بە وێنەكێشان دەكەن. كەواتە یەكەمین ڕاهێنانەكانیش دەبی لەو خاڵەدا دەستی پێبكرێت. دەتوانین بۆ منداڵەكانمان باس بكەین ئەو قەڵەمەی وێنەی پێ دەكێشێت چۆنچۆنی دروست بووە. پاشان پێی بڵێین لە ڕێگەی باش بەكارهێنانی قەڵەمەكانی و خراپ نەكردنیان دەتوانێت یارمەتی پاراستنی دار و دارستانەكان بدات. – لە هەنگاوێكی تردا باس لە كاغەز و لاپەڕەكانی نیگاركێشان بكەن. سەرەڕای ئەوەی دەفتەری نیگاركێشانی نوێی بۆ دەكڕین، فێری بكەن ئەو پەڕانەی لایەكی سپییە و ڕووپەرەكەی دیكەی بەكار هاتووە فڕێ نەدات و بەكاریان بهێنێت. شێوازی دروستكردنی كاغەزی بۆ باس بكەن و پێی بڵێن ئەگەر دەفتەرەكەی باش بەكار بهێنێت چ دیكە دارەكان بۆ دروستكردنی كاغەز نابڕدرێن.