دوابەدوای پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات بۆ دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری، مانۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییە پڕۆپاگەندەییەکانی ڕژیم بەرفراوانتر بوون.
ڕۆژی کورد: لە ماوەی ڕابردوودا و دوای پەیامی نەورۆزیی مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری، ڕژیم دەستی کردووە بە پرۆپاگەندای جیاواز و بڵاو کردنەوەی پەرتووک و بلاڤۆک و مانۆڕی سەربازیی و دانانی بەنێر و کۆکردنەوەی سەرۆک خێڵەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەت شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەورێز و تاران.
لە درێژەی چالاکییەکانی ڕژیم، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥، لە شاری ورمێ کۆبوونەوەیەک بۆ سەرۆک خێڵە کوردەکانی پارێزگا ورمێ پێکهات.
بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ڕۆژی کورد لە شاری ورمێ، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێوڕەسمی “سران عشایر استان” واتا ڕێ و ڕەسمی سەرۆک خێڵەکانی پارێزگای ورمێ، له بنکەی سپای پاسداران له ورمڕ ڕێکخرا.
بە پێی زانیارییەکانی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە ورمێ، بەشی زۆری سەرۆک خێڵەکانی ناوچه لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.
لەو کۆبوونەوەدا، بەرپرسانی سەربازیی ڕژیم، کوردەکان و خێڵەکان بە “مەرزدارانی غەیور” ناو بردووە و داوایان لێکراوە سنوورەکان باشتر لە جاران بپارێزن و ئینقلاب لە کاتی تەنگانەدا بەجێ نەهێڵن.
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا چەند لەوحێکی ڕێز لێنان بەخشراوە بە چەند سەرۆک خێڵی کوردی پارێزگای ورمێ.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پیرۆ حاتەمی وەک سەرۆکی خێڵی هەرکی و هەروەها گارگاری و ئارمان سیتکۆ و مەلا محمەد قاسمیان و بەشێکی زۆر لە جاشەکانی ناوچەی مەرگەوەر بەشدار بوون.