خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
وەک هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان سپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەش بە سەرجەم خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان لە هەر چوار پارچە دابەش کراوەکەی نیشتمان دەکەین کە بە پەیام و پاڵپشتیەکانیان بۆ ئێمە بوونەتە ورەبەخش و هاندەری زیاتری خەبات و تێکۆشانمان.

هەر وەک ئاگادارن ئێمە وەک چوار لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە لێک تێگەیشتن و وەبەرچاو گرتنی دۆخی هەستیار و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی توانیمان هێزە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەک مێز و یەک هاوپەیمانی کۆببینەوە و ئەوەش دەستکەوتێکی مێژوویی و دیرۆکییە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان.

لێک دابڕان و پڕش و بڵاوی و ناکۆکیی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی جگە لە پاسیڤ بوونی خەبات و تێکۆشان و نائومێدیی خەڵکی کوردستان هیچ دەستکەوتێکی تری لێ ناکەوێتەوە، یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد گەورەترین چارەسەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کە بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.

با جارێک بۆ هەمیشە لە پێناو سەربەخۆیی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد ، واز لە بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسی بێنین . کورسی و دەسەڵات کاتێک مانا پەیدا دەکا کە لە خزمەت بە نەتەوە و نیشتمان دابێ و بەرژەوەندیی گشتی بۆ هیچ مەبەستێک نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی.

لە ماوەی دامەزراندنی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازنی کوردستانەوە بە پێی ئەو پێوەندییانەی کە پێمانەوە دەکرێ، ئەو بێ هێوایی و بێ ئومێدیەی بە هۆی لێکدابڕان و لێک ترازانەکانی حیزب و لایەنە کوردستانیەکان بەرۆکی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی گرتبوو ، جارێکی دیکە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیوا و ئۆمێدیان بۆ گەڕاوەتەوە کە لایەنە سەربەخۆییخوازەکان توانیویانە یەک بگرن و لە ژێر پلاتفۆرمێکی هاوبەش و چەترێکی نیشتمانی لە ژێر ناوی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان یەک بگرنەوە و پێکەوە ئەو خەباتە بگەیینە مەقسەد و ئەنجام و هیوا خوازن ئەوە بۆ لایەنەکانی تریش ببێتە وانە و دەرسی لێوەربگرن، چونکە گەل لە گەڵ یەکڕیزییە و سەرکەوتنیش تەنیا بەم چەشنە مسۆگەر دەبێ.

پاڵپشتی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لەو ماوە کورتەی کە دامەزراوە ، ورە و هێز و تین و گوڕ و هیوا و بڕوای بە ئێمە بەخشیوە و ئێمەش لە بەرانبەر پشتیوانی و پاڵپشتیتان بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجەکەمان کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە ، بە هەموو وجوودمانەوە بە بوون و نەبوونمانەوە دروشمی یا کوردستان یا نەمان بەرز دەکەینەوە و هیچ لەمپەرێک لە خەباتمان ناوەستێنێ تاکوو ئەو قافڵەیە نەگەینییە مەنزڵ و مەقسەد.
داوا لە گشت خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی لاوان و گەنجان بە کیژ و کوڕانی نیشتمانەوە دەکەین کە دەست بخەنە ناو دەستمان تاکوو پێکەوە گۆڤەند و دیلانی شۆڕش گەرم کەین و بە ئازادی هەڵپەڕکێی سەرکەوتن بگێڕین.

با بە یەکدەنگی و پێکەوە پەنجەکانی هەڵۆ بەرز کەینەوە کە هێمایە بۆ گشت سەربەخۆییخوازانی کوردستان.
بژی کورد و کوردستان ، سەرکەوێ خەباتی سەربەخۆییخوازنەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی نیشتمان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودیداری سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی بێت نەهرین
بابەتی دواترهاوپەیمانی سەربەخوییخوازانی کوردستان: هەوڵدانی کورد لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی بۆ دروستکردنەوەی ئێرانێکی تێکڕووخاو، هەڵەیەکی مێژوویی بوو.

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.