جەمیل فەتحی: به‌شداریکردن له‌ هەڵبژاردن هاوئاهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی دا

0
5528

تایبەت بە رۆژی کورد
بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  نۆیەمی ئەو تەوەرە دا  (سیروان) جەمیل فەتحی، چالاکی سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

“هەڵبژاردن پرۆسه‌یه‌که‌ که‌ له‌و رێگایه‌وه‌ کۆمەڵگەیه‌ک بۆ به‌رێوه‌به‌ریی کارو باری وڵات ، کۆمه‌لێک مرۆڤ که  خاوه‌ن ئیراده‌ و کارامه‌ و توانای به‌رێوه‌ری و یاسا  دانانیان هه‌بێ ، هه‌لده‌بژێرن له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێکی حۆکمرانی دیاریکراودا.

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ خاوه‌ن مێژوویه‌کی کۆنه‌ و له‌ سه‌رده‌می ” ده‌وله‌ت-شاره‌کان”ی “یۆنان” هه‌تاکوو ئه‌مرۆ به‌ شێوازی جۆراوجۆر په‌یره‌و کراوه‌.

گرنگی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ راده‌ی ئازادی هەڵبژاردن و خۆ پاڵاوتنی تاکه‌کانی کۆمەڵگەوه‌ هه‌یه‌. پرۆسه‌ی هەڵبژاردن، خۆ پاڵاوتن و ده‌نگدان له‌ مێژووی هاوچه‌ریش دا له‌ وڵاته‌ دیموکرات و ئازاده‌کان و هه‌روه‌ها له‌ وڵاته‌ نادیموکرات ونا ئازاده‌کانیش دا به‌رێوه‌ ده‌چێ و هه‌ر کام له‌ روانگه‌ی سیسته‌می حۆکمرانی خۆیانه‌وه‌ گرنگی به‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌ده‌ن.

له‌ روانگه‌ی منه‌وه‌ وڵاته‌ دیموکرات و ئازاده‌کان کەڵک له‌ پرۆسه‌ی هەڵبژاردنی ئازاد وه‌رده‌گرن بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی دەسەڵات و رێگا کردنه‌وه‌ بۆ هێنانه‌ ئارای بیرۆکه‌ی نوێی دەسەڵاتدارێتی وگرتنه‌ به‌ری رێکار بۆ باشتر به‌رێوه‌بردن و راپه‌راندنی کار و باری وڵات. به‌ پێچه‌وانه‌، له‌ کۆمەڵگە به‌ستراوه‌ و نادیموکراته‌کان دا که‌ دەسەڵاتی تۆتالیته‌ر و دیکتاتۆرمه‌نش حاکمه‌ ، له‌ پرۆسه‌یه‌ بۆ “شه‌رعییه‌ت” دان به‌ سیسته‌می سه‌ره‌رۆیی و به‌رده‌وام بوون و مانه‌وه‌له‌ دەسەڵات کەڵک وه‌ر ده‌گیردرێ.

یه‌ک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ په‌یره‌وی له‌م شێوه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ ده‌کات، “کۆماری ئیسلامی ئێران” و دەسەڵاتدارانی ئه‌و سیسته‌مه‌ن که‌ ماوه‌ی ۳۷ ساله‌ له‌ پرۆسه‌ و چه‌مکی هەڵبژاردن بۆ ره‌وایی دان به‌ سه‌ره‌رۆیی و سیاسه‌تی دژه‌ مرۆیی و دژه‌ ئازادی خۆیان کەڵکیان وه‌رگرتوه‌. ئێستا که‌ ئێران له‌ به‌ره‌ به‌ره‌ی هەڵبژاردنه‌کانی خۆلی یازده‌هه‌می ” مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی” و خۆلی پێنجه‌می هەڵبژاردنی ” مه‌جلیسی شاره‌زایانی رێبه‌ری” دایه‌، باسی به‌شداری کردن یان نه‌کردنی کۆمەڵانی خەڵک به‌تایبه‌ت گه‌لی کوردستان بۆته‌ رۆژه‌ڤی رۆژانه‌ی حیزبه‌کان و کۆمەڵگە به‌گشتی، که‌ به‌ سه‌ر سێ به‌ره‌ دا دابه‌ش کراون، واته‌ لایه‌نگرانی به‌شداریکردن، لایه‌نگرانی بایکۆت و لایه‌نگرانی هیچکام له‌و دوو بۆچوونه‌ی دیکه‌.

من خۆم له‌ به‌ره‌ی دووهه‌م دا( بایکۆت کردن) ده‌بینمه‌وه‌ و له‌م نووسراوه‌یه‌ دا هەوڵ ده‌ده‌م که‌  ده‌لیل و هۆکاره‌کان به‌م نووسراوه‌یه‌ به‌یان بکه‌م. هه‌رچه‌ند که‌ له‌ ماوه‌ی ۳۷ سالی رابردوو دا له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ تێر و ته‌سه‌لی به‌ هه‌زاران برگه‌ وبابه‌ت نووسراوه‌، به‌لام دیسانه‌وه‌ش پێویسته‌ که‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ دواداچوون بکرێ و هۆکاره‌که‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێنمه‌وه‌ که‌ زۆر که‌س باوه‌ریان وایه‌ که‌ قازانجی کارکردن و به‌شداری له‌ پرۆسه‌یه‌ک دا که‌ هیچ گۆرانکارییه‌ک له‌ سیسته‌م دا ناتوانێ به‌ دی بێنێ، باشتره‌ له‌ بایکۆت کردن و هاو ئاهه‌نگی نه‌کردن له‌ گه‌ل دەسەڵاتدارانی سه‌ره‌رۆی کۆماری ئیسلامی ئێران.

من بناغه‌ی ئه‌م نووسراوه‌یه‌م له‌ سه‌ر بنه‌مای ” ئازادی تاک” داده‌رێژم ، واته‌ چه‌مکێک که‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می دیموکراسییه‌تی یۆنان و “رۆم”ه‌کاندا به‌ یه‌که‌م مه‌رجی کۆمەڵگەی ئازاد داده‌نراو ئێستاش (وێڕای هه‌ندێک گۆرانکاری) هه‌ر ئه‌و ئه‌سله‌ په‌یره‌و ده‌کرێ.

پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تای بریاردانمان چه‌ند پرسیارێک ئاراسته‌ی خۆمان بکه‌ین و یه‌که‌م پرسیاری من پێش له‌وه‌ی که‌ باس له‌ هەڵبژاردنی ئازاد و ئازادی تاک بکه‌م، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا سیسته‌می کۆماری ئیسلامی ئێران سیسته‌مێکی ئازاد و ره‌هایه‌ تا بتوانین باس له‌ ئازادییه‌کانی دیکه‌ بکه‌ین و هانی خۆمان و که‌سانی دیکه‌ بده‌ین که‌ به‌شداری له‌ به‌رێوه‌بردنی وڵاتێک دا بکه‌ین که‌ ساڵنێک له‌مه‌و پێش رێکار و یاساکانی دیاری کراون،یان نا؟؟

له‌ راستی دا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ۳۷ سال له‌مه‌و پێش و هه‌ر به‌ هاته‌نه‌ سه‌رکاریان و به‌ نووسین و سه‌پاندنی یاسای بنه‌ره‌تی دا کۆتا “بزماریان له‌ تابووتی” ئازادی (جا هه‌ر روانگه‌یه‌که‌وه‌ بێت) دا و دیاریان کرد که‌ تاک تا چ راده‌یه‌ک توانای به‌شداری کردنی هه‌یه‌ له‌ دیاری کردنی چاره‌نووسی خۆی و به‌رێوه‌ بردنی وڵات دا.  یاسای بنه‌ره‌تی هەڵگری دوو په‌یام بوو که‌ ئه‌و دوو په‌یامه‌ش تا به‌ ئه‌مرۆ و له‌ هه‌ر زه‌مه‌نێکی هەڵبژاردن دا دووپات ده‌بنه‌وه‌.

– دیاری کردنی چوارچیوه‌یه‌ک که‌ تاک تێیدا جێگای خۆی بکاته‌وه‌ ؛ واته‌ سیسته‌می “وه‌لایه‌تی فه‌قیه” که‌ تەنیا ده‌رفه‌ت به‌ تاک ده‌دات که‌ سه‌رشۆر و دواکه‌وتوو بێت و رێگا ده‌دات که‌ که‌سێکی دیکه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ره‌وه‌ی “یاسا”ش دیاریکه‌ری چاره‌نووسی بێت و بۆ خۆی تەنیا زه‌مانێک ده‌ره‌تانی هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌یه‌ که‌ به‌ ته‌واوی دواکه‌وتووی سیسته‌م بێت و پێره‌وی بێ ئه‌م لاو لای لێبکات.

(هه‌روه‌ک باس کرا) دەسەڵاتدارانی سه‌ره‌رۆی کۆماری ئیسلامی به‌ هاندانی خەڵک و  فرێو دانیان بۆ ده‌نگدان به‌ ئه‌و یاسایه‌ “شه‌رعییه‌ت”ی “به‌ ته‌وای مانا” یان بۆ دەسەڵاته‌که‌یان وه‌ ده‌ست خست که‌ ئێستاش پاش۳۷ سال به‌شداری خەڵک و ده‌نگدانیان به‌ کۆماری ئیسلامی و یاسای بنه‌ره‌تی رێکلام و پرۆپاگه‌نده‌ی پێوه‌ ده‌که‌ن و دەسەڵات و حکوومه‌ته‌که‌یان به‌ هه‌ڵقوڵاوی ئیراده‌ی گه‌ل ده‌زانن.

له‌م خالانه‌ زیاتر، هه‌لوێستی گه‌لی کورد بوو که‌ ئه‌ویش بۆ خۆی جێگای سه‌رنجه‌ و پاش۳۷ سال له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌م که‌ ده‌بێ په‌یره‌وی و رێز له‌ ئیراده‌ی ئه‌وکاتی گه‌لی کورد بگیردرێت، که‌ ئه‌ویش ده‌نگ نه‌دان به‌ کۆماری ئیسلامی ویاسای بنه‌ره‌تی کۆماری ئیسلامی بوو. گه‌لی کورد له‌ سایه‌ی رێبه‌رێکی زانای وه‌ک دۆکتور قاسملووی نه‌مر دا زۆر زوو تێگه‌ییشت که‌ ده‌نگدان به‌ سیسته‌می کۆماری ئیسلامی و یاساکانی ده‌نگدانه‌ به‌ بنده‌ستی و کۆیله‌تی، ده‌نگدانه‌ به‌ سه‌رکوتی ئازادی و دوور که‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ مافه‌ مرۆیی و سیاسییه‌کانی. گرنگی ئه‌و په‌یامه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ مادام له‌ ماوه‌ی ۳۷ سال دا کۆماری ئیسلامی هیچ گۆرانکارییه‌کی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌ و ته‌نانه‌ت رێگاشی به‌ بچووکترین رێفۆرم نه‌داوه‌ و بۆچوونی دەسەڵاته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان به‌لام وه‌ک یه‌که‌کانی سه‌باره‌ت به کورد وداخوازییه‌کانی نه‌گۆراوه‌ (به‌ پێچه‌وانه‌ ، زه‌بر و زه‌نگ و نه‌هامه‌تی به‌ چه‌ندین قات زیادی کردووه‌) بێ گومان به‌شداری کردن له‌ پرۆسه‌یه‌ک دا که‌ تەنیا گه‌لی بۆ مانه‌وه‌ و شه‌رعییه‌تی دەسەڵاتی سیسته‌می دژه‌ مرۆیی ده‌وێت، ده‌نگدانه‌ به‌ هه‌مان کۆیله‌تی و بنده‌ستییه‌ی که‌ کورد زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ له‌مه‌و پێش ده‌نگی پێنه‌دابوو.

ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ وه‌ک تاکێکی کورد و له‌ روانگه‌ی خۆمه‌وه‌ بانگه‌واز بۆ به‌شداری نه‌کردن له‌ شانۆی هەڵبژاردن بکه‌م ده‌لێم؛

کۆماری ئیسلامی ئیران سیسته‌مێکی دژر مرۆیی و دژه‌ ئازادییه‌ بۆیه‌ ده‌نگدان و به‌شداریکردن له‌ هەڵبژاردن هاوئاهه‌نگییه‌ له‌ گه‌ل سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی دا،

کۆماری ئیسلامی رێژیمێکی تۆتالیته‌ری دینییه‌ واته‌ به‌شداریکردن له‌ هەڵبژاردن قه‌بوولی رێژیمێکی غه‌ره‌ سێکولار و سه‌ره‌رۆیه‌،

کۆماری ئیسلامی ده‌ستی به‌ خوێنی هه‌زاران رۆله‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری کورده‌ و به‌ بانگه‌واز چوونی ئه‌و رێژیمه‌ ره‌وایی دان به‌ سه‌رکوت و کوشتن و هه‌زاران جه‌نایه‌تی دیکه‌یه‌ که‌ ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لی کورد کراوه‌،

کۆماری ئیسلامی و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو سیسته‌مه‌ که‌ رێبه‌رانی ئه‌م رێژیمه‌ فه‌رمانده‌رو به‌رێوه‌به‌ری تیرۆری سه‌رکرده‌کانی کوردن که‌ بۆ رزگاری کورد گیانیان به‌خشی بۆیه‌ به‌ پیر بانگه‌وازی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی که‌ به‌رپرسی یه‌که‌می تێرۆری رێبه‌رانی کورده‌ ، شه‌ریک بوون و ره‌وایی دانه‌ به‌ جینایه‌ته‌کانی دەسەڵاتدارانی ئیران،

کۆماری ئیسلامی ئێران رێژیمێکه‌ که‌ به‌ سه‌رکرده‌ی تێرۆریزمی نێونه‌ته‌وه‌یی ناوبانگی ده‌رکردووه‌ ، بۆیه‌ به‌شداربوون له‌ هەڵبژاردنێکدا له‌ ژێر چاوه‌دێری ئه‌م دەسەڵاته‌ دا به‌رێوه‌ بچێ هاو ئاهه‌نگی و به‌شداربوونه‌ له‌ په‌ره‌پێدان به‌ ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ که‌ تەنیا به‌دناوی نه‌بێ هیچی دیکه‌ به‌ نه‌سیبی ده‌نگده‌ران ناکات و ته‌نانه‌ت وزه‌ به‌خشینه‌ به‌ رێژیم بۆ درێژه‌ پێدانی جینایه‌ته‌کانی،

حاشا هه‌لنه‌گره‌ که‌ رێژیمی ئێران له‌ ماوه‌ی ۳۷ سال دا جگه له‌ وێرانی و میلیتاریزه‌کردنی کوردستان و به‌ تاڵان بردنی سه‌رمایه‌ی رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ هەوڵێکی بۆ به‌ره‌و پێشخستنی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان نه‌داوه‌، بۆیه‌ ده‌نگدان و به‌شداریکردن له‌ پرۆسه‌یه‌دا ده‌نگدانه‌ به‌ درێژ کردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تی و مالوێرانی وهتد..

له‌ کۆتایی دا ده‌ڵێم ده‌نگ نه‌دان و به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی هەڵبژاردن دا به‌ تەنیا چاره‌سه‌ری دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان ناکات بۆیه‌ گه‌لی کورد له‌ رۆژهەڵات ، ئه‌گه‌ر خوازیاری گۆرانکاری بن که‌ هه‌ن، ده‌بێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سیسته‌می کۆماری ئیسلامی ئیران دا هەوڵی رزگاری بده‌ن که‌ بێگۆمان رێگایه‌کی پر ئه‌سته‌م و دژواره‌. کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی کورد له‌ رۆژهەڵات به‌ ئۆرگانیزه‌ کردنی خۆی و به‌ جه‌ماوه‌ری کردنی خه‌باتێکی شێلگیری مه‌ده‌نی (له‌ نه‌بوونی حزووری حیزبه‌کاندا) به‌ره‌ورووی کۆماری ئیسلامی ئیران راوه‌ستن. پشت کردن له‌ رێژیمی ئێران و به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه‌دا ده‌بێته‌ هۆکار تا سه‌رنجی هێزه‌ جیهانی،ناوچه‌یی و ناخۆییه‌کانی ئیران بۆ لای خۆیان رابکێشن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووالصابرین” ڕێکخراوێکى ترى تیروریستى سەر بە ئێران لە فلستین”
بابەتی دواترسیاسەتی ڕاشکاوانە لە تیۆریەوە بۆ کردار

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.