حیزبی دێموکرات، ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو/ وتووێژ لەگەڵ تاهیر قەرەخان

0
2116

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکە لەسەر مژاری (حیزبی دێموکرات، ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو)، کە ڕێکەوتی ٣ و ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ بەرێز (تاهیر قەرەخان)، چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی (نیشتمان قاسمی)، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ژووری ڕاوێژ ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بەپێویستی دەزانین کە لە سەرەتای باسەکەدا، ڕایبگەینین کە پارەکە لە وەها ڕۆژێکدا بوو کە لە کێلەشین پێشمەرگەیەکی حیزب لەلایەن پەکەکەوە شەهید کرا. ڕۆحیان شاد بێت و ڕێگایان پڕ ڕێبوار. سەرەتا پێمان خۆشە شرۆڤەی جەنابتان لەو بارەوە بزانین. دواتر دەچینە سەر باسەکە.

تاهیر قەرەخان
تاهیر قەرەخان

قەرەخان: حیزبی دێموکرات بە هۆی تەمەنیەوە لە قۆناغێک لە خەبات دایە کە ژیان و خەباتی پێکەوە بۆ بەرەوپێش چوونی ئامانجەکانی دیاری کردۆ، هەر بەو مەبەستەش ساڵانە چالاکی لە ناوخۆ بەڕێوەدەبات، جۆری چالاکیەکان جۆراوجۆرن کە لێرەدا دەیخەمە پەراوێزەوە.  بەڵام پار لە وەها ڕۆژێک دا حیزب بڕیاڕیدا کە هێندێک لە پێشمەرگەکانی لە کێلەشین جێگر بکات بۆ ئەوەیکە بتوانن بە ئاسانی ئاودیوی سنوور ببنەوە.

بەڵام بەداخەوە پاش چەند ڕۆژ گریلاکانی پەکەکە لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزب دەکەونە کێشە و پاش تێکهەڵچوونێک لە ئاکام دا بە داخەوە قادر قەریمی ناسراو بە قادر کانەدا شەهید دەبێ و چەند پێشمەرگەی دیکەش بە سەختی بریندار دەبن، بەڵام لە دوای ئەو ڕووداوە و لە درێژەی دانیشتنەکان دا و مەحکووم کردنی ئەو کردەوەی پەکەکە لەلایەن زۆربەی مێدیاکانی کورد دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و تا ئێستاش پێشمەرگانی حیزبی دێموکرات لە کێلەشین جێگیرن و تا ئێستا کێشەیەکی جیددی نەهاتۆتە پێش.

دیارە ئەوەی لە کێلەشین ڕووی دا دەتوانم بڵێم شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبوو بە هۆی ئەوەی کە پەکەکە ساڵانێکە لەو ناوچەیە جێگیر بووە و بەشێکی زۆر ئابووری خۆی لە ڕێگای گمرکەکانی ئەو بەشەی سنوور دابین دەکات و بۆیە ئەوەی وەکوو مەترسیەک چاو لێکردبوو، بەڵام نیازی حیزبی دێموکرات حضوری پێشمەرگە بوو لە ناوخۆ. ئەو ناوچەیە لە هیچ شوێنێکی یاسایی دا بە ناوی پەکەکە تۆمار نەکراوە، وەک چۆن پەکەکە کە ڕووی خەباتی لە باکوورە و لە باشوور جێگیر بووە، ئەوە مافی حیزبی دێموکراتیشە کە کێلەشین جێگیر بێت هەرچەند پێشووتر لە پەکەکە حیزبی دێموکرات ئەو ناوچەیەی ئاوەدان کردبۆوە.

نیشتمان قاسمی
نیشتمان قاسمی

شەڕی براکوژی یەکێک لە قیزەوەنترین ڕووداوەکانی مێژووی کوردە کە بە خۆشیەوە ئێستا نزیک بە هەمووی حیزبەکان خۆیان بە دوور لێی راگرتووە بەڵام بەداخەوە پەکەکە بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانی لە هیچ یاسا و پرەنسیپێک سل ناکاتەوە.

خاڵێکی زۆر ئەساسی کە لەو ڕووداوە دا دەتوانم ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری چالاکانی کورد و تەنانەت چالاکانی نیزیک لە پەکەکەش داوایان کرد کە پەکەکە داوای لێبوردن بکات بەڵام مەخابن ئێستاش ئەو گەورەییە نیشان نەدا و هەر ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە دەتوانێ جارێکی دیکەش ئەو ڕووداوە دووپات بکاتەوە.

ڕاوێژ: چالاکانی سیاسی سەربە پەکەکە دەڵێن کە ئەوان هۆکاری خۆیانیان بووە کە ئەو شەڕە ڕووی داوە. واتە لەسەر ئەو باوەڕەن کە حیزبی دێموکرات بە فەرمانی پارتی و تورکیە لەو ناوچانە جێگیر بووە. ڕای ئێوە لەو بارەوە چییە؟

قەرەخان: بەداخەوە ئەو کولتورە لە ناوی ئەندامانی حیزبی دا باوە کە هەڵە و تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی یەکی دیکە یان هەر حیزبەوە بە وڵاتێکی داگیرکەر پەیوەندی دەدەنەوە کە هیچ کام لەو بۆچوونانە دروست نیە، حیزبی دێموکرات تا ئێستا توانیوەتی بە باشترین شێوە سەربەخۆیی خۆی رابگرێت و بۆ ئەو گرینگە نرخیشی بۆ داوە، بۆیە ئەوە رەد دەکەمەوە کە جێگیر بوونی حیزبی دێموکرات لە کێلەشین بە فیتی لایەنێک بووبێ.

حیزبی دێموکرات بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی داگیرکەر دروست ناکات کە زەربە لە بەرژەوەندی لایەنێکی کوردی بدات، بۆ نموونە لە دوای ڕووخانی رێژیمی بەحث ئەوکاتە حیزبی دێموکرات پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ سەددام هەبوو، بە جۆرێک کە هەموو حیزبەکان لێی بە گوومان بوون بەڵام پاش ڕووخانی فایلی زۆربەی حیزبەکان ئاشکرابوو جیا لە حیزبی دێموکرات کە خودی دوکتور مەحموود عوسمان دانی بەو مەسەلەیە داناوە. حیزبی دێموکرات لە کۆیە نیشتەجێ کرا و پاش چەند ساڵ خەباتی چڕی چەکداری ڕاگرت.

ڕاوێژ: چ تایبەتمەندی و کامە هەڵوێستانەی حیزبی دێموکراتن کە نیشان دەدەن حیزبی دێموکرات سەربەخۆیی سیاسی خۆی پاڕاستووە. بۆ نموونە گەلۆ نەدەبوو حیزبی دێموکرات بۆ ئەو کوشتارەی باکووری کوردستان لانیکەم لە دووتۆی بەیاننانەیەکدا کردەوەکانی ئاک پارتی مەحکووم کردبان ؟

قەرەخان: مەحکووم کردنی ئاک پارتی پەیوەندی بە مەسەلەی سەربەخۆ بوونی حیزبی دێموکراتەوە نەداوە، هەروەک پەیوەندی پەکەکە و یەکێتی لەگەڵ ئێران ئەگەر مەسڵەحەتی کورد نەخاتە خەتەرەوە پەیوەندی بە سەربەخۆیی ئەوانەوە نیە.

حیزبی دێموکرات لە زۆربەی ئەو رووداوانەی کە لە باکوور و رۆژئاوا هاتۆتە پێش چ ئەوانەی جێگای پیرۆزبایی بووە کردوویەتی و چ ئەوانەی پێویست بووە مەحکوومی بکات، مەحکوومی کردووە.

نەبوونی هەرجۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ چوار وڵاتی داگیرکەر لە مێژووی ئەو حیزبەدا یەکێک لە نموونەکانی سەربەخۆیی ئەو حیزبەیە هەڵبەت هەروەکوو ئاماژەم پێ کرد بەو مەرجە مەسڵەحەتی کورد لەو پارچەیە لە نەزەر بگیرێ.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک: حیزبی دێموکرات هەموو ساڵێک لە ساڵڤەگەڕی تەحویلدانەوە چەند پێشمەرگەی لەلایەن حەرەکەی ئیسلامییەوە، بەیاننامە دەدات. بۆچی حیزبی دێموکرات بە دژی پارتی کە هەمان کاری کردووە هەڵوێست ناگرێ؟ یان بە دژی یەکیەتی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین پێشمەرگەی حیزبی شەهیدکردوون؟

قەرەخان: حیبزی دێموکرات بەهۆی ئەو دۆخەی کە ئێستا تێیدا دەژی ناچارە کە هێندێک مەسایل لەبەرچاو بگرێ و لێکدانەوەی ئەوانە دەخاتە ئەستۆی کەسانی بالغی سیاسی، یەک دەیە زیاترە کە حیزبی دێموکرات لەبەر بەرژەوەندی حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە وەکوو پێشوو چالاکی بکات، ئەوەش تەنیا لە قسە دا خولاسە نەبۆتەوە بەڵکوو نامەی مام جەلال بۆ مامۆستا عەبدووڵا حەسەن زادە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

هەموو ئەو رووداوانەی سەر بە هەر لایەنێکی کوردستانی باسی لێکراوە و بە دەیان بابەتی لەسەر نووسراوە و بەرنامەی لەسەر دروست کراوە.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەش، لە لایەن هەندێ لایەنی تر بە حیزبی کلاسیک و کەمپ نشین ناسراون، تا چەند ئەو نازناوە بۆیان دروستە؟

قەرەخان: زۆر پر بە پێستیانە، حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دوو حیزبی کلاسیک و رەسەنن، ئەوانەی لە دەلاقەی نێگەتیڤەوە سەیری ئەو وشەیە دەکەن، پێویستە لە مانای وشەکە تێبگەن.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکرات، سەرەکیترین تایبەتمەندیی خۆی بە (سەربەخۆیی فکری و سیاسی) خۆی دەزانێ، دەکرێ ئەوەمان بۆ شی بکەنەوە، ئایا ئەو تایبەتمەندییە لە حیزبەکانی تردا نیە؟

قەرەخان: با هەیە بەڵام بەو خوێندنەوەی ئەمن لە حیزبی دێموکراتم هەبووە حیزبی دێموکرات زیاتر لە هەموویان توانیوەتی سەربەخۆیی خۆی رابگرێ.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکرات خۆی بە بناغەدانەری یەکەم حیزبی مۆدێڕن لە کوردستان و دواتر بناغەدانەری یەکەم کۆماری کوردستان دەزانێ، بەڵام پێدەچێ ئێستا هەندێ پەراوێز خرابێ یان لاواز بووبێ، بەڕای ئێوە هۆکارەکان چین؟

قەرەخان: لە خەباتدا ناکرێ هەمووکات بە تاوێک بڕۆیە پێش، هەم ماندووکەرە هەمیش شتێکی سرووشتی نیە، حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا لەوانەیە ڕاوەستا بێت و لە کاتێک دا لە کاتەکانی پێشووتر چالاکتر بێت، ڕاسان بۆ حیزبی دێموکرات ئەستەم نیە چوون حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

ڕاوێژ: مەبەستتان لەوەی کە دەڵێی دەبێ لە ڕوانگەی ئەرێنی و پۆزتیڤەوە لە وشەی (کلاسیک) بڕوانن، واتای چیە؟ دەکرێ زیاتر شی بکەنەوە؟

قەرەخان: ئەمن نەمکووتۆ لە ڕوانگەی نێگەتیڤ یان پۆزێتیڤ برواننە ئەو وشەیە، من دەڵێم ئەوانەی لە دەلاقەی نێگەتیڤەوە سەیری ئەو وشەیە دەکەن، پێویستە لە مانای وشەکە تێبگەن. واتە ئەوانەی لە زار حاجی ئەحمەدیەوە ئەو وشەیان بەسەر زاریەوە گرتووە، وادەزانن شتێکی خراپە، بەڵام لە ئەساس دا کلاسیک و رەسەن بوون تەواو پۆزێتیڤ و باشە.

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ بە نموونە بۆمان باس بکەن کە چۆن حیزبی دێموکرات سەربەخۆیی خۆی زیاتر پاڕاستووە؟

قەرەخان: هەموو ئەو سات و سەودایانەی لە حیزبەکانی دیکە دەکەوێتە بەرچاو لە حیزبی دێمۆکرات دا بوونی نیە، بۆ وێنە پەیوەندی هێندێک ئەحزابی باشوور لەگەڵ ئێران تان تورکیە، پەیوەندی پەکەکە لەگەڵ ئێران و … ئەوانە باڵانسی ئەو سەربەخۆییە کۆنترۆڵ دەکەن.

ڕاوێژ: هۆکاری ئەو ڕاوەستانە کە باسی دەکەن و وادیارە بە خاڵی ئەرێنی دەزانن، بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

قەرەخان: هیچ بۆچوونێکم لەسەر ئەرێنی یان نەرێنی بوونی نەبووە. هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، سیاسەتی ڕۆژ و بەرزی و نزمی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئێسلامی دەتوانێ کاریگەر بێ. هەموو ڕووداوێک بە جۆرێک شوێن دانەرە. دۆخی سنوورەکان و …هتد.

ڕاوێژ: با جارێ زۆر نەچینە ناو باسەکە و باس لە بابەتێ بکەین کە ئەمڕۆ یەکەم ساڵڕۆژێتی و لایەنگر و ئەندامانی حدکا، بە بەرزی یادیان کردەوە، ئەویش شەهیدبوونی شەهید قادر کەریمی لە شەڕی براکوژیی نێوان پ ک ک و حدکا دابوو، ئەندامانی پ ک ک دەڵێن ئەوە فیتی تورکیا و بارزانی بوو، ئەندامانی حدکاش دەڵێن ئەوە لە ژێر سیاسەتی ئیران دابوو، ڕای ئێوە وەک خۆتان چیە؟

قەرەخان: ئەگەر شەڕێکی براکووژی بووبێ حیزبی دێموکرات هیچ رۆڵێکی تێیدا نەبووە بەڵکوو پەکەکە دەسپێشخەری ئەو ڕووداوە بووە. لەسەرەوە ئیشارەم کرد کە حیزبی دێموکرات دەستوور لە هیچ لایەنێکی کوردی وەرناگرێ، پرستیژی سیاسی و رەسەنی ئەو حیزبە ئەو ئیزنەی پێنادات بەڵام بە هەر هۆکارێک کە بووە پەکەکە نەدەبوایە پێشمەرگەیەکی شەهید کردبا، ئەوەی کە بە فیتی چ لایەنێک بووە دەکەوێتە بەشی دووهەمی باسەکە کە رەنگە بۆ هەڵاتن لە هەڵەکە بووبێ، لە یەکەم خاڵ دا پەکەکە مەحکوومە کە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی شەهید کردووە.

ڕاوێژ: زۆر جار دێموکرات بە پەسیو بوون و خەسیو بوون و دوورکردنەوە لە کۆمەڵگا تاوانبار دەکرێ، ئەوە چەند بۆتە هۆکاری پەرتەوازەیی خەڵک و دوور کەوتنەوەی ئەو حیزبە لە کۆمەڵگای کوردی؟

قەرەخان: حیزبی دێموکرات رەنگە لە بڕگەیەکی خەبات دا کەمکاری هەبووبێ بەڵام خەباتی بەردەوام بووە، حیزبی دێمۆکرات ناتوانێ پەسیو ببێ چوون ئەو حیزبە لە تەواوی گوند و شارەکانی ڕۆژهەڵات حەماسەی خوڵقاندووە و هەڵقوڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

سەرنج بدەن کە دەنگدانەوەی چالاکی ئەحزابی دیکە بە نیسبەت حیزبی دێموکرات جیاوازی چەندە زۆرە. پەیامی کاک مستەفا هیجری لە بەهاری ئەو ساڵ دا دەتوانم بڵێم کۆماری ئیسلامی وەترس خستووە و لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی بە دەیان شێوە ویستوویەتی بەرەنگاری ئەو پەیامە ببێتەوە، مێژووی ئەو حیزبە و سیاسەت و حەماسەکانی ئەو حیزبە قەت ناهێڵێ خەڵک لەو حیزبە دوور بکەوێتەوە.

ڕاوێژ: ئایا ئێستا حدکا لەسەر سنورەکانی کوردستان بوونی هەیە؟ ئەگەر هەیە، ئەو بوونە چ کاریگەرییەکی دەتوانێ هەبی؟

قەرەخان: بوونی هەیە! هەروەک ئاماژەم پێکرد حیزبی دێموکرات، بوونی خۆی لە ناوخۆ نەپساندووە و بەردەوام چالاکی لە ڕۆژهەڵات بەرێوەبردووە، بوونیان لەوێ هەر وەکوو کاک حەسەن شەڕەفی کووتی نیزیک بوونەوەیە لە خاکی ڕۆژهەڵات بۆ ئامادەبوونی زیاتر.

ڕاوێژ: پێتان وایە دێموکرات دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو لە زەمەنێکدا مایەوە و ئیتر ناکرێ هیوا بەو حیزبە هەبی و ناتوانێ مزگێنی بدا دەگەین بە ئاوات، لە سایەی حیزبی دێموکرات؟

قەرەخان: دیارە شەهدی بوونی دوکتور قاسملوو خەسارێکی یەکجار گەورە بوو هەم بۆ حیزبی دێموکرات و هەم بۆ نەتەوەی کورد بەڵام بە خۆشیەوە حیزبی دێموکرات سیاسەت و ئامانجی دیاری کراوی هەیە و بە پێی بەرنامە و ئەساسنامەیەک کە هەر چوار ساڵێک لە کۆنگرە دەچەسپێتەوە، ئەو ئامانجە درێژە دەدات بەڵام ڕەنگە تاکتیک بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بگۆڕدرێ. جێگای دوکتور قاسملوو قەت پڕنابێتەوە بەڵام دوکتور قاسملوو قوتابی ی زۆر بە ئەمەگی لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە ڕێرەوی ڕێگای ئەو شەهیدە و هەموو شەهیدانی کوردستانن.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکرات لە کۆیە نیشتەجێ کرا و پاش چەند ساڵ خەباتی چڕی چەکداری ڕاگرت. زۆر کەس دەڵێن کە حیزبی دێموکرات لەبەر باشوور و حکوومەتی باشوور ئەو کارەی کردووە. ئێستا کە باشوور لەوپەڕی دۆخی هەستیاردایە بۆچی حیزب دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی خەبات ڕادەگەینێت. زۆر کەس بەم شێوەیە شرۆڤەی دەکەن: پارتی و دێموکرات هاوپەیمانن و پارتی بەو شێوەیە دەیەوێ کارتێکی گوشاری بۆ سەر ئێران هەبێت و بتوانێ هەڕەشەی لێ بکات. تا چەندە ئەم شرۆڤەیە بە ڕاست دەزانن و بۆ ؟

قەرەخان: هەروەک باسمان کرد حیزبی دێمۆکرات بوونی خۆی لە ناوخۆ نەپساندۆتەوە بەڵام وەکوو پێش نیشتەجێ بوونی لە کۆیە نا بەڵکوو بە شێوەیەکی دیکە، هۆکارەکەشی هەروەک ئاماژەی پێکراوە بەهۆی دۆخی حکومەتی هەرێم و پاڕاستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو پارچەیە لە کوردستان، دەست پێکردنەوەی ئەمجارەی خەباتی چەکداری کە بە ڕاسانی حیزب ناوی دەرکرد هەر وەک کاک حەسەن شەڕەفی ئاماژەی پێکرد مەبەست، بوونی پێشمەرگەیە لە ناوخۆ بەشێوەیەکی چالاکتر لە جاران کە ئەوەش هەروەک چۆن ساڵانی پێشوو مەترسی بۆ سەر حکومەتی هەرێم نەبووە ئەمجارەش نایبێت.

بێگوومان پارتی ناتوانێ لە ڕێگای حیزبی دێموکراتەوە گوشار بخاتە سەر ئێران بەڵکوو بە پێچەوانە ئێران دەتوانێ کارێکی ئاوا بکات، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەش بەشێکی زۆری ئەو هەڵویستە بەشێوەی نەهێنی ماوەتەوە.

ڕاوێژ: حیزبی دێموکرات لە ئێستادا خەریکی چییە؟ نەخشەڕێگا و پڕۆژەی بۆ قۆناغی نوێی خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات چین ؟ چ مکانیزمێکی هەیە بۆ ڕزگاریی خۆرهەڵاتی کوردستان؟

قەرەخان: حیزبی دێموکرات خاوەن بەرنامە و پەیرەوی ناوخۆییە کە هەموو چوار ساڵ جارێک پەسەند و نوێ دەکرێتەوە و لەو بەرنامە و پەیرەوەدا کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا دەست دەکەوێ هەموو سیاسەت و ئامانجەکانی شی کراوەتەوە و تاکتیکی گەیشتن بەو ئامانجانەی بەرۆژ لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێ و شتێکی دوگم و نەگۆڕ نیە.

ڕاوێژ: ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لقێکی پەکەکەش  بوونی هەیە بەڵام حیزب و ئەو لقەی پەکەکە لەجیاتی پێکەوە کار کردن، زیاتر تووشی ئاڵۆزی دەبن، ئەوە لە ناو ئەندامەکانیان هەر لەو ژوورانەش دا بەرچاوە، هۆکاری ئەو پێکهەڵنەکردنە، سیاسیە، ستراتژیکەیان چی تر؟

قەرەخان: جیاوازی فکری نێوان ئەو دوو پارتە زۆر لێک دوورە تەنانەت لە خاڵی شەڕ لەگەڵ داگیرکەریش ناتوانن یەکگرتوو بن بۆیە ئەو ئاڵۆزییانە لە جیاوازی فکری سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت. مەبەست لەو خاڵی شەڕ لەگەڵ داگیرکەر ئەوەیە کە هەموو پارتەکان لەگەڵ شەڕ لەگەڵ داگیرکەر کۆک و هاودەنگن بەڵام ئەو هاودەنگیە لەو خاڵەش دا لە پەکەکە بەدی ناکرێ.

ڕاوێژ: یەکێک لەو خاڵە پۆزەتیڤانەی کە حیزبی دێموکرات هەیەتی و لایەنگرانی شانازی پێوە دەکەن ئەوەیە کە ئەو حیزبە هیچ کات ئاستی داواکارییەکانی خۆی دانەبەزاندووە و بۆ نموونە بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕاوێژکارانی ئیسلامیی ئێران (مجلس شورای اسلامی ایران) بەردەوام سیاسەتی بایکۆتی وەپێش گرتووە.

قەرەخان: ئەم هەڵوێستەی حیزبی دێموکرات بەردەوام کەوتووەتە بەر ڕەخنەی زۆربەی هەرەزۆری ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دیکە و حیزب بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئێستاش کە دۆخەکە گۆڕاوە وەکوو دوو دەیە پێش لێدەخوڕێ.

ڕاوێژ: بەگشتی ڕای ئێوە لەبارەی سیاسەتی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت هەڵبژرادنەکانی کۆماری ئیسلامییەوە چییە؟! گەلۆ حیزب هەڵوێستی دروست دەنوێنێ ؟ گەلۆ بایکۆت پێش بە بەشداری و زیندووبوونی کۆمەڵگا ناگرێت؟

قەرەخان: نا، بەشداری کردن لە هەڵبژاردن هیچ کۆمەگێک بە دۆخەکە ناکات چوون کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی دوگم و نەگۆڕی هەیە، حیزبی دێموکرات بۆیە وەکوو ساڵانی پێش بایکۆتی دەکات چوون کۆماری ئیسلامی لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی پێک نەهێناوە کە حیزبی دێموکراتیش شتێک لەو هەڵویستە بشکێنێت.

ڕاوێژ: هۆکاری چیە حیزبی دێموکرات بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکات؟

قەرەخان: لە کۆماری ئیسلامی دا سەرۆکی لێکدانەوەی بەرژەوەندیی نیزام هەیە، ئەو بەشە هەموو دەسەڵاتێکی بەسەر ئۆرگانەکانی کۆماری ئیسلامی دا هەیە کە شەخسی خامنەییە، واتە کوردترین نوێنەر ئەگەر بچێتە مەجلیس، ناتوانێ باسی نەتەوایەتی بکات و هیچ هەنگاوی بۆ هەڵێنێ چوون ئەوان بڕوایان بە پرسی نەتەوایەتی نیە و لەو نوێنەرەش قەبووڵ ناکەن ئەو باسە بورژێنێ. هاوکات دەنگ دانی کوردەکان کۆمەک بەوە ناکات کە کوردێک دەنگ بێنێتەوە، چونکە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا دێموکراتیک نیە و ڕەژیم ئەو کەسە هەڵدەبژێرێ کە خۆیان پێیان باشە، باشترین بەڵگەکان هەڵبژاردنی ئەو دواییانەی ئێران بوو کە حیزبی دێموکرات بایکۆتی کرد.

ڕاوێژ: هەنووکە حیزبی دێموکرات لە باشوور نیشتەجێیە و تەلەڤزیۆنی نییە. چ ڕێگایەکی بۆ پێوەندی  لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە؟!

قەرەخان:  بڕێ کەس لەسەر ئەو باوەڕەن بڕیاری حیزب بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەبات پاش داخرانی تیشک تی ڤی بوو، چونکە حیزب هەستی بەوە کرد کە پاش تیشک تی ڤی دەبێ ڕێگایەک بۆ پێوەندی لەگەڵ خەڵک دروست بکات کە ئەو پێگەیەی خۆی لەدەست نەدات؟

پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەگەر تیشک تی ڤی دانەخرابا، حیزب بیری لە دەست پێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەبات دەکردەوە؟ ئەگەر دەیکردەوە لەسەر چ پێویستییگەلێک؟ ئەوانە کام پێویستین کە حیزب هەستی پێکردوون و چییە نیشان دەدات کە هەنووکە ئەو هەل ومەرجە پێویستە بۆ ئەم قۆناغە نوێیە رەخساوە؟

هەر وەک ئەرزم کردن دەست پێکردنی خەبات بابەتێکی نوێ نیە بەڵکوو ئەومجارەیان گۆڕانکاری تێدا پێک هاتووە و تاکتیکی گۆڕاوە و پێش تیشک تیڤیش حیزبی دێموکرات حضوری هەبوو لە ناوخۆ و لە کاتی تیشک تیڤیش هەر بەو شێوەیە. کەلێنی حضوری پێشمەرگە لە ناوخۆ  بە تیشک تیڤی پڕ نابێتەوە.

ڕاوێژ: بەرنامە و پڕۆگرامی حیزبی دێموکرات بۆ کۆمەڵگای کوردستان لە داهاتوودا لە بواری سیاسییەوە چییە؟!

قەرەخان: دابین کردنی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فێدێرال، سۆسیالیزمی دێموکراتیک.

ڕاوێژ: پاش عەمەلیاتێکی نیزامی لە ڕەبەت و هەروەها پێشتر و پاش پەیامی نەورۆزی سکرتێری حدکا و بڕیاری ڕاسانەوە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و پەرچەکردار لەلایەن زۆر کەس لە سیاسەتوانانی کورد کە تەنانەت سکرتێری بڕێ لایەنیشی گرتبووە، بەرەوڕووی حیزبی دێموکرات بوونەوە. پاشانیش شەپۆلێک لە بانگەشەی نەرێنی دژی حیزبی دێموکرات لەلایەن حکوومەتی تارانەوە دەستی پێکرد و تەنانەت لە تارانیش ئەم کارە کرا. هەروەها، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران بە پەلە گەییشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆ بووەوە. هەر لەم پێوەندیەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی تاران کرا. ئێوە ئەمانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ پێتان وانیە کە ڕژیمی تاران پێشنیاری دانوستاندن بدا بە حیزبی دێموکرات؟ ئەگەر ئەو پێشنیارە بدا حیزبی دێموکرات پێتان وایە چ وەڵامێک دەداتەوە و چ هەڵوێستێک دەگرێت؟

قەرەخان: پێم وانیە بەو مەبەستە بووبێ، من پێم وایە زیاتر پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم هەیە بەڵام ئەگەر داخوازییەکی ئاوا بدرێت بە حیزبی دێموکرات، حیزبی دێموکرات ڕەتی ناکاتەوە و بە لەبەر چاو گرتنی ئەزموونەکانی پێشوو وریاتر دانشتنەکان ئەنجام دەدات و لەوانەیە لایەنێکی سێیەم و جێگای متمانە بەشدار بکات.

ڕاوێژ : هەروەها کە دەزانن بەرنامەو پێڕەوی حیزبی دێمۆکرات خاڵێکی تیایە بە ناوی سووسیالیزمی دێمۆکراتیک و وەک ئامانجی دواڕۆژ پێناسەی دەکەن دەکرێت شی  بکەنەوە ئەمە چ جۆر سووسیالیزمێکە و ئامانج لێی چیە و بۆچی دانراوە؟

قەرەخان: ئەوە بیرۆکەی دوکتور قاسملوو بوو کە بە کتێبی لەسەر نووسراوە کە لێرەدا بە چەند دێڕ بەڕاستی شی ناکرێتەوە بەڵام من هەوڵ دەدەم زۆر ساکار و بە نموونە هێنانەوە لە چەند دێڕدا شی بکەمەوە.

لە کۆمەڵگای سەرمایەدا کەسەکان بۆیان هەیە تا دەتوانن سەرمایە داتر بن، لەو حاڵەتە دا گەلێک کێشە دێتە پێش لە ناو کۆمەڵگادا کە یەکێک لەوان زەوت کردنی مافی چینی هەژارە لەلایەن سەرمایەدارەکان، لە کۆمەڵگای سۆسیالیست دا بە هۆی ئەوەیکە باڵانس لە نێوان فەقیر و سەرمایەداردا ڕاگیراوە، سیاسەتمەداران پێیان وایە کە کۆمەڵگا پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێ چوون سەرمایەدار هەوڵی سەرمایەداری نادات مادام دەوڵەت ئەوەندەی دادەبەزێنێ تا ڕادەیە چینی هەژارەکە، لێرەدا کۆمەڵگا بەرەو تەمبەڵیش دەڕوا سۆسیالیزمی دێموکراتیک، زاراوەیەکی سیاسیە لە نێوان ئەو دوو زاراوە سیاسیە دا خۆی دەبێنێتەوە.

ڕاوێژ: زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە “بەپێچەوانەی پارچەکانی تری کوردستان، بێدەنگی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشاوە”، ئایا لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاودەنگن؟ لە حاڵەتێکی وادا  هۆکارەکان بۆچی دەگەڕێننەوە؟ ئەەگەر بەپێچەوانەوە پێتان وایە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ نییە، هۆکارەکانی ئەوەی کە زایەڵەی ئەەم دەنگە ناگاتە ڕای گشتی چییە؟

قەرەخان: من پێم وایە تا ڕادەیەک ئەو شێوە بیر کردنەوەیە درووستە، ئەوەش بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە چاو وڵاتانی تری داگیرکەر یەکێک لە دڕەندەترین دوژمنانی کوردە. باڵانسی کۆمەڵگای بە شێوەیەک ڕاگرتووە کە ئەگەر ئەو کۆمەڵگایە جیا لە بژێوی ژیان و ژیانی ئاسایی ڕۆژانە بە کارێکی لاوەکی سەرقاڵ بن دواکەوتنیان ئەوەندە خێرا دەبێ کە جوان هەستی پێدەکەن. هەروەها خەبات لە ڕۆژهەڵات لەچاو پارچەکانی دیکە جیاوازە، باشوور ئەگەر ئامریکا بەرژەوەندیەکانی خۆی تێدا نەبینیباوە ئێستاس بە خەڵکەکەی ڕزگار نەدەکرا، پرسی سووریە کە هەر بەو شێوەیە لە بەرژەوەندی لایەنەکانی تر کوردیش خۆی تێدا دیتەوە و تورکیەش کە حکومەتێکی تا ڕادەیەک دێموکراتیکی هەیە لانیکەم لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانن بە دەنگ دان نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ پارلمان و هەروە ها کەم کاری ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتیش دەخیلە لەو دۆخەی بەسەر رۆژهەڵات دا زاڵ بووە کە پێم وایە ئەوە تا سەر نیە و ڕۆژهەڵات ئەو پتانسیەلەی تێدایە کە بە جارێک زۆر پێش بکەوێ.

ڕاوێژ: زۆرێک لە چالاکانی سیاسی هەڵوێستی حیزب و بایکۆتی هەڵبژرادن لەو ناوچانەی کە کورد و تورکی لێ نیشتەجێن بە دروست نازانن. ڕای ئێوە چییە؟

قەرەخان: ئەمن پێم وایە ڕیفۆرم لە کۆماری ئیسلامی دا شتێکی بێ مانایە، هەروەک عەرزم کردن ئەگەر کوردەکانی پارچەکانی تریش دەنگ بدەن بەو نوێنەرە کوردە مادام کۆماری ئیسلامی نایهەوێ ئەو دەنگ بێنێتەوە کەواتە یەکێک هەڵدەبژێرێ کە خۆی بە دڵێتی چوون هەڵبژاردن دێموکراتیک نیە.

ئایا ئەو چالاکانە قەبووڵ دەکەن کە لە کۆماری ئیسلامی دا هەڵبژاردن دێموکراتیک نیە؟ کەواتە بەشداری خەڵک بۆ دەنگ هێنانەوەی نوێنەری کورد چ واتایەکی هەیە؟ لە نەغەدە کە خۆم خەڵکی ئەو شارەم دوکتور کەریم ڕەحمانی نیزیک هەشت جار دەنگی هێناوە نەیانبرد، حەسەنی ئیمام جومعەی ڕەزایە دەیکووت ئەمن چۆن دێڵم دوکتور قاسملوو بچێتە مەجلیس؟ ئەگەر لە سندووقێ بێتە دەر ناهێڵم بچێت، ئایا ڕیفۆرم لەگەڵ ئەو ئەقڵیەتە و ئەو سیستمە مانایەکی هەیە؟

ڕاوێژ: پێشتر حیزبی دێموکرات بانگەشەی دەوڵت-نەتەوەی دەکرد ئێستە دوای مافەکانی کورد لەچوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک.گۆڕینی هەڵوێستی حزب بۆچی دەگەڕێننەوە؟

قەرەخان: ئامانجی ستراتیژیکی حیزب تا ئئێستا ئەوە بووە کە داوای کردووە بەڵام شعاری حیزب دەگۆڕدرێ و بە پێی دۆخی ئێران و ئەزموونی سیستمەکانی دنیا و هاوشێوەی کوردستان.  کۆنگرە بڕیاڕی دەدات کە لە چ ڕاستایەک هەنگاو بنێن.

ڕاوێژ : هەموو کات لە زۆربەی قۆناغە مێژوویەکاندا حیزبی دیمۆکرات خۆی کردوەتە قوربانی پارچەکانی تر و بە تایبەت باشوور زۆرێک پێیان وایە ئەمە لە بێ دەسەڵاتی حیزبی دێمۆکرات دایە ئێوە چۆنی دەبینن؟ شرۆڤەتان لە سەر ئەم بابەتە چیە؟

قەرەخان: ئەوە پەیوەندی بە بێ دەسەڵاتییەوە نیە، ئێمە وەکوو پەکەکە کوردستانمان لێ نەبۆتە گۆڕەپان و سەکۆی کوشتی کەج (جۆرێک زۆرانبازی ڕۆژئاوایی)، هەر حیزبێک نەتەوەیی بێت خۆی دەکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی کورد لە هەر پارچەیەک لە کوردستان.

ڕاوێژ : زۆربەیایەنەکان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ پێوەندی خۆیان لە گەڵ وڵاتانی داگیرکەر بیانووی ئەوە ئەهێننەوە کە کاتی خۆی حیزبی دییموکرات پێوەندی بە حکوومەتە داگیرکەرەکانەوە هەبوە ئایا ئەمە تا چەند ڕاستە؟ شرۆڤەتان بۆ ئەم پرسە چیە؟

قەرەخان: حیزبی دێموکرات پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ ڕژیمی بەعس هەبوو کە زۆربەی حیزبەکان و چالاکانی سیاسی پێیان وابوو کە حیزبی دێموکرات کارێکی خراپ دەکات بەڵام دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس فایلی خیانەتی زۆربەی حیزبەکان دەرکەوت ئی حیزبی دێموکرات نەبێ، کە ئەوە ببۆ جێگای دەستخۆشی دوکتور مەحموود عوسمان. حیزبی دێموکرات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەر لایەنێک بەشێوەیەک دادەڕێژێ کە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەرووی هەموو شتێک بێت.

ڕاوێژ: لەم چەند ڕۆژەدا باس لەوە دەکرێت کە ئیقامەتی سیاسییەکانی نیشتەجێی باشوور نوێ ناکرێتەوە.ئەو بڕیارە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟ یان داوای پارەیەکیزۆریان لێدەکەن؟ پێتان وا هەیە هۆکارێکی سیاسی هەبێ؟

قەرەخان: نەک بۆیان نوێ نەکرێتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە چالاکانی سیاسی نایانهەوێ نوێی بکەنەوە لەبەر ئەوەی زیاد بوونی ئەو بڕە پارەیە شتێکی سرووشتی نیە، کاتێک لە سلێمانی ٨ هەزار دینار بێت و لە هەولێر بۆ ١٨٠ هەزار دینار بەرز کرابێتەوە، بۆیە چالاکانی سیاسی هەڵویستێکی بەجێیان گرتووە.

ڕاوێژ: ئاستەنگەکانی پێش حیزبی دێمۆکرات بۆ دەسپێکردنەوەی خەبات چین؟ ئایا دەکرێت ئەو ئاستەنگانە پولێن بەندی بکرێت ؟ ئەگەر دەکرێت چۆنە ؟ ئەو ئاستەنگانە چین و بە چ شێوەیەک دەبێ بەرەنگاریان ببێتەوە؟

قەرەخان: ئاستەنگێکی ئەوتۆ نایەتە پێش چوون ئەگەر تێهەڵچوونێکیش بێتە پێش لە درێژەی خۆپاراستنی پێشمەرگاکان لە ناوخۆ بووە، ئەو ئامادە بوونە، بوونێکی چەکداری نیە بەڵام کاتێک هێرش بکرێتە سەر پێشمەرگەیەک، پێشمەرگەکان داکۆکی لە خۆیان دەکەن. ئەوە یانی ئەو ئامادەبوونە هەر وەکوو ساڵانی پێشووترە و ئەگەر ئەوکات ئاستەنگێک هاتبێتە پێش، ئەوکات میکانیزمی بۆ دیتراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.