دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.
لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتووە: ” زەبروەشاندنو خۆڕاگریی ئەو پۆلە تێکۆشەرە بەرامبەر پەلاماری هێزە دڕندەکانی ڕێژیمو شەهیدبوونی سەربەرزانەیان، بەڵگەیەکی بە هێزە بۆ سەلماندنەوەی ئەو ڕاستییە کە ورەو ئیرادەی تێکۆشەرانو خەباتکارانی نەتەوەکەمان، سەرووترو پتەوتر لە هێزی زۆرو دڕندەی دوژمنو جبەخانەکەیەتی.”
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاندووە: “ئێمە شەهید بوونی پۆلێک لە هاوڕێیانتان بە خەسارێک نەک هەر بۆ ئێوە، بەڵکوو بۆ خۆمانو بزووتنەوەی نەتەوەییو ئازادیخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دەزانین. بەم بۆنەیەوە بە گەرمی سەرەخۆشی لە ئێوەو هەموو تێکۆشەران، ئەندامانو لایەنگرانتان دەکەینو هاوخەمیی خۆمانو تێکڕای ڕیزەکانمان بە بنەماڵەو کەسوکاری شەهیدەکانو خەڵکی دڵسۆزو پێشمەرگە پەروەری ناوچەی شنۆ ڕادەگەیەنین.”
لە پەیامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا گرنگییەکی زۆری بە ئامادەبوونی تێکۆشەرانی خۆی لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوەو لەم ڕێگایەشدا قوربانیو تێچووی بەرچاوی پێشکەش کردووە و تیایدا هاتووە؛ “ئێمە بە باشی هەستمان بەو ڕاستییە کردوە کە بەردەوامیی ئامادەبوونی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە نێو خەڵکی خۆیانو چوونە سەری توانای ڕووبەرووبوونەوەیان لە گەڵ پیلانو هێرشو پەلاماری هیزە دڕندەکانی کۆماری ئیسلامیدا، پێویستی بە بەرنامەی هاوبەشو هاوکاریی مەیدانیی هێزە سەرەکییەکانی ئەو بەشەی کوردستان هەیە. لە کەسیش شاراوە نیە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان یەک لەو هێزانەیە.”
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: “بە باوەڕی ئێمە دوو لایەنی دیموکڕات کە پێشمەرگەکان، تێکۆشەرانو فەرماندەرانیان، ڕابردووی درێژو ئەزموونی هاوبەشیان لە تێکۆشانو چالاکیی پێشمەرگانەو ئامادەبوون لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەیە، دەتواننو حەق وایە پشت بە پشتی یەکترو لە یەک سەنگەردا، بەرەوڕووی دوژمنی هاوبەش ببنەوە. ئێمە لەوەش دوورتر دەڕوانین. داهاتووی ناڕوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو پڕتێچوو بوونی حوزووری تێکۆشەرانمان لە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتو، ئەنجامە سیاسی، نیزامیو ئەمنیەتییەکانی ئەم ئەرکە پێویستو گەورەیە، لێمان دەخوازێ کە هەر دوو لامان پرسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، پتر لە هەموو وەختێکی پێشوو بخەینە دەستووری کارمان.”
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە؛ “چالاکبوونەوەمان لە هەموو بوارەکان لە مەیدانی ئەسڵیی خەبات کە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر وەها ئامانجی پیرۆزی بووژاندنەوەی خەباتو بەرخۆدانی حەقخوازانە لەو بەشەی کوردستان، لێمان دەخوازێ بە گیانو ڕوانینو خوێندنەوەیەکی بەرپرسانەتر، قۆڵ لە چارەسەری کەلێنی نێوان دیموکراتەکان هەڵماڵین.”