هاوژینی پێشووی هونەرمەندی کۆچکردوو، مامۆستا محەممەد ماملێ، کۆچی دوایی کرد

0
1103

ڕۆژی کورد: سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 9 ـی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، خاتوو “نوسرەت حاج محەممەد” هاوسەری دووهەمی هونەرمەندی نەتەوەیی کورد مامۆستا محەممەد ماملێ کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد لە شار مهاباد، خاتوو نووسرەت حاجی محەممەد، ناسراو بە دایە حاجی، دایکی کوبڕا، عەزیز(خانە)، خوسرەو، خالید (هێدی) ماملێ و “جەعفەر نەوزاد” لە شاری مهاباد کۆچی دوایی کردووە.

بەرهەمی هاوژینیی مامۆستا محەممەد ماملێ و خاتوو نووسرەت حاجی محەممەد، دوو کوڕ بە ناوەکانی خوسرەو و خالید(هێدی) ماملێ یە کە لە ژیان دان.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ ڕۆژی کورد لەمبارەوە گوتی: “دایە حاجی پێشتر خێزانی مامۆستا محەممەد ماملێ بووە بەڵام ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ بوو کە بە ڕەسمی لێک جیا ببوونەوە و بەڕێزیان لە فەڕانسە دەژیا”

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی ماملێ لەمەڕ کەسایەتیی کۆچکردوو “نوسرەت حاج محەممەد” گوتی: “دایە حاجی ژنێکی خۆشەویست و بەڕێز بوو کە بەتایبەتی لە شاری مهاباد، ڕێزێکی تایبەتی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا هەبوو، ژنێکی سەروڕووخۆش و دلۆڤان بوو کە سەرجەم بنەماڵەی ماملێ ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو”.

“نوسرەت حاج محەممەد”، ساڵانێک بوو لە فەڕانسە دەژیا و لەم ساڵانەی کۆتایی دا بڕیاریدا بگەڕێتەوە وڵات و پاشماوەی تەمەنی خۆی لە کوردستان و لە باژێڕی مهاباد بژیت و هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد.

خاتوو ئامینە ماملێ مەولوودیان، خێزانی مامۆستا محەممەد ماملێ هەر لە ژیان دایە و ئێستا لە باژێڕی مهاباد دەژیت. ئامینە ماملێ کچی حەمەدی مەولوودی یە کە یەکێک لە خەباتگێڕانی ناسراوی کورد لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەلآت بووە. هەروەها دایکی شەهید نەجات ماملێ یە.

مامۆستا ماملێ و ئامینە خانمی خێزانی
مامۆستا ماملێ و ئامینە خانمی خێزانی

مامۆستا محەممەد ماملێ لە ژیانیدا سێ جار هاوسەرگیری کردووە کە یەکەمینیان سالێ ١٩٤٤ لەگەڵ خەیاڵ خانم بووە کە دوای پێنج سال ژیانی هاوبەش، ساڵی ١٩٤٩ خەیاڵ خانم بە هۆی نەخۆشی سیل، کۆچی دوایی کردووە.

محەممەد ماملێ بۆ جاری دووهەم لە ساڵی ١٩٥١ لەگەڵ کۆچکردوو نوسرەت خانمی حاجی محمد ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە کە تا ساڵی ١٩٦٤ بەردەوام بووە و دواتر لێک جیابوونەوە.

بۆ جاری سێهەم و دواجار، مامۆستا محەممەد ماملێ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خاتوو ئامینە مەولوودیان کچی حەمەدی مەولوودی پێکهێناوە کە ئیستا لە ژیان دایە و لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەلآت ناسراو و خۆشەویستە و لە زۆربەی پێشهاتەکانی کوردستان هەڵوێستی تایبەت بە خۆی هەبووە و هەیە.

ناوەندی ڕۆژی کورد، بەم بۆنەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرجەم شاری مهاباد بە گشتی و بنەماڵەی ماملێ بەتایبەتی دەکات و هاوخەمیی خۆی ڕادەگەیێنێت. ڕوحی شاد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت