Google search engine
ماڵەوە فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر یادگارییەکانی هونەرمەند، گوڵبەهار

یادگارییەکانی هونەرمەند، گوڵبەهار

0
3580

ناوی تەواوی ” فاتیمە ئەحمەد عەلی”یە، لە ساڵی ١٩٢٩، لە گوندی ” مارشەمعون “ی سەربە شاری ” جوولەمێرگ” لەدایک بووە. بەڕەچەڵەک خەڵکی گوندی ” قۆرچناسێ”ی سەر بە شارۆچکەی ئامێدیە، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بنەماڵەکەی چوونەتە باکووری کوردستان و گوڵبەهار لەوێ لەدایک بووە، پاش چەند ساڵێک، بۆ باشووری کوردستان گەڕاونەتەوە و لە ” ئامێدی، شێخ مەم، سەرسەنگ و بەردەڕەش” نیشتەجێ بوون.

پاش مەرگی باوکی ” کە لەوکاتانەدا گوڵبەهار تەمەنی ٦-٧ساڵ دەبێت” بە خێزانەوە بەرەو شاری موسڵ بار دەکەن و لەوێ دەست بە خوێندن دەکات و لە بەغدا تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەخوێنێت.

گوڵبەهار، لە تەمەنی ١٤-١٥ساڵیدا شوو دەکات، بەڵام لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێکهەڵناکەن و لەیەکتری جیادەبنەوە. پاش چەند ساڵێکی دیکە، شوو بە پیاوێکی عەرەب دەکات و کچێکی بەناوی “بێریڤان” لێدەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کەهاوسەرەکەی ژنێکی دیکە بەسەر گوڵبەهار دەهێنێت، ژیانی هاوسەرێتییان بەردەوام نابێت و لێک جیادەبنەوە و ” بێریڤان ” لەگەڵ دایکیدا، لە ژیانێکی زۆر سەخت و دژواردا، دەمێننەوە.

هەرچەند گوڵبەهار وەک گۆرانیبێژێک ناسراوە، بەڵام لەهەمان کاتدا وەک ئەکتەرێک لە شانۆ و سینەمادا ڕۆڵی بینیوە، کاتێک بە هاوکاریی و هاندانی خوشکەکەی ” فەوزیە محەمەد”، دەچێتە ئێستگەی بەغدا و وەک یەکەمین ژنی کورد لەبەشی شانۆدا، ڕۆڵ دەبینێت. لەئیستگەدا، بەناوی ” فائیزە محەمەد”ەوە، دەناسرێت و لەچەندین درامای ڕادیۆیی و شانۆیی و دۆبلاژدا، کاری کردووە.

لەساڵی ١٩٦١دا لە ڕادیۆی بەغدا-ئیستگەی کوردی، بەپێشنیازی ” ئەحمەد خەلیل” کە لەو کاتەدا بەڕێوەبەری ئیستگەکەبووە، دەست بەکاری گۆرانیبێژی دەکات.

لە ١١ی ئاداری هەمان ساڵدا، یەکەم گۆرانی خۆی بەناوی ” کوڕێ گوندی بەژندارێ حەیزەران “، دەبێژێت و هەر لەو کاتەدا، ئەحمەد خەلیل، نازناوی ” گوڵبەهار”ی بۆ دادەنێت. بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم گۆرانییە، خەڵک زۆر حەز لەدەنگ و ئاوازی دەکەن چونکە هەنگاوێکی نوێ بەرەو قۆناغێکی تری موزیکی کوردی دەنێت و هۆنراوەی گۆرانییەکانی لە هەڵبەستی نوێوە هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ تیپی موزیکی ڕادیۆدا، پێشکەشی دەکات.

گوڵبەهار لەساڵی ١٩٦١ەوە تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٨٧ ” کە خانەنشین دەبێت” ٢٧٢ گۆرانی دەبێژێت، بەڵام هەموو بەرهەمەکانی لە ڕادیۆی بەغدا تۆمار نەکراوە و زۆربەیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆدا بڵاو کراونەتەوە. لە هۆنراوەی شاعیرگەلێک وەک ” سەبری بۆتانی، محەمەدئەمین عوسمان، بەدرخان سندی، فەیسەڵ موستەفا، مەحفوز مائیی، ساڵح عەلی، فەخرەدین دۆسکی، حافز مائیی، سەیوان عەبدولحەکیم و بەهزاد باڵەتەیی” و لە ئاوازی ” بشار زاخۆیی، سەمیر زاخۆیی، ئەحمەد خەلیل، نازم نەعیم، یاسین شێخلی، جەمال جەلال، عەلی مەردان، محەمەد قەدری و …” کەڵکی وەرگرتووە.

لەساڵی ١٩٧٣دا، لەگەڵ هونەرمەندان: محەمەد عارف جزیری و عیسا بەرواری، پێکەوە بۆ لوبنان دەچن و بەشداری لە فێستیڤاڵی ” باعەدرا” دەکەن و لەوێ، لەگەڵ ” سەید یوسف” یەکتر دەناسن و بەیەکەوە چەند بەرنەمەیەک ساز دەکەن.

لەساڵی ١٩٧٦دا، بۆ ئەوروپا دەچێت و لە فەڕەنسا و نەمسادا، چەند کۆنسێرتێک ساز دەکات. لەساڵی ١٩٧٨دا دیسان بۆ ئەوروپا دەچێتەوە و کۆنسێرت لە وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیا و نەمسادا، پێشکەش دەکات. لەساڵی ١٩٨١دا، بە مەبەستی سازدانی چەند کۆنسێرتێک، بۆ وڵاتی ئەمریکا دەچێت. لەساڵی ١٩٨٧دا خانەنشین دەبێت و لەشاری بەغدا نیشتەجێ دەبێت.

پاش پرۆسەی ئازادی ئێراق و بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کورد و بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی ١٧و١٨ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٥دا، مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ ساز دەکەن و لەشاری دهۆک نیشتەجێ دەبێت. لەساڵی ٢٠٠٧دا نەشتەرگەری بۆ چاوی دەکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکی نەشتەرگەرییەکەوە، چاوێکی لەدەست دەدات، دواتریش لەساڵی ٢٠٠٨دا، بەداخەوە جەڵدە لێی دەدات و تووشی شەلەلی دەکات.

گوڵبەهار وەکو ژنە هونەرمەندێکی کوردی سەدەی بیستەم، جێگەی ڕێزە کە توانیویەتی لەسەردەمی دژواری خۆیدا، دەیان ئاواز و فۆلکلۆری کوردی بپارێزێت و تۆماریان بکات. بەداخەوە لە ٢٣-٢-٢٠١٠ لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچی دوایی کرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوووەفدێکی تری یەکێتی نیشتمانی گەیشتە تاران
بابەتی دواترشرۆڤەیەکی چڕی پان ئێرانیسم و لایەنە جیاجیاکانی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ کەیوان دروودی
نوێترینەکان
بەیاننامەی پشتگری لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە دووهەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی حەسەن نەسروڵڵا : بڕیارمان داوە بەبێ پاڵپشتی ئێران ، هێرش بکەینە سەر ئیسرائیل چی بکرێت بۆ دەرچوون لە نسکۆی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرۆفیسۆر "عەلی قلیچ" کۆچی دوایی کرد جێگری بەرپرسی پۆلیسی ئەمنیی خاش کوژرا گرنگی ڕۆڵی دایک لە پەروەردەی نەتەوەییدا پنتاگۆن : جووڵەی هێزەکانی ئەمریکایی لە ناوچەدا رێگر بوو لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئیسرائیل سەرۆکایەتیی کۆنفرانسی نەتەوەیەگگرتووەکان بۆ داماڵینی چەک دەکات و ئێران و سووریا تووڕە دەکات کەشتیی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕست  ڕاهاتن لە ڕاگەیاندن لە سیاسەتی دەسەڵاتی داگیرکار و  خۆسەپێندا. ئیسرائیل :هێرشەکانمان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت وەزیرەپێشنیارکراوەکانی پزشکیان دەنگیان پێدرا ، بەڵام پەرلەمانی ئێران کەوتە ژێر پرسیارەوە چاودێریی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵکشانی ئاماری لە سێدارەدان لە ئێران هۆشداری دەدات ئاماری چەکی پووچی (بەرگەشتی ) بانکی لە ئێران گەیشتۆتە هێڵی سوور چی بکرێت بۆ دەرچوون لە نسکۆی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان