ئەرکی پەروەردە و قوتابخانە و کاریگەرییەکانی/وتووێژ لەگەڵ جەماڵ ڕەسووڵی شارەزای پەروەردە

0
2863

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وتووێژێکە لەمەڕ (ئەرکی پەروەردە و قوتابخانە و کاریگەرییەکانی) کە لە ڕێکەوتی و ٥ و ٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ی کوردی (١٣٩٥ی هەتاوی) لە گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ بەڕێز جەماڵ ڕەسووڵی ڕەسووڵی، شارەزای بواری پەروەردە و پێشکەشکاریی بەڕێز، ئیمان مورادوەیسی، چالاکی سیاسی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: لە مێژوودا هەندێ کەسی وەک (ئیوان ئیلیچ) دژایەتییان لەگەڵ هەبوونی قوتابخانە کردووە، ئێوە گرنگی بوونی قوتابخانە و مامۆستا بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

جەماڵ ڕەسووڵی
جەماڵ ڕەسووڵی

ڕەسووڵی: مێژووی پەروەردە بۆ سەردەمی کۆن دەگەڕێتەوە و سەردەمێک خوێندن تەنیا بۆ کەسانی ئەشرافی (دەوڵەمەند) بووە و تا …هتد. ئەو کەسانەی وەک ئیلیچ کە دەڵێن نابێ قوتابخانە هەبێ وا بیر دەکەنەوە کە لە شوێنە تایبەتییەکانی وەک قوتابخانە و …تاد مرۆڤ تەنیا فێری شتێک دەبێت کە فێر دەکرێت و ڕێگای بیرکردنەوەی لێ دەگیرێت و ناتوانێت بە مرۆڤ بوونی خۆی بگات، ئەوەش تەنیا بیرێکە زیاتر لە چوارچێوەی پەروەردەی ڕەهادا خۆ دەگونجێنێت و زیاتر باس لە مرۆڤی ئازاد دەکات.

ڕاوێژ: بە گشتی ئەرکی مامۆستا چیە لە قوتابخانە؟

ڕەسووڵی: ئەو پرسیارە زۆر بەر بڵاوە، تەنیا ئەرکی مامۆستا ئەوەی کە خەڵک بە گشتی دەیبێنێ نیە و بڵێین کە مامۆستا تەنیا وانه بڵێتەوە و تەواو؛ بەڵکوو مامۆستا دەبێ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی مرۆیی بێت کە بتوانێت قوتابی ڕێنوێنی بکات بۆ داهاتووی ژیان، فێری باوەڕ بەخۆبوونی بکات، فێری بیرکردنەوەی بکات، فێری کاری بکات و زۆر شتی دیکە، چون مامۆستای قوتابخانە ئاوێنەی قوتابییە بۆ ژیان.

ئیمان مورادوەیسی
ئیمان مورادوەیسی

ڕاوێژ: وشەی پەروەردە لە دوو بەش پێکدێ کە هەڵبەت لێک جیا نابنەوە واتا (فیرکردن) و (بارهێنان)، ئەو دوو بەشە کامی گرنگترە، مامۆستا دەبێ زیاتر گرنگی بە کامیان بدا (ئامووزش) یان (پەروەرش)؟

ڕەسووڵی: پێشتر باسم لەوە کرد ئەو دوو وشەیە “لازم و مەلزومی” یەکترن و هیچیان  بە تەنیا مانا نادات. تۆ کاتێک دەتوانی یەکێکیان بە کار بێنی و باسی لێوە بکەی کە مەبەستەکەی جیاواز بێت، بۆ نموونە تۆ گوڵێک پەروەردە دەکەی بەڵام ئامووزشی نادەی کە کاتێک کچێک یا کوڕێکی دیت چ بکات، یان تۆ مەیموونێک ئاموزش دەدەی کە ئەگەر مۆزت دایە بە قسەت بکات بەڵام پەروەردەی ناکەی کە دزیی مۆز بکات،بە گشتی زۆر جار ئامووزش پێش پەروەرش دەێت و زۆرجاریش بە پێچەوانە.

ڕاوێژ: یەکێک لە کێشەکانی قوتابخانە لە ئێران، لێدان و تەنبێ کردنی جەستەییە، ئاسەوارە نەرێنییەکانی لێدان و تەنبێی جەستەیی چین؟

ڕەسووڵی: وشەی تەنبێ کردن، خۆی یانی ئاگادار کردنەوە و وەبیرهێنانەوە، بەڵام لە قوتابخانەکانی ئێراندا زیاتر بۆ شکاندنی کەسایەتی قوتابی کەڵکی لێ وەردەگیڕێت. تەنبێ هیچ کاریگەرییەکی باشی نیە چونکە قوتابی تەنیا کاتێک ئەو کارەی کە لە سەری سزا دراوە نایکات کە سزادەر واتا مامۆستای لێ دیارە دەنا دواتر دەیکات. تەنبێ خەساری دەروونی، جەستەیی، بێ باوەڕی، توندخویی، توندوتیژی،  سەرکێشی، زمان شڕی و زۆر خەساری دیکەی خراپ لە سەر قوتابی دادەنێت.

ڕاوێژ: هەندێ پسپۆڕی پەروەردە دەڵێن نابێ خەڵات لە قوتابخانە بوونی هەبێ هەروەک نابی سزا (لێدان و تەنبێ) ش بوونی هەبێ، ئێوە ڕاتان لەو بارەوە چیە؟ بوونی هاندەر و خەڵات پیویستە یان دەبێ هاندەر بکرێتە ناخی و دەروونی؟

ڕەسووڵی: بوونی خەڵات لە قوتابخانە باش نیە چونکە کاتێک قوتابییەک لە سەر باش دەرس خوێندن خەڵات دەکرێت، قوتابیانی دیکە وا هەست دەکەن ئەوان هیچ نازانن، لە کاتێکدا خۆ هیچ کەس لە هەموو دەرسەکان زیرەک نیە و بوونی خەڵات منداڵ “گرێیاوی” بار دێنێت و لە درێژخایەن‌دا  قوتابییەکان لە قوتابخانەدا قین و ڕق لێک هەڵدەگرن و تەنانەت لە ژیانی ئاساییش‌دا کاریگەری نەرێنی دەبێت.

ڕاوێژ: ئێستا ڕێژەیەکی زۆر لە واز هێنان لە خوێندنمان لە قوتابخانەکاندا هەیە، بەتایبەت ئەوە لە ناوچە سنوورییەکان، بەشێکی زۆر لە قۆناخی بنەڕەتیشی لە خۆ گرتووە، هۆکارەکان چین؟

ڕەسووڵی: هۆکارەکانی نەخوێندەواری لە ئێران بۆ سیاسەتی دابین نەکردنی دارایی و ماڵ دەگەڕێتەوە چۆن بەپێی ماددەی ٣ و ٣٠ی یاسای بنەڕەتی ئەوە حکوومەته کە دەبێ تا ئاستی باڵای خوێندن بەشی دارایی بۆ قوتابی دابین بکات و سیاسەتی نەخوێندەوراکردنی کوردستان، هەڵاواردن، پەراوێزخستن، سووک ڕوانینی کوردستان و بۆ زۆر هۆکاری دیکەی سیاسی دەگەڕێتەوە.

ڕاوێژ: نەبوونی پەیوەندیی باش لە نێوان مامۆستا و قوتابی یەکێک لە کێشەکانی سیستەمی پەروەردەیە، پێتان وایە چ بکرێ تا ئە وپەیوەندییە تووند و تۆڵ بکرێتەوە؟

ڕەسووڵی: بە گشتی لە ئێراندا چۆن کەلێنی چینایەتی زۆرە و بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت، مامۆستاکانی قوتابخانەی خۆیان جیاواز لە قوتابی دەبینن و وادەنوێنن کە لە قوتابییەکان زۆر باشترن و زیاتر فەرهەنگین و جۆرێک خۆ دوورکەوتنەوە لە نێوان قوتابی و مامۆستا بەرچاو دەکەوێت کە لە ئاکامدا قوتابی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ مامۆستا بێگانە دەبینێت. ڕێگا چارەسەریی ئەو کێشەیە ئەوەیە کە ناوەندەکانی باڵای ئامووزش مامۆستاکان خۆنەگرو خاکەڕایی بار بێنن کە ئەوەش لە ڕێژیمی ئێراندا زۆر ئەستەمە.

ڕاوێژ: هەندێ لە مامۆستایان و بەرەپرسانی پەروەردە بنەماڵەکان بە تاوانباری دۆخی نالەباری پەروەردەیی لە قوتابخانەکان دەزانن، دایک و باوکەکان ئامادە نین سەردانی منداڵیان بکەن، پەیوەندی نیوان باڵ و قوتباخانە لاوازە، لەو پەیوەندییەدا چ بکرێ باشە، هۆکارەکان چین؟

ڕەسووڵی: لە ڕاستیدا ئەو قسەیە هیچ زانستی و مەنتقی نیە کە بڵێن بنەماڵە هۆکاری بارودۆخی خراپی پەروەردەیە چونکە بنەماڵە هێچ بەرپرسیار نیە کە حکوومەت چۆن ئیمکاناتی خوێندن دابین دەکات، بەڵام ڕیژیم ئەرکی ماڵیی خوێندن دەخاتەی ئەستۆی بنەماڵە کە ئەوە دڕدۆنگی درووست دەکات و کەمتەرخەمیی دایکان و باوکان بە قوتابخانە، هیچ کارێکی بەم شێوەش ناکڕێ چونکە ڕێژیم بە شێوەیەکی زۆر بەرین و سسیتماتیک دەیهەوێ پردی نێوان بنەماڵەو قوتابخانە بپچڕێنێت و قوتابخانەکان بکاتە شوێنی ئیدئۆلۆژی خۆی.

ڕاوێژ: ڕێگاچار چیە بۆ ئەوەی کە ئەو کەلێنە لە نیوان قوتابی و مامۆستادا نەمێنێتەوە؟

ڕەسووڵی: ئێمە ناتوانین ڕێگایەکی گشتی وەک گەڵاڵە بخەینە بەردەست چونکە لە بەشی “پلاندارێزیی دەرسی” ئێراندا هیچ کەس جیا لە کەسانی دیاریکراو، ناوتوانن نوسخەپێچی بۆ بەشی پەروەردە و بار‌هێنان بکەن و ئەگەر بمانهەوێ ئەو کارەش بکەین تەنیا لە ئاستی کلاسێکی دەرسدا بەڕێوە دەچێت و ئەوەیش وەک شێوەیەکی دڵسۆزانەی مامۆستا و قوتابی.

ڕاوێژ: باستان لەوە کرد کە بوونی خەڵات باش نیە، دەروونناسیش دەڵێ لیدان و تەنبێش باش نیە، ئەدی ڕێگاچار بۆ سازکردنی هاندەر لە قوتابیاندا چیە؟

ڕەسووڵی: لێرە دەبێ باس لەوە بکەین کە پێوەری ئێمە بۆ هاندانی قوتابی چی بێت، ڕێگای هاندان زۆرن وەک، ئۆردوو و سەیران بۆ هەموو قوتابیان هەم هاندانە بۆ قوتابی زیرەک هەم ناکۆکیش لە نێوان قوتابیان ساز نابێت، ڕێگای دیکە خاڵە (نومرە)، ڕێگای دیکە خەلاتی وەرزشیە و زۆر ڕیگای دیکە.

ڕاوێژ: بە گشتی نەخوێندەوار بوونی دایک و باب چ کاریگەرییەکی لەسەر پەروەردە هەیە؟

ڕەسووڵی: پرسیارێکی زۆر باشە، دایک و باوکی نەخوێندەورا، ئێمە لەوانەیە زۆرمان بینبێت کە کاتێک قوتابی دەچێتە قوتابخانە شت فێر دەبێت و پرسیاری لا دروست دەبێت بەتایبەت کە منداڵ زۆر پرسیارکەرە، ئەگەر دایک و باوک نەتوانن وڵامی منداڵ بدەنەوە ئەوە منداڵ هەست بە نامۆبوون لە ماڵدا دەکات، هەست دەکات دایک و باوکی کە لەلای ئەو هێمای زانایین، هیچ نازانن و لە دەروونی خۆیدا دەشکێتەوە و تەنانەت ڕەوتی پەروەردە و بارهێنانی گشتیش لە ئاستی وڵاتدا لاواز دەکات.

ڕاوێژ: تا چەند لاتان وایە خودی مامۆستا هۆکاری لاوازبوونی پرۆسەی خوێندن و فێر بوونە لە ئێران وکوردستانی ڕۆژهەڵات؟

ڕەسووڵی: لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا مامۆستای قوتابخانە لە هەموو بوارەکانی ماددی‌دا بە تەواوەتی دابین کراوە و هیچ کێشەی ماڵی نیە تا فکری بژیوی ژیانی لای ساز نەبێت، بەڵام لە ئێراندا و  لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی مامۆستایان بە هۆی نەبوونی ماددیات چەند شوغڵەن و هیچ ناتوانن بە باشی ئەرکی پەروەردە بەجێ بێنن و کێشەی گەورە بۆ پەروەردە ساز دەبێت و هەروەها ئەوەش بڵێم هەژارکردنی مامۆستایان لەلایەن ڕیژیمی ئێرانەوە زیاتر بۆ ئەوەیە کە مامۆستایان نەتوانن وەک توێژی ڕووناکبیر و کەریگەر دەنگ هەڵبڕن.

ڕاوێژ: ئێستا ئەگەر لە بەڕێزتان بپرسم کێشەکانی سیستەمی پەروەردەی ئێران بە گشتی چین، وەک ژماردن (مەبەست بە کوردتیە نەک بە شرۆڤەوە)، سەرەکیترین کێشەکان بە چی دەناسن؟

ڕەسووڵی: ١ـ لە هەموان گرینگتر متمرکزگرایی پەروەردە (ناوەندگەری)

 ٢ـ قەیرانی دارایی

٣ـ نەبوونی بەرنامەی بەڕۆژ

٤ـ نەبوونی سیستمێکی دیاریکراوری پەروەردە

 ٥ـ  غوطەور سازی ئاموزش و پەرورش

٦ -پێشگرتن لە بیرکردنەوەی قوتابی.

ڕاوێژ: ئەوەی کە بەڕیزتان دەڵێن دەبی مامۆستا ئاوێنەی ژیان بی بۆ قوتابی، وەک بزانم لە ڕوانگەی ئیدئالیستی و ئەرەستوویی و ئیفلاتوون نزیک دەبێتەوە، ئایا ئەوە بەو واتایە نیە کە هەموو ئەرک و کێشە و بەرپرسیارەتی دەهاوێینە ئەستۆی مامۆستا و لە هەمبەر کێشەکانی پەروەردە و هۆکاری لاوازییەکاندا، بنەماڵە بێ تاوان نیشان دەدەین؟

ڕەسووڵی: خودی ڕوانگەی ئیدئالیستی ڕەخنەی لەسەرە چونکە ژیان و دەروونی منداڵ هەمووی لە ڕووی زانستەوە داناڕێشترێت بەڵکوو وەک ڕۆسۆ دەڵێت لە سروشتیش سەرچاوە دەگرێت، کاتێک دەڵێن مامۆستا ئاوێنەی ژیانە بەو مانایەیە کە قوتابی لە یەکەم کاتدا ڕەفتاری مامۆستا دەکاتە ڕێنوێنی خۆی و دوایە دایک و باوکی چونکە کاتێک منداڵ ڕۆیشتە قوتابخانە ڕۆڵی سەرەکی بۆ ژیانی قوتابخانەی دەیگێڕێت نەک دایک و باوک.

ڕاوێژ: سیستەمی پەروەردە تا چەندە دەتوانێ لەسەر کلتووری کۆمەڵگا کاریگەری دابنێت؟! لە کوردستانی خۆرهەڵاتدا، سیستەمی قوتابخانە و پەروەردە بەگشتی تا چەندە لە کلتوورسازیدا ڕۆڵی ئەرێنی بینیوە؟

ڕەسووڵی: دەبێ بڵێم کلتوور لە کۆمەڵگادا تا ڕادەیەک گرینگە کە دابین بوونی دێموکراسی و شۆڕشەکانیش لە خۆ دەگرێت، ئەوە منداڵە کە لە قوتابخانە فێڕ دەبێت دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕێت، سەر دانەواندن فێر نەبێت، فێڕی مەنتق بێت، بیر بکاتەوە و زۆر شتی دیکە، کلتووریش هەم باری ماددی هەیە و هەم مەعنەوی. بەختەوەرانە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەوەیکە بۆ خۆی شارستانیەت و مێژووی خۆی هەیە، ڕەوتی فەرهەنگی بوونی زۆر لە پێشترە لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بۆخۆش ان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن و سیستەمی ئێستای ئێران زۆری کاریگەری نەبووە لە سەر قوتابیان و ئەگەر هەشی بێت دواتر بە تەواوەتی وەلانراوە.

ڕاوێژ: بۆ دەسپێکردنی باسەکەو چوونە ناو ناوئاخنی بەشی دووی باسەکە، تکایە پێناسەیەک لە پەوەردەو فێرکاری بفەرموون تا دواتر پرسیارەکانتان ئاڕاستە بکەین.

ڕەسووڵی: پەروەردە و فێڕ کردن واتا رێکخستنی رەفتای مرۆڤ بۆ ئامانجێکی مەبەست. هەر چەند پێشتریش ئاماژەمان کرد کە پێناسەیەکی دیاریکراوی نیە.

ڕاوێژ: پەروەردە و بارهێنانی منداڵ لە چ ئاستێکی تەمەنییەوە (ردە سنی) دەست پێدەکات؟!

ڕەسووڵی: ئەوەیکە دەڵین پەوەردە و بارهێنان لە ئاستێکی تەمەنیدا دەست پێ دەکات دیاریکراو نیە چۆن مرۆڤ لە سەرەتای ژیانیەوە، واتا لەو ڕۆژەوە لە زگی دایکی‌دا “نوتفە”یە پەروەردە دەکرێت، بۆیە زانای پەروەردە “ئارنۆلد گزل” دەڵێت “ڕووداوەکانی قۆناغی دووگیانیی دایک لە سەر منداڵ لە نێو زگی‌دا کەمتر لە ژیانی ڕاستەقینە نیە” بەڵام ئێریکسۆن زیاتر لە 7 مانگانەدا باس لە پەرورەدەی منداڵ دەکات واتا ئەو کاتەی منداڵ پێ دەڵین “مەلۆتکە” و بۆ پەروەردە دەیبەەن شوێنگەلی وەک “دایەنگە”.

ڕاوێژ : بە گشتی چەن جۆر شێوەی پەروەردە و ڕاهێنان هەیە لە دونیادا (مەبەست شێوە سەرکەوتوو و ناسراوەکانن) کامیان لە گەڵ سرووشتی ناوچەکەدا و بە تایبەت کۆمەڵگای کوردی دا نزیکترە؟

ڕەسووڵی: بۆ پەرودە و بارهێنان هیچ وڵاتێک شێوازێکی دیاریکراو ناگڕیتە بەر، ئەوەش بە هۆی ئەوەیە کە مرۆڤ ژیانی زۆر ئاڵۆزە و تا ئێستا گیانلەبەرێکی نەناسراوە؛ هەموو وڵاتان بۆ پەروەردە شێوازی تێکەڵاو یا “تەتبیقی” هەڵدەبژێرن.

لە کوردستانیش کێشەی پەروەردە و بارهێنان زۆر ئاڵۆزترە، چۆن کوردستان خاوەنی دەوڵەتی خۆی نیە و بۆیە ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان شێوازی دڵخوازی خۆیان دەسەپێنن و منداڵی کورد لە یەکەم ڕۆژدا لە قوتابخانە و شوێنەکانی پەروەردە دەچەوسێنڕێتەوە و دەبێ کورد لانیکەم ببێتە دەوڵەت جا دوایە بەپێی باری دەروونی و فەرهەنگی نەتەوەی کورد جۆری پەرەوەردەی بۆ هەڵبژێردرێت بۆیە هیچ سیستمێکی پەروەردە و بارهێنان و هەر جۆرە شێوازێکی دیکەی پەروەردە بۆ نەتەوەی کورد ئەگەر هەڵبژێردرێت هەڵەیە و ئەوە دەبێ هەوڵ بدەین کە خۆمان لە سیستمە ڕۆژئاواییەکان نزیک بکەینەوە.

ڕاوێژ : زۆر جار دەگوترێت لە نێوان قوتابخانەو خێزان دا پێکناکووکی هەیە لە سەر شێوازی پەروەردە ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئەگەر وایە چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت ؟

ڕەسووڵی: بەڵێ ئەوە ڕاسته، هیچ پێوەندییەکی زانستی لە نێوان بنەماڵە و قوتابخانەدا نیە و ئەوەش جیا لەوەیکە زیانێکی گەورە بە ڕەوتی پەروەردە و بار‌هێنان دەگەینێت، بەڵکوو وا دەکات کە بنەماڵەکان هیچ ئۆگرییەکان بە سیستەمی پەروەردە نەبێت و ژیانی داهاتووی منداڵ بکەوێتە مەترسییەوە و لەو ناوەشدا دەسەڵاتی باڵادەست بە دڵی خۆی شێوازی پەروەردە بەکار بێنێت چۆن کاتێک بنەماڵە، لە هەمبەر چارەنوسی منداڵەکەی بێ لایەن بوو ئەوە دەسەڵاتە کە جڵەوی ژیانی ئەو تاکە وەک قوتابی دەگرێتە ئەستۆ و بۆ مەبەستی خۆی کەڵکی لێ وەردەگرێت. ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت چونکە دەسەڵاتی باڵادەست نایهەوێ دایک و باوک کاریگەریان لە سەر پەروەردەی منداڵدا هەبێت، ئەوەش بۆ ئیدئۆلۆژی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە.

ڕاوێژ: دەبیسرێ و پێداگری دەکردرێت کە قوتابخانە، ماڵی دووەمە. قوتابخانەکانی کوردستان تا چەندە ئەو ئەرکەیان بە دروستی بە جێ گەیاندووە؟

ڕەسووڵی: پێموابی بۆ وڵامی ئەو پرسیارە نووسراوەیەکی ویکتۆر هۆگۆ جوان دەریدەخات کە قوتابخانە چەندە گرینگی هەیە و جیا لە ماڵی دووهەم زۆر کەسی دیکە دەڵیت کەعبەی دووهەمه. لە کوردستاندا بۆ هەموو کەس ڕوونە کە سیاسەتی هەڵاواردنی خوێندن بە شێوەی ستونی و ئاسوویی لە پەروەردەدا دیارە و ئەوەی کە قوتابیان ئاستەکانی باڵای خوێندن تێپەڕ دەکەن لە هەوڵی دڵسۆزانەی مامۆستاکانە و هەروەها بۆ شوناسی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە کە قوتابیان لە قۆناغێ دواناوەندیدا هەست بە شوناسی خۆیان دەکەن و هەوڵ دەدەن لە قوتابخانە بۆ پەروەردەی خۆیان کەڵک وەرگرن.

ڕاوێژ: دەزانین کە لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هەر ماوەو شێوەیەک پەروەردە تاقی دەکرێتەوە هەر جارەو شێوەیەک لە وڵاتێکی تر کۆپی دکرێت و تاقی دەکرێتەوە دوای ماوەیەک لای دەبەن شێوەی تر دێننە پێشەوە ئەمە چ کاریگەریەکی لە سەر منداڵ بە گشتی و پەروەردەی وڵات هەیە؟ ئایا ئەمە ئاکامی چیە؟ بۆ ناکرێت یەک شێوە پەروەردە دابنرێت و لە درێژە دا تاقی و ڕێک و پێک بکرێت؟

ڕەسووڵی: ئەوە پرسێکی زۆر گرینگە کە وڵاتان و سیستەمی دەسەڵاتدار چ شێوەیەک بگریتە بەر بۆ پەروەردە، لێرەدا ئەوە ئیدئۆلۆژی زاڵە کە جۆری پەروەردە دیاری دەکات، بۆ نموونە ئەگەر سیستەمی حکومەتی ئیسلامی بێت تەربیەتی ئیسلامی و سەخت و ئیشک هەڵدەبژێردرێت و ئامانجیش گەیاندنی مرۆڤ بە خوادیە، ئەگەر کۆمۆنیستی بیت ئامانج گەیاندنی مرۆڤ بە سروشتی دەورووبەرێتی لە ئێراندا چونکە دروستە ئیسلامیە بەڵام ئیسلامی ئیدئۆلۆژی ١٢ ئیمامی شیعەیە بۆ هەر جارێک شتێک دێتە ناو مەیدانی خوێندنەوە.

ڕاوێژ: یەکێک لە باسە گرنگەکانی پەروەردە، فەلسەفەی پەروەردەی هەر وڵاتێکە کە بابەتی پەرتووکەکان وشێوەی هەڵسوکەوت ی مامۆۆستاش دیار دەکات، دەکرێ لەسەر فەلسەفەی پەروەردەی حاکم لەسەر سیستەمی پەروەردەی ئێران قسە بکەن.

ڕەسووڵی: هەر کام لە مەکتەبەکانی فەلسەفە باس لە جۆریک پەروەردە دەکەن و هەر کامەیان “خاسی و خراوی” خۆیان هەیە پەروەردە لە سیستمی ئامووزشی ئێراندا ئیسلامییە و  کەڵک لە بیری فەلسەفەی ئیسلامی وەک ‘سۆهرەوەردی، سینا، غەزالی و تا دوایی وەردەگرن و مامۆستاکانیش بە بێ ئاگاداری لە فەلسەفە و تەنات بارودۆخی سەرەتایی ڕوحی و جەستەیی بۆ وانە گوتنەوە هەڵدەبژێردرێن و هیچ پێوەرێکی دیاریکراو نیە.

ڕاوێژ: بەشێک لە پەروەردە بەر لە قوتابخانە لە ماڵەوەیە، ئێوە ڕاتان وایە دایک و باوکانی ئێمە چ کەمتەرخەمیەک لە ڕەفتارەکانیاندا هەیە؟

ڕەسووڵی: ئێمە نابێ دایک و باوکی خۆمان گوناحبار بزانین و تاوانباریان بکەین چۆن خۆیان یەکەم”: بێسەوادن و دووهەم: لە ژێر زوڵمی ڕێژیمی سەرکوتکەری ڕێژیم دابوونە، بۆیە ئەوانیش بە داب و نەریتی کوردەواری و هەروەها  فەرهەنگی کوردەواری منداڵی خۆیان پەروەردە دەکەن و نابێ گلەییمان هەبێت.

ڕاوێژ: بەر لە قوتابخانە دەبی منداڵ بچتە باغچەی ساوایان، سیستەمی باغچەی ساوایان لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕەسووڵی: باغچەی ساوایان لە ئێران لە سەردەمی جەبار باغچەبانەوە دەستی پێکرد و نێوی جیاوازیشی هەیە، ئەوەیکە  ئێمە لە بارەی باغچەی ساوایان دەیبینین لە ئێراندا بێ ڕێزی بە منداڵە و هیچ کام لە پێوەرە جیهانی و ستانداردەکان بەڕێوە ناچێت، بۆ نموونە ئەمساڵ ئیزن دەدەن کە جۆلانە لە باغچەی ساوایان هەبێت دوای دوو مانگ هەڵیدەوەشێننەوە و دەڵێن قەدەغەیە و پاشان “هەڵاواردن و جیاکردنەوە”ی ئاستی تەمەنی بۆ منداڵ ناکرێت و شوێنەکانی پەروەردەش زۆر ناستانداردن و هیچ بایەخێکی باشیان پێ نادرێت، لە کاتێکدا پەروەردە شتێکی بەڕۆژە.

.ڕاوێژ: کێشەیەکی سەرەکی لە سیستەمی پەروەردەدا، مامۆستایە، شێوەی دامەزراندن و بەرزکردنەوە و تەنانەت خولی فێرکاری، لاتوان وایە چۆنە وبۆ لە ئێران سیستەمێکی یاسایی و کارپێکراو لەو بارەو ەبوونی نیە و مامۆستا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دادەمەزرێن؟ خەسارەکانی ئەو لایەنە چیە؟

ڕەسووڵی: لە ئێڕندا کەسێک کە دەبێتە مامۆستا هیچ مەرجێکی ئەخلاقی، تەندروستی، بنەماڵەیی، ڕەگەزی و تا دوایی بۆ دانانرێت و بەشێک لەو کەسانەش تەنیا لە شوێنێک بە ناوی “ناوەندی پەروەردەی مامۆستایان” بە ڕواڵەت پەروەردە دەکرێن و دواتر دەبنە بە مامۆستا کە ئەویش لە فیلتێری عەقیدەتی ڕێژیم دەبێ ڕەت بن تا ببنە بە  مامۆستا و ئیتر لەو ڕۆژەوە تا کاتی مردن مامۆستا هیچ دەورەیەک نابینێت و ئیزن بە کەسانی تازە واردیش نادرێت. خەسارەکەشی ئەوەیە کە پەروەردە “بەرهەمهێنەر” نابێت. بەشێکی تر لە مامۆستایان سەرباز- مامۆستا، نێهزەتی و حەقووتتەدریسن کە ئەوانە هەر هیچ چەشنە خولێک نابینن و خەساری سەرەکین.

ڕاوێژ: کێشەی نەخوێندن بە زمانی زگماکی، چ ئاسەوارێکی دەبی لەسەر قوتابی؟

ڕەسووڵی: بریا ئەو پرسیارەت لە پسپۆڕێکی پەروەردە پرسیبا بەڵام ئەوەندەی دەڵێم ئەگەر دەتهەوێ نەتەوەیەک لەناوبەری زمانەکەی بکە ئامانج، منداڵێک پاک و بێگەرد ئەوەیکە بە وتەی ئەو فیلسوفە زانایە دەڵێت “لەوحێکی سپی” هەرچی پێ بڵێی وەریدەگرێت، زوڵمێکی گەورە لە منداڵ دەکەن کە لە تەمەنی زۆر ساوایی‌دا دەبێ زمانی بێگانە فێر بێت ئەوەش ئەوەندەی خەسار هەیە کە بە کتێب و نووسین کۆتایی پێ نایەت.

ڕاوێژ: باسێکی تر کە لە قوتابخانەدا هەیە، پلانداڕێژی بینای قوتابخانەکانە، چۆنیەتی ڕووناکی و قەوارەی کلاس و پۆل و ….تاد، لە ئیران تا چ ئاست ئەو سیستەمە کاری پێکراوە و موهەندیسیە؟

ڕەسووڵی: لە ئێرندا باس کردن لەو شتانە زۆر شتێکی لاوازو نامەنتقیە چۆن ڕێژیم تەنیا بوودجەش بۆ دروستکردنی قوتابخانە دابین ناکات تا ئەوەیکە بلێێن کە پێوەری مەهەندیسی بەرچاو دەگرێت، بە هەزاران قوتابخانە لە ئێران هەیە هەر وا گڵ و قووڕەبانە یان قوتابخانەی ئامادەکراو هەیە کە بە هیچ شێوەیەک لە دنیادا شتی وا نیە.

ڕاوێژ: ئەوەی کە کوردەکانی کوردستانی خۆرهەڵات مافی خوێندن بە زمانی کوردییان نییە، تا چەندە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوتی پەروەردە دادەنێت؟

ڕەسووڵی: ئەو پرسە بە تایبەت بۆ ڕێژیم زۆر دەست و باڵ گره چۆن کوردەکان داوای مافی خوێندن بە زمانی خۆیان دەکەن و زمانی فارسیش و باقی زمانەکانی دیکە وەک زمانی دووهەم چاو لێ دەکەن، ئەوەش لە کاتیک دایە کە ڕیژیم لە ڕێگای زمانی فارسییەوە شوناسی درۆ و ناڕاست و فاشیستی خۆی پەرە پێ دەدات کە کورد لێردە بە خۆشیەوە ناهێلێت ڕیژیم هەموو بەرنامەیەکی ئامووزشی خۆی داڕێژێت.

ڕاوێژ: با پرسیارەکان کەمیک بگۆڕم، ئێمەی دایک و باوک و برا، چی بکەین تا منداڵ لە ڕووی ئێمەوە یان بە ئێمەوە، خولیای کتێب خوێندنەوە بێ؟

ڕەسووڵی: خوێندن و خوێندوە پرسێکی زۆر گرینگە بۆ کۆمەڵگا، بۆ خوێندنەوە دەبێ فەزای تایبەت هەبێت تۆ ناتوانی رۆژ تا ئێواری کرێکاری بکەی و دواتر بێ کتێب بخێنێوە چون هەر تاقەتت نیە.

ڕاوێژ: کێشەی ئابووری زاڵ تا چەندە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوتی پەروەردەی منداڵان دادەنێت؟ (مەبەست چۆنیەتییە زۆرتر تاوەکوو چەندایەتی).

ڕەسووڵی: دەڵێن کەسێک پوڵی نەبێ خوداشی نیە، یان کاتێک هەژاری لە پەنجەرەوە هاتە ژورێ خوشبەختی بە دەرگادا هەڵدێت، کاتێک  کێشەی ماددی هەبێت ئەوە بیر و باوەڕی مرۆڤیش هەڕەشەی لە سەره، جا ئە لێرە دایە کە ڕێژیمێکی مرۆڤ کوژی وەک ئێران لە ڕێگای هەژارییەوە کۆمەڵگا کۆیلە دەکات و بەرنامەی حەزی دڵی خۆی دادەڕێژێت.

ڕاوێژ: لە مێژووی فەلسەفەی پەروەردەدا چەند تیۆریی گشتی دەبینین کە هەرکامەیان لەسەر بابەتێکی تایبەت تەرکیز دەکەنەوە. بۆ نموونە لە سیستەمی پەروەردەی ئەفلاتوونیدا گرنگترین بابەت ئەوەیە کە زانستی سەردەمی پێشتر بگوازینەوە بۆ بەرەی نوێ، یان لە سیستەمی ئەرەستووییدا لەسەر فێرکاریی پیشە (شوغڵ ـ کار ) جەخت دەکرێتەوە. بەڕای ئێوە باشترین میتۆدی ڕاهێنان کامەیە و گرنگترین بابەتێک کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین وەکوو ڕاهێنەر، چییە؟

ڕەسووڵی: لە سیستەمی ئەفلاتونیدا مرۆڤ پەراوێز خراوە ئەوە بۆ خۆی کێشەیە و تەنیا جەخت لەسەر زانست کراوە بۆ نەوەی داهاتوو، لە ئەرەستودا کاری بۆ گرینگە، بە ڕای من باشترین شیوە “تطبیقی و تێکەڵاوە”.

ڕاوێژ: کەسێکی وەکوو جان ستوارت میل لە چوارچێوەی تیۆریی پەروەردەی خۆیدا بڕوای وایە کە دەبێت ئەخلاق (کۆمەڵایەتی ) لە سەرەتای خوێندنەوە فێری منداڵ بکرێت، هەربۆیە سیستەمی پەروەردەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەژێر کاریگەریی ئەو تیۆرییەدا گۆڕانکاریی بنەڕەتیان بەسەردا هات. بەڕای ئێوە لە سیستەمی پەروەردەی ئێستای ئێران، تا چ ڕادەیەک بە ئەخلاق گرنگی دەدرێت؟ و ئایینی بوونی دەسەڵاتی حوکوومەتی ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو فێرکارییەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی هەیە؟

ڕەسووڵی: ئێمە نابێ چاو لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بکەین چۆن ئەوان بۆ داب و نەریت و فەرهەنگ و ڕوحیاتی خەڵکی خۆیان سیستەمی پەروەردەیان داناوە ئەوەش بەو مانایە نیە ئێمە شتی باشی لێ هەڵنەگرینەوە، بەڵام لە ئێراندا ئەوی فێری منداڵ ناکرێت ئەخلاقی کۆمەڵایەتییە تەنیا باس لە ئەخلاقی ئایینیە بۆ نموونە منداڵێک کە  لە قوتابخانە جنێو دەدات مامۆستا دەڵیت گوناحت دەگاتێ خوا کوێرت دەکا، واتا منداڵ لە ناخیەوە سەرکوتی دەرونی دەکرێت  و سەرخۆردە دەێتە دەر.

ڕاوێژ: بۆ هەمووان ڕوونە کە مەبەست لە نیهادی پەروەردە، بەرینە و زۆر شت لەخۆی دەگرێت، وەکوو قوتابخانە، بنەماڵە، ڕۆژنامە، تەلەڤیزیۆن و …بەڕای ئێوە لە ئێستای ئێران و لە میدیا گشتییەکاندا تا چ ڕادەیەک بەشێوەی زانستی و پلانداڕێژراو لەسەر تاد، پەروەردەی منداڵان کار دەکرێت؟ و پێشنیاری ئێوە بۆ باشتربوونی ئەو دۆخە لەمەڕ میدیای کوردییەوە بۆ منداڵانی کورد چییە؟

ڕەسووڵی: سەرەتا دەبێ بڵێم میدیای ڕێژیمی ئێران زوڕناژەنی ڕێژیمە و هیچ میدیایەکی ئازاد لە ئێراندا بوونی نیە و ئەوی هەشە پرپاگەندا بۆ ئایینی شیعە و فکری فارسی فاشیست دەکات و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەک “کەمینە” چاویان لێ دەکرێت. بۆیە هیچ شتێک بە مانای ڕاستەقینە لە میدیای ئێراندا بۆ منداڵ بوونی نیە و تەنیا باس لە شاخ و باڵی خۆی دەکات و ئەگەر تا ئێستاش هەبێت ئەوە تەنیا بێ ڕێزی بە نەتەوەکانی ئێران بووە و بەس نموونەشی زۆرە بەرنامەی “فتیلە”.

ڕاوێژ:  بە بڕوای زۆرینەی لێکۆڵەرانی پەروەردەی ئێران، کەسی ڕاهێنراو لە پاش چەندین ساڵ خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆدا، زانستێکی پتەوی وەرنەگرتووە یان باشتر بڵێین فێر نەبووە. بۆ نموونە کارناسێکی باڵای لقی میکانیکی ماشێن، ناتوانێت تەنانەت کێشەی ماشێنی خۆی چارەسەر بکات. بەڕای ئێوە هۆکاری ئەم کێشەیە چییە؟ و چ ڕێگاچارەیەک لەبەردەم منداڵان و خوێندکارانی ئێران پێشنیار دەکەن؟

ڕەسووڵی: پێشتر باسم لەوە کرد ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیستەمی ئێران لە پەروەردەدا “غوطەور سازی” دەکات واتا هیچ شتێک لە زانستدا بەرهەم ناهێنێت و هەر لە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە بۆیە کەس هیچ فێر نابێت و کەسێک کە گاوداری خێندوە دەبێتە دکتور و بە پێچەوانە، رێگا چارەسەریی ئەو کێشەیە ئەوەیە کە هەر کەس لە هەر بوارێکدا دەرسی خوێند لە بەشی خۆیدا کار بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.