لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و دوای یەکەم چەخماخەکانی ڕاسانەوەی خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات، لە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتیی و بەتایبەت لە ڕایەڵەیفەیسبووکدا کەمپەینێک لە لایەن چالاکوانانی کورد لە هەندەران بە ناوی “کەمپەینی وەفایەک بۆ پێشمەرگە”، پێکهات کە لەمەڕ کۆکردنەوەی یارمەتیی مادی بۆ پێشمەرگەکان، چالاکی دەکات، ڕۆژی کورد لەگەڵ بەڕێز دڵشاد هەورامی، چالاکی سیاسی یەکێک لە بەرێوەبەرانی ئەو کەمپەینە وتووێژێکی کردووە کە لێرەدا سەرنجی ئێوە خوێنەرانی هێژای بۆ ڕادەکێشین.
ڕۆژی کورد: لە پاش بانگەوازیی کۆمیسیۆنی ماڵیی حدکا بو یارمەتی دانی ماددی و مەعنەوەی ئێوە دەستتان بە چالاکییەکی خۆبەخشانە کرد و خەڵکێکی زۆر لە ئورپا بە پیر کەمپینی “وەفایەک بۆ پێشمەرگە“ـەوە هاتن و پێدەچێ هاوکارییەکی باشیان کردبن، هۆکاری پێکهاتنی ئەو هەڵمەتانە و کارتێکەرییان لە سەر پێشمەرگە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هەورامی: وەفایەک بۆ پێشمەرگە تەنیا وڵامدانەوە بە حەوجێییەک و هەستان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکێک بوو. ئێمە بەرانبەر بەو کەسانە کە خۆیان بۆ باشترو سەربەرزانەتر ژیانی ئێمە تەرخان کردووە، کۆمەڵێک بەرپرسایەتیو ئەرکی ئەخلاقیو ئینسانیمان هەیە. ئەڵێم ئەرک و هەوڵ ئەدەم وردتر بم لە هەلبژاردنی وشەدا، چون گەورەیی پێشمەرگەو پیرۆزیی ناوی شەهید ئەوەمان لێدەخوازێت کە بە پارێزەوە و بە ڕادەی گەورەیی خۆیان لەسەریان قسە بکەین.
کورتکراوەی وڵامی پرسیارەکەت ئەکرێ ئەمە بێت کە پێشمەرگە بە گیانو ژیانی خۆی بەشداری هەڵمەتی ڕزگاریو ئازاد ژیانی نەتەوەی کورد ئەکات، کەوابو میللەت (خەڵک) منو تۆو ئەو، لێرەدایە کە ئەرکێکمان دەکەوێتە سەرشان بەرانبەر ئەو ئینسانە فیداکارانە کە ژیانیان لە ڕێگای گەڕاندنەوەی ئازادی و کەرامەتو سەربەستی بۆ تاکی کورد بەوپەڕی پاکییەوە داناوەو ئامادەی هەموو فیداکارییەکن.
ئەوەی لە کەمپەینی وەفا “وەفایەک بۆ پێشمەرگە“دا کراوە تەنیا بیرخستنەوەی ئەو گرینگەیەو ڕاچلەکاندنێک زیاتر نییە. بەڵێ ئێمە ئەرکمان لەسەر شانە.
بۆ وڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەتان ئەبێ بڵێم کە ئەم یارمەتیانە ئەتوانن تا ڕادەیەکی باش لە باری ئیمکاناتی ژیانەوە، گۆڕانکاری لە حاڵی پێشمەرگەو بنەماڵەکانیانو بەشی دەرمانیو خززمەتگوزاری بۆ منداڵان درووست بکات بەڵام لە باری مەعنەوییەوە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر ڕووحیەو ورەی پێشمەرگە دەبێت. هەست کردن بەوە کە خەڵک پشتت دەگرێت، دڵنیام پێشمەرگە دڵخۆشترو سوورتر ئەکات لە درێژەدانی ڕێگاکەی. پەیامی جوانی خەڵکی بەشداربووی کەمپینی وەفا دڵنیام لە دڵ و گیانی پیشمەرگە دەنیشێتو ماندویەتیان دەحەسێنێتەوە. دڵی خۆشی پێشمەرگەو بزەی سەرلێوی منداڵانیان و دڵنیایی بنەماڵەی شەهیدان لەوەی کە تەنیا نین هەمووی ئەو ئامانجەیە کە وەفایەک بۆ پێشمەرگە هەیەتی.
ڕۆژی کورد: بۆ هەرچی بەربڵاوی کردنەوەی ئەو چالاکیەتان شێوازێکتان بەڕێوە برد کە هەر کەسێک یارمەتی پێشکەش دەکا چەند هاوڕێیەکی خۆشی بۆ ئەو چالاکیە دنە بدات، بە گشتی لە بەشداری ئەو هەڵمەتانە چەندە ڕازین؟
هەورامی: ئەم شێوزاە داهێنانی هاوڕێی ئازیزم کاک سابیر قادری بوو، پێشتر بیرۆکەی “چالش” (یەکتر چڕین! هەڵبەت ئەگەر دروست بێت) لە ناو میللەتانیتردا بۆ کاری هەرەوەرز تاقی کراوەتەوەو ئەوەندەش من ئاگادار بم ئێرانیەکان ساڵی پار یەکترچڕینێکیان بۆ یارمەتی گەیاندن بە تووشبوانی نەخۆشییەکی ترسناک بەڕێوە برد. من پێموابێ یەکەم کەس بووم دوای کاک سابیر خەڵکم بۆ بازنە دوو نەفەریەکامان تا ئەوکات چــڕیوە.
ئەوەیش کە بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیو سیاسیەکانی من بگرە زیاتر بووبێت لە زۆر لە دۆستان وایکرد کە ئەرکەکەی بکەوێتە لای منو دواتر ئێتر وەک تایبەتمەندیی کەمپینی چـڕینەوە بەدەمیەوە چوو تا ئێستا.
بەشداریی خەڵک زۆر باش بووە، هەڵبەت لە ئاست ئەو چاوەڕوانیەدا نەبوو کە یەکەم ڕۆژ منو کاک سابیر مەبەستمان بوو. ئەمانتوانی کارێکی زۆر گەورە بکەینو دڵنیا بووین ئەتوانین. نییەتمان وابو لە ڕاگەیاندنی کوردیو ناکوردی کەڵک وەربگرین و لە بازنەیەکی تەنانەت گەورەتر لە کوردستانی کار بکەین، لە یەکەم ساتەکانەوە میدیای “ڕووداو”مان هێنایە سەر خەت بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندیەکانی کاک سابیرو بڕیار وابوو میدیاکانی دیکە ئاگادار کەینەوەو گروکارێکی شارەزا درووست بکەین کەچی بەداخەوە بروکراسی حیزبیو ویزەی هێندێک کەس کە تا ئێستاش درێژەی هەیە بەرتەسکیان کردینەوە. بەڵـــــــــــــــــــــــــام لەگەڵ ئەم تووڕەییانەی منیش پێشوازی خەڵک بەڕادەیک باش بوو کە من بۆ خۆم لەگەڵ کاک سەلاح ئارامش کە لە “وەفا”دا کار ئەکەین زۆر جار لە خۆشیا خەریکە بفڕین.
ئەم هەڵمەتە جیا لەباری ژمارەی (مادی) کاریگەرییەک کە هەیبوو ئێمە حیسابمان بۆ نەکردبوو گەورەتر بوو لە بارەی ئابورییەکەی یەکتر دۆزینەوەو لە یەکتر زیاتر نزیکبوونەوەی خەڵکەکەمان بوو.
ڕۆژی کورد: بەڕێز “دڵشاد هەورامی ” ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی وەک خەباتکارێک کە لە ڕێگەی یارمەتی دانی ماددی و مەعنەوییەوە لە و چالاکیە دا چالاکن، دەتانهەوێ چ سرنجێک بگەیەننە پێشمەرگە؟
هەورامی: من هیچکات ڕووم نییە بڵێم منیش پێشمەرگەم چون نیم و پێم شەرمە، بەڵام خۆمانە بم و بمهەوێ قسەی دڵم بکەم ئەلێم هەمومان قەرزدارتانین من زیاتر.