ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، کە سوپای پاسدارانی ئێران بنکەیەکی سەربازیی گەورە لە پارێزگای سلێمانی دادەمەزرێنێت
باس نیوز له زمانی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، بنکە سەربازییەکەی سوپای پاسداران دەکەوێتە نزیک چیای سوورێن لە شاری سەید سادق لە پارێزگای سلێمانی و ئێستاش فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
سەرکردەیەکی کورد، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، کە سوپای ئێرانی لە ڕۆژی 7ـمارسی 2016ـەوە دەستی بە دروستکردنی بنکە سەربازییەکە کردووە.
بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر ئەو باسە لە گەڵ ڕێزدار”مامۆستا مەلا ئیبراهیم مەجیدپوور” ئەندامی پیشووی ڕێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و چالاکی سیاسی چاوپێکەوتنێکمان کردووە، سرنجتان بۆ شیکاری و شرۆڤەی ئەو پرسە ڕادەکێشین.
ڕۆژی کورد: بەرێز مامۆستا مەلا ئیبراهیم مەجیدپوور ئێوە لە سەر کۆمەلێک دەستێوەردانی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای سولێمانی چۆن دەڕوانن، تکایە لەو بوارەوە بەرچاو ڕوونیمان بدەنێ، چۆن لە هەستیار بوونی ئەو هەڵوێستەی دەسەڵاتی ئێران دەڕوانن؟
مەجیدپوور: دەست تێوەردانی ئێران لە کارو باری وڵاتاندا تازە نیەو باوەڕی ویلایەتی فەقیهـ ئەوەیە لە هەر جێگایەک ١٢ ماڵی شیعەی لێ بێ بە بێی گوێدان بەوەی کە کوێیەو زۆرن یان کەم بە ئی خۆیانی دەزانێ. ئەگەر بڕوانیە ئیڕاق و سوریەو لوبنان و یەمەن، دەڵێی وەڵا ڕاست دەکەی. کۆماری ئیسلامی ئەو ئاژاوەگێڕی و گوێنەدان بە ڕێسا و یاسای نێودەوڵەتی و پشت گوێ خستنی مافی گەلان بە ئەرکی ئایینی خۆی دەزانێ، کەوابو هەر چەشنە چاوەڕوانییەکی بەخێر لەو ڕێژیمە وەک بڵقی سەر ئاو وایە. دەست تێوەردانی ئەو ڕیژیمە بەلای منەوە شتێکی تازەو نەزاندراو نیە.
ڕۆژی کورد: حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی زۆری ئەندام و چالاکی سیاسییان لە پارێزگای سولەیمانیەیە، بەڵگە نەویستە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشکردنە سەر حیزب و رێکخراوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەو هەرێمەیە لە روانگەی ئێوە پێویستە چ پلانێک بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی هەبێ ؟
مەجیدپوور: کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ناوەرۆکی مافی گەلان بەتایبەتی کورد دژەو لە ڕاستیدا هەر بڕوای پێی نیە . (٣٧) ساڵیشە بەکردەوە ئەوەی سەلماندوە ، بەڵام ئێمە نای سەلمێنین!! گومان لەوەدا نیە هەر حیزب و تاقم و کەسێک بۆ ئەو مافە تێکۆشابێ، ئێران بە دوژمنی مەترسیداری خۆی زانیوەو دەزانێ، دەبێ حیزبە کوردیەکانیش ئەوە باش بزانن، ئەگەر نا بەهەڵەدا چون.
ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێک کە لە هێزی خۆی بۆ کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی ترۆر و رەشەکوژی بەردەوام لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە، ئایا دانانی بنکە و بارەگای نیزامی لە خاک و لە ژێر سەروەری وڵاتێکی دیکە کە باشووری کوردستانە نابێتە بەستەرێک بۆ ئەوەی گیانی کادر و پیشمەرگە لە مەترسییەکی جییدیتردا بێ ؟
مەجیدپوور: لەسەر پرسی تیڕۆڕو ڕەشەکوژی ئەو کۆمارە هەر نەبێ دێمۆکڕاتەکان نابێ گومانیان لەوەدا هەبێ، چونکە بەرزترین و بەنرخترین ڕۆڵەی ڕێبەرمان لەو تیرۆرانەدا بە ئامانج گیراوەو خوێنی ڕژاوە. وەک کوتم دانانی بنکە ی نیزامی لە وڵاتانی تر بۆ ئەوان زۆر ئاساییە، ئەوەنیە ڕاستەوخۆ لەئێڕاق و سوریەو لوبنان و یەمەن بەشداری شەڕ دەکەن و حاشاشیان لێی نیە . بۆ مەترسی لە سەر پێشمەرگەش ،ئەو کۆمارە لەبنەڕەتدا دوژمنی سەر سەختیەتیانە و لە هیچ نەخشەو پیلانێک بۆ لەناو بردنیان درێغی نەکردوەو نایکا.
ڕۆژی کورد: دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە پرس و بابەتەکانی سیاسی هەرێمی کوردستان کە زۆر جار لە زاری وتەبێژەکانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی راگەیاندراوە کە ئەوان بۆیان هەیە دەستێوەردانی باشووری کوردستان بکەن لە لایان دەسەڵاتی کوردییەوە پارچەکردارێکی شیاوی خۆی ئەنجام نەدراوە لە هەمان کاتیشدا گرینگی بە پاڕاستنی گیانی چالاکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کۆماری ئیسلامی وەک بابەتێکی بەلێنیدرواو خۆی وەروو نەخستووە هەموو ئەو بابەتانە ئاماژەن بۆ مەترسییەکی زیاتر ئێوە وەک چالاکیکی سیاسی پێتان وایە چۆن بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەو مەترسیە وریا دەبنەوە ؟
مەجیدپوور: بۆ دەست تێوەردان لە کاروباری سیاسی هەرێم، دەڵێم: بە باوەڕی من بەرنامەڕێژی پشتی پەردەی دژی هەرێم، ئێرانە. ئەو هەمو ئاژاوەو ناهێمنی و دژایەتی و دووبەرەکی و ململانەی نەرێنیی ناوخۆیان، ڕاستەو خۆ یان ناڕاستەوخۆ بەرنامەکەی بەدەستی ئێرانە و هەر بە قازانجی ئەوانە. ئاوەکە لەکوردان لێڵ دەکەن و ماسیەکانیش بۆ خۆیان دەگرن، هەرچەند مەسەلەی پایەگا لە چیای سورێن ئەمینداری گشتیی پێشمەرگە ڕەدی کردەوە، بەڵام هەمو کۆنسولگەرییەکانی ئێران نوێنەری ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانن. باوەڕم وایە هەر حیزب و دەسەڵات و تاکێک ئەگەر لە دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆیدا سەربەخۆ نەبوو، ناچارە قسەی دەسەڵاتە زۆردارەکە بکا. با بزانن کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە ڕۆژهەڵات بەڵکو لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، دژایەتی دەکاو بە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆر کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگای شۆڕشگێڕان، یەک لەوان درووستکردنی ئاژاوەو دوژمنایەتی ناو خۆیان، جا با ئەم و ئەو پێیان وانەبێ. ئامانجەکەمان پیرۆزو ڕەوایە، ڕێگاکەمان سەخت و هەڵدێرو پڕکێشەوهەرایە، خەبات بۆ ئەو ئامانجەش ئەرکە. ئەوانەی توانایی بەردەوامییان نەماوە با شەڕافەتمەندانە واز بێنن، بەڵام بەدروشم و قسەی قەڵەوو بەڵێنی بێ بنەما گەل هەڵنەخەڵەتێنن!!
ڕۆژی کورد: بنکە و بارەگاکانی پارت و حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان پێویست دەکا ڕێنمایی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئەمنییەتی زیاتر بکەن بۆ ئەو مەبەستە، دانانی ناوەندێکی ئەمنییەتی لە نێو لایەنەکانی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە پێویستییەکی هەنووکەین چۆن دەبێ ئاوڕی لێ بدرێتەوە؟
مەجیدپوور: بۆ پێکهێنانی ناوەندێکی ئاسایشی هاوبەش ئەوەیان تەنیا لە بنکەکاندا بەکار دێ، ئەگینا لەپشت دەرگا بەولاوە ڕێگەی هیچ جم و جۆڵێکی پێنادرێ، تەنانەت بۆی نیە بەگژ دووژمنەکەشیدا بچێ. هیچ سەیر نیە ئەوەی لەگەڵ موجاهیدەکان کرا، لەگەڵ حیزبە کوردیەکانیش بکرێ. لەئاکامدا بڕیارێکی بوێرانەی دەوێ کە بە ڕەسمی ڕایگەێینین کە داخوا بەوەی ڕێژیم پێمان بدا کە هیچ نیە ڕازی دەبین یان ئەوەی ئەو هەموو قوربانیەمان بۆ داوە لە سەری سوورین؟ ئەوکاتەیە کە دەزانین دەبێ چ بکەین.
ڕۆژی کورد : ڕێزدار مامۆستا مەجیدپوور سپاس بۆ کات و ڕاتان، ئەگەر شتێکی پێویست هەیە کە لە پرسیارەکاندا ئاوڕی لێنەدراوەتەوە تکایە بفەرموون
مەجیدپوور: سپاس بۆ ڕۆژی کورد کە ئەو دەرفەتەیان ساز کرد، دوا وتەم ئەوەیە: دەسەڵاتی حاکم و زاڵی فارس لە ئێران، ئێستاش هەر بە خەونی ئیمپراتۆری ئێران لە ژێر چەتری ئیسلامدا لە خەو ڕادەپەڕن. ناردنی شۆڕش بۆ دەرەوەش درووشمی سەرکیانە، وەک چۆن تورکەکانیش بە خەونی ئیمپواتۆری عووسمانیەوە سەرقاڵن.