نووسینی: نیعمەت مەلا
ئه‌و کاته‌ی ڕووسه‌کان له ترسی نوێترین چه‌کی ئامریکا، کونه مشکیان لێ ببوو بە قه‌یسه‌ری و بۆمبه ناوکیەکانی خۆیان ئاماده و په‌نجه‌ی شایه‌تیان له‌سه‌ر دوگمه‌ی چرکاندنی بۆمبه‌کانه‌وه ڕاگرتبوو، ئامریکاییه‌کان به بزه‌وه گه‌مه‌یان به ڕووسه‌کان ده‌کرد.
ئه‌و کاته‌ی سیخوڕه‌کانی ئامریکا له ڕووسیه گیران و بۆ یه‌که‌م جار ناوی “ئینتێرنێت” هاته سه‌ر لێو و زمانان، جیهان دیسان وهرچهڕخانێکی مێژوویی به خۆیه‌وه بینی که هه‌نووکه له هه‌موو دێهات و له‌بن هه‌ر گاشه به‌ردێک و له زمان هه‌ر مێرمنداڵێکیشهوه ده‌توانی ناوی ئینتێرنێت ببینی و ببیسی.
به‌ڵام ئه‌و چه‌که تۆقێنهرەی ڕووسیه‌ی له‌رزاند و هه‌نووکه له‌به‌ر ده‌ستی زۆریه‌ک له ئێمه‌مانان دایه، هێشتا وه‌کوو پێویست له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و له‌نێو کورددا نه‌ناسراوه و که‌ڵکی لێ وه‌رنه‌گیراوه.
ئێستاش زۆرن ئه‌و فه‌زا خه‌یاڵیانه‌ی که به تاقه یه‌ک دوگمه ئه‌وسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دنیا پێکه‌وه ده‌به‌ستن و هه‌واڵی ئه‌م به‌ری ئاو دهگەیەننه ئه‌وبه‌ری ئاوەکان.
به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و گه‌یشتن و گه‌یاندنه له‌نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و کوردستان به‌گشتی جێی نه‌گرتووه. ئه‌گه‌ر ئینتێرنێت و فه‌یسبووک به‌تایبه‌تی نه‌بوایه‌ن، له‌نێو عه‌ره‌بدا قه‌ت سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی ئه‌م دواییانه ڕووی نه‌ده‌دا. ئه‌گه‌ر فه‌یسبووک نه‌بوایه ئه‌وه زۆر یه‌ک له ئێمه‌مانان نه‌مانده‌زانی له باکوور و باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا چ ڕوو ده‌دا. تیڤییه کوردییه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ی که خۆیان پلان و به‌رنامه‌یان بۆ داڕێژڕاوه هه‌ڵسووکه‌وت ده‌که‌ن و شت ده‌خواردی چینەکانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یان ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها ڕێڕه‌و دیاری کردن و زه‌ین به‌لاڕێدا بردنه‌ی کۆمه‌ڵگایه له‌لایه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگه‌کانی سه‌ر به لایه‌نێک یان حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ به‌سه‌ر ده‌نگ و ڕه‌نگه‌کان.
به‌ڵام پێویستیی دنیای خه‌یاڵی ئینتێرنێت و هه‌روه‌ها فه‌یس له‌نێو چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردی تاکوو ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ نه‌ناسراوه و نه‌ناسێندراوه.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر دۆسیەی مافی مرۆڤ و ئاوڕێک له ده‌نگ و ڕه‌نگه‌کان بده‌ینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که هیچ کام له ده‌نگ و ڕه‌نگه کوردییه‌کان به‌و شێوه‌یه که ده‌بێ و ده‌کرێ، نه‌یانتوانیوه ببنه پێگه‌و بڵیندگۆیه‌ک بۆ گه‌یاندنی زانیاری درووست و دیاری کردنی مافه‌کانی هه‌ر تاکێکی نێو کۆمه‌ڵگا. که‌یسی به‌ندکراوانی سیاسی، کۆڵبه‌ران، ژنان، منداڵان، گه‌نجان، کرێکاران و…. که‌یسی دیکه هێشتا بێکه‌س و بێ خاوه‌ن ماونه‌وه و ڕۆژانه به ده‌یان که‌س ده‌بنه قوربانیی ئه‌و کهیسانهو هیچ کام له ده‌نگ و ڕه‌نگه‌کانیش باسیان لێوه ناکه‌ن.
له فه‌زای مه‌جازی، دنیای خه‌یاڵی ئینتێرنێت و فه‌یسبووکیش به‌تایبه‌ت، وه‌کی پێویست ئاوڕ له‌و که‌یسانه نه‌دراوه‌ته‌وه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که به بڵاو بوونه‌وه‌ی تاقه یه‌ک هه‌واڵ، “جا ڕاست یان درۆ”، که‌سانێک ده‌ست ده‌که‌ن به سازدانی که‌مپه‌ین، لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌ت و بگره سه‌دان ڕێگه‌ی دیکه که دوای کاره‌ساته‌که دێنه نێو فه‌زا مه‌جازییه‌کان و ده‌بنه بنێشته خۆشکه‌ی سه‌ر زار و زمانان و ده‌که‌ونه سه‌ر بیر و زه‌ینی هه‌موو تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه.
به‌ر له‌وه‌ی ڕووداوێکی نه‌خوازراو بۆ که‌سایه‌تیه‌ک یان هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ک ڕوو بدا، که‌س نه ناوی که‌سایه‌تییه‌کانی له‌بیره نه ناوی شوێنه‌کان. ته‌نانه‌ت ئێستاش هه‌ن که‌سانێک که جوگرافیای کوردستان ناناسن. ئه‌مه‌ش به‌م دواییانه به ڕووداوه‌کانی کوبانی، جزیرە و سوور، شنۆ و کۆساڵان و شەهید بوونی چەندین پێشمەرگە و گەریلا، کۆچی دوایی چه‌ندین که‌سایه‌تی له هه‌رچوار گۆشه‌ی کوردستان و له‌سێداره دان و هه‌ڵبژاردنه‌کان و کێشه و کێشمه‌کێشی نێوان لایه‌نه‌کان، به ڕاشکاوی به‌دیار که‌وت.
ئەوەی فەزای مەجازی دەتوانێ بیکا، زۆر لەوە گەورەترە کە لە خەیاڵ و زەینی ئیمەدا بگونجێ، هەر بۆیە با بەو شێوەیە کە درووستە کەڵک لە فەزای مەجازی بەتایبەت فەیسبوک وەرگرین.