چوار کورتە چیرۆکی شاناز جەوانشیر

0
1323

بەتەمەن دا چوونێكی لە ناكاو

شاناز جەوانشیر

ئەوە یەكەم جارە كە بەم شێوەیە لە گەڵ پیاوێك دا ئاوێتە دەبم هەرچەن كە قەرار بوو هەموو شت هەر بە تەنیا ماچ بێ بەڵام ئەو خەریكە لە بەڵێنەكەی خۆی لادەدا ، هەتا دێم دەستی لە قەدم كەمەوە دووگمەكانم دەترازێنێ و بە دوای خۆی دا دەمباتە كۆگای دووكانەكەی و دەمم لە نێو دەمی دەنێ ، هەناسەگەرمەكانی نارێك و پێك دەبێ و تووند بەخۆیمەوە دەنێ .
لە ناكاو ترسێ دامدەگرێ ، دەڵێم :” نا ، نا با تەواوی كەین هەر ئەوندە بەسە ، نا .. ”
بەڵام ئەو بەم قسەیەم بە تین تر لە دوایی ماچم دەكات و لێوەكانی بۆ بناملم دەبات ، خەرمە خرمی گوارە زێوەكانم چەشنی مووسیقایەكی خۆش لە گوێم دا دەزرینگێتەوە ، مووسیقایەك كە ئاوێتەی خۆیم دەكات و هەرچی ترس و گومانە لە بیرم دەباتەوە ، سەرخۆشی خرمە خرم و مڵچە مڵچی لێوەكانی لە گەڵی دەخزێمە نێو بووكەشووشە لە مۆدكەوتووەكانی كۆگاكە و كاتێ بە خۆمدا دێمەوە لە تەواوی ئەو كچانەی كە دەیانناسم بە تەمەن تر بووم ئەوندە كە خۆشم خۆم ناناسمەوە ! .

جۆزەردانی 1395 / 3 / 30

هێڵەكانیش

مامۆستای زمانی هاوینیمان لەو ڕۆژەی پۆلەكەیان لێ داخستووە هەتا دێ كەسەر بارتر دەبێ بەڵام بێ ئەوەی بە دەری خات تێ دەكۆشێ ئەمجار لە تێلێگرامەوە وانەكانی جارانی دووپات كاتەوە : ” یەكەم وشەی .. ”
دیسانەوە و دیسانەوە :” یەكەم وشەی .. ”
مەخابن هێڵەكانیش پیلان ڕێژراون .

جۆزەردانی 1395 / 3 / 18

من هەروا كە بووم مامەوە !

مامم بە چەقۆكەی باپیرەم باوكمی كوشت ، بەڵام دوایە كە چاوی بە فرمێسكەكانی دایكم كەوت لەوە زیاتر بەرگەی نەگرت ، لە سەر دەستی باپیرم و گەورەكانی خێڵەكەمان دایكمی حەڵاڵ كرد . ئەمجار مامم وەك چۆن ئامۆژنمی بانگ دەكرد دایكشمی بانگ دەكرد ، بەڵام من هەر بێ باوك مامەوە هەتا ئێستا ..

جۆزەردانی 1395 / 3 / 18

كۆلارە

پێشكەشە بە مناڵان

دەستم بە دەستی بەهاری خوشكەزامەوە سەری دەزووەكە شل دەكەم ، دەڵێم :” دەی ، دەی سەیری پەڵە سوورەكەی نێوی كە ؟ . ”
كۆلارەكە بەرز و بەرزتر دەبێتەوە ، ڕووخسارە سێ سووچەكەی بە گوێیە ڕەنگاڵەكانیەوە بە شنە بایەكە خوارخێچ دەبێت و سەری لە سەری خۆر دەكەوێ و بە ئاسمان دا هەڵدەچێ .
بەهار دەستی لە نێو دەستم دەردەكێشێ و لە كاتێك دا لە بەرچاوە كاڵەكانی دەرگرێ لووتە قوڵەكەی قنج دەكات ، دەڵێ :” پووڵێ كوا، كوا ؟ . ”
بۆ ئەوەی یارمەتیم دابێ تۆزێ دەزووكە كۆ دەكەمەوە و چاوەكانم كز دەكەم ، دەڵێم :” ئەمجار سەیری كەوە پەڵە سوورەكە دەبینی ؟ . ”
بەهار لێوەكانی بە پێكەنینێكی خنجیلانەوە دەكاتەوە ، لە خۆشی دا دەستەكانی دەدا بە یەك دا و یەك بە خۆی لە سەر چیمەنەكان هەڵدەخاتەوە ، دەڵێ :” كۆلەكەمان پێ دەكەنێ ! كۆلەكەمان پێ دەكەنێ ! . ”
دیسانەوە دەستی بۆ دەزووەكە دێنێ ، دەڵێ :” نا ، نا ، بە خۆم ، بە خۆم . ”
دەڵێم :” ئای بەهار بایەكە دەیڕفێنێ ها . ”
بەهار دەزووكە لە نێو دەستم دەكێشێ دەڵێ :” نا ، نا بە خۆم . ”
دەزووكەی سووكێ دەدەمێ ، دەڵێم :” باشە زۆر دەستت شل مەكە . ”
بەهار بە دوای كۆلارەكەی دا دەستی شڵ و شل دەكاتەوە و لە ناكاو كە سەیری ئاسمان دەكەم ئەو لەو سەرە دەبینم كە بە دوای كۆلارەكەدا خواروخێچ دەبێت و پێچ دەخوات .

جۆزەردانی 1395 / 3 / 2

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت