بەرپرسێکی عەربستان: خەبات بە دژی ڕژیمی شێرپەنجەی خومەینی حەماسەتێکی مێژووییە

0
660

ڕۆژی کورد: لە ساڵوەگەڕی ڕێکەوتنی ناوکیی ڕژیمی تیرۆریستیی تاران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی نێونەتەوەیی کۆنفڕانسێکی گەورەی دژبەرانی ڕژیمی تاران لە پاریس بەڕێوەچوو کە تیایدا پشتیوانی لە هەموو هێزە دژبەرەکانی ڕژیمی تاران کرا.

ترکی فەیسەڵ شازادەی عەرەبستانی و سەرۆکی پێشووی دەزگای ئەمنیی لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاندووە کە خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیمی تارانە و وتەکانی دەنگدانەوەیەکی بەرینی میدیایی لە ئەستی جیهاندا لێکەوتۆتەوە.

تورکی فەیسەڵ لە وتەکانیدا ڕایگەیاند: “سەرکوتی ڕژیمی تاران تەنیا ڕووی لە چالاکان و دژبەرانی دیکتاتۆریدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو نەتەوەکانی دیکەی وەکوو کورد، بەلووچ، ئازەری، تورکمەن و عەرەبەکانیشی لە خۆ گرتووە.

ئەو لێپرسراوەی پێشووی دەزگای ئاسایشی عەرەبستان ئەوەشی خستۆتەڕوو، ڕژیمی تاران ڕژیمێکی تەریک کەوتۆتەوە و بەپێی پرۆژەی هەناردە کردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی ئێران، تیرۆریزمیان لە “عیراق، لوبنان، سووریا و یەمەن”دا بڵاو کردۆتەوە.

تورکی فەیسەڵ ئاشکرای کردووە، ڕژیمی تاران جگە لە پشتیوانی لە ئەلقاعیدە و گرووپە مەزهەبییە توندئاژۆکان لە بەحرەین، سعوودی و سوودان، هاوکات پشتیوانی لە دوو گروپی تیرۆریستیی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینیش دەکات.

شازادەی سعوودی باسی لەوەش کردووە: “لە کاتێکدا خامنەیی و ڕووحانی پێیانوایە کێشەکەیان لەگەڵ شەیتانی گەورە چارەسەر بووە، بەڵام ئازار و مەینەتیی خەڵکی ئێران نابێ لە ژێر سێبەری ئەو وەهمەدا بمێنێتەوە و بە بڕوای من پێویستە ئەوان لە سەرەتادا کیشەکەیان لەگەڵ خەڵکی ئێران چارەسەر بکەن.

تورکی فەیسەڵ ڕوو لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمی تاران ڕایگەیاندووە: “خەباتی ڕەوای ئێوە بە دژی ڕژیمی خومەینی درەنگ یان زوو بە ئامانجی خۆی دەگات و بزووتنەوەکان لە ئێران دەستیان پێکردووەو ئێمەش وەکوو جیهانی ئیسلام لە قووڵایی دڵەوە لە تەنیشت ئیوە ڕاوەستاوین و پشتیوانیتان لێ دەکەین و داوا لە خودای گەورەش دەکەم لەو ڕێگەیەدا یارمەتیتان بدات هەتا هەموو خەڵکی ئێران بە مافەکانی خۆیان بگەن.

تورکی فەیسەڵ ڕوو لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران گوتوشیەتی هەوڵەکانی ئێوە بۆ ڕزگاربوون لە شێرپەنجەی خومەینی، حەماسەتێکی مێژووییە.

ئەو کۆنفرانسە کە بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە ١٠٠ هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، بە مەبەستی پەردە لادان لەسەر ڕواڵەتی جینایەتکارانەی ڕژیمی تاران و هەروەها سەلماندنی دیکتاتۆرییەت ڕژیمی تاران بەڕێوەچووەو ڕژیمی تاران بۆ هۆکاری ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە قەڵەم دراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت