ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، ئیبراهیم برۆ و شاندی هاوڕێی، وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هوڵەندای کردووە.
ئەو سەردانە لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی هوڵەندا بووە.
ئیبراهیم برۆ لەمبارەوە بۆ میدیاکان ڕایگەیاندووە: “لەم دانیشتنەدا لە زۆر بارەوە و بەتایبەتی لە بارەی پرسەکانی سووریە و بەتایبەتی کوردستانی ڕٶژئاوا، قسە کراوە و ئاڵۆگۆڕیی ڕاوبۆچوون کراوە”.
بڕیارە دوای سەردانی وڵاتی هوڵەندا، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە و شاندی هاوڕێی، لەسەر بانگهێشتی نووسینگەی ئانگێلا مێرکل، سەردانی وڵاتی ئاڵمان بکەن.
ئیبراهیم برۆ هەروەها لە هەمبەر ئاماری پەیەدە لەسەر کوردانی ڕۆژئاوا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و گوتی: “ئەو ئامارەی کە پەیەدە داویەتە دەر هەڵەیە و ئێستا بەشێکی زۆر لە کوردانی ڕۆژئاوا لە دەرەوەن، ئامانجی پەیەدە لە دانی ئەو ئامارە لەو کاتەدا ناڕوونە و دەبێ لێپرسینەوەی لێ بکرێ”.
برۆ هەروەها گوتی: “ئەو ئامارەی پەیەدە دەریدەخا کە بەشی سەرەکیی دانیشتوانی ئەو هەرێمە کورد نین و ئەوەش لە داهاتوودا کێشەمان بۆ ساز دەکا، دەبێ لێپرسینەوە لە پەیەدە بکرێت کە بە چ ئامانجێک ئەو کارە کردووە و ڕێک لە سەردەمی شەڕ و کۆچبەربوونی خەڵکی کورددا، ئەو ئامارەی داوەتە دەر”.