بەپێی لێدوان و ڕای هەرهەموو هونەرمەندان و تەنانەت سیاسییەکانیش، هونەری سینەما بەتایەبتی لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکێکە لە کاریگەرترین چەکەکانی هەر نەتەوەیەک بۆ ناساندنی خۆی و تەنانەت زۆر جار بۆ ساز کردنی ناسنامە یان زیندووکردنەوەی ئەو ناسنامەیە، بواری بازرگانی ئەو هونەرەش خۆی لایەنێکی ترە. کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر هەوڵی خۆی بۆ سینەما داوە و دەیدا، بەڵام جیاوازیی کورد و نەتەوەکانی تر لە بوونی دەوڵەت و کیانی خۆیی دایە، کیانێک کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بی کورد لێی بێبەشە، بەڵام بەو حاڵەشەوە کورد لە ژێر سێبەری هەوڵ و ماندوویی خۆی، جیا لە ئاستی ئەو بەشە، سینەمای خۆی هەیە، ئێستاش ڕێبوارانی ڕێگای چندراوی دەستە نەخشینەکانی یەڵماز گۆنای، باوکی سینەمای کوردی، هەروا لە چالاکی و تێکۆشاندان، ئەو هەوڵانەی کورد تەنیا لە بەشی فیلمی درێژدا چڕ نەبوونەوە بەڵکوو بەشێکی باش لە دەرهێنەران و سیماکارانی کورد سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی کورتن.
کورتە فیلمی “نینۆکی سوور” یەکێک لەو بەرهەم نوێیانەیە کە لەم دواییانە لەدایک بووە و پێشکەشی کوردستان و سینەمای کوردستان کراوە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو بابەتە، ڕۆژی کورد، وەک ناوەندێکی سەربەخۆی بەپەرۆشی کورد و کوردستان و هاندەری هونەرمەندانی کورد، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز “محەممەد خان ئاشووری” دەرهێنەری گەنجی کورد کردووە کە ئەو کورتە فیلمەی بەرهەم هێناوە، وێڕای هیوای سەرکەوتن بۆ خان ئاشووری و سەرجەم سینەماکارانی کورد، سەرنجتان بۆ ئەم وتووێژە ڕادەکێشین.
ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد باس بکەن کە هۆکاری بەرهەم هێنانی کورتە فیلمی (نینۆکی سوور) و بیرۆکەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە:
خان ئاشووری: من وەکوو دەرهێنەرێک خۆم بە بەختەوەر دەزانم لە بواری سینەمادا بە شێوەیەکی ئاکادێمی و پرۆفیشنال وەکوو یەکەم ئیشی سینەمایی کە توانیم باشترین بەرهەم بە پلەی یەکەم لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی سینەما بەدەست بهێنم کە ئەم کارە وەکوو پرۆژەی دەرچوون بۆ بەدەسهێنانی بڕوانامەی بکالۆریۆسە توانیم کورتە فیلمی خۆم بە ناوی { نینۆکی سوور } ساز بکەم .
ڕۆژی کورد: ئەگرێ بکرێ لەمەڕ سیناریۆی کورتە فیلمەکە پێناسەیەک بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بدەن؟
خان ئاشووری: ئەم کۆرتە فیلمە بە ژانرێکی کرەێم (crime) ڕەمزئامێز بە ماوەی ٩ خۆلەک _ بە پێچەوانەی هەموو ئەو فیلمانەی کە باس لە چینی هەژار دەکەن ئیمە لێرەدا باس لە چینی دەولەمەند دەکەین کە چی کێشەهایەک لە نێوان خێزانی دەولەمەدند دا هەیە و باس لە خیانە ت و نەمانی پیاوسالاری و هاتنەناوەی ئافرەت بۆ ناو بازنەی دەسەلاتی خێزانی لە سەردەمی ئەمڕو، و قبول نەکردن لە بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافی یەکتر …
فیلم باس لە خیانەتی پێاوێکی بە پارە گەیشتوو دەکات کە پڵانی بۆ خێزانەکەی داڕێژاوە ، بەلام خێزانی ……………..
ڕۆژی کورد: زۆر گلەیی دەکرێ کە سینەماکارانی کورد بە گشتی بێ پشتیوانن، ئایا لەو کارەی ئێوەدا هیچ بەشێک یان کۆمپانیایەک یان کەرتی تایبەت پشتیوان و یارمەتیدەرتان بوو؟
خان ئاشووری: ئەوەی کە لێرەدا جێ باسە لە کۆتایی ئەم پرۆژەیە دەسخۆشیەکی گەرم لە تەواوی ستافی ئەم کۆرتە فیلمە بکەم کەبە شێوەیەکی کارامانە و خۆبەخشانە و زۆر دلسۆزانە توانیمان بە کۆی گشتی ئەم پرۆژە بەرهەم بهێنین. لە هەمان کاتدا زۆر سپاسی کۆمپانیای (ماڵەکەم) دەکەین کەوا توانی پشتگیری ماددی و مەعنەوی ئیمەی کرد بە تایبەتی کاک (ڕیشوان ئیبراهیم) کە وەکوو بەرهەمهێنەر هۆیەک بۆ بۆ سەر خستن و تەواو کردنی پرۆژرکەمان . لێرەدا دەسخۆشی لە هەموو کەرتێکی تایبەت دەکەم کە خۆبەخشانە یارمەتییان داوین و هەموو کات کەرتی تایبەت هاندانێک بوە بۆ هونەرمەندان کەوا بتوانین ئیمە وەکوو دەسپێشخەرانی سینەمای کوردی بنەماکانی ئەم سینەمایە دامەزرێنین و پەرەی پێبدەین و ئامانجەکانمان بە دی بهێنین .
ڕۆژی کورد: ستافی ئەو کورتە فیلمە کە کێ پێکهاتبوو؟
خان ئا شووری ستافی فیلم بەم شێوەی خوارەوەن:
دەرهێنەر : محەمەد خاناشوری
ئەکتەرەکان : ڕێباز محەمەد ، لەیلا مەجیدی ، چراخان نامیق
بە ڕاوێژکاری ماموستایان : ئاراد حەسەن زادە و پرۆفیسۆر جاسۆ عوسمانۆڤ
بەرهەمهێنەر : ڕیشوان ئیبراهیم
وێنەگر : فەلاح حەسەن
مۆنتاژ : رۆزبە میربەیگی
دیزاین دیکور : ئیدریس ئیبن عەباسی
ڕوناکی : کەرخی حەیدەر
ئارایشت : لەیلا مەجیدی
ڕۆژی کورد: وەک هونەرمەندێکی سینەماکاری کورد وتە و داخوازیتان چیە؟
خان ئاشووری: داواکاری من لێرە تەنیا ئەوەیە کە سیستەمی بەڕێوەبردنی سینەمای کوردی ببێتە سیستەمێکی ئاکادێمی و شارەزا بۆ ئەوەی کە بتوانین خزمەتی سینەمای کوردی بکەین . هیوادارم هەموو کات کۆمپانیاکان پشتگیریمان بکەن و سپۆنسەری بەرهەمەکانمان بن .